ئەم باباتە هەڵبگرە
ئێران و ئەمریکا لە نامە و نامەکارییەوە گەیشتوونەتە هەڕەشەی ئاشکرای شەڕ. رەنگە بتوانین بەئاسانی بێژین کە لە راستیدا هەردولا، لانیکەم جارێ شەڕیان ناوێ، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین کە ئەگەری شەڕیش لە هەرکاتێکی دیکە زیاترە، چونکە ئەم بابەتە تەنیا لە تاران یان واشنتن یەکلا نابێتەوە. بەڵکو داهاتووی رکابەرییە جیۆپۆلەتیکییەکانی چین - ئەمریکا ، ئەوروپا - رووسیا، بێجگە لەوە سیاسەتی ئیسرائیل دژی ئێرانیش، لە ریزی ئەو فاکتەرانەن کە دەشێ بۆ تێگەیشتن لەئەگەری شەڕ یان دیالۆگ لە پێشچاو بگیردرێن. خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە چی شەڕ رووبدات یان بە پێچەوانەوە دیالۆگ بکرێت، گۆڕانێک لەبەر دەرگای ئێراندایە کە بە هێواشی دەستی پێکردووە.
نادڵنیاییەکانی ئێران و ئەمریکا
ساڵی ٢٠٢٤ بۆ ئێران ساڵێکی سەخت بوو، ئەگەر ئێستاش هێرشێکی بکرێتە سەر، ئەمساڵیشی هەروا بە سەختی و نالەبارییەکی زیاترەوە دەڕوات. رەنگە نیگەرانیی پلە یەکی ئێستای ئێران بە تەنیا هێرشێکی گریمانەیی ئەمریکا - ئیسرائیل بۆ سەر بەرنامە ئەتۆمی و موشەکییەکانی نەبێت، بەڵکو زیاتر ئەوە بێت کە بە هۆی هێرش و گەمارۆی کەمەرشکێنی ئابوورییەوە، جارێکی دیکە ناڕەزایی ناوخۆیی لەو وڵاتە سەرهەڵبداتەوە کە دەشێ چارەنووسە سیاسییەکەی یەکلابکاتەوە.
بۆ ئەمریکاش، پرسی ئێران بووەتە گرێکوێرەیەکی سیاسی و سەربازی کە ئەگەر چارەیەکی نەکات، لە ئاستێکی فراوانتری جیۆپۆلەتیکی دنیادا سەرئێشەی بۆ دروستدەکات. هاوکارییە سیاسی - سەربازییەکانی ئێران لە گەڵ رووسیا و چین ماتەوزەی ئەوەی تێدایە کە نەک تەنیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکوو لە شوێنەکانی دیکەی دنیاش تەگەرە بۆ ئەمریکا دروست بکات. ئەمە نەک تەنیا بۆ ئەمریکا بەڵکوو بۆ ئەوروپاش پرسێکی گرنگە وەک نموونەی ئەو کاریگەرییەی کە درۆنی ئێرانی لە شەڕی ئۆکراینا داینا.
ژەنرال جۆن دانیەڵ کەین[1] کە ترەمپ بۆ سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا کاندیدی کردووە، گوتوویەتی لەگەڵ سەرۆک هاوڕایە کە نابێ ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم بگات، بەڵام لەوانەیە بە تەنیا چارەسەری سەربازی بۆ ئەوە بەس نەبێت. بێجگە لەوە، لەوانەیە ئەوش راست بێت کە بەهۆی هەبوونی پرۆگرامێکی بەربڵاوی پیتاندنی یۆرانیۆم کە هەمووی لە یەک شوێن نییە و بەشێکیشان - وەک فۆردۆ و نەتەنز کە بە قوڵایی جیاواز لە نێوان ٧- ٩٠ مەتر لە ژێر زەوی دان، هەروەها لەبەر بەکارهێنانی گازی هێگزافلۆراید لە جیاتی سووتەمەنی دیکە کە کاری پیتاندنەوە ئاسانتر دەکات، ئەستەمە تەنیا بە هێرشێک ئەو بەرنامەیە رابگیردرێت هەرچەند کە دەتوانێت دوای بخات.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە لەوانەیە ئێران لە دوای هێرشێکی گریمانەیی، چەکی ئەتۆم دروست بکات وەک ئەوەی کە ئێستا بەشێک لە بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ئەو وڵاتە ئاماژەی بۆ دەکەن. ئەوە راستە کە عەلی خامنەیی رابەری ئێران پێشتر فەتوای داوە کە چەکی ئەتۆمی دروست نەکرێت بەڵام لە مەزهەبی شیعەدا فەتوا قابیلی گۆڕینە و دەشێ ئەوەش وەک خۆی نەمێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە لە کاتێکدا کە دنیا بە هێواشی بەرەو شەڕێک دەڕوات کە "کەسیش نایەوێ" پێگەی ئێران بۆ زلهێزەکانی دنیا بایەخی زۆری پەیداکردووە. درێژەکێشانی گەمارۆکانی سەر ئێران بە قازانجی ئابووری چینە کە ١٥٪ی نەوتی خۆی بە نرخێکی هەرزانترەوە لەوێ دابین دەکات. ئەمە بێجگە لەوەی کە پەیوەندی توندوتۆڵی پەکین و تاران، باڵادەستی چین لە یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی گواستنەوەی وزەی جیهان و زنجیرەکانی دابینکردن زیاتر دەکات. لە گرینلاندەوە تاوەکوو گەرووی هورمز و بابەلمەندەب، رۆڵی دیار و نادیاری چین لە زنجیرەکانی دابینکردن، هەروەها رێڕەوە ئاوی و وشکانییەکانی جیهان، مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ هەژموونی ئەمریکا. بەهۆی پێگەی رێڕەوی و جیۆستراتیژی خۆیەوە، هەرەوها بە هۆکاری سەربازییەوە، بە دیاریکراوی لەبەر توانای دروستکردنی چەکەمەنی هەرزان و خستنەگەڕی گرووپە پرۆکسییەکان لە شوێنی جیاواز، بایەخی ئێران لە هەر شەڕێکی گریمانەییدا بۆ هێزە گەورەکانی دنیا زۆرە. ئا لێرەدا سێکوچکەی چین- ئێران- رووسیا بۆ ئەمریکا هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە. بۆیە دەرکردنی ئێران لە بازنەی رووسیا - چین یان لانیکەم بێلایەنکردنی، بایەخێکی جیۆپۆلەتیکی و جیۆئیکۆنۆمی گەورەی بۆ واشنتن هەیە، ئینجا بەشەڕ بێت یان بە دانوستاندن!
بیرمان نەچێت کە لە هەردوو شەڕی جیهانی یەکەم و دووەمدا، یەکێک لە هۆکارەکانی داگیرکرانی ئێران ئەو بایاخە جیۆستراتیژییە بوو کە بۆ زلهێزەکان هەیبوو. ئەمە بێجگە لەوەی کە بابەتی ئێران تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بۆ گوتاری "ئاشتی بە زۆر"ی ئەمریکا. ترەمپ دوای ئەوەی کە هات گوتی شەڕی عەزە و ئوکراینا کۆتایی پێ دێنم، بەڵام هێچیان تەواو نەبوون و ئێستاش کە دوو مانگ مۆڵەتی داوە بەتاران، ئەگەر نەتوانێ -کە رەنگە مانگێکی رۆیشتبێ- پرسی ئێران بەلایەکدا بخات، ئەوسا گوتارەکەی بۆ ئاشتی بە زۆر، قسەی زۆر هەڵدەگرێت.
زۆرێک لە وڵاتانی جیهان هەڵوێستی خۆیان لەبارەی ئەگەری دەرکەوتنی شەڕی ئێران و ئەمریکا پیشانداوە و ئەوەش نیشانەیەکە بۆ ئەوەی دنیا بە زیاتر لە شەڕە قسەیەک تەماشای دەکات. عەلی خامنەیی رابەری ئێرانیش گوتوویەتی بڕواناکەم لە دەرەوە هێرش بکرێت بەڵام ئەگەر بشکرێ بە توندی وەڵامیان دەدینەوە، ئەم قسەیە لەڕووی سەربازییەوە واتای ئەوەیە کە ئێران ئامادەکارییەکی بۆ ئەگەری شەڕ کردووە وەک چۆن ئەمریکاش بە ناردنی فڕۆکە و چەکەمەنی بۆ بنکە سەربازییەکان و وڵاتانی هاوپەیمانی خۆی پەیامی ئامادەیی دەدات. هاوشانی گوتەی بەرپرسانی ئێران، لایەنەکانی بەرەی موقاوەمەش لێدوانەکانیان لە دژی ئەمریکا زیاد کردووە و هەندێک لە بەرپرسانی عیراقیش باسی ئەوەیان کردووە کە هەرجۆرە شەڕێکی گریمانەیی ئەوانیش دەگرێتەوە و ناوچەکە دەسووتێنێ. لە راستیدا راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکاش باس لەوە دەکەن کە ئێران هێشتا توانای ئەوەی هەیە کە بە چەکی ئاسایی و نائاسایی هەڕەشە لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دروست بکات. تەرجەمەی ئەم قسەیەش ئەوەیە کە ئێران دەتوانێ بە درۆن و موشەک و گرووپە پرۆکسییەکانی گرفت بۆ ئەمریکا دروست بکات، ئەگەرچی ئەستەمە دواجار شەڕەکە بباتەوە.
سێبەری شەڕ و دۆخی نێوخۆیی ئێران
رابەری ئێران گوتوویەتی لەوانەیە هەوڵبدرێت کە لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا "فیتنەیەکی"بۆ بنێنەوە کە لەوەشدا خەڵک بۆ خۆی وەڵامیان دەداتەوە. ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەگەری دەرکەوتنەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی نێوخۆیی کە دەتوانێت بۆ تاران چارەنوسساز بێت. لە خۆپیشاندانەکانی رابردوودا، هەم ئێران لە ئاستی ناوچەییدا لە لوتکەدا بوو، هەمیش زۆرێک لە دەوڵەتانی دنیاش ئەوکاتانە نەیاندەویست دەستوەردانی تێدا بکەن. وادیارە بەرپرسانی ئێران هەر لە ئێستاوە لەم بابەتە نیگەرانن، چونکە بە ئەگەری زۆر لە دوای رووداوەکانی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣وە ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە ئیدی هەژموونی ئێرانیان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناوێ زیادی کردووە.
باسەکانی ئەگەری شەڕ هەوڵێکی ناخۆشە بۆ ئابووری ئێران کە نرخی دراوەکەی رۆژبەرۆژ زایتر دادەبەزێت. وا مەزەندە دەکرێت کە لە ٢٠٢٤دا، رێژەی گەشەکردنی ئابووری ئێران لە ٥٪ی ساڵی پێش خۆیەوە بۆ ٣.٧٪ دابەزیبێت. هەڵاوسان لە سەرووی ٤٠٪ وەیە کە هێزی کڕینی خەڵکی کەم کردووە و رێژەی بێکاریش هێشتا لە دەوری ٨٪دایە. ئەگەر نفوسی ئێران سەرووی ٩٠ ملیۆنێک بێت، بە واتایەک ٧ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار بێکاری هەیە. ئێستا یەکێک لە گەورەترین تەگەرەکانی ئێران زیادبوونی پێداویستی وزەیە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ کە ٦٪ زیادی کردووە. وەک نمونە یەکێک لە بژاردەکانی حکومەت ئەوەیە کە نرخی بەنزین زیاتر بکات بەڵام پێدەچێ جارێ دەست رابگرێ چونکە، ئەوە دەتوانێ رێگا بۆ گرانییەکی زیاتر و ناڕەزایی نێوخۆیی خۆشبکات. وەک چۆن لەوانەیە بە هەمان هۆکار جێبەجێکردنی یاسای حیجابیشی راگرتبێت کە موحافزەکارەکان داوای جێبەجێکردنی دەکەن.
بەردەوامی گەمارۆکانی ئەمریکا و گوشارەکانی بۆ کەمکردنەوەی فرۆشتنی نەوت بە کۆمپانیا چینییەکان، دەتوانێت قەیرانی ئابووری ئێران قووڵتر بکات بەڵام ئەوە تاکە تەگەرەی حکومەت نییە و هاوشانی ئەوەش، گرژییەکی دیکە لە نێوان حکومەت و باڵی ئوڵترا موحافزەکاری سیستەمی سیاسی لە ئارادایە کە دەتوانێت گرفتی بۆ دروست بکات ئەگەر بەردەوام بێت. موحافزەکارە توندڕەوکان کە زۆرینەی پەرلەمانیان لە دەستدایە، متمانەیان لە عەبدولناسر هیمەتی وەزیری ئابووری و دارایی لە کابینەی پزشکیان وەرگرتەوەو، محەمەد جەواد زەریف جێگری پزشکیانیش، بە قسەی خۆی بە راسپاردەی سەورۆکی دەسەڵاتی داد دەستی لە کارکێشایەوە. لە راستیدا دەست لە کارکێشانەوەی زەریف بۆ رەتکردنەوەی دانوستاندن لەگەڵ ئەمریکا نەبوو وەک ئەوەی کە هەندێک شرۆڤەی بۆ دەکەن، چونکە کەسێکی وەک عەباس عێراقچی وەزیری دەرەویە کە پێشتر خۆی دانوستاندنی کردووە. بۆیە ئەم بابەتە زیاتر لە رکابەری نێوخۆیی دەسەڵاتی سیاسی دەچێت نەک پرسێکی وەک سیاسەتی دەرەوە. لەوانەیە لەبەر دۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی، جەمسەربەندییەکانی سیاسەتی نێوخۆیی، شەڕ بۆ بەرپرسانی ئێران خراپترین بژاردە بێت، چونکە دەتوانێت رێگا بۆ گۆڕانکاری سیاسی نێوخۆیی گەورەتر بکاتەوە وەک چۆن شەڕی یەکەمی کەنداو، رێگای بۆ گۆڕانی هەنگاو بە هەنگاوی عێراق خۆشکرد.
چی لە پێشە؟
ئەگەر هێرش بکرێت بە ئەگەری زۆر ئێرانیش رێگای هاوشێوە دەگرێتەبەر و لە تەنیشت بەکارهێنانی ئەو موشەک و درۆنانەی کە بەمدواییانە نمایشی کردوون، گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری خۆیشی وەک ئەوانەی عێراق هاندەدات کە جوڵە بکەن. لە دوای رووخانی ئەسەد و هێرشی فراوانی ئەمریکا بۆ سەر حوسییەکان، گرووپە چەکدارەکانی عێراق جموجۆڵێکی ئەوتۆیان نەکرد و ئەمەش بەشێکی بەهۆی گوشاری سیاسییەکانی عێراق بوو بەڵام، بەشێکی دیکەشی لەبەر ئەوە بوو کە ئێران نەیدەویست ئەوە رووبدات. لەبەر ئەوەی کە لە جەرگەی گەمارۆکانی ئەمریکادا، عێراق وەک دوایین دەرچەیەک بوو کە دەیتوانی فریای تاران بکەوێت بەڵام ئێستا لەوانەیە کەمتر ئەو حیسابە بکات، چونکە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشاری ئەمریکا گەیشتوەتە عێراقیش و ئیدی بەغدا، ناتوانێ گاز و کارەبای ئێران بکڕێ و تەنانەت هەندێک لە بەرپرسەکانیشی رەخنەیان لە ئێران گرتووە کە بە ناوی عێراقەوە نەوتی خۆی فرۆشتووە. بۆیە ئەگەر شەڕ رووبدات بە ئەگەرێکی زۆر، ئەمجارەیان گرووپەکانی پاڵپشتی تاران لە عێراق دەکەونە جووڵە، چونکە هێرشێکی گریمانەیی دەتوانێت پرسی مان و نەمانی رژێمی سیاسی لە تارانیش بخاتە رۆژەڤ کە دەشێ هێڵێکی سوور بێت بۆیان.
هەڵبەت هاوشانی لێدوانی توندی لایەنەکان، هەوڵی دانوستاندنیش لە ئارادایە جا تەنانەت ئەگەر ناڕاستەوخۆش بێت. بەڵام ئەگەر دانوستاندنیش بکرێت، ئەوە سەرناگرێت ئەگەر گۆڕانێک لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا روونەدات. چونکە پێدەچێ بۆ ئەمریکا بابەتی گرنگ تەنیا بەرنامەی ئەتۆمییەکەی ئێران نەبێت، بەڵکو لە ئاستێکی فراوانی جیۆپۆلتیکی دا، نفوزی ناوچەیی ئێران و رۆڵەکەی لە سێکوچکەی چین- رووسیا و ئێراندا مژارە گەورەکە بێت. ئەمریکای ترەمپ رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاستی دەوێت کە لە ئەندازیارییە ئەمنییەکەیدا ئیسرائیل باڵادەست بێ، رۆڵی سیاسی سعودیە زیاتر بێ و تورکیاش وەک ئەکتەرێک لەبەردەم ئێراندا قیت بێتەوە. هەر لەبنەڕەتیشدا هۆکاری کشانەوەی ترەمپ لە رێککەوتنی ئەتۆمی ٥+١یش تەنیا لەبەر پرسە ئەتۆمییەکان نەبوو. ئا لەبەر ئەوە، هەڵسانگاندنی ئەگەری شەڕ یان دیالۆگ بەپێی دۆخی بگۆڕی جیۆپۆلەتیکی دنیا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروستترە وەک لەوەی کە تەنیا بە مژاری بەرنامەی ئەتۆمییەوە سنووردار بکرێت.
[1] - John Daniel Caine