شرۆڤە

سێ هۆكاری هێرشەكەی هەولێر

17-02-2021


 

RRC |

زریان رۆژهەڵاتی|

ئەو كەلێنە ئەمنییەی كە بەهۆی هێرشەكەی 15ی مانگی “ئەولیا الدم” بۆسەر هەولێر دەركەوت، چارەسەری خێرای دەوێت. دەبی بە هەند وەربگیرێت و لێكۆڵینەوەی ورد لە ئەگەرەكانی هەبوونی  بازرگانی و كاری قاچاخ لەناوخۆی هەرێمە لەگەڵ گرووپە چەكدارەكان، كە دەتوانێت رێگا بۆ خەرقی ئەمنی و گواستنەوەی چەكی بێ كۆنترۆڵ بۆ ناو هەرێم خۆشبكات گرنگن. پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپا لە تەنیشت كەمبوونەوەی فرەهێزی لە نەینەوا و كەركووك و ئاگاداربوونی زیاتر لە رێگا سەرەكی و لاوەكییەكان بۆ ناو هەرێم گەلێك بایەخدارن. بەڵام نەك تەنیا تەگبیرە ئەمنییەكان، بەڵكوو زانینی وردەكاریی پاڵنەرەكانی پشت هێرشەكەی هەولێریش گەلێك پێویستە.

لە كاتێكدا كە دەنگی ناڕەزاییەكی بەهێز لەبەرامبەر هێرشەكەی هەولێر لەو گرووپە سیاسییە شیعییانە نەبیسترا بە نزیك لە ئێران هەژمار دەكرێن، موقتەدا سەدر راشكاوانەتر لەوان بۆی چوو. ئەو هێرشەكەی هەولێری بە دەستوەردانیكی ناوخۆیی- دەرەكی و سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی پاپای ڤاتیكان بەستۆتەوە. ئەمەش نزیكترین بۆچوونێك بوو كە بۆ پاڵنەرەكانی پشت ئەو رووداوە كرابێت.

لێرەدا دەكرێ گەڵێك هۆكار باسبكرێن بەڵام سێ دانەیان لەهەموویان گرنگترن كە بەمجۆرەن:

یەكەم: سەردانەكەی پاپا و ركابەریی ناوخۆیی شیعی

پیشاندانی هێرشەكەی هەولێر وەك هۆكارێك بۆ ئەوەی پاپا سەردانی هەولێر نەكات، شیكردنەوەیەكی سادە و خێرایە. ئەمە رەهەندیكی قووڵتری هەیە كە دەشێ پەیوەندی بە ركابەریی مەرجەعییەتەكانی شیعەوە هەبێت. لە رۆژانی رابردوودا نوسینگەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، لێدوانێكی رەحمان عامری برای هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانیی فەتحی لەبارەی ئەگەری ئیمزاكردنی بەڵگەنامەیەك لە نێوان پاپا و مەرجەعی باڵای شیعی دا رەتكردۆتەوە.[1] ئەو بەڵگەیەی كە رەحمان عامری باسی كردووە بەڵگەنامەی برایی مرۆڤایەتییە بۆ ئاشتی و پێكەوەژیانە[2] كە بە رێككەوتن- راگەیەنراوی ئەبوزەبیش دەناسرێت. ئەمە ساڵی 2019لەنێوان پایای ڤاتیكان وشێخ ئەحمەد ئەلتەیب شیخی ئەزهەردا ئیمزاكراوە. تا ئێرە هیچ كێشەیەك دیار نییە بەڵام، كاتێ دەچیتە سەر باسی ركابەریی ناوخۆیی شیعی لەسەر ئەوەی كە كام لا مەرجەعی باڵایە، ئەم بابەتە واتایەكی زۆرتر پەیدا دەكات. هاتنی پاپای ڤاتیكان بۆ عێراق و دیداری لەگەڵ ئایەتەوڵڵا سیستانی، پێگەی مەرجەعییەتی باڵای شیعەی عێراق و حەوزەی نەجەف لەنێو حەوزە شیعییەكاندا بەهێزتر دەكات. بێجگە لەوە، ئیمزاكردنی بەڵگەنامەكەش وەك مۆری شایەتیی بەشێكی گەورەی دنیای كریستیانی بۆ بە مەرجەع زانینی ئایەتوڵڵا سیستانی هەژمار دەكرێت. ئەمەش لەكاتێكدایە كە لە نێو ئێران و عێراقدا، گرووپ و لایەنە وەلائییەكان دەستەواژەی “وەلیی ئەمری موسلمین”،”امام” بۆ عەلی خامنەیی رابەری ئێستای ئێران بەكاردێنن و بێجگە لەو، هیچ كەسێكی دیكە بە شیاوی رابەرایەتیكردنی شیعەی جیهان و تەنانەت هەموو موسڵمانانیش نازانن. ئەمەش ئەو پرسیارانە دەورووژێنیت كە ئایا هەر لە بنەڕەتدا گرووپە وەلائییەكان دژی هاتنی پاپای ڤاتیكانن بۆ عێراق؟ ئایا ئەم هێرشەیان كرد هەتا بڵێن ئارامترین شوێنی عراقیش نائارامە و بەوجۆرەش، وەك موقتەدا سەدر باسی كردووە زەمینەی هەڵوەشاندنەوەی سەردانەكەی پاپا درووستبكەن؟ ئەمە بە ئاگاداری لایەنێكی دەرەكی كراوە یان تەنیا رەفتارێكی گرووپێكی عەقیدەیی بووە كە لە خۆیەوە كردوویەتی؟

دووەم: كاریگەریی ململانێی نێودەوڵەتی لە عێراق

زۆرێك لە سەركردەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئامانجی هێرشەكان درووستكردنی ئاژاوە و پشێوی بووە. مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانیش باسی لەوە كردووە كە ئەو”هێرشە تیرۆیستییە دوای هەوڵەكانی عێراق بۆ سەقامگیری لە ناوچەكە و دوورخستنەوەی وڵات لە ململانێكان” كراوە. بەوجۆرەش ئاماژەیەكی ناڕاستەوخۆی بە هەبوونی رەهەندێكی دەرەكی لەو رووداوە كردووە. موقتەدا سەدریش باسی لە هەبوونی دەستی دەرەكی و ناوخۆیی كردووە.[3]

ئەوەی گومانی لەسەرە ئێرانە و ئەویش رەتیكردۆتەوە كە هیچ پەیوەندییەكی بە هێرشەكەی هەولێرەوە هەبێت بەڵام، لەپرسەكانی تایبەت بە ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق و ناوچەكە زۆرلایەنی میدیایی و سیاسیش رۆڵی ئێران بە گرنگ دەزانن.  تەنیا لە سەرەتاكانی ئەم مانگەدا و لەماوەی نزیكەی 10 رۆژدا، دوو نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ باسكردنی دوو پرسی پەیوەست بە سەقامگیری و قەیران لە ناوچەكە لە دەرگای تارانیان داوە. مارتین گریفیتس نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری یەمەن رۆژی 7ی ئەم مانگە بە سەردانێكی دوو رۆژە چووە تاران تا لەسەر قەیرانی یەمەن قسە بكات.[4] بەرلەویش، جنین هنیس پلاسخارت بەرپرسی یونامی لە عێراق بۆ دوو رۆژ چووبووە تاران تا لەسەر سەقامگیری عیراق قسەبكات!

پرسیار لێرەدا ئەوەیە كە  ئایا ئێران خاڵ و لایەنی هاوبەشی هێرشەكەی هەولێر، بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆی تایبەتەكەی “یارمەتی” ئێران بۆ هەرێمی كوردستان لەشەڕی دژی داعش بە ناوی تەوەكول، هێرشی گریمانەیی گرووپێكی عێراقی بەناوی وەعدی هەق بۆ سعودی و زیادبوونی چالاكیی حوسییەكانی یەمەنە؟ ئایا پەلەنەكردنی ئیدارەی نوێی ئەمریكا بۆ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، رۆڵی لە زیادبوونی كردەوەی گرووپە چەكدارییە شیعەكان لە ناوچەكەدا هەیە؟ ئایا نەتەوەیەكگرتووەكان خەریكی ناوبژیوانییە؟ وەڵامی ئەو پرسیارانە پێویستیان بە بەڵگەی بەرچاو هەیە بەڵام، ئێران رۆڵی لە رووداوەكەی هەولێر و ئەوانی دیكەدا هەبێت یان نا، لانیكەم دنیا وەكوو لایەنێك سەبارەت بە پرسەكانی سەقامگیری لە عێراق و یەمەن و چەندین شوێنی دیكەی ناوچەكە سەیری دەكات.

 سێیەم: دۆخی شەنگال و هێرشەكەی هەولێر        

پرسی شەنگال هێشتا بە گەرمی لە رۆژەڤی لایەنە نێوخۆیی و دەرەكییەكانیدایە. رێككەوتنەكەی هەولێر و بەغدا جارێ لەسەر كاخەز ماوەتەوەو لەسەر عەرزیش زۆری لێگۆڕاوە. مانەوەی هێزە چەكدارییەكان بە گرووپەكانی حەشدی شەعبیشەوە بابەتێكی ئاڵۆزە و رەنگە ناردنی لیواكانی پۆلیسی فیدراڵی و هەبوونی فیرقەكانی سوپای عێراقی ئاماژەیەك بێت بەوەی كە لەوانەیە دواجار حكومەت، بیری لە بەكارهێنانی جۆریك گوشاری سەربازیش كردبێتەوە هەتا بتوانێت خواستەكانی بسەپێنێت. هەرچەندە گرووپە چەكدارییەكانی شیعی لە ناوچەكە بە قسە دەڵێن كە پابەندی بڕیاری حكومەتن بەڵام، وادیارە بە كردەوە نایانەوێ وا بكەن. باسكردنی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ شەنگال لەلایەن گرووپەكانی نزیك لە ئێران لەوانەیە پاساویك بێت بۆ ناردنی هێزی زیاتری حەشد بۆ شەنگال هەتا رێ لە هەرجۆرە گوشاریكی نوێی كازمی و هەرێمی كوردستانی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنی شەنگال بگرن كە چاوەڕواندەكرا لەم مانگەدا  زیاتر بێت. ئاڵۆزكردنی دۆخی ئەمنیی هەرێمی كوردستانیش دەتوانێت كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی ئەو گوشارە دابنێت. مستەفا كازمی سەرۆكوزەیرانی عێراق لە كاتی سەردانی وەزیری بەرگری توركیا بۆ بەغدا رایگەیاندبوو كە سوپای عێراق خۆی توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی لەهەر شوێنیكی وڵاتەكەیدا هەیە. دەشێ ئەمەش وەك وەڵامێك بۆ خواستی توركیا بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی شەنگال لێكبدرێتەوە! ئەگینا ئەستەمە توركیا بتوانێت بەبێ رەزامەندی ئێران و ئەمریكا، ئۆپەراسیۆنی وشكانی لە شەنگال بكات. ئەگەر بتوانیبایە لە 2017دا كاری وای دەكرد. كاتێ هەموو بەشەكانی دیمەنەكە دەخرێنە پاڵی یەك، ئەوسا روونتر دەردەكەوێت كە چۆنچۆنی دۆخی شەنگال و هێرشەكەی هەولێریش بەیەكەوە گرێدراون.

 

[1] -https://www.mawazin.net/Details.aspx?jimare=141932

[2] -Document on Human Fraternity

[3] – https://www.rudaw.net/arabic/middleeast/iraq/1602202111

[4] – https://www.reuters.com/article/us-iran-yemen-un-idUSKBN2A707I

Share this Post

شرۆڤە