شرۆڤە

سەدر لەلایەك و هێزەكانی دیکەی شیعە لە لایەکەی دیکە

16-11-2021


 

RRC |

یاسین تەها

 

چوار هاوپەیمانێتی سەرەكی شیعە لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی تشرینی 2021 بەشداربوون، سەدر و مالیكی، حەكیم _ عەبادی و عامری و خەزعەلی، سەرۆكایەتی ئەم جەمسەرە جیاوازانەی هەڵبژاردنیان دەكرد كە هەریەك هەڵگری دروشمێكی تایبەت و خاوەن گوتارێكی جیابوون، بەڵام لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامەكان 24 كاژێر پاش پڕۆسەكە، لە گۆڕەپانی شیعیدا سەدر بەتەنیا كەوتە لایەك و سێ جەمسەرەكەی دیكە و هەندێك وردە هێز لەلاكەی دیکە لەژێر ناوی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” گردبوونەوە. ئەم دەستەگەرییە نوێیە بەكۆمەڵەی شیعە لەماڵی مالیكی دەستیان بەچالاكی كرد دژی ئەنجامە راگەیەنراوەكان، چونکە  73 كورسی بەخشی بە سەدر، لەبەرامبەریشدا كورسییەكانی ئەوانی بەڕێژەیەكی بەرچاو پاشەكشە پێكرد، جگە لە هاوپەیمانییەكەی نوری مالیكی. ركابەرەكانی سەدر باس لەوە دەكەن چوارچێوەكەی ئەوان دەرهاویشتەی هەڵبژاردن نییە و پێشتر بناخەی دانراوە و سەدرییەكان خۆیان لێی كشاونەتەوە، بەڵام لێدوان و چالاكییەكانیان ئەوە دەردەخات خاڵی كۆكەرەوەی ئەو بەرە شیعە لە ناواخندا ناكۆكە، تەنیا كۆت و بەندكردنی سەدر و بەتاڵكردنەوەی یەكەم بوونەكەیەتی، ئەگەرنا لیستەكەی مالیكی براوەیە و دووەم بووە (35 كورسی)، مانای چییە لەبری ئاهەنگ لەگەڵ ئەواندا شینی كورسی دەكات؟!.

“چوارچێوەی هاوئاهەنگی ” دروشمی راستكردنەوەی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی هەڵگرتووە، بەڵام زۆرجار باس لەوەش كراوە بكرێتە هاوپەیمانییەكی سیاسی، هەندێك جاریش هەڕەشەی ئەوەیان پێكردووە، كورسییە كۆكراوەكانی لایەنەكانی زیاتر یان هاوتا یاخود شتێك كەمترە لە كورسییەكانی سەدر، بەم هۆیەشەوە دەتوانن زۆرینە دروست بكەن، ئەمەش هەڵگری پەیامێكە كە بەگوێرەی تەفسیری دادگای فیدراڵی بۆ “گەورەترین لیست”، دەتوانن هەمان سیناریۆی لادانی عەلاوی براوەی یەكەمی هەڵبژاردنی 2010 بەسەر سەدریشدا دووبارە بكەنەوە، بەڵام بە وردبوونەوە لە بارودۆخی سەر زەوی، سەدر عەلاوی نییە، وەك ئەویش پشتی چۆڵ و دەست و پێی سپی نییە، جگە لەوەی خاوەن جەماوەریترین رەوتی سیاسی و عەقیدەیی شیعەیە، مێزەری رەشیشی لەسەرە و كوڕی سەدری دووەم و لەمانەش كاریگەرتر و ترسناكتر خاوەن هەزاران چەكدارە، چ ئەوانەی “سرایا السلام” بن یان ئەوانەی “سوپای مەهدی” و لیوای “الیوم الموعود”. لێكدانەوە و بەڵگەی زۆریشی ناوێت كە لادانی سەدر بە زۆرینەیەكی دروستكراوی فرەچەشن، هاوتایە لەگەڵ یاریكردن بەئاگر و دەرگاكردنەوەیە بۆ بشێوییەكی گەورە لە شەقامی شیعی كە جگە لەخرۆشانی جەماوەری ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی چەك و چەكداریشی لە ناواخندایە.

ركابەرەكانی سەدر ناتوانن براوەی یەكەم پاڵ بنێن بۆ سەر كورسی یەدەگ و ئۆپۆزسیۆن، بەڵام لە توانایاندا هەیە نەهێڵن قۆناغی داهاتوو “سەدریی پەتی” بێت، وەك ئەوەی موقتەدا بانگەشەی بۆ دەكرد، لەدوای ئەوەش دەرگای ناكۆكییە ناوخۆییەكانی “چوارچێوەی هاوئاهەنگی ” دەكەوێتە سەرپشت چونكە لەم تێكەڵە سەیرەدا “هێزەكانی دەوڵەت” كە حەكیم و عەبادین لەگەڵ “هێزەكانی لادولة” كە خەزعەلی و حیزبوڵڵا و عامرین بەشێوەی كاتی پێكەوەن، لەلایەكیترەوە مالیكی تەنیا بۆ بەهێزكردنی پێگەی خۆی بەرامبەر سەدر چووەتە ئەو بەرەی هەڵبژاردنیان پێ تەزویرە، هیچ لەو هێزانەشی لەگەڵیدان ئەویان بەسەركردە و رێبەری بێ ركابەر پێ قبوڵ نییە بەتایبەت عەبادی و حەكیم و پەیوەندییەكانیشی زۆر لەگەڵ خەزعەلی زۆرباش نییە.

نەیارانی سەدر بیرۆكەی سەیر سەیریان دزەپێكردووە بۆ تەمومژ دروستكردن لەسەر پێشەنگ بوونی لیستەكەی، لەوانەش زیادكردنی كورسی بۆ دۆڕاوەكان و قەرەبووكردنەوەیان كە ئەمە هەنگاوێكی بێ پێشینەیە لە مێژووی دیموكراسی، یان پێشنیاركردنی دابەشكردنی پۆستە حكومییەكان بەپێی هاوكێشەی چەك و ئامادەیی لە شەقامی شیعە و عێراقدا. هەروەها، ئەژماركردنی ژمارەی دەنگی بەدەستهاتوو نەك ئەوانەی بوونەتە كورسی پەرلەمانی، لەدەرەوەی ئەم سێ بژاردەیەش زاراوەی تەوافوق و حكومەتی یەكێتی نیشتمانی ئامادەییەكی بەهێزی هەیە كە دژی حكومەتی زۆرینەی سیاسییە كە سەدر بەخۆی دووجار جەختی لێكردووەتەوە، جارێكیش لە رێگای گوتاربێژەكانی نوێژی جومعەوە لە مزگەوتەكانی بانگەشەی بۆ كردووە.

تاكبوونەوەی سەدر برینێكی قووڵ هەڵدەداتەوە كە چیرۆك و بەسەرهاتی باوكییەتی، ئەویش تا كۆتایی ژیانی لەلایەن رێبەرە ئاینییەكانی شیعەی عێراق و ئێرانەوە هەوڵی كەنارخستن و گۆشەگیركردنی دەدرا، كاتێكیش ئەبو قاسمی خوئی مەرجەعی باڵای پێشووی شیعە كۆچی دوایی كرد (1992)، سەدری باوك زۆر داوای كرد بچێتە جێگاكەی بەڵام كەس بەقسەی نەكرد لە كاتێكدا جێگرەوەی بەهێز لە گۆڕەپاندا نەبوو، ناچار هاوتەرتیب لەگەڵ جێگرەوەكانی خوئیدا كە سەبزەواری و سیستانی بوون، ئەمیش بناخەی مەرجەعیەتی جەماوەرییانەی خۆی بەناوی “الحوزة الناطقة” دانا و هەتا لەگەڵ هەردوو كوڕەكەی (مستەفا و موئەمەل) تیرۆر كرا (1999) لەگەڵ حەوزەی تەقلیدیی نەجەف و لەگەڵ رێبەرایەتی خامنەیی و بنەماڵەی حەكیم و سەرجەم بنەماڵە ئاینییە ناسراوە موعتەبەرەكانی دیکەدا لە كێبەركێ و ناكۆكی و هەوڵی خۆ سەلماندندا بوو، ئەم گرێ و توڕەییەشی بۆ كوڕەكەی موقتەدا بەمیرات بەجێهێشت.

لەو مانگ و چەند رۆژەی بەسەر هەڵبژاردنی 10ی تشریندا گوزەری كردووە، موقتەدا سەدر دانی زۆری بەخۆیدا گرتووە، وەڵامی توند و زبری گەلەكۆمەی شیعەكانی نەداوەتەوە، سەردانی حەكیمی كرد كە لە ناڕازییەكانە، هەینی رابردووتر كاتێك لەبەغدابوو، لایەنگرانی حەشد پەلاماری ناوچەی سەوزیان دا و خوێنڕشتنی تێكەوت، بەڵام سەدر بەتوڕەیی گەڕایەوە بۆ نەجەف و پەنای بۆ چەكی شەقامی خۆی نەبرد كە باشتر لە هێزەكانی ركابەری دەتوانێت ئاراستەیان بكات، بەڵام سەرجەم پێدراوەكان ئاماژە بەوە دەكەن لەپاش راگەیاندنی ئەنجامە كۆتاییەكان و نەمانی هیچ مەترسییەك لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن، چی دیکە نۆرەی ئەوە كارتی خۆی فڕێ بدات و لەم میانەیەشدا هەر لە ئێستاوە بە راگەیاندنی دەرگا كردنەوە بۆ دامەزراندنی شوێنكەوتەكانی ركابەرەكانی توشی دڵەخورتێ و چاوەڕوانی كردووە لە هەنگاوەكانی داهاتووی.

 

Share this Post

شرۆڤە