شرۆڤە

سەردانی جەهەپە وهەڕەشەی سوپا!

09-09-2021


 

RRC|

زریان رۆژهەڵاتی|

بەرایی

لە رۆژانی رابردوودا سەردانی وەفدێكی باڵای پارتی گەلی كۆماری(جەهەپە) وەك گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆنی توركیا بۆ هەرێمی كوردستان، لەگەڵ هەڕەشەكانی فەرماندەی هێزی وشكانیی ئێران لەبارەی هەبوونی هێزە كوردییەكان لە خاكی هەرێم، دوو رۆژەڤی گرنگ بوون كە شایانی باسكردنەوەن. پاڵنەر و پاساوەكانی ئەو دووانە هەرچۆنێك بن، لە شوێنێكدا بە یەك دەگەن؛ لە ئێران و توركیا، خواستی زیادكردنی نفوز و كاریگەری لەم ناوچەیە زیادی كردووە!

سوپای پاسداران بەدوای دەسكەوتی زیاترە لەبارەی پرسی مانەوەی حیزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات و، توركیاش لە رێگاكانی نفوزی زیاتر دەگەڕێت و، ئەمەش لە ئاستێكدایە كە تەنانەت پارتی گەلی كۆماریش وەك پێویستییەك تەماشای دەكات. هەریەك لەو رووداوانە پاڵنەرو پاساوی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەكی دیكەیشیان هەیە، بەڵام لە ئاستێكی گشتیدا، ئەو گومانەی كە لەسەر داهاتووی سیاسەتی ئەمریكا لە عێراق، بە تایبەتی لەدوای رووداوەكانی ئەفغانستان دروستبووە، وەكو كاتالیزۆری خواستی ئەوهێزانە دەوری بینیوە.

سەردانەكەی جەهەپە

كەمال كڵچدارئوغڵو سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری وەفدێكی ناردە هەرێم تا لەسەر “كراوە هێشتنەوەی دەرگاكانی دیالۆگ و بیرۆكەی رێكخراوی ئاشتی و هاوكاریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست”[1] لەگەڵ رایەدارانی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكەن. راستییەكەی زیاتر لە كراوە هێشتنەوەی دەرگاكانی دیالۆگ، دەتوانین بێژین ئەمە یەكەمجارە بە ئاشكرا ئەو دەرگایە دەكرێتەوە كە پێدەچێت پاساوی گرنگی ناوخۆیی هەبێت.

جەهەپە لە تەمموزی 2021دا رایگەیاند كە “مێزی رۆژهەڵات”ی بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری 24 پارێزگای باشوور و باشووری رۆژهەڵاتی توركیا دامەزراندووە هەتا بتوانێ رێژەی دەنگەكانی لەو ناوچانە زیاتر بكات.[2]ئەو مێزی رۆژهەڵاتەش لەژێر دەستی ئوغوز كائان ساڵیجی جێگری سەرۆكی جەهەپە بۆ كاروباری رێكخستندایە كە سەرۆكایەتی وەفدی حیزبەكەی بۆ هەرێمی كوردستان كرد. ئەمەش ئەو گومانەی لای نەیارانی جەهەپە زیاتر كردووە كە نەكا ئامانجێكی سەردانەكەی بۆ هەرێم بۆ راكێشانی زیاتری سۆزی كوردەكان بە تایبەت ئەو كوردە دیندارانە بێت كە پێشتر دەنگدەری ئاكپارتی بوون و لای بەشێكیان بارزانی هێمایەكی گرنگە. راستییەكەی، هەرچەنێ نەرمییەك لە گوتەی بەرپرسانی جەهەپە سەبارەت بە پرسی كورد لە ناوچەكە بە دی دەكرێت، بەڵام هێشتا دیارنییە كە ئەوان كە بە چ پرۆژەیەكەوە دەیانەوێ ئەو پرسە چارەسەربكەن. باسكردنی پرسی كورد لە چوارچێوەی باسەكانی پەیوەست بە ماف و ئازادییە كەسییەكان، هاوپەیمانییەكەی لەگەڵ ئیی پارتی كە پارتێكی نەتەوەگەرایە و ئاراستەی دەنگەكانی بەرەو زیادبوونە، ئەو پرسیارە بە زیندوویی  دەهێلێتەوە و بەرپرسانی جەهەپەش لەڕێی حەواڵەكردنی پرسی كورد بۆ پەرلەمانی داهاتوو، دەیانەوی جارێ خۆیان لەوە بدزنەوە كە چارەسەرەكەی دڵیان بۆ پرسی كورد كامەیە. ئا لەبەر ئەوەش، رەنگە ئەو گومانە زیاتر لە راستی نزیك بێت كە راكیشانی سۆزی كورد، یەكێك لە ئامانجەكانی ئەم سەردانە بێت.

جەهەپە هۆكارێكی دیكەی سەردانەكەی وەك باسكردنی بیرۆكەی رێكخراوی ئاشتی و هاوكاریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست باسكردووە. بە گوتەی هەندێك لە بەرپرسانی جەهەپە ئەم رێكخراوە بۆ هاوكاریی ئەمنی نییە و، بۆ ئەوەیە كە بەڕێی ئابووری و دیالۆگەوە لە ململانێكانی ئەم ناوچە كەمبكرێتەوە. سەرەتاش وایان داناوە كە ئەم رێكخراوە عێراق و توركیا و ئێران و سووریا بگرێتەوەو، دواتریش هێزی دیكەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشی وەكوو چاودێر بۆ زیادبكرێت.. ئویناڵ چەڤیك ئویز ئەندامی وەفدەكەی جەهەپە بۆ هەرێمی كوردستان كە ئێستا راوێژكاری سەرۆكی حزبەكەیە بۆ كاروباری سیاسەتی دەرەوە، پێشتر باڵیۆزی توركیا بووە لە بەغدا، باكۆ و لەندەن، ساڵی 2006 لە هەوڵێكی تیرۆركرانیش لە بەغدا قوتاری بوو. بۆیە ئاشنای بنەماكانی سیاسەتی دەوڵەتەكەیەتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. بیرۆكەی ئەم رێكخراوی ئاشتی و هاوكارییەكەش ئەگەر وەك جەهەپە دەیەوێ سەربگرێت زیاتر بیرخەرەوەی هەوڵەكانی مستەفا كەمال ئاتاتوركە بۆ سەرخستنی پەیمانی سەعدئاباد. بۆ زۆرێك لە كوردەكان بیرۆكەی هاوكاریی ناوچەیی، بیرخەرەوەی پەیمانەكانی وەك پەیمانی بەغدا و سەعدئابادە كە بەشێكی ئامانجەكەیان دژایەتی كورد بوو.

هەڵبەت باسكردنی بیرۆكەی رێكخراوێكی وا لەگەڵ هەرێمی كوردستان، واتای ئەوەیە كە جەهەپە دان بە ئەكتەرێكی كوردیدا دەنێت، هەرچەند كە دەوڵەتێكی سەربەخۆیشی نییە، بەڵام ئەمە قسەی ئێستایەتی كە دەسەڵاتی بە دەست نییە. گرنگ ئەوەیە كە ئایا وەختێ بووە دەسەڵات و وەكوو دەوڵەت كاری بۆ ئەو بیرۆكەیە كرد، هەمان بۆچوونی دەمێنیت یان نا؟ ئەوەش هێشتا ناڕوونە.

هەڕەشەكانی سوپای پاسداران

محەمەد پاكپوور فەرماندەی هێزی وشكانی ئێران لەبارەی هێزەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە كە نابێ رێگا بدرێت “بنكە و بارەگایان هەبێ و بێن و بچن” و جەختیشی كردۆتەوە كە هەرجۆرە خافڵبوونێك لەو هۆشدارییەی كە بە عێراق و هەرێمی كوردستانیان داوە، وەك”پێچەوانەی پەیوەندیی باشی دوولایەنە” تەماشا دەكەن. هەروەها باسی “ئەگەری وەڵامدانەوە”یشی كردوە.[3]

هەڵبەت ئەوجۆرە لێدوانانە تازە نین و گەلێكجار باسیان كراوە. لەوانەیە هێرشەكانی توركیا بۆسەر پەكەكە و هەڵوێستی عێراقیش، بە تایبەت گوتەكانی وەزیری بەرگری عێراق لە كۆڕبەندی رافیدەین كە ناڕاستەوخۆ جۆرێك رەوایی بە ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان دا، پاڵنەرێكی گوتەكانی ئەو فەرماندەیەی ئێران بن. بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە كە، دۆخی ئەفغانستان لەلایەك ئێرانی هانداوە تا زیاتر بیر داهاتووی نفوز و كاریگەریی خۆی لە عێراق بكاتەوە و دەستی پێوە بگرێت و لەلایەكی دیكەش، دەیەوێ كەڵك لە دۆخی ئێستای عێراق و دیالۆگی واشنتن- بەغدا بگرێت بۆئەوەی لە پرسی مانەوەی حیزبە كوردییەكانی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستان ئیمتیازێك وەربگرێت.

وەكچۆن یەكەم كشانەوەی ئەمریكا لە عێراق رێی بۆ ئەوە خۆشكرد كە لە 2016دا كۆتایی بە نزیكەی 35 ساڵی مانەوەی موجاهیدینی خەڵق لە عێراق بێت، وادیارە تاران بە تەمایە  هاوكات لەگەل گەڕەكانی دیالۆگە ستراتیژییەكانی بەغدا و واشنتندا، رێگایەك بۆ كاریگەریدانان لەسەر پرسی مانەوەی ئۆپۆزیسیۆنی كوردی رۆژهەڵات لە هەرێمی كوردستانیش بدۆزیتەوە.

ئێران لە ساڵانی رابردوودا چەند جارێك هێرشی كردووەتە بنكەی بارەگای حیزبەكانی رۆژهەڵات لە نزیك سنوور و لە دووری سنوور. هەروەك چۆن لە سەرەتاكاندا هێرشی موشەكی دەكرانە سەر بنكەی ئەشرەف كە بڕی كەمتر لە 100 كم دووری سنوورەكانی ئێران بوو، هەتا دواجاریش كەمپە بۆ ئەلبانیا گوێزرایەوە.

بە ئەگەری زۆر، بەشێكی بەرچاوی ئەو پەرلەمانتارانەی كە لە گرووپەكانی نزیك لە ئێرانەوە دەبنە ئەندامی پەرلەمانی داهاتووی عێراق، كەسانیكی نزیك لە گرووپە چەكدارییەكان دەبن و ئەمەش وادەكات كە هەستناكی حكومەت و پەرلەمانی داهاتوو بەو پرسە ئەمنییانەی كە جێی بایەخی ئێرانن زیاتر بن.

خۆی پێشتریش عادل عەبدولمهەدی لە كارنامەی كابینەكەیدا بەڵێنی ئەوەی دابوو كە چارەیەك بۆ پرسی مانەوەی هێزە چەكدارییەكان لە عێراق بدۆزێتەوە. بۆیە دوور نییە لەگەڵ حكومەت و پەرلەمانی داهاتوودا بەهۆی گوشارەكانی ئێرانەوە، جارێكی دیكە ئەو پرسە بكەوێتەوە رۆژەڤ.

كۆتایی

ئەمریكا هێشتا هێزە گەورەكەی جیهانە، بۆیە هەرجۆرە سیاسەت و جوڵەیەكی كاریگەری لەسەر زۆرێك لە وڵاتانی دیكەی دنیا دادەنێت. ئەو دیمەنە ناڕوونەی كە بەهۆی  رووداوەكانی 2019 لە سووریا و دواتریش لە 2021ی ئەفغانستان، سەبارەت بە ئەمریكا لە عێراق دروستبوە، كاریگەری لەسەر ناوخۆیی عێراقیش داناوەو خواستی دەوڵەتانی ناوچەیشی بۆ زیادكردنی نفوز و كاریگەری لە عێراق زیادكردووە. ئەمەش ئەو خاڵەیە كە سەردانەكەی جەهەپە و لێدوانی فەرماندەكەی سوپای پاسدران تێیدا بە یەك دەگەن.

سەردانەكەی جەهەپە چی بۆ دەنگ بێ و چی بۆ رەنگ و پەیوەندی، بایەخدارە. لەگەڵ ئەوەی كە هێشتا ئەو حیزبە، پرۆژەیەكی روونی بۆ پرسی كوردی  پێ نییە، زیادكردنی كەناڵەكانی پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ توركیا بایەخدارە تا تەنیا بە ئاكپارتییەوە سنووردار نەبێ. هەرچەند دواجار سەردانەكەی جەهەپە لە قازانجی ئەردۆغانیشدایە كە ئێستا بەهۆی مەهەپەی هاوبەشی لە هاوپەیمانیی جمهور، توانای كرانەوەیەكی ئەوتۆی بەڕووی كوردەكاندا نییە كە لە هەڵبژاردنی رابردوودا هۆكارێكی شكستەكانی بوون، بە تایبەت لە شوێنێكی وەكوو ئیستانبوڵ.

هاتنی وەفدەكەی جەهەپە بۆ هەولێر دەمی گەورەترین پارتی بەرهەڵەستكار بۆ دژایەتیكردنی هەرجۆرە تاكتیكیكی هەڵبژاردنیی ئەردۆغان دەگرێت كە لەوانەیە لە داهاتوودا بۆ راكێشانەوەی سۆزی كوردەكان بیگرێتەبەر.

لێدوانی فەرماندەكەی سوپای پاسدارانیش زیاتر بۆ كەڵكوەرگرتنە لەو دۆخەی كە عێراق پێیدا دەڕوات. حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لە ساڵی 1995وە شەڕێكی ئەوتۆیان بەرامبەر ئێران نەكردووە و بەپێی پرۆتۆكۆلی ژمارە 1ی رێككەوتننامەی جنێف، پاراستنی ئەوانەی كە بەهەر هۆكارێك ئیدی شەڕ ناكەن، كارێكی پێویست و رەوایە. لەلایەكی دیكەوە، ئەگەری هێرشێكی بەرفراوانی سوپا بۆ سەر بنكە و بارەگای حیزبە كوردییەكان دەتوانێت پڵیتەی ناڕەزایی نێوخۆیی كوردیش لە ئێران داگیرسێنێت و، ئەمەش دوای شتێكە كە ئێران لانیكەم لەم وەختانەدا بە تەمای بێت. بە تایبەت كە بەهۆی دۆخی خراپی ئابووری و رووداوەكانی خوزستانیشەوە ناڕەزایی خەڵك لە ئاستێكی بەرزدایە. هەڵبەت ئەگەر زۆرە كە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو گوشاری سیاسی و سەربازی بەردەوام بێت تا لەو دۆسییەدا ئیمتیازێكی زیاتر وەربگرێت.

 

[1] – https://www.chp.org.tr/haberler/chp-heyeti-erbilde

[2] – https://www.bbc.com/turkce/haberler-turkiye-57758499

[3] – https://www.dw.com/fa-ir/%D9%87%D8%B4%D8%AF%D8%A7%D8%B1-%D9%81%D8%B1%D9%85%D8%A7%D9%86%D8%AF%D9%87-%D9%86%DB%8C%D8%B1%D9%88%DB%8C-%D8%B2%D9%85%DB%8C%D9%86%DB%8C-%D8%B3%D9%BE%D8%A7%D9%87-%D9%BE%D8%A7%D8%B3%D8%AF%D8%A7%D8%B1%D8%A7%D9%86-%D8%A8%D9%87-%D8%A7%D9%82%D9%84%DB%8C%D9%85-%DA%A9%D8%B1%D8%AF%D8%B3%D8%AA%D8%A7%D9%86-%D8%B9%D8%B1%D8%A7%D9%82/a-59099537

Share this Post

شرۆڤە