شرۆڤە

سەردانی فوئاد حسێن بۆ تاران، لە سێبەری ئەمن و هەڵبژاردن دا

03-02-2021


 

RRC |

زریان رۆژهەڵاتی|

بەرایی

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بە سەردانێكی چاوەڕواننەكراو چووە تاران. لەماوەی نزیكەی 4 مانگی رابردووشدا، ئەمە دووەمین سەردانی وەزیری دەرەوەیە بۆ ئێران. كۆتاییەكانی مانگی9ی ئەمساڵ، دوای بڵاوبوونەوەی ئەگەری داخستنی باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا بەهۆی هێرشی گرووپە چەكدارەكان، فوئاد حسێن چووبووە تاران. كاتی سەردانەكەی ئەمجارەیشی سەرنجڕاكێشە چوونكە:

یەكەم- تەنها چەند رۆژ دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی نێوان وەزیری دەرەوەی عێراق و هاوتا ئەمریكییەكەی دێت.

دووەم- دوای سەردانە جەنجاڵییەكەی جنین هاس پلاسخارت بۆ ئێران دێت كە گوتی بۆ پاڵپشتی لە سەقامگیری عێراق كردوومە.

سێیەم- ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت كە ئێران لە هەڵوێستی بێلایەنیی عێراق، لەبارەی پێشنیاری ئەمریكا لە دانوستاندنەكانی بودجەی 2021ی نەتەوەیەكگرتووەكان لە سەرەتای ئەمساڵ، بۆ زیادكردنی 2 ماددەی تایبەت بە زیندووكردنەوەی كۆمیتەی سزاكانی ئێران، قەڵسن و هەندێك لە شرۆڤەكارانی نزیكی دەوڵەتیش، لەوەدا فوئاد حسێن بەخەتابار دەزانن.[1]

هۆكارەكانی سەردانەكەی فۆئاد حسێن

لە دوای دەستبەكاربوونی ئیدارەی نوێی ئەمریكاوە تا ئێستا بێجگە لە چەند هێرشیكی كەم، هێرشی گەورەی وا بۆ سەر نێردە دیپلۆماتییەكان و كاروانی لۆجستی هاوپەیمانان رووینەداوە. هەڵبەت هێشتا روون نییە كە دوای لێدوانی بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت بە رێككەوتنەوەی ئەتۆمی لەگەڵ تاران، جموجۆڵی گرووپە چەكدارەكان زیاتر دەبنەوە یان نا. بەڵام وردبوونەوە لە هێرشەكان بەروونی دەریدەخات كە پەیوەندییەكی راستەوانە لەنێوان زیادبوونی گرژییەكانی ئەمریكا و ئێران لەگەڵ هێرشەكاندا هەیە. بەو واتایەی كە هەروەختێ گرژی ئەو دووانە زیادبووبێت، ژمارەی هێرشەكانیش لە عێراق زیادیان كردووە.

سەردانەكەی فوئاد حسێن بۆ تاران دوای ئەوە دێت كە نزیكەی هەفتەیەك بەرلە ئێستا پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئانتۆنی بلینكن، هاوتا ئەمریكییەی كردووە و تێیدا باسیان لە چوار بابەتی دیالۆگی ستراتیژی، شەڕی دژی تیرۆر، سەقامگیری ناوچەیی و ئابووری عێراق كردووە.[2] لەو چوار بابەتەش لانیكەم سیانیان پەیوەندی راستەوانەی بە ئێرانەوە هەیە. بەرلە هەمووشتێك، ئێرانیش دەیەوێ هاوشێوەی ئەمریكا دیالۆگی ستراتیژی لەگەڵ عێراق هەبێت و مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا و نفووزی ئەو وڵاتە لە عێراق، بەشێوەی درێژخایەن بە زیانی خۆی دەزانێت. ئەمریكا و عێراقیش رێككەوتوون “بەمزووانە” درێژە بە دیالۆگی ستراتیژی خۆیان بدەن. روانگەی ئەمریكی و ئێرانی سەبارەت بە سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رۆڵی عێراقیش دژی یەكن. یارمەتیدانی ئابووری عێراقیش دەتوانێت لای ئیرانییەكان وەك هەڕەشە لێكبدرێتەوە. بە تایبەتی سەربەخۆیی بەغدا لە وزەی ئێران وەك كارەبا و غاز، بابەتێكە كە واشنتن گەلێكجار دووپاتی كردۆتەوە و ئەگەر ئەوەش رووبدات، كارتەكانی دەستی ئێران لە عێراق لاوازتر دەبن. لە هەمانكاتدا، ئەمریكاو عێراقیش لەوە ئاگادارن كە لەوانەیە هەرجۆرە رێككەوتنێكی نێوانیان، لانیكەم بەبێ رەچاوكردنی بەشێك لە خواستەكانی ئێران، گرفتی بۆ درووست بێت. بۆیە لەوانەیە ئەم سەردانەی فوئاد حسێنیش لەو ئاراستەیدا بێت. جا چی بە گەیاندنی پەیامێكی ئەمریكی یان بۆ لەبەرچاوگرتنی خواستی ئێران بێت.

سەردانەكەی فوئاد حسێن دوای ئەوەش دێت كە جنین پلاسخارت چەند رۆژ بەرلە ئیستا لە تاران بوو. عەلی ئەكبەر ویلایەتی راوێژكاری رابەری ئێران گوتوویەتی ئێمە نامانەوێت وڵاتانی دەرەوە دەست لە كاروباری ناوخۆیی عێراق وەربدەن و ئامادەیی وڵاتەكەیشی بۆ “هەرجۆرە هاوكارییەك” بۆ عێراق راگەیاندووە[3] و لەسەر هەڵبژاردنیش لەگەڵ پلاسخارت قسەیان كردووە. یۆنامیش رایگەیاندووە كە سەردانەكەی پلاسخارت، لە چوارچێوەی بڕیاری 2522ی ساڵی 2020ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بۆ پشتگیریكردن لە سەقامگیریی عێراق بووە.[4] ئەوەش گەلێك بابەتی جیاجیا، لە ئاسایشەوە بگرە هەتا وزە و دیالۆگی ناوچەیی و…. لە خۆ دەگرێت.

بە ئەگەری زۆرئەو “پاڵپشتییەكەی” كە پلاسخارت بۆ سەقامگیری عێراق لە تاران بە دوایدا گەڕاوە، پەیوەندییەكی زۆری بە شەڕی داعشەوە نییە. چوونكە هێزی یەكلاكەرەوە لە شەڕی دژی داعشدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەو دوای تەقینەوەكانی ئەمدواییەی بەغداش، ژمارەی هێرشی هاوپەیمانان و ئۆپەراسیۆنەكانی عیراق بۆسەر داعش زیادیان كردووە. بەدەر لە داعش، ئەوەی سەقامگیری عێراق تێكدەدات، ئەگەری زیادبوونەوەی هێرشی گرووپە چەكدارەكان بۆ سەر نێردە دیپلۆماتییەكان وكاروانی لۆجستی هاوپەیمانان، بەڕێوە نەچوونی هەڵبژاردن و سەرپێچیی هەندێك لە گرووپە چەكدارییەكان لە دەسەڵاتی دەوڵەتە. نهێنییەكی ئاشكرایشە كە ئەو “كۆمەك و هاوكارییە”ش كە ئەگەر ئێران بیەوێت بە عێراقی بكات، زیاترلەو بوارانەدایە.

پلاسخارت لە گەرمەی هێرشەكانی لە ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووشدا، لەگەڵ عەبدولعەزیز ئەلمحەمەداوی- ابوفدك، كۆبوونەوەی كردو دوای ئەوەش، خاوبوونەوەیەك لە هێرشی گرووپە چەكدارەكاندا درووست ببوو.

لەبارەی هەڵبژاردن، ئەوەی لە وتەكانی ویلایەتی دەخوێنرێتەوە ئەوەیە كە رەنگە ئێران بە هەبوونی ژمارەیەكی زۆری چاودێرانی بیانی بۆ هەڵبژاردن ناڕازی بێت كە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە تەمایە بانگهێشتیان بكات. رۆژنامەی كەیهانی ئێرانی، پاساوێكی بۆ ئەوە باسكردووە كە “رەنگە چاودێرانی بیانیی هەڵبژاردن بێلایەن نەبن.”[5] ئەمە بێجگە لەوەی كە ئەو گرووپانەی كە بە نزیك لە ئێران هەژمار دەكرێن، لەسەر كاتی هەڵبژاردنیش ناڕازین و، زیاتر حەزیان لە هەڵبژاردن لە وادەی یاسایی خۆیە.

 ئەنجام

دەشێ سەردانەكەی فوئاد حسێن بۆ تاران، رەهەندێكی بەهێزی دەرەكی و نێو خۆیی هەبێت. پەیوەندی ئەمریكا و عێراق لەلایەك و پەیوەندیی عێراق و ئێرانیش لەلایەكی دیكە، بابەتی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، لەگەڵ ئەگەری زیادبوونەوەی هێرشی گرووپە چەكدارەكان، بە تایبەتی دوای ئەوەی كە ئێرانییەكان خەریكە بێهیوا دەبن لەوەی كە ئیدارەی بایدن بە پەلە بگەڕیتەوە ناو رێككەوتنی ئەتۆمی 5+1، مژاری گرنگن.

دوابەدوای تەقینەوەكانی تەیرانی بەغدا، سەرۆكوەزیران زنجیرەیەك گۆڕانكاریی گرنگی لە پۆستە ئەمنییەكاندا كرد و  وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش رایگەیاندووە كە ئەوان ژمارەیەكی زۆری چاودێری بیانی بانگهێشت دەكەن تا ئاگایان لە هەڵبژاردن بێت. ئەگەر ئەمنی هەڵبژاردن هەبێت بە باشی چاودێری بكرێت و پێچەوانەی هەڵبژاردنەكەی رابردووش، خەڵكێكی زۆر بەشداری بكەن، ئەگەر زۆرە كە نەخشەی سیاسی لە عێراق بگۆڕێت. لەوانەیە ئەمەش ئەو گۆڕانە بێت كە ئێران لێی نیگەران بێ و بیەوێت لە پشتەوە دانووستاندنی لەسەر بكات!

  

 

 

[1]http://www.irdiplomacy.ir/fa/news/1998686/ سایتی دیپلۆماسیی ئێرانی هی سادقی خەرازی برازای كەمال خەرازی وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێرانە و سەید عەلی موسەوی خالی سەرنووسەریەتی.  خوشكی سادقی خەرازی، هاوسەری مەسعود خامنەیی كوڕی رابەری ئێرانە و خودی خەرازیش، راوێژكاری وەزیری دەرەوەی ئێرانە.

 

[2] -https://www.mofa.gov.iq/2021/01/?p=20800

[3] -https://velayati.ir/fa/news/2734/

[4] -https://www.uniraq.org/index.php?option=com_k2&view=item&id=13719:un-special-representative-visits-tehran-to-support-stability-in-iraq&Itemid=605&lang=en

[5] – http://kayhan.ir/fa/issue/2063/12

Share this Post

شرۆڤە