شرۆڤە

شەڕە دەستپێشخەرییەکانی عێراق؛ قوڵبونەوەی بنبەستی سیاسی

08-05-2022


پاش کۆتاییهاتنی مۆڵەتە یەك مانگییەكەی سەدر بەبێ ئەنجام، چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە و موقتەدا سەدری رێبەری گەورەترین فراکسیۆنی براوەی پەرلەمان، هەریەکەو دەستپێشخەرییەکیان فڕێدایە گۆڕەپانی سیاسی بۆ کردنەوەی گرێکوێرەی سیاسی. هەڵبەت هێشتا هیچیان گۆمی مەنگی سیاسی عێراقیان نەشڵەقاندوە.

تەوەری سەرەکی و هاوبەشی هەر دوو دەستپێشخەرییەکە، هەڵدانی تۆپە بۆ گۆڕەپانی “سەربەخۆکان” تاوەكو ئەوان ببنە هێلکەی قەپان و، لە جیاتی ئەمان حکومەت دروست بکەن. ئەمەش پاش ئەوەی زۆرینە (هاوپەیمانی سێقۆڵی) و کەمینە ( چوارچێوەی هاوئاهەنگی) بە کردەوە گەیشتنە ئەو بڕوایەی هیچیان بە تەنیا ناتوانن ببنە یاریکەری سەرەکی و یەکلاکەرەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت. ئەویش بە تایبەت دوای ئەوەی دادگای فیدراڵی لە شوباتی ئەمساڵ بە بڕیارێكی خۆی، ئامادەبوونی 2/ 3 ی پەرلەمانتارانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکكۆمار كردە مەرج و بەوەش، دەرفەتی جموجۆڵی هاوپەیمانی سێقۆڵی (زۆرینە)ی بەتەواوی سنودار كرد.

بەدەر لەو پۆلێنانەی بۆ ئینتیما و شوناسی “سەربەخۆکان” هەن، ئەم بەرپرسیارێتییەی کە “چوارچێوەی هاوئاهەنگی” و “سەدر” خستوویانەتە سەرشانی ئەم کۆمەڵە پەرلەمانتارە نوێ کەم ئەزموونە، زۆر لە قەبارە و توانا و لێهاتویی ئەوان زیاترە. هەڵدانی تۆپیش بۆ گۆڕەپانی ئەو كۆمەڵە پەرلەمانتارە، زیاتر لە درێژکردنەوەی گەمەی قۆڵبادان و دانانی مەرجی قورسی نەكردەنی دەچێت، چونکە لە لایەک چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەوەیان کردووە بە مەرج كە “سەربەخۆکان” مافی زۆرینەی کۆمەڵایەتی “شیعە” مسۆگەر بکەن، لە لاكەی دیکەش سەدر مەرجی ئەوەیە فراکسیۆنێکی 40 پەرلەمانتاری پێکبهێنن و لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوور بکەونەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە كە ئەم “سەربەخۆ”یانە هەر چەپکێکیان هی یاڵ و گردۆڵکەیەکن و، لە شەش مانگی پاش هەڵبژاردنیشدا نەیانتوانیوە تەنانەت تەنیا دیدارێکی هاوبەش و گشتگیریش لە نێو خۆیاندا رێکبخەن. جگە لەوەش بەگوێرەی جوگرافیای نیشتەجێبوون و کاریگەریی چەک و نفوز بەسەر لایەنە شیعە کاراکانی پرۆسەی سیاسی، ناچارن دابەش ببن. چونكە نە کورد و نە سوننە “پەرلەمانتاری سەربەخۆیان” نییە و، مەبەست لە سەربەخۆکان کۆمەڵێک لە شیعەکانی بەر سێبەر یان سەربەخۆی ناوچەیین کە بە ئاراستەی هەر دوو جەمسەرە شیعە بەهێزەکەدا پەرتەوازە بوون.

لە کاتێکدا کە براوەکان و چەکدارەکان و هێزە رێکخراوەکان ناتوانن حکومەت پێکبهێنن، هەڵواسینی پاڵتۆکە بە چڵاکی لاوازی کۆمەڵێک سەربەخۆدا کە هەندێکیان خاوەن دید و گوتارێكی نیشتمانی و گشتگیر نین و، دەرچووی بازنەی بەرتەسک و داواكاری و خەمە ناوچەییەکانن، جۆرێکە لە خۆدزینەوە لە چارەسەری کردەیی كە، ئەگەر مەبەست لێی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم بارودۆخ و هاوکێشەیە نەبێت کە شەش مانگە بەردەوامە، ئەوا بە هیوای فرسەت هێنان و رەخسانی زەمینەیەکی باشتر كراوە بۆ هەریەک لە لایەنەكانی یارییەکە.

لە نەریتی باوی سیاسیدا دەستپێشخەری دەبێت چارەسەرێکی نوێی تێدا بێت کە لانیکەمی ئەگەرەکانی سەرکەوتن و جێبەجێکردنی تێدا بێت، بەڵام هەر دوو دەستپێشخەرییەکەی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگیش هەر ماکیاژکردنی تێز و گوتارەکانی پێشوویانە و، هەوڵێكی نوێی بە بازاڕكردنی ئەوانەیە لە بەرگ و لەژێر ناونیشانی نوێ. لە هەمان کاتیشدا درێژکراوەی دەرهاوێشتەی کێشەکانی ناو ماڵی شیعەیە و هیچیان نەک گۆڕانکاری نوێی تێدا نییە، بەڵکوو پێداگری لەسەر شیعە بوونی سەرۆکوەزیران دەکاتەوە و لە باشترین و گەشبینانەترین ئەگەری بەدیهاتنیشدا، پێشینەی لە کابینەی عەبدولمەهدی و لە ئەزموونی “وەزیرە تەکنۆکراتەکان” ی سەردەمی عەبادیدا هەیە کە ئەوانیش لە سیستەمی بەش بەشێنەیی تائیفیدا تەنیا جوانکارییەك بوون.

قووڵبوونەوەی زیاتری بنبەستی سیاسی بەهۆی نەبوونی زەمینەی جێبەجێکردنی “دەستپێشخەری”یە دژ بە یەکەکان، بەرئەنجامی روونی کۆمەڵێک فاکتەری گەورەترە کە ناکرێت لەم جۆرە یارییە رووکەشانەدا بشاردرێنەوە؛ لەلایەک ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەکەمی 2021، ناهاوسەنگە لە نێوان قەبارە و ژمارەی كورسی بەدەستهاتووی هێزە خاوەن چەک و خاوەن نفوزە ئایینی و کۆمەڵایەتی و دارایییەکان، لە لایەکیتر جەمسەرە گەورەکانی پێکهاتنی جاران، لاسەنگ بوون. بۆ نمونە مەرجەعیەتی نەجەف نقەی لێوە نایەت و خۆی بە دوور گرتووە، ئەویش لە کاتێکدا پێشتر سیستانی و چواردەورەكەی رۆڵی نزیککردنەوەیان دەگێڕا. ئەمریکییەکان لەچاو کابینەکانی پێشوو بەتەواوی بزرن و سەرقاڵی ئۆکراینان و لە سەردەمی بایدندا، زیاتر سەرقاڵی کێشە ناوخۆییەکانی خۆیانن و سەردەمی ئامادەیی بەردەوامی مەکگۆرک تێپەڕیوە. هەرچی ئێرانییەکانیشە ئەگەرچی ناتوانن مەرجی خۆیان بۆ دروستکردنی حکومەتێکی بنکە فراوانی شیعی بسەپێنن کە کێکی دەسەڵات و دەستکەوت بەسەر هەموویدا دابەش بکات، بەبێ هەڵوێستە کردنی زۆر لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و لەبەرچاوگرتنیان، لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە یارییەکەی بە جۆرێک رابگرن کە مەترسی بۆسەر خواست و پێداویستییە ئەمنییەکانی تاران نەبێت و، هیچ لە بارودۆخی پێگەی ئێران لە عێراقدا نەگۆڕێت. بەتایبەت کە هێشتا لەدانوستاندنی ڤیەننادا بە تەواوی بەرچاوی روون نییە.

لە سەردەمی بنبەستدا، رەنگە زۆربەی رێگاکان هەر بچنەوە سەر مستەفا کازمی وەک بژاردەیەکی ناچاری. ئیتر چ وەک هێشتنەوەی بێت وەک سەرۆکوەزیرانێکی کاربەڕێکەر تا بیرکردنەوە لە چارەسەرێکی گەورەتری وەك دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن پاش دوو ساڵی دیكە، یان قبوڵكردنی دانانەوەی بێت بۆ جارێکی دیکە لە کابینەیەکی نوێ، ئەویش بەگوێرەی کۆمەڵێک مەرج و بەند و باری نوێ. لەبەر هەستکردن بەم خاڵەش لەناو ئەو بنبەستەدا کازمی چالاک و پڕ جووڵەیە و لە دەرکەوتنە زۆرەکانیدا، بە ناڕاستەوخۆ بە هەموو لایەک دەڵێت ئەگەر ئێوە بیرتان چووە ئەوە “من هەم” وەک بژاردەیەکی تاقیکراوە کە لە قەیرانی کۆرۆنا و داڕمانی دارایی قوتارم كردن و ئێستاش بەدەمی هەموو لایەکتانەوەم.

Share this Post

شرۆڤە