ئەم باباتە هەڵبگرە
بێشک شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیل – ئێران یەکێک لە گرنگترین رووداوەکانی چارەیەکی یەکەمی سەدەی 21 بوو کە دەشێ دۆخی ئابووری و ئەندازیارییە سیاسی و ئەمنییەکانی رۆژئاوای ئاسیاش بگۆڕێت. وەک چۆن شەڕێ 6 رۆژەی عەرب- ئیسرائیل لە 1967 تەنیا لەبەر گرتنی خاک نەبوو، 12 رۆژەکەی ئێران – ئیسرائیلیش تەنیا لەبەر موشەک و پرۆگرامی ئەتۆمی نەبوو. لەتەنیشت ئەوانەدا، دوورخستنەوەی تاران لە چین و رووسیا، هەروەها سنووردارکردنی شەپۆلی پان- شیعی بە سەرکردایەتی ئێران ئامانج بوو، وەک ئەو بەربەستەی کە لە ئەنجامی شەڕی شەش رۆژەدا بۆ رەوتی پان – عەرەبسیت کە بە سەرکردایەتی جەمال عەبدولناسر و پشتیوانیی مۆسکۆ لە هەڵکشاندا بوو.
بەدەر لەوەی کە ئایا وەک" هەڵمەتی شێرانە"،" بەڵێنی راستگۆیانە" یاخود بە" چەکوشی نیوەشەو" ناوی بێنین، دەتوانین بێژین کە ئەم شەڕە خەریکە بە بێدەنگی دیمەنی ناوچەکە دەگۆڕێت. شەرع لەسورریا خۆی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی بچێتە قۆناخێکی نوێی قایمکردنی بنەماکانی حوکمەی، کاریگەریی ناوچەیی تورکیا و خەلیج بەرەو زیادبوون ئەڕوات و، لە ژێر کاریگەری ئەم شەڕەدا، پرسی چەکدادانی پەکەکە چووەتە قۆناخێکی تازە. ئەم شەڕە عێراق و هەرێمی کوردستانیشی کردووەتە مەیدانی دوو رکابەریی گەورەی ناوچەیی؛ لەلایەک مەیدانی رکابەرییەکی سەربازییە لە نێوان ئێران- ئیسرائیل و ئەمەش دۆخە ناوخۆییەکەی هێناوەتە لێواری گرژییەکی دیکە کە تێیدا جارێ "درۆنی نەناسراو" رۆڵە کاریگەرەکەی بە دەستە. لە لاکەیتریش، عێراق بەرەو ئەوە دەڕوات کە ببێتە شوێنی بەریککەوتنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا و ئێران. شەڕەکە و جارانیش سێبەری شەڕ، تورکیای زیاتر پاڵناوە بۆ ئەوەی کە لە ڕێی گوتاری برایەتی تورک – کوردەوە، بە شێوەیەکی بێدەنگ گفتوگۆی بنیاتنانەوەی ناسنامەی دەوڵەت-نەتەوەکەی بکات. مشتومڕی ئەم رۆژانەی نێوان ئوڵترا-موحافزەکارەکان و گرووپەکانی دیکەی ناو نوخبەی سیاسی- دەسەڵاتداری ئێرانیش دیوێکی دیکەی کاریگەرییە بێدەنگەکەی ئەم شەڕەیە کە پێدەچێ بەردەوام بیت.
عێراق لەنێوان چەکوشی شەڕ و سندانی رکابەریدا
دۆخی عێراق لە کاتێکدا هەستیارتر دێتە پێشچاو کە لە سێبەری شەڕ و رکابەریی ناوچەییدا بەرەو هەڵبژاردنێک دەڕوات کە دەشێ وەک هەموو جارێک چارەنوسساز بێت. لەسەر شەڕ، عێراق سکاڵای لەسەر پێشێلکردنی سەرەوەری ئاسمانیی خۆی هەیە بەڵام لە راستیدا ئەمە تاکە گرفتەکەی نییە. لە رۆژی راگرتنی شەڕەکەدا، دوو دانە لە رادارەکانی لەناوبران و لەم چەند رۆژەی دواییشدا لە کەرکوکەوە هەتا سلێمانی و دهۆک، درۆنی نەناسراو وەک گرفتێکی ئەمنی دەرکەوتوون. حکومەت هێشتا لێكۆڵینەوە دەکات تا بزانێ کێ ئەم کارەی کردووە. هەندێک باسی داعش دەکەن بەڵام ئەمە لە ئەتواری ئەوان ناچێ چونکە ئێستا ئەو توانستە سەربازی و رێکخستنییەکەی نییە. تەنیا سێ ئەکتەری ناوچەیی ئەم توانستەیان هەیە کە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و کەرکوک دا درۆن بتەقێنن. ئەوانیش تورکیا، ئێران و گروپەکانی "موقاوەمە" و ئیسرائیلن! رەنگە لەکاتێکدا کە دنیا چاوی لە گفتوگۆکانی چەکدانانی پەکەکەیە تورکیا پێویستی بەوە نەبێت ئەمە بکات ئینجا ئامانجەکانیش لە هی تورکیا ناچن. ئێران و ئیسرائیل هەردووکیان سەبارەت بە پێگەی هەرێمی کوردستان و عێراق هەستیارن. پێچەوانەی ئەو باسانەی کە دەکرێن، هەرێمی کوردستان لەم شەڕەدا هەڵوێستێکی بێدەنگ- بێلایەنی هەبوو، بەڵام گرفتەکە لەسەر ئەوەیە کە بێلایەنی هەرێمی کوردستان نە بە دڵی ئێرانە نە هی ئیسرائیل! لە ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ و تەنانەت لە حاڵەتی ناشەڕیشدا، هەرێمی کوردستان بە حوکمی پێگە رێڕەوییەکەی، بۆ ستراتیژی هێرش و بەرگریی هەردوولا بایەخێکی ئێکجار زۆری هەیە. هێشتا نازانرێت درۆنەکان کاری کێن، بەڵام بە ئەگەری زۆر ئەمە زیاتر پەیامێکە لەوەی کە هێرشێک بە قەستی لێدان بێت.
خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە ئەگەری تێوەگلانی عێراق بە هۆی هاوسەنگیی هێزداری لە ناوچەکە هەمیشە کراوەیە، چونکە عێراق بۆ ئێران گرنگە بۆ ئەوەی دوا سەنگەری ناوچەیی خۆی بپارێزێت، بەڵام بۆ ئیسرائیلیش گرنگە بۆ ئەوەی دەروازەیەکی گەیشتن بە ئێران بە کراوەیی بهێڵێتەوەو لە عێراقیشەوە تەگەرەی بۆ دروست نەبێت.
پێدەچێ لە داهاتوودا، بەدەر لە بابەتە ئەمنی و سەربازییەکان، عێراق زیاتر ببێتە مەیدانێکی رکابەریی و نفوزی ئابووری تورکیاو ئێران و ئەوەش بۆ گرژییەکی سیاسی تەرجەمە بێتەوە.
لەم ساڵانەی دواییدا ئێران زیاتر لە جاران رووی لە گەشەپێدانی پەیوەندی ئابووری خۆی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان داوە. لە ساڵی 2020دا قەبارەی بازرگانی ئێران لەگەڵ عێراق نەدەگەیشتە 6 ملیار لە کاتێکدا کە تورکیا خۆی لە سنوورەکانی سەری 17 ملیار دەدا. لە پاش ئەوەش بەردەوم هەوڵیداوە روو لە بازاڕی عێراق بکات بە جۆرێک لە 2024 دا جیاوازییەکی خۆی لەگەڵ تورکیا کەمتر کردەوە. زیانی ئابووری ئێران لە دوای کەوتنی بەشار ئەسەد بە دەوری 30-50 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت. وامەزەند دەکرێت کە شەڕی 12 رۆژەش لە نێوان 24 - 35 ملیار دۆلار لەسەری کەوتبێت. خۆ ئەگەر بێتو تاوەکو 18ی مانگی ئۆکتۆبەری سزا نێودەوڵەتییەکانیشی بۆ بگەڕێتەوە ئەوسا دەبێ بە چنگ و ددان دەست بە بازاڕی عێراقەوە بگرێت، چونکە وەک شادەماری مانەوەی لێدێت بۆ ئابوورییەکی. کاتی خۆی محسن رەزایی، فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارن گوتبووی ناکرێ ئێمە شەڕ بۆ وڵاتان بکەین بەڵام خێر و بێرەکەیان بۆ وڵاتی دیکە بێت.
دووشەشێک بۆ تورکیا وخەلیج و دەرفەتێکیش بۆ شەرع
ئەم شەڕە رۆڵی ناوچەیی تورکیا و وڵاتانی خەلیجی زیاد کردووە. بۆ هەردوولا لاوازبوونی ئێران و ئیسرائیل بە شەڕ وەک دووشەشی تاوڵە وایە، بە مەرجێکی تەنیا لە سنووری ئەو دوو وڵاتە بمێنێتەوە، بەڵام هەردوولاش رکابەریی عومان دەکەن بۆ ئەوەی کێ میوانداریی دانوستاندنی گریمانەیی ئێران و ئەمریکا بکات؛ دیارە ئەگەر بکرێت!
بۆ تورکیا شەڕی ئێران و ئیسرائیل واتای لاوازبوونی دوو دانە رکابەری ناوچەیی دەدا بەڵام دیوەکەیتری ئەوەیە کە ئەگەر شەڕی ئەو دوو وڵاتە تەشەنەی بکردایە یان گۆڕانێکی خێرا لە ئێران روویبدایە، ئەوسا دەبووە سەرچاوەیەکی مەترسی بۆی. شەڕەکە تورکیا و ئەمریکای لێک نزیک کردۆتەوە. باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە گوتوویەتی لەوانەیە تورکیا بگەڕێنینەوە بۆ پرۆگرامی فڕۆکەی ئێف-35. بێجگە لەوەش تورکیا یەکێک لەو دەگمەن وڵاتانە بوو کە ماوەیەکی کەم بەرلە هێرشەکەی ئیسرائیل، لەلایەن ئەمریکاوە ئاگادار کرابووەوە. پێدەچێ تورکیا لە دانوستاندنی راگرتنی شەڕ، ناوبژیوانی ئێران و ئەمریکا، هەروەها حەماس و ئەمریکاشدا دەوری بووبێ/هەبێ. خۆ ئەگەر سوریای شەرع و ئیسرائیلیش رێککەوتنێک بکەن ئەو واتای ئاشتبوونەوەی تورکیا و ئیسرائیلیش دەدا کە بێجگە لە کەمبوونەوەی نیگەرانییە سیاسی- ئەمنیەکانی و دەستڕاگەیشتنی بە بازاڕی سووریاش ئاسانتر و سەقامگیرتر دەکات، ئەویش لە کاتێکدا کە ترەمپ لایەک لە سزاکانی سەر سووریای هەڵگرتووە. ئەم شەڕە ئەحمەد شەرعیش زیاتر هاندەدات بۆ ئەوەی زیاتر خۆی لەگەڵ ئیسرائیل بگونجێنێت ئەوەش دەرفەتێکی زیاتری پێدەدات بۆ قایمکردنی پێگەی خۆی.
پرسی چەکدادانی پەکەکە
لەکاتی شەڕەکەدا هەم لە تورکیا و هەمیش لە نێو کەسانی نزیک لە پەکەکەدا باس لە ئەگەری دووبارەکردنەوەی سیناریۆی سووریا - رۆژئاوا و پەکەکە بۆ ئێرانیش دەکرا کە تییدا ئەسەد کۆنترۆڵی ناوچە کوردییەکانی رادەستی پەیەدە - یەپەگە کردبوو. لە راستیدا سەرچاوەی ئەم تێگەیشتنێکی هەڵەبوو لە دۆخی ئێران و پرسی کورد لەوێ. پاڵنەری سەرەکی ئەسەد بۆ کشانەوە لە رۆژائاوا و رێککەوتنی لەگەڵ پەکەکە ئەوە بوو کە ئەسەد پێیوابوو بەو کارە قەڵخانێکی مرۆیی لە پێش تورکیا و گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن دادەنێت و کەی ویستشی دەتوانێت لە کوردەکانی وەربگرێتەوە، چونکە قوڵاییەکی جوگرافییان نییە و باری تۆپۆگرافییەکەیشی بۆ ئەوە دەست نادا کە شەڕێکی درێژخایەنی تێدا بکرێت. بەکورتییەکی نییەتی بە کوشت دانی کورد بوو بۆیە تەنانەت لە لاوزترین ساتەکانی دەسەڵاتداریشیدا ئامادە نەبوو دان بە ناسنامەی کوردیدا بنێت. دووبارەبوونەوەی سیناریۆی رۆژئاوا لە ئێران ئاسان نییە، جونکە هەر هێزێکی چەکداری کە دەستی لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس بەند بێت بە ئاسانی لێی دەرناکەوێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە ئەو ناوچە شاخاوییانە لەگەڵ چیاکانی ئەلبورز، بیابانەکانی رۆژهەڵات و ئاوەکانی باشووردا سێکوچکەیەکن لە جوگرافیای سەربازی ئێران کە دەستبەردان لە یەکیان واتای تێکچوونی هاوسەنگییەکان دەدات و، رێگایەکی فراوان هەتا تاران و ناوەڕاستەکانی ئێرانیش خۆش دەکات و بێ بەرگری دەیهێڵێتەوە. بۆیە هیچ رژێمیکی سیاسی بە ویستی خۆی ئەو کارە ناکات. بەڵام دەسکەوتی گرنگ بۆ تورکیا لەم شەڕەدا ئەوەیە کە لەوانەیە قەڵەمبازێک لە پرسی چەکدانانی پەکەکەدا رووبدات. بە ئەگەری زۆر هیوای پەکەکە بە بەهێزبوونەوە لەرێی پاڵپشتێکی ناوچەییەوە کەمتر بووەتەوە. ئەوەش نهێنییەکی ئاشکرا بوو کە چەکدانانی پەکەکە بە قازنجی ئێران نەبوو بە تایبەتی بە هۆکاری ئەمنییەوە. چونکە مانەوەی پەکەکە لە سنوورەکان، بێجگە لە هەر ئامانجێکی دیکە، لە 1992وە سوودی بۆ ئاسایشی سنوورەکانی هەبووە. ئەمە بێجگە لەوەی تورکیاش هەمیشە نیگەران بوو لەوەی کە نەکا ئێران دۆخی سووریای بەسەردا قڵپ بکاتەوە. بەڵام لەدوای شەڕی 12 رۆژە بە خەیاڵێکی ئاسوودەترەوە دەجوڵێتەوە.
سەرۆککۆماری تورکیا لە رۆژانی رابردوودا زیندانییەکی کوردی ئازاد کرد کە بەهۆی ئەندامبوون لە پەکەکە خرابووە زیندان کە دەشێ نیشانەیەک بێت بۆ پێشڤەچوونی زیاتر لە پرسی چەکدادانی پەکەکەدا. هاوکات دنیا چاوەڕیی هەنگاوێکی سەمبولێکی پەکەکە دەکات پێدەچی دەستی تورکیا ئاوەڵاتر بکات بۆ هەندێک هەنگاوی یاسایی دیکە کە واچاوەڕان دەکرێت هەتا کۆتایی پاییزی ئەمساڵ بنرێن. چارەنووسی ئەو هەنگاوانە هەڵبەز و دابەزیشی تێدا بێت، دواجار گوتارەکانی دەوڵەت باخچەلی لەسەر برایەتی کورد و تورک، دانپێدانانێکی دەگمەنی سیاسییەکی نەتەوەگەرای تورکە بە ناسنامەی کوردی لەو وڵاتە. بەو پێیەی کە پێشتر سەرۆککۆمارەکانی وەک ئۆزال و ئەردۆغانیش ئەوەیان کردووە ئێستا سەرۆكی جەهەپەش وەک گەورەترین پارتی سایسی تورکیا شتێکی هاوشێوەی کردووە، لەوانەیە ئەم پرۆسەیە بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ناسنامەی دەوڵەت- نەتەوەی تورکی بگاتە ئەنجام، وەک چون ئۆجالان- پەکەکەش هەرجۆرە چارەسەرێکی خاک- میحوەریان بۆ پرسی کورد وەلا ناوە.
ئێران لە ململانێیەکی جیۆپۆلەتیکییەوە بۆ باسەکانی سیاسەتی نێوخۆیی
هاتنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حوکم لە ئێران تەنیا مژارێکی نێوخۆیی نەبوو، بەڵکو وەرچەرخانێکی جیۆپۆلەتیکیش بوو کە تێیدا نەزمی ناوچەیی بە سەرکردایەتی ئەمریکا و رۆژائاوا قاچێکی شەل بوو؛ ئەو نەزمەی کە بە هاوپەیمانی لەگەڵ تورکیای ئەندامی ناتۆ، ئیسرائیل، خەلیج و شای ئێران بە ئەمریکاوە بەسترابوو، بە هاتنی کۆماری ئیسلامی درزی تێکەوت؛ ئێرانی هاوپەیمانی ئەمریکا نەما و لە ماوەی نێوان 1980 تا سەرەتاکانی نەوەتەکان، لانیکەم 5 گرووپی گرنگی چەکداری دامەزران کە سێ دانەیان تەگەرەی ئەمنییان بۆ تورکیا و ئیسرائیل دروست دەکرد. بەڵام ئەمە بۆ رۆژئاوا و ئەمریکا دەردیسەرێکی گەورە نەبوو، چونکە لەلایک توانای کۆنترۆڵی تەگەرەی ئەمنیی گرووپەکانی هەبوو، لە لایەکی دیکەیش پەیوەندیی دەرەکی ئێران لەگەڵ نەیارەکانی رۆژئاوا لە ئاستێکدا نەبوو کە گرفت بۆ ئەمریکا دروست بکات. بەڵام ئەمە لە دوای 2000 کان، و لە دوای بەهاری عەرەبی گۆڕانی بەسەردا هات؛ نفوزی ناوچەیی ئێران بە جۆرێک زیادی کرد کە ئێران خۆی دەستەواژەی" وشیاری ئیسلامی" بۆ بەکاردەهێنا و نەیارەکانیشی وەک "هیلالی شیعی" ناویان دەبرد. هاوشانی ئەوەش توانای ئێران لە بواری تەکنەلۆژیای سەربازی گەشەیکرد بەڵام، لەوە گرنگتر ئەوە بوو کە تاران بە شێوەیەکی بێدەنگ وازی لە دروشمی " نە شەرقی و نە غەربی" هێنا. رێککەوتنی 25 ساڵەی ئێران و چین لە 2021 و رێککەوتنی 20 ساڵەی ئێران و رووسیا لە 2025، پێدانی درۆنی ئێرانی بە رووسیا و مشتومڕەکان لەسەر پێدانی موشەکی بالیستیکی بە مۆسکۆ، هەروەها رووداوەکەی 7ی ئۆکتۆبەر پێکەوە کەڵەکەبوون و خاڵێکی وەچەرخانیان لە روانگەی ئەمریکاو ئەورووپا دروستکرد؛ لای ئەوان ئێران بووبوو بە ئێرانێکی "شەرقی"، رەنگە ئەمەش یەکێک لە پاڵنەرە گرنگەکانی شەڕی 12 رۆژە بووبێت.
ئێستا لە ئێران قسەی دیپلۆماتەکان زیاتر بە ئاراستەیەکە بۆ ئەوەی شەڕ نەبێتەوە، بەڵام زۆرێک لە بەرپرسانی سەربازی بە گومانن لە درێژەکێشانی ئەو ئاگربەستە" لەرزۆکەی"ی کە راگەیێندراوە. بە ئەگەری زۆر هەڵوێستی گریمانییەی چین و رووسیا کاریگەر دەبێت لەوەی کە شەڕ رووبداتەوە یان نا. ئەگەر تاران بە پستبەستن بەوان روو لە پیتاندنەوەی یۆرانیۆم بکاتەوە یان خۆی بە دوور بگرێت لە رێککەوتن و سازان لەگەڵ ئەورووپا و ئەمریکا، ئەوسا لەوانەیە ببێتەوە بە شەڕ . شەڕەکان کاریگەرییەکی دوولایەنەیان لەسەر جۆری سیاسەتی دەوڵەتان هەیە یان بەرەو جۆرێک لە کرانەوەیان دەبات یان زیاتر دایان دەخات. لە سێبەری باسەکانی ئەگەری شەڕ و ناشەڕدا، ئێستا مشتومڕێکی گەرم لە نێوان باڵی ئوڵترا موحافزەکار و گرووپەکانی دیکەی دەسەڵات لە سەر سیاسەتی نێوخۆیی دەرەکی لە ئارادایە کە پێدەچێ جارێ بەردەوام بێت.