شرۆڤە

شەڕی نرخەکانی نەوت وهەرێمی کوردستان

18-03-2020


 

RRC |

عومەر ئەحمەد*|

شەڕی نرخەکانی نەوت دەستپێکردووە. گرنگ نیە کە ئەم شەڕە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت یان کاتی بێت، گرنگ ئەوەیە كە هەر لە ئێستاوە زیانەکانی بۆسەر ئابووری عێراق و هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە.

حکومەتی عێراق رۆژانە نزیکەی 3.5 ملیۆن بەرمیل و هەرێمی کوردستانیش نزیکەی 500 هەزار بەرمیل هەناردە دەکات و لە دابەزینی هەر دۆلارێك لە نرخی نەوت، حکومەتی عێراق مانگانە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلار و ساڵانە زیاتر لە 1.2 ملیار دۆلار زیان دەکات. هەرێمی کوردستانیش مانگانە 15 ملیۆن دۆلار و سالانە 180 ملیۆن دۆلار زیانی پێدەگات. ئەگەر دابەزینی نرخی نەوت وەک ئەوەی لە رۆژی دووشەممە 9 ی 2ی 2020 روویدا و بەتەنیا لە یەک رۆژدا 10 دۆلار دابەزێت و لەو ئاستە کەمەدا بمێنێتەوە ئەوا زیانی مانگانەی حکومەتی عێراق 1 ملیار دۆلار و حکومەتی هەرێمی کوردستان 150 ملیۆن دۆلار دەبێت.

دابەزینی نرخی نەوت بەم شێوازە عێراق دەخاتە دۆخی نائاسایی ئابوورییەوە و کورتهێنانی بودجەی 2020 بۆ زیاتر لە 60 ملیار دۆلار بەرزدەکاتەوە. ئامرازەکانی حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانێکی نوێی دابەزینی نرخەکانی نەوت کەمن. لە ماوەی کورتخایەندا جگە لە بەکارهێنانی یەدەکی دراوی بیانی، بە مەبەستی جێگیرکردنی بەهای دراوی دینار، بانکی ناوەندی ئامرازێکی دیکەی لە بەردەستدا نیە. لە ماوەی مامناوەندا دەتوانێت دووبارە دەست بە دانووستاندن بکاتەوە بۆ وەرگرتنی قەرزی زیاتر لە سندوقی نێودەوڵەتی دراو و بانکی جیهانی و هەندێك لە وڵاتانی ئەندام لە جی حەوت. لە درێژخایەنیشدا چارەسەری ئەم کێشەیە کە لە بنەڕەتدا گرێدراوی بودجەی عێراقە بە داهاتی نەوتەوە، تەنیا بە چاکسازی ئابووری و کەمکردنەوەی گەندەڵی دەکرێت کە ئێستا هیچ ئاسۆیەک بۆ ئەمە بەدیناکرێت.

بەراورد بە عیراق، مەترسییە ئابوورییەکانی دابەزینی نرخی نەوت بۆ سەر هەرێمی کوردستان زۆرترن. هەرێمی کوردستان جگە لە مەترسی کەمبوونەوەی داهاتە نەوتییەکانی ، مەترسی ئەوەشی لەسەرە کە حکومەتی نوێی عێراق کە هێشتا پێکنەهاتووە، هێندەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی هاوکاری نەبێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق رێککەوتنێکیان هەیە لەسەر بودجە و نەوت و بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رێكکەوتنێکی باشی دەزانن بە چەشنێک کە بودجەیەکی تاڕادەیەک دادوەرانە بۆ هەرێمی کوردستان دابیندەکات. لە ژێر رۆشنایی قەیرانی نوێی دابەزینی نرخی نەوت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەشداریکردنی لە حکومەتی نوێی عێراق ببەستێتەوە بە جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە.

کێشەیەکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دابەزینی نوێی نرخی نەوت کە حکومەتی عێراق نیەتی، ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان دراوی تایبەتی خۆی و بانکی ناوەندی خۆی نیە و لەبەرئەوەش ناتوانێت لە رێگەی گۆڕانکاریکردن لە سیاسەتە نەختییەکان رووبەڕووی ئەم کێشەیە ببێتەوە، لە کاتێکدا حکومەتی عێراق و بانکی ناوەندی عێراق ئامرازی تەواو و دەسەڵاتی تەواویان بۆ ئەم کارە هەیە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە جیاتی ئەوە، دەتوانێت چەندین رێوشوێن بگرێتەوە بەر وەک پاڵپشتیکردن لە کۆمپانیا و کارگە نێوخۆییەکان لە رێگەی کەمکردنەوەی باج لەسەریان و هەروها پیدانی سووتەمەنی و کارەبای هەرزان تا ئەو ئاستەی کە پێی دەکرێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بەمەرجێک كە کۆمپانیا و کارگەکان هێزی کاری خۆیان بهێڵنەوە و هێزی کاری زیاتریش وەرگرن ئەو پاڵپشتییانە بداتە کۆمپانیا نێوخۆییەکان.

هەروەها دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان یارمەتی لە کۆمپانیا تایبەتەکان وەربگرێت و بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژەکانی شێوازی PPP جێبەجێبکات، کە ئێستا سەرقاڵی دانانی رێساو یاسایە بۆ ئەم جۆرە پرۆژانە.

یەکێکی دیکە لەو کارانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بیکات کاراکردن و هاندانی کەرتی دارایی و بانکییە بۆ ئەوەی رۆڵی راستەقینەی خۆیان بگێڕن لە سووڕاندنی چەرخی ئابووری وڵات. بەپێی راپۆرتی بانکی جیهانی، بانکەکان لە هەرێمی کوردستان هەرچەندە ژمارەیان زۆرە بەڵام، بەشدارییەکی زۆر کەم لە ئابووری هەرێمی کوردستان دەکەن و تەنیا بەڕێژەی ٢% لە پیدانی قەرز بە کەرتی تایبەت بەشدارن.

Share this Post

شرۆڤە