شرۆڤە

شۆڕشی سوریای-ئیسرائیلی

20-12-2024


لە ٢٧ی ئەم مانگەدا، هێرشەکانی رێکخراوی هەیئەی تەحریر شام لە دژی رژێمی ئەسەد لە سوریا دەستیان پێکرد، کە بووە هۆی چەندین پێشهاتی گرنگ لە شەڕی نێوخۆی سوریا دا کە ١٣ ساڵ بەردەوام بوو. لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، چەکدارانی هەیئەی تەحریر شام حەلەب-یان گرت، کە دووەم گەورەترین شاری سوریایە و دواتر دەستیان بەسەر حەما دا گرت پێش ئەوەی بەرەو حومس پێشڕەوی بکەن، کە سێیەم گەورەترین شاری ئەو وڵاتەیە. دوای گرتنی حومس، کە دەکەوێتە سەر رێگای نێودەوڵەتی ( ئێم فایڤ)، دیمەشقی پایتەختی سوریا یان گرت، بەبێ ئەوەی رووبەڕووی هیچ بەرخۆدانێکی ئەوتۆ ببنەوە.

راشکاوانە بڵێم، لە کاتێکدا من و زۆر کەسی دیکە چاوەڕوانی بەرخۆدانی بەرچاومان لەو ناوچانە نەدەکرد کە زۆرینەی دانیشتووانیان سوننە بوون، بەڵام پێشبینی بەرخۆدانی توندم دەکرد بەدرێژایی کەرتی کەنار دەریاکانی دیمەشق و حمس، کە زۆربەی دانیشتووانەکەی عەلەوین؛ ئەمەش لەبەر ئەوە بوو کە پێم وابوو پێکهاتەکانی عەلەوی و مەسیحی و دروزەکان کە دەیانزانی گروپە جیهادییە توندڕەوەکان مافی ژیانیان پێ نابەخشن و لەوانەیە مافەکانیان پێشێل بکەن، لە هەموو کەسێک توندتر بەرەنگاری چەکداران دەبنەوە. جگە لەوەش ناوچەی کەنار دەریاکان گرنگییەکی ستراتیژی بۆ رووسیا هەبوو؛ لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە رووسیا کە رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە شەڕی نێوخۆی سوریادا گێڕاوە، بنکەیەکی دەریایی لە تەرتوس لە کەرتی کەنار دەریاکان و بنکەیەکی ئاسمانی کەمێک دوورتر لە باکوور لە حمەیمیم هەیە؛ بەڵام بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە، نە رووسیا و نە هێزەکانی ئەسەد هیچ بەرخۆدانێکیان نیشان نەدا و لە ماوەی چەند رۆژێکدا هەموو وڵاتەکە کەوتە دەستی چەکدارانی هەیئەی تەحریر شام و هاوپەیمانەکانی.

دەرئەنجامە پێشبینینەکراوەکان بۆ ئەمریکا و ئەکتەرەکانی تر

چ فاکتەرێک رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە دەستبەسەرداگرتنی نزیکەی هەموو سوریا جگە لە ناوچە کوردییەکان لە ماوەی کەمتر لە دوو هەفتەدا لەلایەن چەکدارانی هەیئەی تەحریرشام؟ چۆن رێکخراوێک کە ساڵانێک بوو لە ناوچەی ئیدلب قەتیس بوو، لەناکاو چارەنووسی سوریای کەوتەدەست؟ هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم دواییەی "شۆڕش" لە سوریا چین؟ چ دینامیکییەکی نێوخۆیی و دەرەکی ئەم سەرکەوتنەی بە هەیئەی تەحریرشام بەخشی؟

بەڕوونی دەتوانین بڵێین تەنانەت ئەمریکاش پێشبینی ئەوەی نەدەکرد کە رژێمی ئەسەد لە ماوەی چەند رۆژێکدا بکەوێت، چونکە تەنها بە چەند هەفتەیەک پێشتر ئیدارەی بایدن لەڕێی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییەوە دەستی بە دانووستانەکانی لەگەڵ ئەسەد کردبوو بە ئامانجی هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر سوریا. لە ستوونێکدا کە لە ٣ی کانوونی یەکەمدا بڵاویکردووەتەوە، دەیڤید ئیگناتیۆس، نووسەری واشنتۆن پۆست، ئاماژەی بەوەدا کە ئیدارەی بایدن و هاوپەیمانە عەرەبییەکانی بیر لە رێککەوتن لەگەڵ سوریا دەکەنەوە، بەو مەرجەی کە گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی لە ئێران-ەوە بەخاکی سوریادا بۆ حیزبوڵا لەلوبنان کۆتایی پێبهێنرێت. لەڕاستیدا تەنانەت دوای ئەوەی کە هەیئەی تەحریرشام حەلەبی گرت، ئەمریکا پێشبینی نەدەکرد دیمەشق بکەوێت. لە کاتێکدا کەهەیئەی تەحریرشام  لە حەلەب-ەوە بەرەو حەما پێشڕەوی دەکرد، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بە سی ئێن ئێنی راگەیاند: "ئێمە فرمێسک ناڕێژین، چونکە حکومەتەکەی ئەسەد کە لەلایەن رووسیا و ئێران و حزبوڵڵا پشتیووانی دەکرێت، رووبەڕووی  فشار بووەتەوە."

بەڵام بۆچی رژێمی ئەسەد بەو شێوەیە لەناکاو لەبەریەک هەڵوەشا؟ چۆن رژێمی ئەسەد کە چانسی گەیشتن بە رێککەوتنی لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی عەرەبیدا هەبوو، رووخا؟ لە ساڵی ٢٠١٥دا، ئەسەد لە لێواری رووخاندا بوو، بەڵام دەستێوەردانی رووسیا و بۆردومانی توند، رزگاری کرد و تەمەنی رژێمەکەی نزیکەی ١٠ ساڵی دیکە درێژکردەوە. ئایا ئەسەد نەیدەتوانی بە رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا دەرفەتێکی هاوشێوە بقۆزێتەوە؟ جگە لەوەش هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەیتوانی رێگە خۆشبکات بۆ ئەوەی سوریا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی عەرەبیدا ئاشتبێتەوە و پەیوەندییە ئاساییەکانی بگەڕێنێتەوە. بێ گومان ئەگەرئەوە یەکلایی بکرایەتەوە، دەکرا سەردەمێکی تەواو نوێ بۆ رژێمی ئەسەد دەست پێ بکات. ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبی لەلایەک، تەنانەت تورکیاش تەنها یەک دوو مانگ لەمەوبەر بەدوای رێگایەکدا دەگەڕا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ سوریا.

دەستە شاراوەکەی پشت” شۆڕشی سوریا: ئیسرائیل

چەند هۆکارێک رۆڵی یەکلاکەرەوەیان لە رووخانی رژێمی سوریادا هەبوو؛ یەکەم و گرینگترینیان ئەو گورزە قورسە بوو کە ئیسرائیل لە حزبوڵڵای لوبنانی دا. حیزبوڵڵا لە سەردەمی شەڕی نێوخۆی سوریادا نزیکترین هاوپەیمان و پاڵپشتی رژێمی سوریا بووە، چ لە رووی سەربازیەوە چ  لەرووی لۆجستییەوە؛ بۆ ساڵانێک حیزبوڵڵا ئەو هێزەبوو، سوپای سوری، کە لە دۆخێکی داڕمانی ئەخلاقی و دەروونیدا بوو، بە پێوە هێشتبووەوە. بە درێژایی شەڕی نێوخۆ، حیزبوڵڵا نەک هەر پشتیووان و هێزی پاڵپشتیکاری سوپای سوریا بوو، بەڵکو بە کردەوە بڕبڕەی پشتی سوپاکە بوو.

ئیسرائیل تەنیا دەستی حیزبوڵڵای لە ململانێی نێوخۆیی سوریادا نەبڕی؛ بەڵکو بە هاوکاری هاوپەیمانەکەی، ئەمریکا، ئێران-یشی بێتوانا کرد، کە هاوکارێکی بەردەوامی حکومەتی سوریا بوو، هەم لەڕووی سەربازی و هەم لەڕووی داراییەوە. ئیسرائیل کە ساڵانێک بوو ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی دژی وجودی سەربازی ئێران لە سوریادا ئەنجام دەدا، لەم دواییانەدا هەموو رێگاکانی دابینکردنی ئاسمانی و وشکانی داخست، کە لەرێیەوە پاڵپشتی لۆجستیکی لە ئێرانەوە دەگوازرایەوە بۆ سوریا و حیزبوڵڵا. ئەو لێدانانەی ئیسرائیل لە ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان، هێندە توند بوون هەردووهێزەکە، کە ساڵانێک بوو دەرئەنجامی شەڕی سوریایان لە قاڵب دابوو، لەناکاو دەستەوستان بوون.

جگە لە رۆڵی ئێران و حیزبوڵڵا، سێیەم ئەکتەری سەرەکی لە شەڕی نێوخۆی سوریادا لە دوای ساڵی ٢٠١٥ ەوە رووسیا بوو. بەڵام گرنگیدانی ئەم دواییەی رووسیا بە شەڕی ئۆکرانیا، کە پێویست بوو هەموو فۆکەسی خۆی بخاتەسەر، وایکرد کە نەتوانێت وەکو پێویست لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانەوە وەک ئەوەی جاران دەیکرد پشتیووانی سوریا بکات، ئەمەش بووە دووەم هۆکاری سەرەکی لە رووخانی ئەسەد.

رۆڵی ئیسرائیل لە لەباربردنی خەونە درێژخایەنەکان

ئیسرائیل خەونی ٤٠-٤٥ ساڵەی ئێران-ی لەباربرد کە دەیویست لە رێگەی سوریا و لوبنان-ەوە بگاتە دەریای نێوەڕاست و هەنگاو بە هەنگاو سیاسەتەکانی فارسی نوێ جێبەجێ بکات. لە ساڵانی رابردوودا، ئێران لەڕێگەی عێراق و سوریا و لوبنان-ەوە توانیبووی ببێت بە ئەکتەرێکی دیار لە ناوچەی دەریای نێوەڕاستدا، بەڵام هەنگاوەکانی ئەم دواییەی ئیسرائیل توانی ئێران ناچاربکات بگەڕێتەوە بۆ سەرسنوورەکانی عێراق، واتە خاڵی سفر. ئیسرائیل تەنیا سنووری بۆ تەماح و هەڵپەکانی ئێران دانەنا؛ بەڵکو خەونی سەتان ساڵەی رووسیا-شی لەباربرد کە گەیشتنە بە دەریای نێوەڕاست.

سێیەم هۆکارکە بووە هۆی رووخانی رژێمی ئەسەد، خودی سوپای سوریا بوو کە تەواو بێ ورە بووبوو، هەروەها ماندووبوو لە شەڕو ئیرادەیی شەڕی لەدەستدابوو. ئەم سوپایە کە بە پشتیووانی حیزبوڵڵا و ئێران و رووسیا بەردەوام بوو، کاتێک ئەوپشتیووانییەی لێبڕا، وەک ئێسکەپەیکەرێکی بێ گیان داڕما.

دینامیکی دەرەکی شەڕی سوریای لە قاڵب دا

هەر لە سەرەتاوە دینامیکی دەرەکی رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە شەڕی سوریادا هەبوو. گۆڕینی چەند ناڕەزایەتییەکی مەدەنی بۆ ململانێیەکی سەرتاسەری، کە زیانێکی زۆری مرۆیی لێکەوتەوە، بەهۆی هۆکاری نێوخۆییەوە نەبوو؛ بەڵکو بەهۆی دەستێوەردانی دەرەکییەوە بوو. روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لەراپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٤دا بووەتە هۆی کوژرانی ٤١٦  سەربازی سوری؛ تەنانەت دوای رووخانی رژێمی ئەسەد-یش، ئیسرائیل درێژەی بە هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی لە سوریا دا. گیدیۆن سار، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەدا کە ئەم هێرشە ئاسمانیانەی ئەم دواییە بە ئامانجی رێگریکردنە لە کەوتنی چەکی کیمیایی بۆ دەستی توندڕەوەکان ( ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بی بی سی تورکی).

لەم دواییانەدا، ئیسرائیل دامەزراوە دەریاییەکانی سوریای لەناوبرد و، سەرەڕای هۆشدارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بۆردومانکردنی شوێنە ستراتیژییەکانی سوریا بەردەوامە. گەیر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، گووتی، “ئێمە شایەتحاڵی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل و بۆردومانەکانی بۆ سەر خاکی سوریاین، ئەمە دەبێت بوەستێت” (واشنتۆن پۆست، ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤). بەئامانجگرتنی چڕی پێگە سەربازی و لۆجستییەکانی سوریا لەلایەن ئیسرائیل-ەوە لەوهۆشیارییەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێکهاتە جیهادییەکان، کە ئێستا کۆنتڕۆڵی سوریایان کردووە، لە کۆتاییدا لەوانەیە سەرنجیان بەرەو ئیسرائیل بگۆڕن. بەبێ پشتیوانی ئێران، رووسیا، و حزبوڵڵا، رژێمی ئەسەد بەهیچ جۆرێک نەیدەتوانی مەترسی لەسەر ئیسرائیل دروست بکات؛ بەڵام هەموو رێکخراوە جیهادییەکان لە جیهانی ئیسلامیدا، ئیسرائیل بە دوژمنی سەرەکی خۆیان دەزانن. پێدەچێت تەنانەت ئیسرائیل پێشبینی رووخانی رژێمی ئەسەدی نەکردبێت.

هێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل لە ٧ی ئۆکتۆبەر، کۆتایی بە ئەسەد هێنا

ئیسرائیل بەبێ گوێدانە نەتەوە یەکگرتووەکان یان ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکانی دیکە، بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنە زەمینی و ئاسمانییەکانی لە سوریا. دوای کەوتنی دیمەشق و هەڵهاتنی ئەسەد بۆ رووسیا، ئیسرائیل رایگەیاند رێککەوتنی ناوچەی جیاکەرەوە لەگەڵ سوریا کە لە ساڵی ١٩٧٤دا کرا، کۆتایی پێهاتووە و ناوچەیەکی پارێزراوی لە دەوروبەری بەرزاییەکانی جۆلان دامەزراندووە. سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، نەتانیاهۆ رایگەیاند، “رێگە نادەین هیچ هێزێکی دوژمن بەدرێژایی سنوورەکەمان نیشتەجێ بێت”، جەختیشی لەوە کردەوە کە هیچ هەڕەشەیەک لە سوریاوە بەرامبەر بە ئیسرائیل تەحەمول ناکرێت.

بەرزاییەکانی جۆلان کە ٦٠ کم لە دیمەشق-ەوە دوورە، لە کاتی جەنگی شەش رۆژەدا لە ساڵی ، ١٩٦٧ لەلایەن ئیسرائیلەوە داگیرکرا، دواتر ئیسرائیل بە شێوەیەکی تاکلایەنە خاکەکەی وەکو بەشێک لە خاکی ئیسرائیل ناساند و، ئەمریکاش لە ساڵی ٢٠١٩دا دانی بەم ناساندنەدا نا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دانیشتووانی دەوروبەری بەرزاییەکانی جۆلان زۆرینەی دروزن، هەر هەڕەشەیەکی داهاتوو لەسەر دانیشتووانی دروزلەوانەیە ببێتە هۆی فراوانبوونی ئەم ناوچەی بافەرزۆنە لەلایەن ئیسرائیل-ەوە. لە پێگە بەرزەکانی بەرزاییەکانی جۆلانەوە، ئیسرائیل دەتوانێت بە ئاسانی چاودێری دیمەشق بکات، کە تەنها ٦٠ کم لێیەوە دوورە.

رووخانی ئەسەد دەریخست کە پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چەندە بەیەکەوە گرێدراون. لە کاتێکدا شەڕی ١٣ ساڵەی سوریا نزیکەی ٤٣٠ هەزار کوژراو و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی لێکەوتەوە، بەڵام نەیتوانی ئەسەد بڕوخێنێت، لەکاتێکدا ئەو شەڕەی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەر لە دژی ئیسرائیل دەستیپێکرد و دواتر فراوانتر بوو، لوبنان و سوریا و تەنانەت ئێرانیشی گرتەوە، دواجار بووە هۆی داڕمانی رژێمی ئەسەد.

بە کورتی، رژێمی ئەسەد بەهۆی هۆکاری نێوخۆییەوە نەرووخا، بەڵکو رووخانی شانشینی ئەسەد ،کە ماوەی ٥٣ ساڵ بەردەوام بوو، بەهۆی ئەوەوە بوو ئیسرائیل ئەو دەستە دەرەکیانەی بڕی کە سوریا یان دەپاراست.

Share this Post

شرۆڤە