شرۆڤە

سیناریۆكانی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق

05-10-2021


 

RRC |

یاسین تەها

هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بۆ خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، بەڵام لە ئێستاوە چاوەكان و مشتومڕەكان لەسەر چۆنییەتی یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆكوەزیرانی داهاتوو چڕ بوونەتەوە كە متمانە لە پەرلەمانەوە وەردەگرێت و بۆ یەكلایی بوونەوەی ئەم مشتومڕە جومگەییەش چەند پێدراو و سیناریۆیەك لەبەردەستدان.

راڕەوی دەستوری 

لە خولەكانی پێشووتردا راڕەوی دەستورییانەی دیاریكردنی سەرۆكوەزیران روون بوو (گەورەترین لیست)، بەڵام لە پاش هەڵبژاردنی (2018) نەرێتی دیاریكردنەكە گۆڕانكاری بەسەردا هات و لەسایەی ئەم پێشهاتە نوێیەشدا عادل عەبدولمەهدی  و مستەفا كازمی لەیەك خولدا (چوارەم) و بەدوای یەكتردا حكومەتیان پێكهێنا لە كاتێكدا هیچ كامیان نەك زۆرینە بەڵكو هیچ لیست و فراكسیۆنێكیان لەناو پەرلەمان نەبوو.  ئەم هەڵبژاردنە كە پێنجەم خولە سەدر سوورە لەسەر ئەوەی رەوتەكەی ئەو سەرۆكوەزیران بەربژیر بكات، بەو پێیەی چاوەڕێی یەكەمییە، هەر لەم كاتەشدا هاوپەیمانێتییەكانی دیکەی وەک فەتحی حەشدی شەعبی و مالیكی و حەكیم _ عەبادی، باسیان لەوەكردووە كە نیازی پڕكردنەوەی پۆستەكانیان هەیە و ركابەری لەسەری دەكەن.

نەرێتی باوی سیاسی 

جیا لە راڕەوە دەستورییەكە، بەگوێرەی نەرێتی باوی سیاسی پاش 2005، پێكهێنانی حكومەت سەرەتا ئەرك و پرۆسەیەكی پەیوەندیدارە بەهێزە سەرەكییەكانی شیعەوە، بەوپێیەی ئەوان زۆرینەن و لە نیوە زیاتری 329 كورسییەكەی پەرلەمان پێكدەهێنن و ئەم پۆستەشیان كردووە بە شایستەیی سیاسی و مێژویی خۆیان، پاش ئەوەی ئەوانیش دەگەنە رێككەوتن پێكهاتەكانی كورد و سوننە بانگهێشت دەكەن بۆ تەواوكردنی پێكهێنانەكە لە رێگەی دابەشكردنی پۆستە گرنگەكانی دیکەوە. بەهۆی ئەوەشی ئەمە دوو خولە پەرتەوازەیی و دابەشبوونی سیاسی باڵی بەسەر ماڵی شیعەدا كێشاوە و هێزی نوێ لەناویان سەریهەڵداوە، دروستكردنی كۆدەنگی و بڕیاری كۆكەرەوە لەناو پێكهاتەی زۆرینەی عێراقدا لە هەمووكات ئەستەمتر بووە كە هەر لەم هەڵبژاردنە چوار جەمسەری سیاسی سەرەكییان هەیە.

كۆكردنەوەی زۆرترین كورسی 

بەگوێرەی ئەو ئاماژانەی تاوەکو ئێستا لەبەردەستدان پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق زۆر خێرا نابێت، لەلایەك لەبەر سیستمی فرەبازنەیی و ئەگەری سەركەوتنی كاندیدی سەربەخۆ و وردە لیستی براوەی لۆكاڵی لە شارەكانی ناوەڕاست و باشوور، لە لایەکی دیکەوە بەهۆی نزیكی چانس و جەماوەری هەر چوار هێزە سەرەكییەکەی شیعە، کە بەشدارن لە هەڵبژاردن. سەدرییەكان بانگەشەی بەدەستهێنانی 100 كورسی پەرلەمانی داهاتوو دەكەن و بەگەرمی باس لە سەرۆكوەزیرانی سەدری دەكەن، بەڵام پێشبنییەكانی دەوروبەری نیوەی ئەم ژمارە و كەمتریشیان بۆ دادەنێن، لە حاڵەتێكیشدا ئەگەر بگەنە نزیك لە 100 كورسی وەك خۆیان دەڵێت، هێشتا زۆرینەی ئاسایی لە پەرلەمان (50+1) پێویستی بە 166 كورسی هەیە و هیچ حكومەتێكیش بەو ژمارە شڵۆقە دەستكراوە نابێت و بۆ جێگیربوونی دەوروبەری 200 كورسی پێویستە، ئەمەش هەر لەئێستاوە ئەوە یەكلایی دەكاتەوە كە سیناریۆی هاوپەیمانێتی و دروستكردنی حكومەتی ئیئتیلافی لەنێوان جەمسەرە بەهێزەكانی شیعە و دۆزینەوەی تەواوكەری كورد و سوننە لەهەموو ئەگەرێك رێتیچووتر و دەركەوتووترە.

چانسی حەشدی شەعبی 

سەرەكیترین ركابەری سەدر هاوپەیمانێتی فەتحی حەشدی شەعبییە كە رووكاری سیاسی هێزەكانی حەشدن، بۆ نموونە ئەگەر ئەم بەرە سیاسییە لەگەڵ سەدرییەكان پێكنەیەن، ئەوا رەوشەکە دەچێتە بەردەم ئەگەری دروستبوونی “ئۆپۆزسیۆنی چەكدار”، ئەمەش سەردەكێشێت بۆ دروستبوونی مەترسی و دڵەخورتێ لە شەڕی ناوخۆی شیعە یان بەریککەوتنی زبر و هەڕەشە گۆرینەوە لە رەوشێکدا كە وڵات خۆی گیرۆدەی قەیرانی ئابووری و تەندروستی و لێكەوتەكانی شەڕی تیرۆر و قەیرانە كەڵەكەبووەكانی مێژووی هاوچەرخی دەوڵەتی عێراقە، لەبەر ئەمەش قورسە هیچ حكومەتێك بەبێ لێكگەیشتنی سەدر و حەشد رووناكی ببینێت.

رەنگە فەتح دووەمی هەڵبژاردن بێت، لەکاتێکدا خۆیان دەڵێین یەكەم دەبین، چاوەڕێی كورسی زۆر دەكەن، بەڵام گرفتی سەرەكی ئەم بەرەیە ئەوەیە لەسەر پێگەو نفوزی راستەوخۆی ئێران ئەژمارە، سەرۆكوەزیرانی حەشدیش توانای مامەڵەكردنی لەگەڵ ئەمەریكا و ئەوروپا و چواردەورە عەرەبییەكەی عێراق نییە،  لەكاتێكدا پشتیوانی ئەمانە پێویستییەكی زۆری ئێستای وڵاتە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانی ئابووری و لێكەوتەكانی كۆرۆنا، لەوەش گرنگتر مەترسییەكانی داعش بەتایبەت هێشتا عێراق خاوەنی سیستمی بەرگری ئاسمانی نییە و بەڕووی هەموو مەترسییەكاندا كراوەیە.

سیناریۆیەكی نا تەقلیدی 

لەدەرەوەی ئەم سیناریۆ باوە تەقلیدییەش كە لەم خولەشدا زاڵە، سیناریۆیەك هەیە كە ژمارەیەك هێزی سەرەكی لە شیعەو سوننە و كورد پێكەوە بەگوێرەی بەرنامەیەكی ڕوون حكومەت پێكبهێنن و خۆپیشاندەرە ناڕازییەكانیش قایل بكەن بەبەشداریكردن كە ئێستا بەشی زۆریان لە دەرەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنن و بایكۆتیان كردووە، بەگوێرەی ئەم سیناریۆ خۆشبینە حكومەتی هاوبەش كار لەسەر سنورداركردنی دەستیوەردانی دەرەكی و ئێرانی دەكات و شوناسی نیشتمانیانەی عێراق دەگێڕیتەوە و كاری یەكەمی چاكسازی راستەقینە دەبێت، بەڵام لەناو كۆمەڵێك هێزی سیاسیدا كە باڵ و میلیشیای چەكدارییان هەیە ئەگەری دەستبەرداربوونی دەسەڵات زۆر لاوازە و نزیكترین ئەزموون خۆپیشاندانەكانی تشرینی 2019 یە بۆ داواكردنی گۆڕانكاری گەیشتە كوشتنی نزیكەی 600 كەس و برینداركردنی هەزاران كەس و دواتریش كۆرۆنا و پەرتەوازەبوونی رێبەرەكانی بەیەكجاری هەڵیپەسارد، هەر لەبەر ئەمەش ئەم سیناریۆ خۆشبینە چانسی بەدیهاتنی نییە.

كاریگەریی دەرەكی

سەرباری ئەمانەش پێكهێنانی حكومەتی عێراق بەتەنیا پرۆسەیەكی ناوخۆیی نییە لەناو چوار جەمسەری شیعەی تاڕادەیەك هاوسەنگدا، بەڵگەش  بەشی زۆری سیگناڵ لە مانگە دەستكردەكانی تاران و واشنتۆنەوە وەردەگرێت و مەرجەعیەتی نەجەفیش بڕێكی زۆر كاریگەریی لەسەری هەیە، هەر لەم روانگەیەشەوە ئەوە روونە بەتەنیا هێزی ناوخۆیی و ئەنجامی هەڵبژاردن ناتوانن یەكلایی بكەنەوە و سێبەری دەرەوەشی بەسەرەوە دەبێت، لەمەشیاندا رەنگە مستەفا كازمی بڕێكی باش چانسی دووبارە كاندیدكردنەوەی هەبێت بەوپێیەی لەماوەی سەرۆكایەتییەكەیدا زیرەكانە یاری بەكارتە دەرەكییەكان كردووە و تۆڕێكی بەرفراوان پاڵپشتی و پەیوەندی ئەمەریكی و ئەوروپی و عەرەبی و تەنانەت ئێرانیشی دەستەبەركردووە،  نەك هەر ئەوە بەڵكو بەغدادی كردووە بە وێستگەیەك بۆ بەیەكگەیاندنی دژەكانی ناوچەكە، هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا كازمی بەزەقی لەسەر هیچ لایەنێك ئەژمار نییە و لە سەر بنەمای “لا غالب وملا مغلوب” لەنێوان شیعەكان رەنگە براوەكان پەنای بۆببەن و بەتایبەت كە پەیوەندی لەگەڵ سەدردا باشە و كارنامەكەشی تاڕادەیەك هاندەر و جێگە رەزامەندییە بەدیاریكراوییش لە ڕێكخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە و دووركەوتنەوە لە ركابەریكردن و پەڕاندنەوەی وڵات لە قەیرانی كۆرۆنا و لێكەوتە دارایی و ئابوورییەكانی تاوەکو ئێستا. ئەم سیناریۆی دانانەوەی كازمییش هەروا سانا نییە، بەتایبەت كە سەدر رەنگە چاوی لەسەر ئامۆزاكەی (جەعفەر سەدر) یان چەند كەسێكی رەوتەكە بێت و تێكڕا لەناو شیعەدا تاوەکو ئێستا 7_8 كاندید بەزەقی ناویان دەبرێت سەرباری جیاوازی ئاستی چانسەكانیان، بەگوێرەی ئەزمونی ساڵانی رابردووی پرۆسەی سیاسی عێراقیش دانانەوەی سەرۆکوەزیران لە پۆستەكەی مسۆگەر نییە و هەر لەم 18 ساڵەی دواییدا عەلاوی و جەعفەری و عەبادی و عەبدولمەهدی جاری دیکە دانەنرانەوە لە كاتێكدا ویلایەتی عەلاوی و عەبادی خاڵی هاوبەشیان لەگەڵ كازمیدا زۆر بووە.

 

 

 

 

Share this Post

شرۆڤە