رۆژی 27ی ئەیلوول 2025 جارێکی دیکە قوفڵی بۆری هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا، ئاسیا و ئەمریکا لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە کرایەوە و لەماوەی مانگی رابردوودا رۆژانە 188 هەزار و 221 بەرمیل لە نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە دەستی کڕیارەکان.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق(سۆمۆ) لەماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا، کۆی نەوتی هەناردەکراو لە عێراقەوە بۆ هەر سێ جۆرەکەی نەوت کە هەناردەکراو، نەوتی قورس و سووکی بەسرە لەگەڵ نەوتی کەرکوک" کە نەوتی هەرێمی کوردستان لەمجۆرە هەژمار دەکرێت" بڕی 110 ملیۆن و 650 هەزار و 970 بەرمیل نەوت بووە.
کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بە بڕی 5 ملیۆن و 834 هەزار و 864 بەرمیل بەشداربوون لەکۆی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بۆ بازاڕەکانی جیهان و بەمشێوەیەش رێژەی 5٪ لە نەوتی هەناردەکراو پێکدەهینێت.
لەڕووی نرخی هەناردەکراوەوە، بەپێی دامەزراوەی رووپێوی ئابووری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست "میس" MEES عێراق سێ جۆر نەوت بەنرخی کەمتر و زیاتر لە نرخی رۆژانەی برێنت و نەوتی خاوی تەکساس هەناردەی بازاڕەکانی ئاسیا، ئەورووپا و ئەمریکا دەکات. زۆرترین جۆری ئەو بڕە نەوتەی عێراق مانگانە هەناردەی دەکات، نەوتی خاوی بەسرەیە کە لە مانگی رابردوو 66 ملیۆن بەرمیل بووە. بەدوایدا نەوتی قورسی بەسرە دێت کەوا 38 ملیۆن بەرمیل و ئینجا نەوتی هەرێمی کوردستان بووە کە 5.8 ملیۆن بەرمیل نەوت بووە.
بەپێی میس نەوتی کەرکوک لە بەندەری جەیهان هەناردەی بازاڕەکانی ئەورووپا و ئەمریکا دەکرێت، کە زۆرترینیشی بۆ بازاڕەکانی ئەورووپایە و نرخەکەی بۆ مانگی تشرینی یەکەمی 2025 نزیکەی 2.9 دۆلار لە برێنت و 1.5 دۆلاری لە نەوتی خاوی تەکساس بەرزتر بووە لە مانگی رابردوودا. بەمشێوەیەش بێت نەوتی هەناردەکراوی کوردستان لەمانگی 10دا بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا بە 68.89 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکراوە و ئەگەر بۆ بازاڕەکانی ئەمریکاش بووبێت ئەوا بە 63.29 دۆلار فرۆشراوە وەکو لە خشتەی خوارەوەدا هاتووە.
خشتەی 1: نرخی نەوتی هەناردەکراوی عێراق بەپێی جۆرەکانی بۆ بازاڕەکانی ئاسیا، ئەورووپا و ئەمریکا لەمانگی نۆ و دە 2025 دا
سەرچاوە: گۆڤاری میس mees، 10ی تشرینی یەکەمی 2025، ژمارە 41
لەڕاستیدا، بەپێی داتاکانی پێش راگرتنی هەناردەی نەوت و لێدوانی بەرپرسانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئەوا ئەو نەوتەی کەوا لە بەندەری جەیهانەوە هەناردە دەکرێت زیاتر بۆ بازاڕەکانی ئەورووپایە تاوەکو بۆ بازاڕەکانی ئەمریکا.
لەمانگی رابردوودا نەوتی هەناردەکراو نزیکەی بڕی 401 ملیۆن دۆلار داهاتی هەبووە، کەدوای لێدەرکردنی بڕی 16 دۆلار بۆ تێچووی هەر بەرمیلیک بۆ کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت ئەوا دەتوانین بێژین نزیکەی 308 ملیۆن دۆلار داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە بۆ دەوڵەتی فیدراڵی.
هەروەها، وەکو لە خشتەی خوارەوەدا هاتووە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەم بەشداربووە لەزیادکردنی بڕی نەوتی هەناردەکراوە و هەمیش داهاتی زیاتر کردووە، ئەمەش سەرەڕای هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ناردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان لە عێراق و هەرێمی کوردستانەوە کە دەتوانرێت لەداهاتوودا سوودی زیاتری لێوەربگرێت و نەوتی کەرکوکیش بێتە پاڵ بڕی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا کە نرخەکەی لە نەوتی خاو و قورسی بەسرەش زیاترە بۆ هەر بازاڕێک هەناردە بکرێت.
خشتەی 2: بڕی نەوتی هەناردەکراو و نرخی فرۆشتنی بەپێی بازاڕەکانی جیهان لە مانگی نۆ و دەی 2025 دا
سەرچاوە: سۆمۆ، 2ی تشرینی دووەمی 2025 راپۆرتی هەناردەکراوی مانگانەی نەوت
تێبینی، تێکرای داهاتی نەوتی عێراق، بریتییە لە هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی ئاسیا و ئەرووپا
ئەوش راستە تاوەکو ئێستا کۆمپانیای وودماکینزی کە بڕیاربوو پێداچوونەوە بەگرێبەستەکان بکات و تێجووی بەرهەمهێنانی بەرمیلیک نەوت بەپێی کیڵگەکانی هەرێمی کوردستان دیاری بکات، بەڵام بەپێی زانیارییەکان تاوەکو ئێستا دەستبەکارنەبووە و هۆکاری سەرەکیش نەبوونی میکانیزم یان شێوازی گرێبەستی چۆنیەتی کارەکانیانە لەبەرئەوەی لەرێککەوتنە سێ قۆڵییەکەدا بەروونی دیارینەکراوە و کۆمپانیا راوێژکارییەکە داوای وردەکاری زیاتر بۆ دەستکردن بەکارەکانی کردووە.
لەکۆتاییدا، بەتێکڕا نەوتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕەکانی ئاسیا و ئەورووپایە، وەکو لە داتاکانی مانگی ئەیلوولی 2025دا دەردەکەوێت کە کۆی داهاتەکە 6.96 ملیار دۆلار بووە و چاوەڕواندەکرێت لە تشرینی یەکەمی 2025دا بگاتە 7.3 ملیار دۆلار، کە ئەمەش زیادبوونێک بووە بەهۆی نەوتی هەرێمی کوردستان روویداوە.
ئێستا پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە ئایا ئەم بەشدارییەی هەرێمی کوردستان بەنزیکەی نیو ملیار دۆلار لەکۆی داهاتی مانگانەی نەوتی عێراق کە چاوەڕواندەکرێت بەهۆی زیادکردنی بەرهەمهێنان و ئامادەکاری زیاتر کۆگاکردنەوە زیاتریش بێت، دەتوانێت ماوەی رێککەوتنی هەناردەکردنی نەوت لە 2026 دا بەردەوامی پێبدات و کێشەی کۆمپانیا جیهانییەکانیش لەبارەی تێجووی بەرهەمهێنان و قەرزەکانیان یەکلابکاتەوە یان دوای هەڵبژاردن گەڕێکی نوێ دانوستاندن و کۆبوونەوەکان دەستپێدەکاتەوە.