شرۆڤە

تەنگەتاوبوونی تورکیا لەئیدلیب

25-02-2020


 

RRC |

حوسێن عومەر * |

بەرایی

ئەو شەڕەی کە رۆژی پێنجشەممە (٢٠ شوبات/٢٠٢٠) لە شارۆچکەی نیرەب (٨ کیلۆمەتر لە باشوری خۆرهەڵاتی ئیدلب) روویدا، ئاماژەیەکی روونبوو بۆ تەنگاویی سەربازی تورکیا لە باکووری رۆژئاوای سووریا. دوای ئەوەی گروپە ئیسلامیە توندڕەوەکان بەهاوکاری راستەوخۆی تورکیا هێرشیان بۆ سەر شارۆچکەکە ئەنجامدا، هێزی ئاسمانی رووسی دەستوەردانی کرد و شکستی بە هێرشەکە هێنا کە  کوژراو وبرینداری لێکەوتەوە. لە ناویشیاندا دوو کوژراو و سێ بریندار لە سوپای تورکیا هەبوون. هەروەها چەندین ئالیاتی سەربازیی تورکیا تێکشکێندران. ئەمە نامەیەکی روونی رووسیا بوو بۆ تورکیا کە نابێتە تەماشاکەر لەبەرامبەرهەر هێرشێکی توکیا بۆ سەر سوپای سووریا.

لەماوەی نزیکەی مانگێکدا لەدەستپێکردنی هێرشەكانی، سوپای سووریا بەهاوکاری رووسیا سێبەشی پارێزگای ئیدلب و تەواوی باشورورۆژئاوای پاریزگای حەلەبی كۆنترۆڵکردووە. تەواوی رێگەی نێودەوڵەتی M5  لەنێوان حەلەب ودیمەشق، حەلەب ولازقیەش بەشێکن لەو ناوچانە ی كە سووریا كۆنترۆڵی كردوونەتەوە.

تورکیا بەردەوامە لە کۆکردنەوەی هێز لە ناوچەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا (لە پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب) کە بەپێی هەندیک راپۆرت ١٥ هەزار سەربازی تورکی بە هەموو جۆرە چەکێکی قورس و پێشکەوتوو، بەسەر ٣٩ شوێن دابەشبوون. ئەمەش بریاری تورکیا دەردەخات بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر سوپای سووریا. بەڵام ئایا ئاسانە بۆ تورکیا جەنگی سووریا بکات؟

شەڕێکی تورکیا جیاواز لەوانەی رابردوو

ئەو سێ ئۆپەراسیۆنەی کە پێشتر تورکیا لە سووریا ئەنجامیدوان بەناوی جیاجیاوە (قەڵغانی فورات لەناوچەکانی جەرابلوس و باب، چڵە زەیتوون لە ناوچەی عەفرین، کانی ئاشتی لە سەرێکانی و گرێسپی) بەهۆی گڵۆپی سەوزو تێگەیشتن لەگەڵ رووسیا و رازیبوونی ئەمریکا بووە یان گلۆپی سەوز و تیگەیشتن لەگەڵ ئەمریکا و رازیبوونی رووسیا بووە. بەڵام هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە پارێزگاکانی حەلەب و ئیدلب نەک تەنها دژی ئیرادەی رووسییە بەڵکو ئەمە رووبەڕووبونەوەی راستەوخۆی رووسیایە کە نەک تەنها ئاسمانی ناوچەکەی بەدەستەوەیە بەڵکو راستەوخۆ سەرپەرشتی شەڕەکانی سوپای سووریا دەکات. بەدڵنیاییەوە سووریا ئەم هێرشە فراوانەی لە پارێزگاکانی ئیدلب و حەلەب نەدەکرد ئەگەر رووسیا بڕیاری نەدایە. لێدوانی بەرپرسانی رووسیاش تەئکید لەسەر ئەمە دەکاتەوە. شایانی ئاماژە پێکردنە ئەم ‌هێرشە سەربازییەی سووریا-رووسیا دەبوایە لە سێپتێمبەری ٢٠١٨ ئەنجامبدرایە بەڵام بە هۆی رێکكەوتنی سووچی لە ١٧ سێپتێمبەری ٢٠١٨ لەنێوان پوتن و ئەردۆغان، بەهۆی پێشنیاری ناوچەیەکی داماڵراو لەچەک بەسنوری ١٥-٢٠ کیلۆمەتر لەسەر هێڵی تەماس کە لە ١٥ ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ دەستپێبکات، ئەنجامنەدرا. بەپێی رێکكەوتنەکە دەبوو تورکیا لە ١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ گرووپە جیهادیەکان بکاتە دەرەوە و لەچەکە قورسەکان دایان بماڵێت، یەکەکانی پۆلیسی رووسی و تورکی چاودێری ناوچەکە بکەن. پاشەکشەکردن بەهەموو هێزە چەکدارەکان لەناویاندا تەحریری شام ( بەرەی نوسرەی جاران) و کارکردن بۆ کردنەوەی رێگەی هاتووچۆی نێوان حەلەب و لازقیە لەڕێی رێگەی M4 ،و نێوان حەلەب و حەما لەرێی رێگەی نێودەوڵەتیM5  پێش کۆتایی ٢٠١٨ لەو چوارچێوەیەدا رێككەوتنی لەسەر كرابوو. بەڵام دوای تێپەربوونی دووساڵ ئەمە جێبەجێنەبووە. بۆیە دەکرێت ئەمە مەشروعییەتی دابێت بە حکومەتی سووریا و رووسیا تا دەست بەم ئۆپەراسیۆنە بكەن. ئێستا تورکیا واهەستدەکات رووسیا خیانەتی لێکردووە ودەیەوێت دەستکەوتەکانی لێبسێنێتەوە کە لە باکوورو باکووری رۆژئاوای سووریا لە بەرامبەر گۆڕینەوەی بە سێ ناوچەی ئارامی دیكە دەستی كەوتووە. هێزەچەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا  لە هەندێك ناوچە بەتایبەت لە شاری ستراتیژی حەلەب چوونە دەرەوە. تورکیا ترسی هەیە کە سووریا و ئێران، سنووری رێککەوتنی سووچی تێپەرێنن و بەردوام بن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بۆ گرتنەوەی هەموو ئەوناوچانەی کە لەژێر دەستی هێزەکانی سەربەتورکیان. بۆیە تورکیا داوا لە رووسیا دەکات کە ئیران و سووریا بوەستێنێت یان رێگە لە تورکیا نەگرێت بۆ ئەوەی بیانوەستێنێت. بەڵام هەرچۆنێک بێت تەدەخولی راستەوخۆی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی راستەوخۆ لە دژی سوپای سووریا، دەیخاتە شەڕێکی راستەوخۆوە لەگەڵ رووسیا کە ناتوانێت دەستبەرداری باڵادەستیی خۆی بە سەر سووریا بێت. ئەمەش دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر هەموو ئەو تێگەیشتنانەی کە لەگەل رووسیا هەیەتی. لەناویشیاندا تێگەیشتنەکان سەبارەت بە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات و عەفرین و ناوچەکانی دیكە لە باکوری سووریا. بەبێ مسۆگەرکردنی سەرکەوتنی مەیدانی لەم رووبەڕوبونەوەیەدا، بەتایبەت  کۆنترۆلی رووسیا  بەسەر ئاسمانی سووریاوە دەبێتە هۆی ئەوەی کە رووسیا زیاتر ئۆپزسیۆنی سووریی سەربەتورکیا پەراوێز بخات و ئۆپۆزسیۆنی دیكەی دوور لە توركیا بەهێزبکات لەوانەش هێزەکانی سووریای دیموکرات کە تورکیا لە سووریا بە تاکە دوژمنی سەرەکی خۆی دەیزانێت. دواتریش دەبێتە هۆی پەراوێزخستنی رۆڵی تورکیا لە چارەسەری کێشەی سووریا و کەمککردنەوەی رۆڵەکەی لەدوای قۆناغی چارەسەری. ئەم پێشهاتانە دەبنە هۆی ئەوەی تورکیا بیرلەوەبکاتەوە بگەڕێتەوە باوەشی ئەمریکا بەڵام، گەرانەوەی تورکیا بۆ ئەمریکا لەم حاڵەتەدا لە مەوقیعێکی لاوازەوەیە. سەیربوو کاتێک تورکیا داوای لە ئەمریکا کرد سیستمی پاتریۆت لەسەر سنوری سووریا دابنێت کە دەزانێت ئەمریکا ئەمە رەتدەکاتەوە مەگەر لانیکەم توركیا هێنانی سیستەمیS400  هەڵبوەشێنێتەوە و پارچەکانی بکاتە سکراب و بیخاتە مەخزەنەکانەوە.

 پەنابردنی تورکیا بۆ ناتۆ

زۆرێک لە شارەزایان پێیانوایە تورکیا داوای پشتگیری ناتۆ دەکات ئەگەر رووبەڕوبونەوەی فراوان لە باکوری رۆژئاوای سووریا روویداو رووسیاش بوو بە بەشێک لە شەڕ. لەوحاڵەتەدا تورکیا داوای ئەکتیڤکردنی ماددەی ٥ی پەیمانی ناتۆ دەکات. بەڵام زۆرێک لەتورکیا پێیانوانیە کە تەدەخولی سەربازی راستەوخۆی ناتۆ رووبدات. هیچ یەکێک لە ئەندامانی ناتۆ وەکو دوژمنێکی ستراتیژی سەیری رووسیا ناکەن. جگە لەوەش، پێیانوانیە تورکیا رووبەڕووی پەلاماردان بوبێتەوە تا هاوپەیمانەکانی تەدەخول بکەن بەڵکو، تورکیا هێرشی کردۆتە سەر دەوڵەتێک كە ئەندامی نەتەوەیەکگرتووەکانە و خاوەن سەروەریە. هەروەها چووەتە پاڵ تەحریری شام (بەرەی نوسرەی جاران)  كە لە ٣١ ئایاری ٢٠١٣ لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە. تەنانەت پێناچیت ئەمریکا کە تورکیا پشتی پێدەبەستێت بچێتە ناکۆکی چەکدارییەوە لەگەڵ رووسیا. ئەوەی چاوەڕێدەکرێت ئەمریکا فشاری زیاتر لە رووسیا بکات کە نەرمی زیاتر پیشانبدات لە چارەسەری سیاسی کێشەی سووریادا. بەتایبەتیش تێگەیشتنی ئەمریکی-رووسی لەسەر ئاستی دایاریکراو لەسووریا هەیە. بە لەبەرچاوگرتنی قەبارەی ئەوهەوڵ وتەنازولانەی تورکیا پێشکەشی رووسیای کردووە بۆ دوورخسنتەوەی دەرئەنجامەکانی خستنەخوارەی فڕۆکەی رووسی لە ٢٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥، لەوەتێدەگەین کە قورسە بۆتورکیا لە سووریا رووبەڕووی رووسیا ببێتەوە. لەبەردەم ئەم دەرهاوێشتانەدا ئەردۆغان ناچار دەبێت ملکەچ بێت بۆ حساباتێکی نوێ لەگەڵ پوتن  وەك لەوەی لەسەرخاکی سووریادا بەر لێدانێکی کوشندە بکەوێت.

مەترسی لەیەکگەیشتنی نوێی تورکیا-رووسیا لەسەر حسابی کورد

کاتێک قسە لەسەر ئەگەری تەسفیەی حسابی نێوان تورکیا و رووسیا دەکرێت لەبەرهۆکاری لۆژیکی ئەوە دێتە خەیاڵمان کە دەکرێت ئەمە لەسەر حسابی کورد بێت لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات. رووسیا لەوەتێدەگات کە ئامانجی سەرەکی تورکیا ناوچەکانی رۆژهەڵاتی فورات و کۆتایهێنانە بە ئیدارەی خۆسەری و هێزەکانی سووریای دیموکرات. بوونی هێزی زیاتری تورکیا بە تەنسیق لەگەڵ رووسیا، دەبێتە هۆی لاوازبوونی زیاتری نفوزی ئەمریکا لەو ناوچانەدا و رەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی زیاتری پێوەندیێکانی ئەمریکا وتورکیا. ئەمە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری دوورکەوتنەوەی تورکیا لە رووسیا و نزیکبوونەوەی لە ئەمریکا. هەرەوەها دەبێتە هۆی فشاری زیاتر لەسەر هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیدارەی خۆسەری بۆ ئەوەی بەمەرجەکانی رووسیا-سووریا رازیبن لە چارسەرکردنی مەلەفی ناوچەکەدا. لەراستیشدا زانیاری هەیە کە رووسیا لەگفتوگۆکانیدا لەگەڵ تورکیا ئامادەیی پیشانداوە بۆ گفتوگۆكردنی جۆرێک لە یەکگەیشتن سەبارەت بە کۆبانی، عەین عیساو ناوچەکانی دەوروبەری تەلتەمر. لە کاتێکدا کە تورکیا تەرکیزی لەسەر ناوچەی دێریک وخۆرهەڵاتی قامیشلۆیە بۆ ئەوەی بگات بە کێڵگە نەوتیەکان و بڕینی پەیوەندی نێوان رۆژئاوا و باشوری کوردستان و گەمارۆیان بدات، بەڵام رووسیا بە لایەنی تورکی راگەیاندووە کە ئەم ناوچەیە لەژێر نفوزی ئەمریکیدایە و ناکرێت بڕیاری لەبارەوە بدات.

Share this Post

شرۆڤە