ئەم باباتە هەڵبگرە
لە کۆتاییەکانی ئەم مانگەدا هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتی کۆمار لە ئێران لە هەلومەرجێکی ئاڵۆزی سیاسەتی نێوخۆیی و نێودەوڵەتی، هەروەها لە سێبەری قەیرانێکی کەڵەکەبووی ئابووریدا بەڕێوەدەچێت. هەرچەند چاوەڕانیی گۆڕانێکی گەورە لەم هەڵبژاردنە ناکرێت و سەرەڕای ئەوەی کە بەتەواوی ئازاد نییە، بەڵام وەک میکانیزمێک بۆ رکابەرییە نێوخۆییەکانی دەسەڵاتی سیاسی لە ئێران رۆڵی هەیە. ئەم هەڵبژاردنە وەک تاقیکردنەوەیەکی گرنگ دەبێت بۆ هەریەک لە موحافزەکاران و ریفۆرمیستەکانی ئەو وڵاتە. تەگەرەی سەرەکیی بەردەم موحافزەکاران یەکانگیریی نێوخۆییە و، گرفتی گەورەی ریفۆرمیستەکانیش رازی کردنی خەڵکە بۆ ئەوەی بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان. وادیارە ئەم هەڵبژادنە لەڕووی نوێکردنەوەی رەوایی بۆ کۆی سیستەم و ئامادەکاری بۆ ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ، بایەخێکی گەورەی بۆ رابەری ئێرانیش هەیە.
لەوانەیە رێگەدان بەبەشداریکردنی کاندیدێکی دیاری ریفۆرمخواز لەم هەڵبژاردنەی سەرۆکایەتی کۆماردا پەیوەندی بە بابەتی بەشداری خەڵکەوە هەبێت. ئەویش لە کاتێکدا کە لە هەڵبژاردنی پێشوودا، رێگە بە ریفۆرمیستە دیارەکانی ئەو وڵاتە نەدرابوو کە خۆیان کاندید بکەن. رکابەریی نێوخۆیی موحافزەکارەکان لەلایەک و رکابەریی ئەوانیش لەگەڵ مەسعود پزشکیان دەتوانێت کاریگەری لەسەر گەرموگوڕیی هەڵبژاردن دابنێت. بەپێی ئاماری فەرمی حکومەت، رێژەی هاوبەشی بەشداریکردن لە 13 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماردا 66٪بووە، بەڵام لە دوایین هەڵبژاردندا لە ساڵی 2021، ئەو رێژەیە بۆ 49٪ دابەزیوە. بە شێوەی رێژەیی لە هەمو پارێزگاکانی ئێراندا، بەشداری خەڵک 20٪ کەمیی کردووە. لە 17پارێزگاشدا ئەو کەمکردنە لە سەرووی 20%وە بووە کە تاران بە 41.98٪ کەمتر لە رێژەی هاوبەشی بەشداری لەپلەی یەکەمدا بووە. دواتر پارێزگای کوردستان(سنە) دێت کە 39.4٪ کەمی کردووە. ئەو کەمکردنە زۆرە لە ئازەربایجانی شەرقی شوێنی نیشیتەجێبوونی ئازەرییەکان، هەروەها لەلای عەرەبەکانی خوزستان و هەندێک لە شارە گەورەکانی دیکەی ئێرانیش بەوجۆرە زۆر بووە. رێژەی هاوبەشی بەشداری خەڵک لەهەڵبژاردنەکانی پەرلەمانیشدا 59٪ بوو کە ئەمساڵ بۆ 41% دابەزی. ئەوەش واتای ئەوەیە کە بێجگە لە هەردوو پارێزگای خۆراسانی باشوور و کۆهکولویە و بویر ئەحمەد کە نزیکەی 6٪ زیادی کردووە، بەشێوەی رێژەیی لە پارێزگاکانی دیکەدا، بەشداریی خەڵک 16% کەمیی کردووە و، لە 14 پارێزگاشدا ئەو کەمکردنە لە سەرووی 15% بووە. ئەوەش لە شوێنێکی وەک تاران 37% و لە کرماشان 31% لە ئیسفەهان 21% لە ئازەربایجانی شەرقی 18% و لە خوزستان و سیستانیش سەرووی 15% بووە. وەک دیار دەبێت، هاوشێوەی دوایین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار لە 2021، تاران و شارە گەورەکانی دیکەی ئێران و ناوەندی گرووپە ئەتنی و مەزەهبییەکانی وەک کورد و ئازەری و عەرەب و بەلوچ لە لیستی سەرەوەی ئەوانەن کە بەشدارییان کەمی کردووە.
ئەو کەمکردنە لە بەشداری هەڵبژاردن ئەنجامێکی گرنگی لێ دەخوێندرێتەوە: لەشارە گەورەکانی وەک تاراندا خواستی چینی ناوەڕاستی شارنشین و، لە چواردەوری ئێرانیشدا مەیلی گرووپە ئەتنی و مەزهەبییەکان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردن کەمی کردووە .
بەشێوەیەکی گشتی 77٪ دانیشتوانی ئێران لە شارەکاندا دەژین کە سەرووی 68 ملیۆن کەس دەکات، لە چەند ساڵی رابردوودا گەشەی بەرهەمی نێوخۆی GDPی ئێران بەرێژەی 3.8٪ گەشەی کردووە، بەڵام هاوشانی ئەو گەشەکردنە، هەلیکار زیادی نەکردووە. ساڵی رابردوو رێژەی گشتی بێکاری لە ئێران 9% بووە بەڵام لە نێو گەنجان لە سنووری 15% بووە. لەگەڵ هاتنی ئیدارەی بایدن دا، بە بەراورد بە سەردەمی ترەمپ، داهاتی فرۆشی نەوتی ئێران زیادی کرد. هەروەها 40% داهاتی دەوڵەتیش لەباجەوە هاتووە کە ئەوە بە گشتی دۆخی داهاتی باش کردووە، بەڵام هەڵئاوسان خەڵکی هەراسان کردووە. وەک ساڵی 2023، لەسەرووی 40%بووە کە لەوەشدا گرانیی نرخی خۆراک بەرێژەیەکی 40%ی بەشداربووە. گرانی بە جۆریک تەنگی بە خەڵکی ئێران هەڵچنیوە کە نزیکەی 77 ملیۆن کەس لەو وڵاتە یارمەتییەکی دارایی راستەوخۆ لە دەوڵەت وەردەگرن. ئالەو نێوانەشدا چینی نێوەڕاستی کۆمەڵگە لە ژێر گوشارێکی تاقەتپڕووکێنی ئابووریدایە. هەندێک پێێانوایە کە بەرەوە بچووکبونەوە رۆیشتووە، ئەمە بێجگە لەوەی کە داواکاریی سیاسی چینی نێوەڕاست لەگەڵ سیاسەتی ئێستای حکومەتدا یەکناگرێتەوە. رێگەدان بە کاندیدێکی ریفۆرمخوازەکان کە پێشتر حەوزی دەنگی ئەوان زیاتر لە نێو چینی نێوەڕاست بووە، لەوانەیە بۆ ئاشتکردنەوەی ئەوە بەشەی کۆمەڵگە بۆ سندووقەکانی دەنگدان بێت. بێجگە لەوە، لەوانەیە هێنانی پزشکیان کە گوتارێکی میانەڕەوانەتری سەبارەت بە مافی گرووپە ئەتنییەکان هەیە، خواستی هاندانی بەشداری ئەو گرووپانەی لە پشتەوە بێت. واباوە کە باوکی محمەد باقری قاڵیباف کوردی خۆراسان و دایکی پزشکیانیش کوردی مەهاباد بێت، یان لانیکەم خۆی لەوێ لە دایک بووبێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە باوکیشی ئازەرەییە. جەختکردنەوەیشی لەوەی کە پێویستە گرووپە ئەتنییەکان لە ئیدارەی دەوڵەت بەشداربن، جووڵەیەکە بۆ راکێشانی خەڵكێکی زۆر لەو گرووپانە بۆ سندووقەکانی دەنگدان.
بەشێوەی گشتی، ئەو راپرسییانەی کە بڵاودەکرێنەوە، ئاڕاستەی کەمبوونی رێژەی ئەوانە پیشاندەدات کە گوتوویانە بە دڵنیاییەوە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن یان بە پێچەوانەوە گوتوویانە بەشداری ناکەن. لەبەرامبەردا رێژەی ئەوانەی کە دوودڵن زیادیان کردووە. راپرسییەکی ئیسپا پێیوایە 42.5٪ی خەڵک بەشداری دەکەن و راپرسییەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمانیش ئەوەی بە 45.5٪ زانیوە. ئیسپا رێژەی بەشداری نەکردنی بە 27.2٪ و دوودڵەکانیشی بە 30.5٪ داناوە. ناوەندەکەی پەرلەمانیش ئەو رێژانەی بەپێێ ریزبەندی، بە 21.4٪ و 31.8٪ داناوە. هەڵبەت رێژەی هاوبەشی ئەنجامەکانی 7 راپرسیی ئیسپا، ناوەندی لێکۆڵینەوەی پەرلەمان و زانکۆی ئیمام سادق 48٪ بووە. هەندێک لەر راپرسییانەی کە دەکرێن نیشانەی پرسیاریان لەسەرە، بەڵام وەکو تاکە داتایەک ئەویش تەنیا بۆ زانینی ئاڕاستەی دەنگەکان گرنگن نەک بۆ پێشبینییەکی تەواو دروست. لەدوایین هەڵبژاردنی ئێراندا کە مانگی 3ی ئەمساڵ کرا 61 ملیۆن و 172هەزار و 298 کەس مافی دەنگدانیان هەبووەو ئەگەر بە گشتی ئەوە بە بنەما وەربگرین، بە پێی ئەنجامی راپرسییەکان، لەوانەیە دەوری 29 ملیۆن کەسێک بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن. هەروەها بەگوێرەی رێژەی هاوبەشی ئەنجامەکانی ئەو راپرسییانە بێت، دەنگی سەعیدی جەلیلی لە دەوری 23٪، پزشکیان 20.5٪ و قاڵیبافیش 20% و ئەو 3 کاندیدەکەیتریش دەوری 6٪ دەبەن. لێرەدا براوەی یەکەم ئەوانە دەبن کە هێشتا دوودڵن کە دەوری 30.5٪ دەکات. بۆیە لە سیناریۆیەکدا کە موحافزەکارەکان یەکنەگرن و، هەروا بە چەند کاندیدەوە بەردەوام بن و، ئەو رێژەیەش وەک خۆی بەسەر کاندیدەکاندا دابەش بکرێت، ئەوسا ئەگەری رۆیشتنی هەڵبژاردن بۆ خولی دووەم دێتە ئاراوە، چونکە هیچیان ناتوانن زۆرینەی رەها ببنەوە. خۆ ئەگەر ئەو دەنگە خۆڵەمێشییەش بۆ پزشکیان بڕوات، ئەوسا چانسی هەیە کە لە خولی یەکەمدا بە جیاوازییەکی کەمیش بێت بیباتەوە، بەڵام ئەگەر موحافزەکارەکان لە خولەکی نەوەددا یەکبگرن و، هەموو دەنگە خۆڵەمێشییەکەش بۆ پزشکیان نەڕوات، ئەوسا بە ئەگەری زۆر کاندیدێکی موحافزەکار دەیباتەوە. خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە لە 13 هەڵبژاردنی رابردووی سەرۆکایەتی کۆماردا بەشێوەی رێژەیی 3٪ دەنگی پووچەڵ هەبووە کە لە دوایین دانەیاندا، ئەو رێژەیە 12.8% واتا 3 ملیۆن و708 هەزار و870 دەنگ بووە کە ئەوەش وەک فاکتەرێکی دیکە کاریگەری لەسەر پێشبنییەکان دادەنێت.
ئالێرەوە دەردەکەوێت کە ئەگەر سیناریۆیەکی هاوشێوەی هەڵبژاردنی رابردوو روونەدات کە تێیدا بەشێک لەکاندیدە موحافزەکارەکان لە نێویشاندا قاڵیباف سەرۆکی ئێستای پەرلەمان لە قازانجی رەئیسی کشابوونەوە، رکابەریی سەرەکی لە نێوان محەمەد باقری قاڵیباف، مەسعود پزشکیان و سەعیدی جەلیلی دا ئەبێت.
لە نێو موحافزەکارەکاندا، قاڵیباف کەسایەتییەکی سەربازیی- سیاسی ئێرانە کە پێدەچێ باوکی لە کوردەکانی خۆراسان بێت، ئەمە چوارەم جارە کە بە تەمای سەرۆکایەتی کۆمارە. لە 2005دا سەروو 4 ملیۆن دەنگی بردەوە، لە 2013دا ئەوەی کردە دەوری 6ملیۆن و لە 2017شدا بە قازانجی رەئیسی لە هەڵبژاردن کشایەوە. لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئێرانیشدا بە خۆی و حیزبی داد و گەشەپێدانی ئێران کە بە نزیک لەو دادەنرێت، لەچوارچێوەی هاوپەیمانییەکدا بە ناوی شانا( ئەنجومەنی هاپەیمانیی هێزەکانی شۆڕشی ئیسلامی) بەشداری لە هەڵبژارداندا کرد و، سەرەڕای رکابەریی نێوخۆیی موحافزەکارەکان، بۆ جاری دووەم بە سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایەوە. گەورەترین تەگەرەی بەردەم قاڵیباف رکابەرە موحافزەکارەکانی خۆیەتی. هەر لەو هاوپەیمانییەی خۆی، عەلیڕەزا زاکانی سەرۆکی شارەوانی ئێستای تارانیش بەشدارە. پێدەچێت بەرەی پایەداری کە دووەمین گرنگترین هاوپەیمانیی موحافزەکارانە و یەکێک لە وەزیرەکانی کابینەی ئەحمەدی نەژاد سەرۆکایەتی دەکات، زیاتر لە سەعیدی جەلیلی نزیک بێت. هەرچەند گوتوویەتی کە پشتیوانی خۆی لە کاندیدەکان دەخاتە دوای گفتوگۆ لەگەڵیان. ترسی دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ئەحمەدی نەژاد وایکردووە کە بەشێک لە سەرکردەی موحافزەکارەکان بە دوودڵییەوە سەیری بژارەی جەلیلی بکەن. سوپای پاسدارانی ئێرانیش رایگەیاندووە کە پێویستە سەرۆککۆماری داهاتوو تەگەرەساز نەبێت، کە دەشێ وەک تەگەرەساز بۆ رابەری ئێران تەرجەمە بکرێتەوە! ئەوەشی راگەیاندووە کە ناکرێ ببێتە هۆی لاوازبوونی بەرەی موقاوەمە. رەحیم سەفەوی راوێژکاری سەربازیی رابەری ئێرانیش گوتوویەتی با خەڵک، یەکێ هەڵبژێرن کە خۆی بە کەسی دووەم بزانێ و لەگەڵ رابەردا ناکۆکیی نەبێت. بە ئەگەری زۆر ئەم قسانەی سەفەوی ئاماژەیەکە بۆ ئەزموونی ئەحمەدی نەژاد و رۆحانی لە سەرۆکایەتی کۆماردا کە هەندێکجار پێچەوانەی رابەری ئێران سیاسەتیان کردووە. ئەنجومەنی یەکێتی هێزەکانی شۆڕشی ئیسلامی کە دەوری 13 کورسی لە پەرلەمان هەیە و لە موحافزەکارە نەریتییەکانن، پشتیوانی کە مستەفا پوور محەمەدی ئەکات. هێشتا بە تەوای روون نییە کە هەر سێ هاوپەیمانییەکەی دیکەی موحافزەکارەکان (سبەینێی ئێران، تۆڕی ستراتیژی یارانی شۆڕش-شریان- و هاوپەیمانیی هێزە گەلەرییەکانی شۆڕشی ئیسلامی-امنا) خۆیان بۆ کێ یەکلا دەکەنەوە. بەڵام خودی هەبوونی ئەو لیستە زۆرانە، نیشانەی هەبوونی بەرژەوەندی و درزی دیکەیە لە نێو موحافزەکارەکان. بەئەگەری زۆر تا ئەو کاتەی کە رابەری ئێران مابێت گوێڕایەڵی ئەو دەبن.
بە ئەگەری زۆر هەرکامێک لەو کاندیدانە بیبەنەوە، تەنانەت ئەگەر پزشکیانیش بێت، کێشەیەکی ئەوتۆ بۆ دەسەڵاتی رابەری ئێران دروست نابێت. مەسعودی پزیشکیان بەراشکاوی گوتوویەتی کە ئەو نە دەتوانێت هەموو شت بگۆڕێ، نە دەیەوێت لە سیاسەتە گشتییەکانی رابەری ئێران دەربچێت. ئەمە بێجگە لەوەی ئەگەری دەرچوون پزشکیان یان تەنانەت بەشداریکردنەکەیشی دەتوانێت وەک ئامادەکارییەک بێت بۆ ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ کە لەوانەیە لەکەیسی ئێراندا هاوشێوەی بایدن نەجوڵێتەوە. چونکە هەڵبژاردنێک بە رکابەرییەوە(هەرچەند کە سنوورداریش بێت) کە ژمارەی دەنگدەرانی زیادی کردبێت، هەم پێگەی حکومەت بەهێزتر دەکات، هەمیش پەیامی ئامادەیی بۆ سازان بە ئەمریکا دەدات. هەڵبەت سیاسەتی پشتی پەردە هەرچی بێت، دواجار ئەوە رێژەی بەشداری خەڵکە کە یارییەکە یەکلا دەکاتەوە.