عومەر ئەحمەد|
لێدوانەکانی ئەم دواییەی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی و ئابووری عێراق هێمای ئەوەن كە تا چ رادەیەک جیاوازی لە روانگەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە بابەتە ئابوورییەکان، بەتایبەتی بابەتی نەوت و بودجەدا هەیە.
عەلی عەلاوی لە وتارێکیدا لە میانەی کۆنفرانسی ” بەهێزکردنی عێراق” کە لەرێگەی ئۆنلاینەوە كە رۆژی 22 ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بە قاچاخبردنی نەوت تۆماتبارکردووە و گلەیی لەوە كردووە کە بەردەوامیی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی عێراق نەتوانێت بەرێککەوتنی ئۆپێک پلەسەوە پابەند بێت.
رێککەوتنی ئۆپێک پلەس کە لە نێوان 23 وڵاتی بەرهەمهێنەری نەوتی ئەندام لە رێکخراوی ئۆپێک و دەرەوەی ئەو رێکخراوە لە ٢ ساڵی رابردووەوە واژۆکراوەو بەردەوام بە ناوەرۆکی جیاوازەوە نوێکراوەتەوە، تایبەتە بە جێگیرکردنی بازاری نەوت لەڕێگەی کەمکردنەوەی قەبارەی خستنەرووی ئەو بەرهەمە ستراتژییە، وەک هەوڵێک بۆ رێگریکردن لە دابەزینی زیاتری نرخی نەوت.
وتەکانی وەزیری دارایی عێراق لەوڕووەوە مەترسیدارن کە نیازی حکومەتی عێراق دەردەخەن کە دەیەوێت کەموکورتییە داراییەکان و بێ توانایی ئەو حکومەتە لە دابینکردنی بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە چوارچیوەی بودجەی ساڵانەی عێراق، بخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
راستییەکەی ئەوەیە کە هەرچەندە عەلاوی یەکێکە لە ئابوریناسە هەرە دیارەكانی عێراق و خاوەن پێگەیەکی نێودەوڵەتییە، لەگەڵ ئیحسان عەبدولجەباری هاوکاری لە وەزارەتی نەوت، پێشانیانداوە کە تا چ رادەیەک بەرامبەر بە گەیشتن بەرێککەوتنێکی جێگر و درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بێ مەیلن. چەندینجار شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای كردووە و نیازپاکی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی پیشانداوە، بەڵام تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی کۆنکرێتی لێنەکەوتووەتەوە.
بەشداریی شاندی عێراقی بە سەرۆکایەتی وەزیری نەوت لە کۆبوونەوەکانی رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانیی ئۆپێک پلەس و ئەو نمایشە لاوازەی کە لە کۆبوونەوەکاندا نواندیان، دەریدەخەن كە لە دوای هاتنە سەرکاری حکومەتی مستەفا کازمی، تاچەند وەزیری نەوتی عێراق بە ئاسانی خۆی رادەستی ویستی ئەندامانی دیکەی ئۆپێک بە تایبەتی سعودیە کردووە و، بەبێ هیچ بەرگرییەک خۆیان بە کەمکردنەوەی رۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت پابەندکردووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی پێشووی عێراق و وەزیری نەوتی رابردوو، توانیبوویان لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئۆپێک کە لە کۆتاییەکانی ساڵی 2018 دا كرا، ئەنجامی باشتر وەربگرن و خۆیان تەنیا بە کەمکردنەوەی رۆژانە 240 هەزار بەرمیل نەوتەوە پابەند بکەن.
دوای کۆبوونەوەی مانگی چواری ئەمساڵی رێکخراوی ئۆپێک، عێراق بە ئاسانی ئامادەیی خۆی پێشانداوە بە کەمکردنەوەی نزیکەی 25٪ ی بەرهەمهێهانی نەوتی خۆی. لە مانگی ٤ ی ئەمساڵ بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق 4.54 ملیۆن بەرمیل بوو، بەو پێیەش دەبوایە عێراق لە ماوەیەکی کورتدا، زیاتر لە 1 ملیۆن بەرمیلی لە بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی کەمبکردایەتەوە. هەڵبەت هەرچەندەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەلایەن عێراقەوە رێکوپێک نەبووە، بەڵام بەڕادەیەکی زۆر بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی نەوتی عێراق.
هەر لەم چوارچێوەیەدا و پێش ئەوەی رێککەوتنە نوێیەکەی ئۆپێک جێبەجێ بكرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشووی نەوتی عێراق لێکگەیشتنی باشیان هەبوو بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان. حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 50 هەزار بەرمیل هەناردەی نەوتی خۆی کەمکردبووەوە. دەتوانین بلێین تەنانەت پێش ئەوەی حکومەتی عێراق رێککەوتنی نوێی ئۆپێک جێبەجێبکات، هەرێمی کوردستان بەڕێژەکی گونجاو هەناردەی نەوتی خۆی کەمکردبووەوە. ئاستی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵدا گەیشتە 490 هەزار بەرمیل، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان هەناردەکردنی نەوتی خۆی لە چەند مانگی رابردوودا دابەزاندووە بۆ نزیکەی 420 تاوەکو 430 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا. ئەمەش بەو مانایە دێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرێژەی زیاتر لە 17٪، هەناردەی نەوتی خۆی کەمکردووەتەوە کە زیاترە لەو رێژەیەی عێراق بەپێی ئەوە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی داناوە. هەرچەندە هیچکات پشکی گونجاوی هەرێمی کوردستانی لە بودجەی ساڵانەی عێراق نەداوە.
هەردوو وەزیری ئێستای دارایی عێراق و وەزیری نەوتی عێراق بە رادەیەکی زۆر تەکنۆکراتن، بەڵام لێدوانەکانیان لە دوای بوون بە وەزیر لە کابینەی نوێ، دەریدەخەن کە تا چ رادیەک ناوەندگەران و چۆن بە چاوی نەتەوەگەراییەوە دەڕواننە کێشەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لە ماوەی دانووستاندنەکانی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی فیدراڵی عێراق لە چەند ساڵی رابردوودا هەرکاتێک نزیکبوونەوەیەک روویداوە و نیمچە رێککەوتنێک کراوە، لە بنەرەتدا بەهۆی ئەوە نەبووە کە تیمی ئابووری حکومەتی عێراق ئیرادەیەکی جددییان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەبووە، بەڵکو ئەو نزیکبوونەوانە زیاتر لە سەرەوەی خۆیان سەرچاوەیان گرتووەو، بە بریاری سیاسیی سەرکردەکانی هەردوولا بوون.
یەکێک لەو بەربەستە گەورانەی کە بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی رێککەوتنی درێژخایەنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق سەرنەگرێت، نەبوونی یاسایەکی فیدراڵییە بۆ پەرەپیدانی سەرچاوەکانی وزە لە هەموو عێراقدا. شێوازی بەڕێوەبردنی کیڵگە نەوتییەکان لە چەند ساڵی رابردوودا لە بنەرەتدا لە هەرێمی وکوردستان و عێراق زۆر جیاوزان و ئەوەش وایکردووە لەرووی تەکنیکییەوە ئەم کارە ئەستەم بێت. گرێبەستە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لە چەشنی هاوبەشکردنی بەرهەمن کە عێراق کاری پێناکات و ئامادەش نیە شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان بدات. ئەمە بووەتە هۆکار کە تیمی تەکنیکی و ئابووری دوو حکومەت بیانوو بە یەکبگرن و لە دانووستاندنەکاندا بگەنە بنبەست. سەرەڕای ئەوەی کە تیمی عێراقی وەک چۆن باسمان کرد لە بنەرەتدا نایەوێت هەرێمی کوردستان لە پەرەپێدانی سەرچاوەکانی نەوت و گازی خۆیدا هیچ دەسەڵاتێکی هەبێت.
لە 6 ساڵی رابردوودا کە کێشە داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق سەریان هەڵداوە، بە هەر راددەیەک تیمی ئابووری حکومەتی فیدراڵی سەربەخۆ و تەکنۆکرات بووبن، بەهەمان رادە کەم مەیل بوون بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان. لەبەر ئەوە باشترە حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدرالی عێراق تەنیا وەک تاکتیک لەبەرچاوبگرێت بۆ چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشە داراییەکانی لە ماوەیەکی کورتدا، نەک ستراتیژێکی درێژخاین. ستراتژی درێژخان تەنیا گەڕانەوەیە بۆ خود و بەهێز کردنی بنەما ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ 10 ساڵی داهاتوو.