شرۆڤە

تشرینی پەرلەمان و تشرینی شەقام

03-11-2021


 

 

RRC |

یاسین تەها

 

یەکەمجارە لە پاش 2003وە، گرووپێك كاندیدی سەربەخۆ (تاك)، كە خۆیان بە نوێنەری خۆپیشاندەرانی تشرینییەکان یان پاڵپشتی ئەم رەوتە ناڕازییە دەزانن، سەركەون بۆ پەرلەمانی عێراق. ئەم نوێنەرایەتییە نوێیە كە هێشتا قەبارەی كۆتایی یەكلایی نەبووەتەوە یەكێكە لە پێشهاتە چاوەڕوانكراوەكانی بەردەم خولی پێنجەمی پەرلەمانى عێراق، بەرهەمی ئەو یاسای هەڵبژاردنەشە كە پاش دەستلەكاركێشانەوەی حكومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی لە ژێر گوشاری خۆپیشاندەراندا گەڵاڵە كرا و تێپەڕێنرا (یاسای ژمارە 9ی ساڵی 2020).

كاندیدە براوە تشرینی و سەربەخۆ پاڵپشتەكانیان كە باس لە بەدەستهێنانی نزیكەی 25 كورسی دەكەن، هێشتا نەچوونەتە پەرلەمان كەچی پرسیار و پێشبینی جۆراوجۆر لەبارەی شێوازی كاركردنیان یەخەی گرتوون، پێنج مانگ بەر لە هەڵبژاردن (ئایاری 2021) چالاکڤانانی خۆپیشاندانەكان بەسەر تیرۆری یەكێك لە ناسراوترین رێكخەرانی خۆپیشاندان لە كەربەلا كەوتن كە ئیهاب وەزەنی بوو، لەپاش ئەوە لەبارەی بەشداری و بایكۆت بوون بە دووبەرەی سەرەكی، لایەنگرانی بەشداری پێیان وابوو سیستمی نوێی هەڵبژاردن دەرفەتە بۆ گەیاندنی نوێنەری خۆپیشاندەرانی راپەڕینی تشرینی 2019  بە پەرلەمان و دروستكردنی یەكەم بەرەی ئۆپۆزسیۆن، ناڕازییەكانیش كە یەكێكیان “حزب البیت الوطني” بوو بەچەندین بەڵگە و شیكار هەوڵیان دەدا بیسەلمێنن ركابەرییەكەی هەڵبژاردن هاوتا نین و چەك و پارە و دەسەڵات هەر لەلای حیزبە دەسەڵاتدارەكانە، 10 رۆژ بەر لەهەڵبژاردنی پێشوەختە، مەرجەعی باڵای شیعە لە نەجەف عەلی سیستانی، داوای بەشداری كارای كرد لە هەڵبژاردن و چەند مەرجێكی بۆ دەنگدان بە كاندیدەكان دانا، ئەمەش بوو بە هاندەرێكی باش بۆ رێژەیەكی دیاریكراو كە دوودڵ و ساردبوون و لە بەشداریكردنی پرۆسەكە، سەرەنجامیش بڕێك چانسی بەخشی بە كاندیدە سەربەخۆ و تشرینییەكان لەسەر حسابی كاندیدە حیزبییەكان.

بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، سەرجەم دەنگی بەدەستهاتوو لە ژێر ناوی سەربەخۆكان دەوروبەری دوو ملیۆن دەنگە، ئەمەش لە هەڵبژاردنێكدا كە كۆمسیۆن دەڵێت ڕێژەی بەشداری 41% ی دەنگدەران بووە، هەندێك لە خەمڵاندن و شرۆڤەی نافەرمیش بە دەوروبەری 30_35% مەزەندەی دەكەن، ژمارەیەكی كەم نییە. ئەم ئەنجامە لە دۆخێكدا بەدەستهاتووە كە بەشداربووە نوێیەكانی هەڵبژاردن لە گەنجانی خۆپیشاندەر و سەربەخۆ نەشارەزا و بێ ئەزموون بوون لە ئاست تەكتیك و شێوازەكانی هەڵبژاردن، تا دوا رۆژیش لە ژێر گوشار و راڕایی دروستكردنی لایەنگرانی بایكۆتدا بوون. هەرچەندە دوو ملیۆن دەنگەكە سەرجەمیان سەربەخۆی راستەقینە نین و هەندێك لەوانەی بەناوی سەربەخۆ بەشداربوون دەكرێت كاندیدی حیزبی بن (یەكگرتوو بە نموونە) یان پاش یەكلابوونەوەی ئەنجامەكان بچنە لیستی حیزبەكانەوە وەك ئەوەی هەندێ پەرلەمانتاری تۆماركراو بە سەربەخۆ رایانگەیاند (بورهان مەعموری، مشعان جبوری، دیلان غەفور بە نموونە)، بەڵام ئەوە یەكلایە یەكێك لە رێكخستنەكانی تشرین (بزوتنەوەی ئیمتیداد) دەوروبەری 300 هەزار دەنگی بەدەستهێناوە، لە هەندێك پارێزگای باشووری عێراقیش (میسان و موسەننا) لە ژێر گوشاری كاندیدە سەربەخۆ و تشرینییەكان هێزە تەقلیدییەكانی شیعە 250 هەزار دەنگیان لەدەست داوە، لە پارێزگایەكی وەك بابلیش 30% دەنگەكان بۆ تشرینی و سەربەخۆكان رۆشتووە.

قەبارەی تشرینییەكان هەرچەندێك بێت، ئیزافەیەكی نوێیە لە رووی جۆرایەتییەوە بۆ پەرلەمانی داهاتوو، بەڵام بەر لەوەی بچنە ناو تەلاری پەرلەمان گرەوی جۆراوجۆر هەیە لەسەر توانای خۆڕاگری پەرلەمانتارەكانیان و توانای بەرەنگاریكردنیان بەرامبەر هێزەكانی ناو دەوڵەت، ئەمە جگە لە كێشەی رێكنەكەوتنی تشرینییەكان خۆیان و فرەجەمسەری و زۆری سەركردەكانیان، ئەمەش سروشتی هەموو ئەو هێزانەیە كە خاوەن رێكخستنێكی تۆكمە نین و زیاتر لە رەوت و تەوژمی جەماوەرییەوە نزیكن.

هەندێك لە چاودێر و دۆستەكانی تشرین لەوانەش فایەق شێخ عەلی بە ئاشكرا باسیان لەوە كردووە هەندێك لە تشرینییەكان لەبەردەم قولاپی چەوری لیست و حیزبە گەورەكان ناتوانن خۆیان بگرن، هەندێكی تر پێیانوایە هەرچەندە بەهێزبن و خاوەن دیدگابن لە كۆتاییدا كاریگەری و بڕیار هەر لە دەستی ئەو هێزانەدا دەبێت كە خاوەنی چەك و پارەن و جومگەی گرنگی دەوڵەتیان لەدەستە و نەدەبوو تشرین ببێتە كوتلەیەكی دیایكراو لە پەرلەمان و دەبوو دەنگی ناڕازییەكان و شەقام بوایە لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی، بەڵام تشرینییە سەركەوتووەكان لای خۆیانەوە باس لەوە دەكەن یەكەم فراكسیۆنی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە دروست دەكەن، بە هەموو تواناشیان بەرەنگاری حكومەتی هاوپشكی دەوەستنەوە، لەمەش گرنگتر بە بنەما و پرەنسیپەكانی خۆپیشاندانی تشرینەوە پابەند دەبن كە زۆرێك گەیاندوویانەتە ئاستی شۆڕش، ئەوانیش بریتین لە گێڕانەوەی شوناسی نیشتمانی لەسەر بنەمای هاوڵاتی بوون و بەگژاچوونەوەی ئەو گەندەڵییەیە كە بووەتە گەورەترین سەرەخۆرە بۆ وڵات.

ئەوانەی لە تشرینەوە نزیكن ئامۆژگارییان دەكەن پەڕۆیەك لە بزوتنەوەی گۆڕانی كوردستان دادڕن و نەكەن بچنە ناو كابینەی حكومەت، چونكە ئەمە وایان لێ دەكات بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو پاشەكشەی گەورە بكەن، ئەمانە باس لەوە دەكەن جەماوەری ئەوان بۆ ركابەری و رەخنەگرتن و ئۆپۆزسیۆن بوون ئەوانیان سەرخستووە بۆ پەرلەمان نەك بەشداریكردن لە كێكی دەسەڵات، بەپێی گوتەی هەندێك لە سەركردەكانی رەوتی تشرینیش ئەوان لەپاش هەڵبژاردن، بە دوو ئاراستەی تەریب كاردەكەن؛ یەكێكیان كاركردنە لەناو پەرلەمان وەك فراكسیۆنێكی ئۆپۆزسیۆن، ئەوی دیکە بەردەوامی كاركردنە لە شەقام و لەم بوارەشدا “حركة امتداد” و “حزب البیت الوطني” هەندێ گفتوگۆیان كردووە، ئەو زانیارییانەشی لە كۆبوونەوەكە دزەیان كردووە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كاری پەرلەمانی بە سەرۆكایەتی “ئیمتیداد” بێت و هێزەكانی تریش لە شەقامەوە خەبات بكەن بۆ ئەوەی هەردوولا بتوانن شورەیەك بۆ ئەم نوێنەرایەتییە پەرلەمانییە دروست بكەن كە هێشتا نوێیە و لەلایەك خۆی كێشەدارە و لە لاكەی دیکە هەوڵی زۆر هەیە بۆ كۆنترۆڵكردنی، جگە لەوەش خۆی لە بنەڕەتەوە دوژمنی راستەوخۆشی هەیە كە جگە لە هێزە چەكدارەكان حیزبەكانی هاوپشكی و پارێزەری سیستمی سیاسی ئێستای عێراقن.

 

 

Share this Post

شرۆڤە