شرۆڤە

وانەیەکی شەڕی حەماس-ئیسرائیل؛ لاوازەکانیش بەهێزن!

10-10-2023


هەینی رابردوو، جیهان بە سەرسووڕمانەوە تەماشای دیمەنی هێرشی موشەکی، درۆن، دابەزینی پاراشۆتچییەکانی حەماس و دزە کردنی هێزەکانی بوو بۆ شەڕی دژی ئیسرائیل؛ حەماس بە ستراتیژی شەڕی ناهاوسەنگ و تاکتیکی فرە رەهەندەوە ئیسرائیلی خافڵگیرکردبوو. جیهانیش بە هۆی ناوبانگی سوپا و دەزگای هەواڵگرییەکەیەوە، سەری لەو دۆخە سووڕمابوو کە تەلئەبیب تێیکەوتبوو. شەڕ هێشتا بەردەوامە و گەلێک پرسیار هەن کە چاوەڕیی وەڵامن: چۆنچۆنی هێزێکی وەک حەماس توانی دەوڵەتێکی وەکو ئیسرائیل خافڵگیربکات؟ ئایا پێشتر سەبارەت بە توانای ئیسرائیل زیادەڕۆیی کرابوو یان حەماس خۆی بەهێزتر کردووە؟ داهاتووی شەڕەکە چی دەبێت ئایا فراوانتر دەبێ و شوێنی دیکەش دەگرێتەوە یان هەر لە سنوورەکانی ئێستایدا دەمێنێتەوە؟ مشتومڕەکان سەبارەت بە رۆڵی گریمانەیی ئێران لە پاڵپشتی حەماس لەم هێرشەدا چی لێدەکەوێتەوە؟ لێکەوتە سیاسی و جیۆپۆڵەتیکییەکانی شەڕەکە چی دەبن؟

ئەگەر وەڵامێکی خێرا بدەینەوە، بەگشتی دەتوانین بێژین:

یەکەم: ئیسرائیل وڵاتێکی بەهێزە و حاشا لەوە ناکرێت کە لەچاو وڵاتانی ناوچەکە سوپایەکی پڕچەک و تۆکمەتری هەیە، بەڵام خافڵگیرکرا و ئەوەش نیشانەیەكی ئاشکرای گۆڕانی سروشتی جەنگە لە سەدەی 21. بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە، ئیدی سەردەمی بەهێزیی لاوازەکانیش هاتووە و تەنیا بەهێزیی بەس نییە بۆ ئەوەی وڵاتێک پارێزراو بێت.

دووەم: شەڕ کاتێ فراوانتر دەبێت کە ئێران یان گرووپەکانی دیکەی وەک حیزبوڵڵا یان گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەستوەردانی راستەوخۆی تێدا بکەن. جارێ ئەمریکا و ئیسرائیل خۆیان لەوە دزیوەتەوە کە بڵێن دەستی راستەوخۆی ئێرانی تێدایە. ئەمە بە رواڵەت واتای ئەوەیە کە لایەنە سەرەکییەکان نایانەوێ شەڕەکە فراوانتر بێت. بەڵام نابێ لەبیرمان بچێت کە شەڕی خافڵگیرانە بەشێکە لە دکتۆرینی سەربازی ئیسرائیل و دەبێ چاوەڕێ بین بزانین چی دەکات. بەڵام هەقە ئەو پرسیارەش بکەین کە ئەگەر ئیسرائیلیش نەیەوێت بەڵام گرووپە پرۆ ئێرانییەکانی ناوچەکە ئەوەیان ویست چی؟ بۆیە لە راستیدا هەرچەندەی کە زەوینەی فراوانبوونی شەڕەکە بەکەمی دیارە، دۆخەکە هەستناکە و بە ئاسانی دەتوانێت بۆ شەڕێکی فراوانیش وەربگۆڕێت.

سێیەم: کاریگەرییەکانی ئەم شەڕە لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە بەرفراوانە و دەشێ فرەڕەهەند بێت.

هێزی لاوازی!

سەرەڕای هەر نادیارییەک لەم شەڕەی حەماس و ئیسرائیلدا، یەک شتمان لێ روونە. ئەویش ئەوەیە کە ئیدی لە شەڕدا، دەرفەتی بەهێزیی لاوازەکانیش رەخساوە و، هێزداری بە تەنیا بەس نییە بۆ ئەوەی دەوڵەت یان لایەنێک پارێزراو بێت. لێرەشدا فاکتەری سەرەکی  بڵابووەنەوەی خێرای تەکنەلۆژیای جەنگییە کە توانای ئەکتەرە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانیشی بۆ خافڵگیریی ستراتیژی زیاتر کردووە.

هێرشەکەی حەماس، گوتەیەکی میشڵ هاندڵی وەک تیۆریزانێکی جەنگ پشتڕاستکردەوە کە بەهۆی خافڵگیرکردنەوە کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای جەنگی دەرفەتێکی زۆری بۆ رەخساندووە، ستراتیژی هێرش زیاتر لە ستراتیژی بەرگری کەڵکی هەیە. ئەمانەش بەگشتی چەند پەندێکیان تێدایە:  سیاسەتە ئەمنی و سەربازییەکان بۆ داپۆشین و سەرکوتکردنی پرسە ناوخۆییەکان بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ هەموو کات بە کەڵک نایەن، چونکە هیج لایەنێک ناتوانێت بە تەواوی رێ لە بڵاوبوونەوەی تەکنەلۆژیای سەربازی بگرێت و درەنگ یان زوو موشەک و درۆنی هەرزان دەکەوێتە دەست گەلێک لە گرووپەکان. نموونەی هەرە زیندووش، حەماس و ئەو گرووپانەن کە لە رۆژانی رابردوودا بە درۆن هێرشیان کردە سەر کۆلێژێکی سەربازی لە پارێزگای حومس لە سووریا. ئەمە بە گشتی واتای ماتەوزەی ناسەقامگیرییەکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدات ئەگەر چارەسەرێکی گونجاو بۆ پرسە گرنگەکان نەدۆزرێنەوە. لەو نێوانەشدا پرسی کورد بابەتێکی زیندووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە کە بێشک تەنیا بە سەرکوتکاریی و سیاسەتی ئەمنی و سەربازی چارەسەر ناکرێت. شەڕەکەی حەماس دەریخست کە هیچ چارەسەرێک نییە بۆ پرسی کورد بێجگە لەوەی کە دان بە مافەکانیدا بنێرێت و سازانی لەگەڵ بکرێت وەک چۆن هیچ چارەیەک بۆ پرسی فەلەستینیش نییە غەیری سازان و رێککەوتن لەگەڵی.

ئەوەی روویدا چی بوو؟

کاتی خۆی زبیگنیو برژنیسكی لەڕێی چەمكی"هێزی لاوازی"یەوە، لەکەسایەتی ئەمریکادا باسی لە کێشە گەورەکەی هێزدارەکانی جیهانی کردبوو؛ چۆن رووبەڕووی نەیارێک ببنەوە كە خۆی لاوازە بەڵام پاڵنەری بەهێزی هەیە؟ ئەو پێیوابوو کە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا دەرفەتی بۆ لاوازەکانیش رەخساندووە و تەنیا هێزداری بەس نییە بۆ ئەوەی لایەنێک پارێزراو بێت. باڵادەستی سیاسی و سەربازیی ئیسرائیل شتێکی حاشاهەڵنەگرە بەڵام پاڵنەری حەماسیش بۆ شەڕ شتێکە کە ناکرێ پشتگوێ بخرێت. ئەمە بێجگە لەوەی کە تەکنەلۆژیای نوێ دەرفەتی بۆ ئەکتەرێکی وەکوو حەماسیش رەخساندووە کە دەستی بە ئاسمان بگات و ستراتیژی سەربازیی بۆ خافڵگیرکردنی بەرامبەرەکەی پێش بخات. رەنگە بگوترێت کە هاوپەیمانەکانی حەماس لە پشت ئەوەن، بەڵام خۆ چۆنییەتی هاوپەیمانیی کردنیش بەشێکی کاریگەرە لە پرۆسەی جەنگ. لەوانەیە درۆن و موشەکی حەماس کە زیاتر  لە جۆرەکانی گراد و ئاستێکی نزمتر بن لە چاو  موشەک و سیستەمی بەرگریی ئیسرائیل، بەڵام کاتێک دەبنە هەزاران موشەک و درۆن ئەوسا ئەستەمە بتوانرێت بە تەواوی رێی لێ بگیردرێت. رەنگە تا ئێستاش هیچ سیستەمێکی بەرگری موشەکی دانەهێنرابێت کە بتوانێت بە جارێ هەزاران موشەک لە ئاسمان بتەقێنێتەوە.

هێرشەکەی رۆژی هەینی ئەگەر لەلایەک کەمتەرخەمی و لاوازی دەزگای هەواڵگری و سەرکردایەتی سیاسی- سەربازی ئیسرائیلی دەرخستبێت لەوەی کە مەترسیی هێرشێکی دیکەی حەماسیان بە دەستی کەم گرتووە و پێیان نەزانیوە، لەلایەکی دیکەوە سەرکەوتنی هەواڵگری حەماس لە شاردنەوەی توانای سەربازی و هێرشی خۆی دەردەخات. ئەمەش بە روونی دەریدەخات کە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکانیش توانستی خۆیان بۆ شەڕ پێشدەخەن جا چی لەڕووی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای جەنگەوە بێت یان هەواڵگری، ستراتیژ و تاکتیکەکانی جەنگ کە پێدەچێت ئیدارەی تەلئەبیب بەهۆی سەرقاڵبوون بە پرس و ناکۆکییەکانی ناوخۆ، هەروا مژووڵ بوون بە پرسی رێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەب، کەمتر بایەخی پێدابێت. ئەمەش رێک ئەو هەڵەیە بوو کە کاتی خۆی جەمال عەبدولناسر لە جەنگی 1967 بەرامبەر ئیسرائیل کردی؛ هێزی ئیسرائیلی بەکەم زانیبوو. بەڵام تەلئەبیب بەهێرشێکی چاوەڕواننەکراوی خۆیەوە، ئەو سوپا زۆر و زەبەنەی دەوڵەتانی عەرەبی شکست دا کە بەتەما بوون هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل.

ئاراستەی نادیاری شەڕ

تائێستا چەندەی ئیسرائیل بۆردومانی غەزەش بکات باڵادەستی سایکۆلۆژی هی حەماسە. بە ئەگەری زۆر دواجار هەر ئیسرائیل ئەو 28 ناوچەیەی خۆی کۆنترۆڵ دەکاتەوە کە شەڕی تێدا کرا و گورزێکی گەورەش لە حەماس دەدات. لە هەمانکاتیشدا پێدەچێت لانیکەم ئێستا فراوانکردنی بەرەکانی شەڕ بە قازانجی ئیسرائیل نەبێت. جارێ لە ماوەی کورتخایەندا پێویستی بەوەیە خۆی گلێر بکاتەوە و ناوچەکانی خۆی بە تەواوی کۆنترۆڵ بکاتەوە. ئەگەر شەڕەکە دەربازی ناوچەی دیکەش بێت و ئەکتەری دیکەی نەیاری ئیسرائیل بەشداربن، لەوانەیە ئەمە بۆ شەڕێکی فراوان پەل بهاوێژێت. لە سنوورەکانی ئیسرائیلدا لە سوریاوە تاوەکوو لوبنان بەلانیکەمەوە 10 گرووپی چەکداری جیاجیا هەن کە دەتوانن سەرئێشە بۆ ئیسرائیل دروستبکەن. بەڵام لە هەمانکاتیشدا ئیسرائیل پێویستی بە ئەنجامدانی کردەیەکی سەربازی وا هەیە کە بتوانێت شکستەکەی رۆژی هەینی لەبیر بباتەوە. ئەم دۆخەش مەتەڵێکی ئەمنی بۆ دروستکردووە: ئەگەر شەڕ فراوان بکات و بەرەو شوێنی دیکەی بەرێت و ئێرانیش تێوەبگلێنی دیارە نییە  کە دەرەقەتی دێت یان نا . بۆیە لێرە ئەوەی یەکلاکەرەوەیە هەڵوێستی زلهێزەکانی جیهان بە تایبەتی ئەمریکا و ئەورووپایە. بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە ئیدارەی ئەمریکا لەبەرامبەر زیاتر لە هەشتا هێرشی گرووپەکانی نزیک لە ئێران تەنیا چەند جارێک وەڵامی داوەتەوە، ئەوە  پرسیارێکە کە ئایا ئەگەر ئیسرائیل شەڕ فراوان بکات لەسەری دەکات یان نا؟ پێدەچێت ئەمریکاش حەزی لەشەڕی ئێران نەبێت بەتایبەت کاتێک کە بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات. وادیارە ئیسرائیلیش نایەوێ بە تەنیا شتی وەها بکات، بۆیە سەرەڕای راپۆرتێکی واڵ ستریت جورناڵ لەسەر تێوەگلانی ئێران و پلاندانانی هێرشەکە لە بەیروتەوە، هەردوولا دەڵێن هێشتا بەڵگەمان نییە کە دەستی ئێرانی تێدا بێت. هەڵبەت ئێران بۆ خۆیشی رەتیدەکاتەوە.

بۆیە بەئەگەری زۆر ئیسرائیل لە ماوەی کورتخایەندا دەیەوێت ئەم شەڕە زۆر فراوان نەبێت بەڵام تا ماوەیەک درێژە بکێشێت. بەڵام پرسیاری پێچەوانە ئەوەیە کە ئەی ئەگەر لایەنی بەرامبەر بە تەمای فراوانکردنی شەڕ بێت؟ بۆیە دۆخەکە هەستناکە و ئاڕاستەی شەڕەکەش بۆ هەردوو ئەگەرەکە کراوەیە. 

لێکەوتەکانی شەڕ

رێککەوتنی ئابراهام و دانوستاندنەکانی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و سعودیە لەم چەند ساڵەی دواییەدا پرسی فەلەستینی تاڕادەیەک پەراوێز خستبوو. بێجگە لە ئێران ئوردن و قەتەر، پرسی فەلەستین کەمتر لە ساڵانی پێشوو لە گوتاری سەرکردەی وڵاتان دا لە کۆبوونەوەی گشتی ئەمساڵی نەتەوە یەکگرتووەکان رەنگی دابووەوە، بەڵام شەڕەکەی ئەمساڵ نەک تەنیا سەرنجی بۆ سەر پرسی فەلەستین و غەزە راکێشا بەڵکو حەماسیشی وەک هێز سەرەکی لە جیاتی فەتح دەرخستە پێش.

کاردانەوەی تورکیا، سعودیە ، ئیمارات و تەنانەت میسریش بە جۆرێکە کە دەیانەوێت هاوسەنگییەک رابگرن بەڵام بە ئەگەری زۆر  بابەتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ سعودیە لانیکەم تۆزێک خاو دەبێتەوە.

براوەیەکی ئەم شەڕە ئێرانە کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بە هۆی شەڕی سێبەرەوە ئیسرائیل گورزی زۆری لێدابوو. هەر لە کوشتنی زانا ئەتۆمییەکەیەوە بگرە هەتا بردنی بەڵگەنامە نهێنییەکانی و بۆردومانەکانی لە سووریا، ئیسرائیل لە دژی ئێران کاری زۆری کردبوو بۆیە ئەم دۆخەی ئێستای ئیسرائیل بابەتێکە بە دڵی تاران. ئەم دۆخە ورەی هێزەکانی نزیک لە ئێران لە عێراقیش بەرز دەکاتەوە بۆیە پێدەچێت بە دەنگێکی بەرزتر دژی ئەمریکاش قسە بکەن. خۆ ئەگەر شەڕەکە فراوانیش بێت، بێشک عێراقیش دەبێتە گۆڕەپانێکی ئەو شەڕە تەنانەت ئەگەر شەڕی راستەوخۆش نەبێت. وەک چۆن بە هۆی هەبوونی هەندێکیان لە سووریا بە ئاسانی دەتوانن بەگەنە سنوورەکانی ئیسرائیل.

ئەگەر شەڕی ئۆکراینا پێویستی ئەوروپای بە چەتری ئەمنی ئەمریکا دەرخستبێت، ئەوا شەڕەکەی ئەمجارەش ئەوەی بە بیری ئیسرائیل هێنایەوە کە لەڕووی ئاسایشەوە پێویستی بە ئەمریکایە، چونکە ئەگەر حەماس جارێک کارێکی وای سەرخستبێت ئەوا جاری دووەمیش دەتوانێت شتی وا بکات.یان لانیکەم ترسی دووبارەکردنەوەی دوررستبکات. 

لە دوای داخرانی دۆسییەی قەرەباخ لە نێوان ئەرمینا و ئازەربایجان، ئەویش لەکاتێکدا کە ئێریڤان بەلای رۆژئاوا دا بایداوەتەوە، هەروەها لە پاش گوشارە ناوچەیی و ناوخۆییەکان لەسەر هەرێمی کوردستان، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا، تووشبوونی ئیسیرائیل بەم دۆخەی ئێستا،  دیمەنی هەبوونی گوشارێک لەسەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە رۆژهەلاتی نێوەڕاست دیار دەبێت، ئەمەش وادەکات کە لە قۆناخی داهاتوودا ئەمریکا ناچار بێت هەنگاوێک بۆ دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانەکانی بنێت ئەگەر بە تەمای مانەوە لەم ناوچەیە بێت.  

لە کۆتاییدا، ئەگەر لە روانگەیەکی فراوانترەوە سەیر بکەین ئەم شەڕە دەتوانێت  گۆڕانکاری لە پرۆژەی رێگەی بەهاراتیش دروستبکات کە لە دوایین کۆبوونەوەی سەرانی جی20دا راگەێیندرا . شەڕەکەی حەماس دەریخست کە تەنیا هەبوونی وڵاتانی کەنداو بەس نییە بۆ پاراستنی ئەو رێگایە. بۆیە بەبێ رەزامەندی تورکیا یان ئێران بابەتی دابینکردنی ئاسایشی ئەو پرۆژە جیۆ ستراتیژییە کارێکی ئاسان نییە کە لە بەندەری هەیفای ئیسراییلەوە دەڕواتە ئەوروپا. 

Share this Post

شرۆڤە