شرۆڤە

خاڵی وەرچەرخان لە رێککەوتنەکەی 10ی ئاداری نێوان شەرع و کۆبانی

04-08-2025


 لەکاتێکدا کە چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەیەکی چاوەڕوانکراوی نێوان هەسەدە و شام لە پاریس بوون، هەواڵی شەڕی نێوانیان لە باشوری حەلەب دوو رۆژە بەردەوام دەگات. لە راستیدا رێککەوتنەکەی 10ی ئاداری نێوان شەرع – عەبدی بە خێرایی لە خاڵی وەرچەرخان نزیک دەبێتەوە و ئەمەش، یان سازانێکی لێدەکەوێتەوە یان بە پێچەوانەوە رێگا بۆ سێیەمین شەڕی کورتخایەنی ناوخۆیی سووریای سەردەمی شەرع دەکاتەوە کە پێدەچێ لە هێڵی حەلەب- رەقە- دێرەزۆردا چڕبێتەوە. رووداوەکانی سوەیدا رێگای بۆ ئۆتۆنۆمییەکی دیفاکتۆی دورزییەکان خۆشکرد. هەڵبەت دیار نییە کە ئەمە تا سەر دەڕوات یان لە شوێنێکدا کۆتایی پێ دێت، بەڵام ئەگەر "ئیدارەی شەرع"بتوانێت بەخێرایی پرسی هەڵوەشاندنەوەی هەسەدە و بابەتی تێکەڵاوبوونی دامەزراوە ئیدارییەکان بە دەوڵەت بکاتەوە، ئەوسا دەتوانێت هێشتا هیوایەکی بە بنیاتنانی سیستەمێکی سیاسی ناوەندی هەبێت کە وەک بەرگێک بە باڵای سەرۆکێکی پڕ دەسەڵاتدا دوورابێ. لەبەرامبەردا هەسەدەش هەست بەوە دەکات کە بە بەراورد بە رووداوەکانی پێش سوەیدا دۆخی ئێستا دەرفەتێکی دەگمەنە یان دوادەرفەتە، بۆیە بە دەنگێکی بەرزتر لە جاران باسی مانەوەی خۆی و ئۆتۆنۆمی سیاسی دەکات.

شەڕی دێرحافر؛ دەروازەیەک بۆ چڕبوونەوەی ململانێکان لەسەر رەقە و دێرەزۆر؟

ئاماژەی زۆر هەن بۆ ئەوەی کە ئەگەر هەسەدە و شام نەسازێن، ململانێی هەردوولا لە سەر کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی رەقە و دێرەزۆر زیاتر بن. بۆ شام کۆنترۆڵکردنی رەقە و دێرەزۆر یەکێكە لە دوابزمارەکانی پتەوکردنی دەسەڵاتی شەرع؛ لەلایەک کۆنترۆڵی سەرچاوە ئابورییەکانی وەک نەوت، گاز ، خاک و ئاوی بۆ دەڕەخسێنێ و لەلاکەی دیکەش، ئەگەری ناناوەندی بوونی سووریای داهاتوو لاوزاتر دەکات کە ئێستا بە هەبوونی هەسەدە و دورزییەکانەوە زۆرە. بۆ هەسەدەش رۆیشتنی رەقە و دێرەزۆر، دەتوانێت واتای کۆتاییهاتن یان لاوازبوونی پرۆژەی ئۆتۆنۆمییە سیاسەکەی بدات.

 وەزارەتی بەرگری سووریا رۆژی  2ی مانگی 8 رایگەیاندووە کە هەسەدە بە موشەک هێرشی کردۆتە سەر گوندی "ئەلکیاریە" و دەوروبەری لە منبج و هەسەدەش دەڵێ وەڵامی "هێرشی گرووپە بێ دیسپلینەکان"مان داوەتەوە کە پەلاماری ناوچەی "دێرحافر"یان داوە. شەڕ لە گوندەواری دیکەی نزیکی ئەم ناوچەیەش بەردەوام بووە. دێر حافر یەکێکە لەو ناوچە کەمانەی بەشی رۆژئاوای فورات لە باشووری پارێزگای حەلەب کە هێشتا لە دەستی هەسەدەدایە؛ ناوچەیەکی  گرنگ کە بەجادەیەکەوە دوای نزیکەی 150 کم دەگاتە تەبقە لە باشووری پارێزگای رەقە. ئەم ناوچەیە زیاتر لە 100  کم لە باشووری بەنداوی تشرین و گوندی قەرەقۆزاقەوەیە کە لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوو هەتا مانگی 4ی ئەمساڵ مەیدانی ململانێیەکی سەختی گرووپەکانی ئۆپۆزیسۆنی سووریای- لایەنگری تورکیا لەگەڵ هەسەدە بوو.

لە سیناریۆی شەڕێکی گریمانەیەییدا، کۆنترۆڵی دێرحافر بۆ حکومەتی سووریا واتای کردنەوەی رێگایەکی پاڵپشتی لۆجستیکی دەبێت بۆ دانانی گوشار لەسەر تەبقە و ئەوەش هاوکات لەگەڵ گوشار لەسەر بەنداوی تشرین و قەرەقۆزاق لە باکوورەوە، وەک دوو دەمی مقەستێک بۆ کۆنترۆڵکردنی رەقە دەوری دەبێت. بۆ هەسەدەش راگرتنی دێرحافر واتای راگرتنی رەقە دەدات کە وادیارە نایەوێ بەبێ رێککەوتنێکی ساسیی وازی لێ بهێنێت.

 هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا شام چاوی لەوەیە کە بە یارمەتی خێڵەکان، دانوستاندن و گوشاری سەربازی، کۆنترۆڵی ئەو ناوچانەی دێرەزۆریش وەربگرێت کە لە دیوی رۆژهەڵاتی فوراتەوە لە دەستی هەسەدە دا ماونەتەوە. لەکاتی رووداوەکانی سوەیدا، ئەحمەد شەرع  بێجگە لە پاڵپشتی هاوپەیمانە دەرەکییەکانی، کارتێکی ئاسان و کاریگەری دیکەی پەیدا کرد کە ئەویش هێزی خێڵەکان بوو. ئەمە بۆ سوەیدا کە فاکتەری ئیسرائیل و هەوڵی چڕی ناوبژیوانی ئەمریکای تێدابوو، ئەنجامێکی گەورەی لێنەکەوتەوە بەڵام دەتوانێت گرفتی گەورە بۆ هەسەدە دروستبکات. بۆیە رکابەرییەکانی هەردوولا لەسەر راکێشانی سۆزی خێڵەکان بە چڕی بەردەوامە.

جیاوازیی واژۆکانی شەرع و کۆبانی

شەڕەکەی سوەیدا دانوستاندنەکانی نێوان هەسەدە و حکومەتی کاتیی سووریای بەرەو خاڵێکی وەرچەرخان بردووە. ئەوەشی دەرخست کە هەریەکەو  بە دیدێکی جیاواز رێککەوتنەکەیان واژۆ کردووە و هەریەک لە ماددەکانی ئەو رێککەوتنە واتایێکی جیاوزی لای ئەوان هەیە. رێک لەکاتی رووداوەکانی ناوچە کەناراوییەکانی سووریا کە تێیدا لە ماوەی 4 روژدا  ١٣٣٤ کەس کوژرا، شەرع و کۆبانی لە 10ی ئاداردا، کتوپڕ رێککەوتنێکی سەرەتاییان واژۆکرد کە هەر یەک لە ماددەکانی بۆ شرۆڤەی جیاواز کراوەیە. لە پاش رووداوەکانی سوەیداش لە ماوەی 13-16ی مانگی 7، دانوستاندنی لایانەکان بۆ جێبەجێ کردنی ئەو رێککەوتنەی کە ساڵێکی بۆ دانراوە بەردەوام بوو، بەڵام لەمەدا جیاوازی روانگەی هەردوولا بۆ رێککەوتنەکەی پێشوو بە زەقی دەرکەوت.

 بەپێی ئەو زانیارییانەی بڵاوکراونەتەوە دەتوانین لەوە تێبگەین کە ئەحمەد شەرع گەرەنتیکردنی مافەکانی کورد زیاتر وەک مافی کولتورری و زمان سەیر دەکات و بەشداری سیاسیی هەموو سوورییەکانیش -کە دەکرێ وەک فەرماندەکانی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر سەیر بکرێت - لە ئاستی پێدانی پۆستی پارێزگاری حەسەکە یان شتێکی کەمێک فراونتر لەوە دەبینێت. ماددەی چوارەمی رێککەوتنەکەش وەک هەڵوەشاندەنەوەی هەسەدە، ئیدارەی خۆسەر و رادەستکردنی دامەزراوە مەدەنییەکان بە شام سەیر دەکات. بێشک لایەنی بەرامبەریش روانگەیەکی جیاوازتری هەیە، بۆیە هەسەدە داوای کردووە کە وەک پێکهاتە بمێنێتەوە بەڵام شلە بۆ ئەوەی ناوەکەی بگۆڕدرێت. پۆستی یەکێک لە وەزارەتە سیادییەکانی وەک دەرەوە یان بەرگری و سەرۆکی ئەرکانی سوپای دەوێت و خوازیارە ئۆتۆنۆمییە سیاسییەکەی لە دیوی رۆژهەڵاتی فوراتدا بمێنێتەوە و لە لیژنەی دەستوریدا بەشداربێت. هەردوولا هەم روانگەی جیاوازیان هەیە هەم مەودای نێوان داواکارییەکانیشیان لەیەک دوورە. بە ئەگەری زۆر ئەوەی ئەمەش یەکلا دەکاتەوە دوو شتە: توانای مەیدانی و پاڵپشتی دەرەکی!

بەردەوامیی کێشمەکێشە گەورەکەی سەر سووریا

بێشک داهاتووی سووریا تەنیا گرێدراوی داینامیکی ناوخۆیی ئەو وڵاتە نییە و ناڕوونییەکانی چەندین گرفتی دیکەی جیهانی و ناوچەیی باڵیان بەسەر شامدا کێشاوە. وەزیری دەرەوەی رووسیا لە رۆژانی رابردوودا داوایکرد کە هەڵبژاردنی سووریا دەرفەت بۆ بەشداری هەموو پێکهاتە دینی و ئەتنییەکان بڕەخسێنێت و گوتی دەمانەوێ کوردیش نوێنەرایەتی بکرێ و، وەک بەشێکی کۆمەڵگەی سووری بمێنێتەوە. دەشێ ئەم قسەیەی لاڤرۆڤ گوشارێکی زارەکی بێت لەسەر حکومەتی شام و ئەمریکا بۆ ئەوەی بەرژەوەندییەکانی ئەویش رەچاوبکەن ئەگینا مادام کە هەوڵەکانی رووسیا لە کاتی ئەسەد دا بۆ سازانی کورد و شام نەیخوارد، ئێستا ئاستی کاریگەرییەکەی ئەستەمترە. سووریای دوای ئەسەد بەشێوەی سەرەکی مەیدانی تاودانی ئەسپی ئەمریکا، تورکیا، ئیسرائیل، خەلیج و ئەورووپایە بەڵام رووسیاش هێشتا چاوی لەوەیە کە لە داهاتووی سووریادا رۆڵێکی هەبێت. رووسیا هێشتا ژمارەیەک سەربازی لە قامشلۆ، حمیمیم و تەرتوس هێشتۆتەوە وەک ئەوەی کە چاوەڕان بێت بزانێ کە دابەشبوونی بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکانی سووریای دوای ئەسەد چۆن دەبێت. بۆ ئەوەش کارتی کورد بە گرنگ دەزانیت بە تایبەت کە ئێستا ئەمریکا هەندێک ئاماژەی وادەدات کە دەیەوێ زیاتر بە لای شام دا بیشکێنێتەوە.

ئەمریکا و ئەورووپا بە پەرۆشن بۆ ئەوەی سووریا زووتر سەقامگیر بێت بەڵام دوو گرفتیان هەیە و لە نێوان بەریەککەوتنی بەرژەوەندی هاوپەیمانەکانی خۆیاندا ماونەتەوە: یەکیان چۆنیەتی سازانی تورکیا و ئیسرائیلە، ئەوی دیکەشیان مەتەڵی رێککەوتنی کورد و شام!

تورکیا باڵادەستی سەربازی ئیسرائیل لە ناوچەکە و پێشڕەوییەکانی لە سووریا و ئەگەری گەشەکردنی پەیوەندییەکانی هەسەدە- ئیسرائیل بە مەترسییەکی ستراتیژی لەسەر خۆی دەزانێت. ئیسرائیلیش گەشەکردنی توانای درۆنی و موشەکی تورکیا، هەروەها بەهێزبوونی پێگە سەربازییەکەی لە سووریا بە دووەمین مەترسیی نزیکی تورکیا لەسەر خۆی دەزانێت. قوبرسی باکوور مەترسیی یەکەمە و لە سیناریۆی شەڕێکی گریمانەیی تورکیا –ئیسرائیل دا دەتوانێت گرفتی گەورە بۆ بەندەرەکانی ئیسرائیل دروست بکات. پێشڕەوی تورکیا و هاپەیمانەکانیشی بۆ نزیک سنوورەکانی خۆی وەک، مەترسیی دووەم و ئەگەری رێخۆشکردن بۆ ئەزموونی ئێرانی دووەم لەدژی خۆی سەیر دەکات.

 تا ئەمریکا هەبێت ئەگەری پێکدادانی راستەوخۆی ئەم دوو وڵاتە- لانیکەم ئێستا- کەمە بەڵام دوور نییە. هێشتاش دیار نییە کە ئەم دوو هێزە دواجار  رێکدەکەون یان هەریەکە و ناوچەیەکی نفوز لە سووریا بۆ خۆی دادەبڕێ یان نا، بەڵام ئەوە روونە کە ئەگەری بەردەوامیی گرژییەکانیان زۆرە و لەوانەیە پرسی کوردیش ببێتە بەشێکی ئەوە. ئیسرائیل حەزی لە سووریایەکی لاوازی ناناوەندییە، تورکیاش سووریایەکی لاواز بەڵام ناوەندی دەوێت. لە دوای رووداوەکانی سوەیدا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە ئەگەری دەستوەردانی وڵاتەکەی کرد ئەگەر بە گوتەی خۆی "هەندێک لایەن بەتەمای ئەوە بن کەڵک لە ئاڵۆزییەکان وەربگرن" ئەم قسەیەش ئاماژەیەک بوو بۆ هەسەدە کە روونتر لە جاران باسی ئۆتۆنۆمی سیاسی دەکرد. هەڵبەت دواتر وەزیری دەرەوەی تورکیا نەرمتر لە جاران قسەی کرد و گوتی "با لەگەڵ شام رێکبکەون و ئەگەر گەرەنتیان بۆ داهاتوو دەوێ ئەوا تورکیا ئامادەیە." وەک ئاماژەیەک بۆ قسەکانی بەرپرسانی هەسەدە کە دوای رووداوەکانی سوەیدا داوای گەرەنتییان کردبوو. ئەنکەرە بە تەمایە لەڕێی پرۆسەی چەکدادانی پەکەکە و دیالۆگی ئۆجەلان و دیالۆگی راستەخۆ و ناڕاستەخۆوە پرسی هەسەدە یەکلابکاتەوە کە پێدەچێ دواجار بە ئۆتۆنۆمییەکی رانەگەیەندراویش رازی بێت تەنیا بۆ ئەوەی کارتی کورد نەکەوێتە دەستی ئیسرائیل. هەڵبەت ئێسرائیلیش تا ئێستا بێجگە لە قسە، دەستی بۆ دۆسییەی کورد نەبردووە وەک چۆن تورکیاش لە کاتی شەڕەکانی حەماس، حیزبوڵلا و ئێران دا بە کردەوە رەچاوی هەستیارییەکانی ئیسرائیلی کردووە.

بێشک سازانی هەسەدە و شامیش کارێکی ئاسان نییە بەڵام  ئەمە خواستی ئەمریکا و ئەوروپایە. بۆ ئەوان، لە نێو دەیان گرووپی رادیکاڵدا، ئەحمەد شەرع دەرفەتێکی بێ وێنەیە بۆ ئەوەی لەگەڵی کاربکەن بەڵام، لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵی رابردوودا لەگەڵ هەسەدەش شەڕی داعش یان کردووە. ئەمە بێجگە لەوەی کە لەوانەیە لە داهاتووشدا هەبوونی هەسەدە بۆ باڵانسی هێزی شامیش کەڵکی بۆیان هەبێت. بۆ وڵاتانی خەلیجیش سەقامگیربوونی سورریا واتای بەهێزبوونی رۆڵە ناوچەییەکەیان دەدات و لەوانەیە ئەمەش لە باڵانسی هێزدا لەگەڵ هێزە ناوچەییەکانی وەک تورکیا، ئیسرائیل و ئێراندا بە کەڵکیان بێت. بۆیە بە ئەگەری زۆر لە یەکلاکردنەوەی پرسی رێککەوتنی هەسەدە و شام دا هاندەری رێککەوتنی هەردوولان.

تەبایی و ناتەبایی پرۆژە ئابورییەکانی وڵاتان لەگەڵ خواستەکانی شەرع

ئیدارەی شەرع بە پەرۆشە بۆ ئەوەی کە هەرچی زووە سیستەمە سیاسییەکەی قایم بکات و ئەم خواستەی ئەویش لەگەڵ بەرژەوندی بەشێک لە هێزە گەورەکانی دنیا و ناوچەکەدا دێتەوە. جارێ لەڕووی ئابوورییەوە بنیاتنانەوەی سووریا دەرفەتێکی ناوازەی سەرمایەگوزاری بۆ کۆمپانیاکانی وڵاتان دەرەخسێنێت کە بە پێی بەرواردە سەرەتاییەکان لە نیوان 250-400 ملیار دۆلاری تێ دەچێت. قەتەر و سعودیە زیاتر لە 15 ملیار دۆلار قەرزی بانکی نێودەڵەتییەکان بۆ سووریا دایەوە و لەڕووی دارییەوە یارمەتیی دەدەن. دوای بڕیارەکەی ترەمپ بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سووریا، سێ کۆمپانیای ئەمریکی چاویان لەوەیە کە لە ژێرخانی نەوت و گازی سووریادا وەبەرهێنان بکەن. پێشتریش رێککەوتنێکی 7 ملیار دۆلاری لە نێوان سووریا و قەتەردا لەبارەی کارەباوە کراوە کە کۆمپانیای پاوەر ئینتەرناشناڵی ئەمریکی و کۆمپانیاکانی کالیۆن و جەنگیزی تورکیش تێیدا بەشدارن.­ تورکیاش چاوی لە بەشداریکردنێکی کارایە لە بازاڕ، کەرتی بیناسازی، وزە، گواستنەوەی وزە و سەرمایەگوزاری سەربازی لە سووریا.گەشەپێدانی بەندەری تەرتوس دراوە بە کۆمپانیایەکی ئیماراتی و ئەوەی لازقیەش بۆ ماوەی 30 ساڵ بۆ کۆمپانیای CMA CGMی فەرەنسی بووە. روسیاش هێشتا لە بنکەی ئاسمانی حمیمیم و بەندەری تەرتوس ماوەتەوە کە پێشتر لەگەڵ حکومەتی ئەسەد دا ریککەوتنێکی 49 ساڵەی لەسەر کردبوون و وادیارە ئێستاش چاوی لەوەیە بمێنێتەوە. ئێران لە سووریای دوای ئەسەددا زیانێکی ئابووری گەورەی بەرکەوت بەڵام جارێ گرفتی گەورەتر لەوەی هەیە کە بیر لە رکابەری لە مەیدانی سووریا بکاتەوە. سووریای دوای ئەسەد بووەتە شوێنی بە یەکگەیشتنی پرۆژە جیۆئیکیۆنۆمییەکانی خەلیج، ئەمریکا، تورکیا ئەورووپا و رووسیا، هێشتا دیار نییە کە ئەمانە تا چەند پێکەوە هەڵدەکەن، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە کە سەقامگیری سیاسی سووریا - لانیکەم تا ئێستا- لە قازانجی هەموویاندایە. هەر ئەمەش دەتوانێت یەکێک لە هۆکارەکانی پاڵپشتی یان لانیکەم بێدەنگی ئەو هێزانە بێت بەرامبەر دۆخی ئێستای ئەو وڵاتە.

چی روودەدات؟

ناوبژیوانییەکانی تۆم باراک لە سێ کۆبوونەوەدا لە شام(1 دانە) و عەمان( 2 دانە) لەبارەی چۆنییەتی جێبەجێکردنی رێککەوتنکەی 10ی ئادار لە نێوان هەسەدە و شام نەگەیشتنە ئەنجام، بۆیە بڕیاروابوو کە لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوودا ئەمجارە لە پاریس کۆببنەوە. ئەوەش بەهۆی نائامادەیی شامەوە دواخرا کە هەندێک بە ڤیتۆی رانەگەیەندراوی تورکیا وەریدەگێڕن. هەرچەند لەوانەیە بەدەر لە تورکیا خودی شامیش حەزی لە رێککەوتنیک نەبێت کە ناوبژیوانی زۆری هەبێت. زانیاری هەبوون لەسەر ئەوەی کۆبوونەوەکەی پاریس لە رۆژانی داهاتوودا بکرێ بەڵام هێشتا نەکرابوو کە دیسان هەواڵی درێژکردنەوەی وادەکەی هات. ئێستا دواقسە ئەوەیە کە لەوانەیە لە رۆژێکی نێوان ئەمڕۆ هەتا 20ی ئەم مانگە کۆبوونەوەکەی پاریس بکرێت. هەڵبەت مەیدانی سیاسی – سەربازی لە سووریا ئەوەندە خزە و بگۆڕە کە دەتوانێت ئەوە بەروارە پێش و پاش بخات وەک چون تاوەکو ئێستا لانیکەم سێجار دوای خست. بۆ نموونە ئەگەر پێکدادانەکەی رۆژی3ی ئاب و دواتریش لە گوندەواری منبج لە پارێزگای حەلەب فراوانتر بێت و وەڵام و وەڵامدانەوەکانی هەسەدە - وەزارەتی بەرگری زیاتر بن، ئەوا دەشێ دۆخەکە بە ئاراستەیەکی دیکەدا بڕوات.

دواجار دوو سیناریۆی سەرەکی بۆ داهاتوو لە ئارادایە. یەکیان ئەوەیە کە هەردوولا رێکبکەون کە بە ئەگەری زۆر دواجار ئەو سازانە لەسەر جۆرێک ناناوەندی سیاسی دەبێت. چونکە سووریای دوای ئەسەد ئەوەندە ئاڵۆز و فرە ئەکتەرە کە دەرفەت بۆ بە دیهاتنی "سووریای شەرع" نادات وەکچۆن رێگا بۆ هەموو خواستەکانی هەسەدەش خۆش ناکات. بۆیە رێگایەکی ناوەندی کە هەردوولا پێی رازی بن وەک دەرچەی رێککەوتن سەیر دەکرێت. دەکرێ ئەوەش بە ئۆتۆنۆمییەکی دیفاکتۆ یاخود رانەگەیەندراو بکرێت کە هەردوولا پێی رازی بن. ئەگەر سیناریۆی دووەم واتا شەڕ رووبدات، ئەوسا بە ئەگەری زۆر  قورساییەکەی لە دێرەزۆر و رەقە دەبێت بەڵام لەوانەیە شەڕێکی درێژخایەن نەبێت. چونکە زۆربەی لایەنە دەرەکییە کاریگەرەکان لەسەر سووریا شەڕیان ناوێ. شەرع پێویستی بە یارمەتی دەرەکی و هاتنی کۆمپانیاکانی وڵاتانە بۆ ئەوەی کە وڵاتەکەی بنیات بنێتەوە و ناتوانێ زۆر لە قسەیان دەرچێت. دەرفەتەکانی بەردەم هەسەدەش بێسنوور نین. لە ژێر گوشاری هاوپەیمانە ئەمریکی و عەرەبەکانیدایە بۆ رێککەوتن و فاکتەری ئۆجەلانیش هەیە کە دەشێ لە خوولەکی کۆتاییدا داوای سازانی لێ بکات. پێدەچێ لەو پەیامە ڤیدیۆییەدا کە بۆ ئەوانی ناردووە داوای چەکدادانی نەکردبێت بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ئایدیاکانی ئێستای، لەوانەیە خوازیاری سازانێکی زیاتری نێوان هەسەدە و تورکیا بێت کە ئەوەش کاریگەری لەسەر رەوشی سووریا و چارەنووسی ریککەوتنکەی 10ی ئادار دادەنێت.  

Share this Post

شرۆڤە