شرۆڤە

خوێندنه‌وه‌یه‌كی جیاوازتر بۆ خۆپیشاندانه‌كانی عێراق

31-10-2020


 

 

RRC |

د.هەڵمەت غەریب-

راوێژكار لە ‌ناوەندی لێكۆلینەوەی رووداو|

 

بەرایی

ئه‌مرۆ ساڵێك تێده‌په‌رێت به‌سه‌ر یه‌كه‌م جوڵانه‌وه‌ی سیاسی جیاوازدا له‌ پاش داگیركردنی عێراق له‌لایه‌نه‌ هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كانه‌وه‌ كه‌ گه‌نجانی ناڕازی ناویان لێنا  “شۆڕشی تشرین” دژی ئه‌و ده‌سته‌بژێره‌ سیاسیه‌ی كه‌وا هیچیان پیشكه‌شی گه‌لانی عیراق نه‌كرد دوای حوكمێكی دورو درێژی دیكتاتۆری ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی كردیان زیاتر له‌به‌ریه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت، ته‌خشان و په‌خشانكردنی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات، دروستكردنی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی،ئه‌منی وئیداری بوو بۆ خۆیان بێ ئه‌وه‌ی ره‌چاوی بچوكترین به‌رژه‌وه‌ندی باڵای عێراقیه‌كان بكه‌ن ، جیاوازی ئه‌م جوڵانه‌وه‌ سیاسیه‌ له‌گه‌ل ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی تری دوای 2003 له‌عێراقدا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ دوو سیفه‌ت ئه‌ناسرێته‌وه‌ یه‌كه‌میان بریتیه‌ له‌وه‌ی كه‌ ده‌موچاوێكی نوێ و نه‌وه‌یه‌ك رابه‌رایه‌تی ئه‌كات کە كه‌مترین بایەخدانی بۆ بۆچوونی سیاسیە ته‌قلیدی و مه‌رجه‌عه‌ ئاینیه‌كان هه‌یه‌. دووه‌میشیان نوكی ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ روه‌و ده‌سته‌بژێری سیاسی حوكمڕانی شیعه‌یه‌ ، یه‌كه‌مجاره‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان له‌ناو شه‌قامی شیعه‌دا به‌و ئاسته‌ بگات كه‌ زیاد لە 17 ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئه‌منی عێراقی جڵه‌و گیر كردووه‌.له‌م وتاره‌دا تیشک ئه‌خه‌ینه‌ سه‌ر گرنگترین ئه‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه‌ شۆڕشی تشرین له‌گه‌ل خۆیدا هێنای، وه‌ وەڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ئه‌ده‌ینه‌وه‌ كه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كان ئامانجه‌كانی خۆیان پێكا؟ چی چاوه‌ڕوانیه‌كمان له‌ عێراقی دوای شۆرشی تشرین هه‌بێت.

 ناڕه‌زایه‌تیه‌كان چیان گۆڕی و چۆن گۆڕا؟

له‌دوو مانگی سه‌رەتای خۆپیشاندانه‌كانی گۆڕه‌پانه‌كانی عێراق ده‌ستكه‌وتی سیاسی باشی به‌دیهێنا به‌ڵام دواتر هێدی هێدی ماناكانی له‌ده‌ستدا له‌جیاتی گۆڕانگاری ئیتر ریزه‌كانی خۆپیشانده‌ران كه‌وتنه‌ بەر‌ لێك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ له‌رێگه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی میلیشیاكان و گروپه‌ چه‌كداریه‌كان ، ناڕه‌زایه‌تیه‌كان توانی كۆمه‌ڵێک گۆڕانكاری گه‌وره‌ بهێنیته‌ دی له‌وانه‌:

  • گۆڕینی بیروبۆچوونی مه‌رجه‌عیه‌ت له‌عێراقدا: تا خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان ده‌ستیان پێنه‌كرد مه‌رجەعیه‌تی شیعی له‌عێراقدا به‌ راسته‌وخۆ نه‌هاتۆته‌ ناو هیچ كێشه‌ و بابه‌تێكی سیاسیه‌وه‌، به‌ڵام پاش ئه‌و روداوانه‌ی ساڵی رابردوو بۆیه‌كه‌م جار مه‌رجه‌عیه‌ت لایه‌نگیری كرد و پشتی كرد له‌و ده‌سته‌بژێره‌ سیاسیه‌ی كه‌ له‌ دوای 2003وه‌ له‌ ژێر عه‌بای پاڵپشتی مه‌رجه‌عیه‌تدا حوكمی عێراقیان ده‌كرد، به‌ڵام پاش ئه‌و روداوانه‌ مه‌رجه‌عیه‌ت راسته‌وخۆ كش مه‌لیكی له‌ حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتدار و سیاسیه‌ تەقلیدیه‌كانی دوای 2003 كرد، چونكه‌ ئه‌گه‌ر وانه‌بوایە‌ بێگومان متمانه‌ی عێراقیه‌ ناڕازیه‌كان به‌ مه‌رجه‌عیه‌تیش لاواز ده‌بوو، چونكه‌ به‌شێكی گه‌وره‌ی ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیانه‌ دژی ناوماڵی شیعه‌ خۆی بوو ، ئه‌و هاتنه‌پێشه‌وەیە‌ی مه‌رجه‌عیه‌ت ده‌سه‌ڵاتدارانی ناچار كرد بیر له‌ رۆیشتن بكه‌نه‌وه‌ به‌و شێوه‌یه‌ مه‌رجه‌عیه‌ت تاراده‌یه‌ك كرد بوو بە مه‌رجه‌عیه‌تی وەلائی كه‌تا ئه‌و كات مه‌رجه‌عیه‌تێكی رقابی بوو به‌سه‌ر پرۆسه‌ی سیاسیه‌وه‌ كه‌متر ده‌ست وه‌ردانی له‌ پرسه‌ سیاسیه‌كاندا ده‌كرد.به‌ڵام ئه‌وه‌ی بووه‌هۆی گۆڕینی په‌یامی خۆپیشانده‌ران تیمه‌كانی مه‌رگ بوون كه‌ میلیشیاكان دروستیان كردبوو بۆ كۆتایی هێنان به‌ خۆپیشاندانه‌كان و دواجار ریزه‌كانی گه‌نجانی ناڕازیان ته‌فروتوناكرد و په‌ڕاگه‌نده‌یان كردن.

 

  • گۆڕینی سه‌رۆك وه‌زیران: یه‌كێكی تر له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌نجانی عێراق ئه‌وه‌بوو سه‌رۆك وه‌زیرانیان له‌ پۆسته‌كه‌ی دورخسته‌وه و‌ رێگه‌یه‌كی تریان بۆ دانانی سه‌رۆك وه‌زیران دیاریكرد به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ره‌وته‌ باوه‌ی دیاریكردنی سه‌رۆك وه‌زیران له‌ عێراقدا له‌نێو كوتله‌ سیاسیه‌كاندا ، یه‌كێك له‌جوانیه‌كانی ئه‌م ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانانه‌ ئه‌وه‌ بوو كوتله‌ی گه‌روه‌ی بچوكکرده‌وه‌ له‌به‌رده‌م خواستی گه‌لدا ، كوتله‌ی گه‌وره‌ هیچ رۆلێكی نه‌ما له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا بۆ سه‌پاندنی كاندیدی سه‌رۆك وه‌زیران، چونكه‌ یه‌كێكی كرد به‌ سه‌رۆك وه‌زیران كه‌ بێ پشت و په‌نایه‌ له‌ناو په‌رله‌مانی عێراقدا ، ئه‌گه‌ر سه‌یری نامه‌ی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی عادل عبدالمهدی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو بكه‌ین بۆمان روون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ ناوبراو بوو به‌ قوربانی هه‌ڵه‌كانی رابردووی شیعه‌ له‌عێراقدا ، ئیتر ئێستا سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌وه‌یه‌ له‌ داهاتوودا كه‌ گه‌ل و شه‌قام پێی رازیده‌بێت نه‌ك به‌ پێچه‌وانه‌وه‌.

 

 

  • هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت : ده‌سكه‌وتێكی تری خۆپیشانده‌ران و گه‌نجانی ناڕازیی عێراق بریتی بوو له‌ ناچاركردنی حكومه‌ت به‌ بڕیاردان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێك كه‌ هاوشێوه‌ی نه‌بووه‌ له‌ عێراقدا ، هه‌ڵبژاردنێك پێش واده‌ی ده‌ستوری خۆی ئه‌مه‌ش له‌پێناوی خێراتركردنی پرۆسه‌ی گۆڕانكاری وهێنانه‌ پێشه‌وه‌ی نوێنه‌رانی گه‌ل له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا ئه‌ویش له‌رێگه‌ی ده‌ستكاریكردنی یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان و گونجاندنی به‌جۆرێک زۆرترین عه‌داله‌تی هه‌ڵبژاردنی تێدابێت ، به‌ڵام هیچ گەرەنتیه‌ك بۆ پاك و بێگه‌ردی هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ نیه‌ له‌بارودۆخێكدا هێشتا قسه‌ی میلیشیاكان یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌ ، ئایا هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌ سایه‌ی تفه‌نگی میلیشیاكان هیچ گۆڕانكاریه‌ك ئه‌هێنیته‌ كایه‌وه‌ ؟ بێگومان نه‌خێر تا ئه‌و گروپه‌ چه‌كداریانه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا رۆڵیان هه‌بێت ئه‌سته‌مه‌ هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد ئه‌نجامبدرێت .

ئەنجام

ئێستا هه‌موو كه‌س ئه‌یه‌وی بزانێت ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ چین كه‌ ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ هێنایانەدی بۆ گه‌لانی عێراق ؟، له‌راستیدا ئه‌توانین یه‌ك ده‌سكه‌وتی دیار بژمێرین كه‌ گۆڕانكاریه‌كانی ئۆكتۆبه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنای ئه‌ویش هه‌ڵبژاردنه‌كان و گۆڕانی نه‌خشه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان وپێگه‌ی هێزه‌كانه‌ له‌ پرۆسه‌ی سیاسیدا له‌ ئاینده‌دا ئه‌مه‌ تاكه‌ ده‌سكه‌وتی سیاسی ئه‌و خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تیانه‌یه‌ ، ماوه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌ی كه‌ ئایا هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئاینده‌ هیچ سوپرایزێكی تێدایه‌ بۆ خه‌ڵكی نارازیی؟ ئایا ئه‌بێته‌ هۆی هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی خه‌ڵكانێك كه‌ هه‌ڵگری معاناتی ئه‌و نەوە سیاسیه‌ نوێیه‌ بێت كه‌ له‌هه‌موو شتێكی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستای عێراق نارازییه‌؟ من پێم وانیه‌ گۆڕانكاری گه‌وره‌ به‌دیبهێنیت له‌به‌ر دوو هۆكار یه‌كه‌میان هه‌ڵبژاردن له‌ سایه‌ و سێبه‌ری چه‌كدا نه‌ پاك و بێگه‌رده‌ نه‌ ده‌توانێت به‌ باشی و پاكی به‌ڕێوه‌ بچێت ، دووه‌م یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كان خزمه‌تی هێزه‌ تەقلیدیه‌كانی گۆره‌پانی سیاسی ئێستای عێراق ده‌كات ، حزبه‌ گه‌وره‌كان گه‌وره‌تر و بچوكه‌كانیش بچوكتر ئه‌كاته‌وه‌ ئه‌مه‌ش هیوای گۆڕانكاری به‌یه‌كجاری له‌به‌ین ئه‌بات.

 

 

Share this Post

شرۆڤە