شرۆڤە

خوێندنەوەیەک بۆ کاتی هێرشەکان ؛ بۆچی لە کاتی گرژییەکاندا کۆرمۆر دەکریێە ئامانج؟

27-11-2025


لەماوەی نێوان هاوینی ٢٠٢٢ تاوەکوو ئەمڕۆ  بە گشتی  11 جار بە درۆن و موشەک هێرش کراوەتە سەر  کێڵگەی گازی کۆرمۆر و وادیارە ئەمەی دوایی، لە هەموو هێرشەکانی پێشوو کاریگەرتر بووە کە ئەمشەو لایەک لە هەرێمی کوردستانی تاریک کرد. لە راستیدا بەردەوامی هێرشەکان لە ٢٠٢٢ وە تاوەکو ئێستا، سەرەرای گۆڕانکاری تاکتیکی، دەرخەری ئەوەن کە ئەم بابەتە لە گرژییەکی لۆکاڵی و نیوخۆیی هەرێمی کوردستان گەورەترە و لەوانەیە ستراتیژێکی گەورەتری لە پشتەوە بێت. بەڵام سەرنجڕاکێشە کە ئەو هێرشانە زیاتر لە کاتێکدا دەکرێن کە ناکۆکییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە لایەک و ناکۆکی نێوان هەردوو پارتی سەرەکی هەرێمی کوردستانیش لە لاکەی دیکە لە ئاستێکی بەرزدان.

 لە ماوەی نێوان ٢٠٢٢- ٢٠٢٥ بە گشتی ١٥١ هێرشی درۆنی و موشەکی لە دەڤەری سلێمانی کراون کە لانیکەم 11 دانەیان بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆر بووە. بە هۆی یەدەکی ٧٥ میلیار مەتری سێجا گازی شل و ٧ ملیار بەرمیل نەوتەوە، ئەم ناوچە بچکۆلانەیە کە پانتاییەکەی دەوری ١٤٠ کم دەبێت، بایەخێکی ئێکجار زۆری بۆ هەرێمی کوردستان هەیە.

 لە ساڵی ٢٠٢٢ دا کە دادگەی فیدراڵی بڕیاری لە سەر نایاسایی بوونی یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دا، گرژییەکانی بەغدا و هەولێر لە سەر وزە زیادیان کرد. لە هاوینی هەمانساڵیشدا، هاوکات لەگەڵ پرۆژەی  گەشەپێدانی کۆرمۆر(KM 250)، لانیکەم ٣ جارە بە موشەک هێرش کرایە سەر کۆرمۆر. لە ساڵی ٢٠٢٣دا کە لایانەکان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ئامادە دەکرد و ناکۆکی لایانەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بوو، جارێکی دیکە بە ٢ موشەک هێرش کرایەوە سەر کۆرمۆر.

لە ساڵی ٢٠٢٤وە  دوو گۆرانکاریی گرنگ لە جۆری هێرشەکاندا کرا و، ئەویش ئەوە بوون کە لە جیاتی موشەک کە دەسکەوتنی تەنانەت بۆ گرووپێکی چەکداری محەلی ئاسانترە، زیاتر درۆن بەکاردەهات هەرچەندە ئەوەی ئەمجارەیان چاودێری درۆنی و هێرشی مووشەکی بوو. لە هێرشەکانی ٢٠٢٢- ٢٠٢٣دا زیاتر دەوروبەری کۆگاکان و شوێنە گرنگەکان دەکرانە ئامانج، بەڵام لە هێرشە درۆنییەکانی ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥دا رێک کۆگا و تانکەرەکان کراونەتە ئامانج کە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پرۆژەی رووناکی حکومەت و کارەبای هەندێک ناوچەی عێراقیش هەیە.

ئێستاش کە هەرێمی کوردستان لە دوای دوو هەڵبژاردنی یەک لەدوای یەک، بە تەمای پێکهاتنی دوو حکومەت لە هەولێر و بەغدا وەستاوە و، ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەلایەک و  ناکۆکی بەغدا و هەولێر لە سە ر بودجە لە لاکەیتر لە ئارادیە، جارێکی دیکە هێرشی درۆنی کرایەوە سەر کۆرمۆر.

وەکوو دیار دەبێت؛

 فاکتەری بەردەوامی  و هاوتەریبی هێرشەکان لەگەڵ گرژییە ناوخۆییەکاندا، دەتوانێت نیشانەی ئەوە بیت کە ئەم هێرشانە کاری گرووپێکی محەلی نین کە بەهۆی بەریەککەوتنی تاکتیکی بەرژەوەندییەکانیانەوە کرابێت، بەڵام هاوکات بوونی لەگەڵ گرژییە نێوخۆییەکانی نێوان هەولێر- بەغدا، پارتی- یەکێتی،  سەرنج بۆ ئەوە دەبات کە ناکا ئەقڵە ستراتیژییەکەی پشت هێرشەکان بە تەمای ئەوە بیت کە بە گازی کۆرمۆر ئاگری ناکۆکییەکان خۆشتر بکات! ئەمە بێجگە لەو ئامانجە ستراتیژییەی کە دەیەوێ هەرێمی کوردستان لەڕووی وزەوە لە پەلوپۆ بخات و بە وابەستەیی بیهێڵێتەوە.

کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان هاوکات لەگەڵ هێرشە موشەکی و درۆنییەکانەوە بەهۆی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و دادگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس و پابەندبوونی تورکیا بە بڕیارەکەی دادگە، هەروەها بەهۆی گرژییەکان لەسەر بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە ٣٠ مانگ راوەستان و دەستاودەست بوونی بەشێک لە پشکەکانی روزسنەفت لە بۆری نەوتی کوردستان بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە تووشی گۆڕانی گەورە بووە، بەڵام گرفتی سەرەکی نەک ئەو دەرنجامە ئابوورییانە بەڵکو لەو حیسابە ستراتیژییەدایە کە لە پشت هێرشەکانی کۆرمۆرەوەیە!

Share this Post

شرۆڤە