ئاشتییە سەختەکەی تورکیا: چەکدانانی پەکەکە و خاڵەکانی وەرچەرخانی سیاسەت لە دۆخێکی جیۆپۆلەتیکی ناسەقامگیردا
08-09-2025
رۆژی دووشەممە 1ی ئەیلوولی 2025 ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە چوارچێوەی ئەنجامدانی کۆنفرانسێکی یەک رۆژە، مێزگردێکی داخراوی بەریسای چاتمهاوس بۆ ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمان و ئەندامانی حزبە جیاوازەکان لە تورکیا و باکووری کوردستان، سیاسەتڤانان، لێکۆڵینڤانان، رۆژنامەڤانان، و کەسانی بەشدار لە پرۆسەی ئاشتی تورکیا لەهەریەک لە لایەنی کورد و تورک بەناونیشانی" ئاشتییە سەختەکەی تورکیا: چەکدانانی پەکەکە و خاڵەکانی وەرچەرخانی سیاسەت لە دۆخێکی جیۆپۆلەتیکی ناسەقامگیردا،" بەڕێوەبرد.
پرۆسەی چەکبەردانی پەکەکە تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی قورسە بۆ ئاشتی لە تورکیا. ئەم پرۆسەیە ماتەوزەی ئەوەی تێدایە کە دۆخی سیاسەتی نێوخۆیی تورکیا دابڕێژێتەوەو سەروبنی بکات، بەڵام لە هەمانکاتدا لێکەوتەی گرنگی بۆ ناوچەکەش دەبێت، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە جیهان بە دۆخێکی جیۆپۆلەتیکی ناسەقامگیردا تێپەڕ دەبێت.
لە مێزگردە داخراوەکەدا بە شێوەیەکی گشتی داینامیکەکانی چەکبەردانی پەکەکە، گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی نێوخۆیی تورکیا و کاریگەرییەکانی ئەم پرۆسەیە لەسەر گۆڕانکارییە گریمانەییەکانی پێکهاتەی هێزداری ناوچەیی تاوتوێ کران و تەوەرەکانی گفتوگۆ بریتی بوون لە:
رەهەندی ناوچەیی گفتوگۆکانی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە
· وڵاتانی ناوچەکە و هێزە کاریگەرەکانی ناوچەکە چۆن تەماشای پرۆسە چەکبەردانی پەکەکە دەکەن؟
· رۆڵ و کاریگەری هەرێمی کوردستان و عێراق لەم پرۆسەیەدا چۆنە؟
· کاریگەری دۆخی رۆژئاوا و سووریا هەروەها پرسی شەنگال؛ دەبەنە هۆی ئاسانکاری یان دروستکردنی بەردبەست؟
رەهەندی ناوخۆیی: رێگاکانی دڵنیابوونەوە لە سەقامگیری و بنیاتنانی متمانە لە تورکیای داهاتوو
· دیبەیتە نێوخۆییەکان لەبارەی درێژەپێدان یان راگرتنی شەڕی چەکداری لە نیوان دەولەت و پەکەکە
· ریفۆرم و گۆڕانکاریی پێویست بۆ سەرگرتنی پرۆسەی چەکدادانان
· توانستی سیستەمی سیاسی تورکیا بۆلە خۆ گرتنی داواکارییەکانی کورد
· وانە و ئەزموونەکانی هەوڵەکانی پێشووی چارەسەری لە نێوان پەکەکە و دەوڵەت
لەم کاتەدا ئەم کۆبوونەوەیە زۆر گرنگ بوو، پلاتفۆرمێکی کراوە بوو بۆ ژمارەیەک لە کەسانی سیاسی و بەشدار لە پڕۆسەکە تا گفتوگۆیی کۆی لایەنەکانی پڕۆسەکە بکەن و لەسەر کۆی کێشەکان بووەستن. چەند خاڵێکی گرنگ لەپاڵ پەیامی عەبدوڵا ئۆجەلان کە بۆ ئەم چالاکیەی ناردبوو، دەربارەی تەوەرە سەرەکیەکانی چالاکیەکە، هەم دەربارەی رەهەندە نێوخۆییەکان، هەم رەهەندە نێوچەییەکانی ئەم پڕۆسەیە ئاماژەیان پێدرا و گەنگەشە کرا.
لەڕووی رەهەندە ناوچەییەکانەوە لەسەر ئەم پرسە نزیکەی هەموو بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیان دایە ئەوەی کە پاڵنەری سەرەکیی ئەم پرۆسەیە گەشەسەندنە ناوچەییەکانن. زیادبوونی هەژموونی ئیسڕائیل وەک هێزێکی سەردەست لە ناوچەکەدا پاش هێرشەکانی حەماس، گۆڕانی رژیم لە سووریا، لێدانی حیزبوڵلا لە لوبنان، هەروەها هیرشەکان بۆسەر ئێران، و کەوتنی ئەسەد لە سووریا و هاتنی سەر حوکمی ئەحمەد شەرع، بە تایبەتی داهاتووی کوردەکانی سووریا. لێرەدا بەنزیکەیی زۆربەی بەشداربووان لەسەر ئەم خاڵە هاوڕا بوون.
خاڵێکی دیکەش کە زۆرجار باسکراوە ئەوە بوو کە تورکیا بە هەڵوێستەکەی سەبارەت بە سووریا کارەکانی قورستر کردووە. ئەوەی مایەی نیگەرانی بوو ئەوەیە کە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا لەسەرتادا هەنگاوی زۆر باشی بڕی و بەرەوپێشچوونی گرنگی بەخۆیەوە دیت، بەڵام گۆڕانکاریەکانی سورریا کە بە راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ کاریگەریان لەسەر ئەم پڕۆسەیە هەیە، بەتایبەت ئەوەی کە لەسوریا روویدا گروپێکی جیهادی دەسەڵاتی گرتەدەست و حکومەت و دەستووری کاتی چێ کرد کە جەخت لە مەرکەزیەت و بە سەنتەربوونی دەسەڵات دەکاتەوە کە ئەمەش مایەی نیگەرانی کەمە نەتەوەکانی دیکەیە لەسووریا لەنێوانیاندا کورد کە بەشێکی زۆریان لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەسەدە، نوێنەرایەتی دەکرێن.
ئێستا کورد لە سووریا داوای لامەرکەزیەت و حکومەتێکی فیدراڵی دەکات و بەجۆرێک خۆیان کارووبارەکانی خۆیان بەڕێوەببەن، ئەمەش بۆ تورکیا مایەی نیگەرانییە کە بەتایبەت واباسدەکرێت هەیئەی تەحریر شام کە ئێستا لە لوتکەی دەسەڵاتدایە بە لایەنێکی زۆر نزیک لە تورکیا دادەنرێت. دەوڵەتی تورکیا ئەم داواکارییەی کورد، کە لەلایەن هەسەدە وە باسدەکرێت و کە تورکیا وەکو بەشیک لەپەکەکە لەقەڵەمیان دەدات، وەکو هەوڵێک بۆ دروستکردنی هەرێمێکی ئۆتۆنۆمی هاوشێوەی باشوور دەیبینێت کە ئەمەش بۆیان مایەی قبوڵ نیە. لەبەرئەوە وابەستەگی ئەم کێشەو پرسانە و گرێدانیان بەیەکەوە دەبێتە بەربەستی گەورە لەبەردەم سەرکەوتنی پڕۆسەکە و خاوبوونەوەی رەوتی بەرەوپێشچوونەکان. لەبەرئەوە بەشداربووان لەمیزگردەکەدا رایان وابوو هەرگۆڕانێک لە بارودۆخی سوریا یان هەربەروەپێشچوونێک لە پڕۆسەیەی ئاشتی و پرسی کورد لەتورکیا کاریگەریان لەسەریەکتری دەبێت چونکە هاوپەیوەستی لەنێوانیاندا هەیە.
یەکێکی دیکە لەخاڵە گرنگەکان لەڕووی رەهەندی ناوچەییەوە کە گەنگەشەی لەبارەوەکرا بریتیبوو لە رۆڵی ئەکتەرە ناوچەییەکان لەم پرسەدا کە بەشێوەیەکی جیاواز باسی رۆڵی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی هەندێک لە ئەکتەرە ناوچەییەکانیان کرد. باسیان لەوەکرد کە زۆر لایەن رۆڵی ئەرێنی و کاریگەر و هەوڵی چڕوپڕ و زۆر باشیان هەبووە، بەتایبەتی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و سلێمانی؛ سیاسەتڤانەکانیشیان رۆڵی کاریگەرییان هەبووە و لە داهاتووشدا بەهەمان شێوە رۆڵی بەرچاو و گرنگیان دەبێت. بەڵام لەهەمان کاتدا باسی رۆڵی نێگەتیڤی هەندێک لایەنیش کرا کە کەسانێک و گرووپی جیاوازیش هەن بەرژەوەندیی سیاسی و گرووپی و تاکەکەسیان هەیە و بە هاتنی ئاشتی و دیموکراسی، بەرژەوەندییەکانیان لەنێودەچن. هەندێک لەو گرووپ و کەسانە خەویان دەزڕێ و دڵەڕاوکێ دەیانگرێ، کاتێک گوێیان لە وشەی ئاشتی و پرۆسەی چارەسەریی دەبێت. ئەم گرووپانە هەموو شتێک دەکەن بۆ بەلاڕێدابردنی پرۆسەکە و شکست پێهێنانی. بۆ ئەوەی سەربکەوین بەسەر هەموو ئەم بەربەستانەدا پێویستە نائومێد نەبین، تەنانەت دەبێ بە دان بەخۆداگرتنەوە کاری جیدی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بکرێت و هەڵوێست بنوێنین.
یەکێک لەخاڵە سەرەکی و گرنگەکان لەرووی رەهەندیی نێوخۆییەوە کە جێگەی باس و مشتوومڕی بەشدارابووانی مێزگردەکە بوو بریتیبوو لەوەی کە لە تورکیا رێژەی پشتگیری بۆ پرۆسەی ئاشتی بەرزە، بەڵام متمانە و ئیرادە زۆر نزمە. ئەوانەی پشتگیری بزووتنەوەی کورد دەکەن متمانەیان بە دەوڵەت نییە، ئەوانەی لە هێڵی دەوڵەتدان متمانەیان بە بزووتنەوەی کورد نییە؛ دژبەرانیش متمانەیان بە هیچ لایەک نیە. بەشێکیان هۆکارى سهرەکى شکستى ههوڵهکانى ئاشتى لەرابردوودا گەڕاندەوە بۆ "نهبوونى ئیراده". هۆکاری ئەم بێمتمانەیش بەشیکی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە هێشتا هەردوو لایەنی دەوڵەتی کۆماری تورکیا و پەکەکە بەچاوێک سەیری یەکتر دەکەن وەکو بڵێی دوو کۆنە دووژمن کە لەسەنگەری یەکتریدابوون و دوای راگەیاندنی ئاشتەوایش هەرلەیەک بەگومانن و ترسیان لەیەکتری هەیە هەروەکو و چۆن دوو دوژمن کاتێک لە شوێنێک یەکتری دەبینن بەچاوی گومانەوە لەیەک دەڕوانن، بۆیە پێویستە ئیش لەسەر ئەمجۆرە لەبیرکردنەوە و روانینە بکرێت تا پڕۆسەکە زیاتر هەنگاو بەرەوپێش بنێت و بگاتە بەرهەم. بەشێکی دیکە نەبوونی متمانە دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی بوونی متمانە بە پڕۆسەکە هەرچەندە ئەم پڕۆسەی ئاشتیەیەی 2024 کە لەلایەن دەوڵەت باخچەلیەوە دەستپێشخەری لەسەرکرا چەندین هەنگاوی گرنگی بڕیوە، بەڵام هێشتا تەمی گومان و نەبوونی متمانە بەسەر سەرکەوتنی پڕۆسەکەدا زاڵە، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەزموونەکانی پێشووتری سەرنەکەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەنێوان هەردوولایەندا چوون ئەگەر ئاوڕ لەرابردوو بدەینەوە دەبینن، چەندین هەوڵێ هاوشێوە هەبووە لەچەندین کات و زەمەنی جیاوازدا بەڵام نەگەێشتووە تەئەنجام، هەر بۆنمونە لەساڵی 1990 هەوڵێکی هاوشێوە هەبوو کە وڵاتانی ئەوروپی میانگیریان دەکرد؛ لەساڵی 2009 بۆ 2011 بەهەمان شێوە لە ئۆسلۆ هەوڵێکی هاوشێوە دەستی پێکرد، بەڵام ئەمیش ئەنجامێکی وەهای نەبوو. تائەمڕۆ چەندین هەوڵی دیکە دراون تا ئەم پڕۆسەیە سەربکەویت، بەڵام هیچیان سەرکەوتنێکی سەرەکیان بەدەست نەهێنا. هەرلەبەرئەم ئەزموونە تاڵانەی رابردووە کە بوونی متمانەیان بە پڕۆسەکە لاوازکردووە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشەدا، بەشێکی دیکە لەئامادەبووان رایەکی جیاوازیان هەبوو و پێیانوابوو کە پڕۆسەی ئاشتی ئەمجارە جیاوازە و بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوەو بەچاوی ئومێدەوە لێیان دەڕوانی لەبەر چەند هۆکارێک:
یەکەم، لەرووی ئەوەی کە پڕۆسەکە لەلایەن کاراکتەرێکی سەرەکی پارتێکی نەتەوەخوازی تورکیەوە دەستی پێکرا، کە ئەمە نیشاندەری گۆڕانکارییە لە تێڕوانینی تورکیا بەرامبەر بە پڕۆسەکە کە تاکە رێگا بۆچارەسەری ئەم کێشەیە بریتییە لە گفتوگو و رێککەوتن و بەئاشتی چارەسەرکردنی، نەوەک چەک و تووندووتیژی کە تەنیا هۆکاری زیادبوونی ژمارەی قوربانییەکانی هەردوولایە، هەروەکو پەیامەکەی ئۆجالان-یش بۆ کۆنفرانسەکە پاڵپشتی ئەم رایەیان دەکات و پێیوایە ئەم پڕۆسەیەی ئەمجارە بەڕێوەی دەبەن جیاوازە و ئومێدی سەرکەوتنی لێدەکرێت. هەم لەڕووی ئەوەی کە پەکەکە و سەرکردەی زیندانیکراوییان، عەبدوڵا ئۆجەلان، نیازپاکی خۆیان نیشاندا بە داواکردنی لەپەکەکە کە چەکەکانیان دابنێن و رێگای ئەشتی بگرنەبەر، هەرلەم چوارچیوەیەدا بوو کە بەشێک لە لە گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەی سلێمانی چەکەکانیان دانا کەئەمە هەرچەندە مایەی دڵخۆشییە بەڵام تاڕادەیەک مایەی نیگەرانیش بوو بۆ دەوڵەتی تورکیا کە دەڵێت پەکەکە خاوەنی چەکی زۆر پێشکەوتووترن نەوەکو چەند کڵاشینکۆفێک کە سوتاندیانن .
دووەم، جیاوازییەکی دیکەی پرۆسەی ئەمجارە و پرۆسەکانی رابردوو بریتییە لە پێکهێنانی "لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانیی، برایەتی و دیموکراسی"یە لە پەرلەمان، کە تاوەکو ئێستا کارەکانی بە سازان و رێککەوتنی هەموو لایەنەکان بەڕێوەچووە.
خاڵی سێیەم و لەهەمووی گرنگتر کە بووە جێی سەرنجی ئامادەبووان بریتیبوو لە ئەو شێوازەی کە دەوڵەتی تورکیا لەدەربڕینەکانیدا بەرامبەر بەپڕۆسەکە بەکاری دەهێنیت. ئەم پڕۆسەیە زۆر هەستیار و گرنگە کە لەوانەیە بچوکترین هۆکار ببێتە هۆی پەکخستنی پڕۆسەکە و گەڕانەوەی بۆ دواوە لەجیاتی بەرەوپێشچوونی لەبەرئەوە پێویستە زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ پڕۆسەکەدا بکرێت و جۆرە دەربڕینێک بەکارنەهێندرێت کە زیان بەپڕۆسەکە بگەیەنێت. بەنموونە، دەوڵاتی تورکیا لەلایەک وەها پەسنی ئەم پڕۆسەیە دەکات کە پڕۆسەیەکی گرنگی ئاشتییەو لە سوودی هەردوو لایەن دایە کە سەرۆککوماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان هەرلەم چوارچیوەیەدا چەندین جار ئاماژەی بەوەکردووە کە تورک و کورد برابوون و هەر براش دەبن، بەڵام لەلایەکی دیکە دەوڵەتی تورکیا وەها باسی ئەم پڕۆسەیە دەکات کە پرسی لەناوبردنی تیرۆر و تیرۆرستانە. ئەم جۆرە دەربڕینانە لە تێروانین و قسەکاندا مایەی نیگەرانیە و بەقازانجی پڕۆسەکە ناشکێتەوە ئەگەر دەوڵەتی تورکیا بەڕاستی سەرکەوتنی ئەم پڕۆسەییەی دەوێت. لەبەرئەوە بەشداربووان رایان وابوو کە پێویست دەکات دەوڵەتی تورکیا پێداچوونەوە بە گوتار و دەربڕینیدا لەبەرامبەر پڕۆسەکە بکات و گوتارێکی جیاواز تر کە نیازپاکی دەوڵەت بەرامبەر بە پڕۆسەکە نیشان دەدات هەڵبگرێت تا تەمی گومانی هەموو لایەک بەرامبەر بە پڕۆسەکە بڕەوێنێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە رایەکی دیکە لەمیزگردەکەدا پێیوابوو ئەوەی کە گرنگە خودی پڕۆسەکە خۆیەتی و ئیستا ئێمە بە پرۆسەیەکی گەلێک گرنگ دا تێدەپەڕین، نەوەک تەنیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکو لە ناوچەکانی دەریای رەش و دەریای سپیش شەڕ و ئاڵۆزیی بەردەوام هەن کە پارچەیەکن لە جوگرافیای ئێمە. بۆیە، لەنێو ئەو ئێش و ئازارەی ناوچەکەدا گەشەپێدانێکی ئەرێنی لە تورکیا هەیە کە دڵی هەمووان خۆش دەکات و هیوا و ئومێد زیاتر دەکات، ئینجا [جیاوازی نییە] با ناوی بنێن تورکیای بێ تیرۆر یان پڕۆسەی ئاشتی.
یەکێکی دیکە لە خاڵە جەوهەرییەکان کە زۆر جەختی لێوەکرا و کۆدەنگیەکی گشتی لەسەر هەبوو بریتیبوو لە گرنگی ئەم پڕۆسەیە چونکە پێیانوابوو ئەم پڕۆسەیە تەنیا وابەستەی دەوڵەتی تورکیا و چارەنووسی کورد لەو پارچەیەی کوردستان نیە، بەڵکو دەکرێت هەر ئەنجامێک لەم پڕۆسەیە ببێتە هەوێنی گۆڕانکاری گەورەتر لە ناوچەکە و بەتایبەت چارەنووسی کورد لە وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
چەکدانانی پەکەکە جگە لە پرسێکی نێوخۆیی تورکیا، فاکتەرو وابەستەگی هەرێمی هەیە چونکە کاتێک پەکەکە شەڕی دەکرد، کاریگەری لەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان هەبوو. ئێستاش چەک دابنێت، کاریگەریی ئەرێنی دەبێت. هەروەها، ئەوەی کە زیاتر جەختی لێوەکرا ئەوەبوو کە پرۆسەی ئاشتی پێویستی بەهەنگاوی گەورەتر و گرنگتر هەیە؛ راستە چەکدانان بەشێکە لە بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی ئاشتی بەڵام بەتەنیا بەس نیە بۆ چارەسەرکردنی بنەرەتی پرسی کورد، بەڵکو ئەوەی کە زیاتر گرنگە بریتییە لە دیموکراسی و برەودان بە دیموکراسییەت چونکەکاتێک عەقڵییەتێکی نادیموکراسی لە دەساڵاتداریدا زاڵ دەبێ، بەدوای خۆیدا رای گشتیی نادیموکراسیش دروست دەکات. دروستکردنی جێگرەوەیەکی دیموکراسیانە بۆ ئەو رای گشتییە لەوانەیە تاڕادەیەک سەخت بێت بەڵام نا مومکین نیە. ئەگەر هەموو دەوڵەتەکانی ناوچەکە لە هۆکارەکانی چەکهەڵگرتنی کورد یان هەرنەتەوەیەکی دیکە بکۆڵنەوە، دەزانن کە ئەگەر دیموکراسی ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین بە هەر نەتەوەیەک بدرێ، ئەوە پەنا بۆ چەک نابات. لەبەرئەوە، تورکیایەکی دیموکرات دەتوانێت فەراهەمی هەموو مافە بنەڕەتییەکانی کورد بکات و ئەمەش ببێتە نمونەیەکی باش بۆتەواوی ناوچەکە و بارودۆخی کورد لە کۆی وڵاتانی دەوروبەردا هەروەکو چۆن ئۆجەلان-یش لە پەیامە تایبەتەکەیدا بۆ کۆنفرانسەکە دەڵێت، ئەگەر تورکیا بگۆڕێت و رەوشی کورد لە رووی دیموکراسیەوە زیاتر بەرەو پێشبچێت، ناوچەکەش دەگۆڕێت.
لیستی بەشداربووانی مێزگردیی داخراو:
مەحمەت مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووی خۆراک و کشتوکاڵ- ئاکپارتی
مەلا بەختیار: سیاسەتمەدار و لێپرسراوی پێشووی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
میتحەت سانجار، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا، وەفدی ئیمرالی- دەم پارتی
فەلاح موستەفا: یاریدەدەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سیاسەتی دەرەوە
بولەنت کایا پار، ئەندامی پەرلەمان و ئەندامی کۆمیسیۆنی یەکێتی نەتەوەیی برایەتی ودیموکراسی- پارتی سەعادەت
ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی رووداو
ئوغوزکائان ساڵجی، ئەندامی پەرلەمان و ، پارتی گەلی کۆماری CHP
جەنگیز چاندار، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا، وەفدی ئیمرالی- دەم پارتی( وەک پسپۆڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست)
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو
رۆژ گیرەسوون: بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی راوەست
محەممەد ئەمین پێنجوێنی، رۆشنبیر و سیاسەتڤان
بایرام بۆزیەل: سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پ.س.ک)- تورکیا
مستەفا شەفیق، چاودێری سیاسی
سەرکان رامانڵی، ئەندامی پەرلەمان، و جێگری سەرۆک بۆ پرسی پەیوەندییە گشتییەکان و بەرەوپێشبردن لە حیزبی هودا پار
د.عومەر نوردەدینی، مامۆستای زانکۆ
کانی تۆرۆن، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی تورکیا
نورەدین یاشار، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی تورکیا- ئاکپارتی
حوسەین ئیمیر، جێگری سەرۆکی هوداپار و سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکان
قادر تەمیز، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئۆرسام
د.تاریق جەوهەر، لێکۆڵینڤان و چاودێری سیاسی
سەرحان ئافاجان، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئیرام
سامی ئەرگوشی، چاودێری سیاسی
رەها رۆهاڤی ئوغڵو، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی
ئەحمەد کوردۆ، مامۆستای زانکۆ
بەرفین جۆشکون، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی
عەلیڕەزا چلیک، ناوەندی لێکۆڵینەوەی بایتاڤ
کوبرا ساگیر، ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی و خوێندکاری دکتۆرا
شیروان یوسف، لێکۆڵینڤان و چاودێری سیاسی
تونا ئایگون، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئۆرسام
روشەن چاکر- رۆژنامەڤان
دیدەم ئۆزێل تومەر، رۆژنامەڤان
سەرتیپ جەوهەر، رۆژنامەڤان
یڵدرای ئوغور، رۆژنامەڤان
رەیهان ئاکار ئۆکتای، خاوەنکار
هیڤیدار زانا، تۆڕی میدیایی رووداو