رۆژی دووشەممە، ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٦، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو چالاکییەکی داخراوی بۆ ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر، بە ئامادەبوونی رۆهلات عەفرینی، فەرماندەی گشتیی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، کۆنسوڵی ئەڵمانیا لە هەولێر، نوێنەری هەندێک لە کۆنسوڵخانەکان و بەشداربوونی چەند لایەنێکی سیاسی و رۆژنامەڤان و ئەکادیمیست لە هەولێر بەڕێوەبرد.
لە کۆبوونەوەکەدا رەوشی ئێستای رۆژئاوای کوردستان و سووریا تاووتوێکرا، بەتایبەتی نێوەڕۆکی رێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ و گۆڕانکارییەکان لەبارەی پاشەڕۆژی کورد لە سووریا و پرسی یەکگرتنەوەی سەربازی و تێکەڵکردنی دامەزراوەکان و خوێندن بە زمانی کوردی لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا.
لەبارەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەوە و هۆکار و لێکەوتەکانی لەسەر کورد لە داهاتووی سووریا گفتوگۆ کرا. ئاماژە بە لایەنی جیاوازی شەڕەکە و ئەو هۆکارانە درا کە وایکرد شەڕ بێتە ئاراوە؛ هەروەها ئەنجامی دانوستاندنەکان بۆ ئاگربەست و رۆڵی لایەنە جیاوازەکان لە رێککەوتن بۆ راگرتنی شەڕ گفتوگۆی لەبارەوە کرا.
بەشێکی گرنگی گفتوگۆکان لەبارەی رەوشی مرۆیی و ئابلۆقەدانی کۆبانییەوە بوو، لە گفتوگۆکاندا ئاماژە بەوە درا کە تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و رەوشی مرۆیی و خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو، کارەبا و پێداویستییەکان لەوپەڕی خراپیدایە.
لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان و داهاتووی عەفرین و شێوازی بەڕێوەبردنی، ئاماژە بەوە کرا کە گفتوگۆ هەیە و چەند سەد ماڵباتێک ئامادەن بۆ گەڕانەوە. ئێستا گفتوگۆ لەبارەی شێوازی ئیدارەدانی عەفرین و بەشداریی خەڵکی عەفرین لە دامەزراوە جیاوازەکان و ئیدارییەکان دەکرێت وەک گەرەنتییەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.
پرسێکی دیکەی گفتوگۆکان مژاری سەرهەڵدانەوەی داعش و بەهێزبوونەوەی بوو، لەگەڵ ئەو رووداوانەی لە کەمپی هۆڵ روویان دا و چۆنیەتی هەڵهاتنی گیراوانی داعش و شێوازی بەڕیوەبردنی کەمپی هۆڵ و رۆژ. باس لەوەش کرا کە بەهێزبوونەوەی داعش مەترسییەکی جیدییە.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا چەند پرسیارێک لەبارەی پرسی پێشمەرگەی رۆژ، رۆڵی تورکیا، ئەمریکا و فەرەنسا، و چارەنووسی چەکدارە بیانییەکانی نێو هەسەدە و شێوازی تێکەڵکردن و دروستکردنی لیواکان کرا. هەروەها باس لە چۆنیەتی تێکەڵکردنی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) لە نێو سوپای سووریا کرا.