ئا: ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو
رۆژی 15ی ئایاری 2023 ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بەشداریی مێزگردێکی هاوبەشی کۆمەڵەی دۆستانی جیهانی عەرەبی بولگاری و زانکۆی سۆفیای لە بولگاریا كرد كە بەناونیشانی ئاراستەکانی ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست رێكخرابوو.
لە مێزگردەکەدا چەند تەوەرێکی جیاواز لەبارەی رەوشی رۆژهەڵاتی نێوەراست، بەتایبەت یەمەن و جەنگی نیوخۆیی سووریا پێشکێشکرا. مەحموود بابانیش بەنوێنەرایەتی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بابەتێکی لەبارەی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و عێراق پێشکێشکرد.
لە میزگردەکەدا مەحموود بابان پێشکییەکی لەبارەی یەدەگی نەوت و گازی عێراق و هەرێمی کوردستان باسکرد و گوتی "عێراق خاوەنی پێنجەمین یەدەگی نەوتی سەلمێنراوە کە نزیکەی 145 ملیار بەرمیل نەوتە، کە نیشاندەری 17% کۆی یەدەگی نەوتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و 8%ی کۆی یەدەگی نەوتی جیهانە. توانای بەرهەمهێنانی لەرێکخراوی ئۆپێک لەدوای سعودیەوە دێت، کە لەماوەی نێوان 2013 بۆ 2019، لە 1.7 ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ 4.7 ملیۆن بەرمیل نەوت زیادیکردووە، ئێستاش توانای بەرهەمهێنانی 4.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەیە."
هەروەها، یەدەگی نەوتی "سەلمێنراو"ی هەرێمی کوردسان 3.7 ملیار بەرمیل نەوتە، بەڵام لەوانەیە کۆی گشتی یەدەگی نەوتی لە خاکی هەرێمی کوردستان بە ناوچە جێناکۆکەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانەوە بگاتە 45 ملیۆن بەرمیل نەوت، چونکە دەیان شوێن هەن كە تا ئێستا گەڕان و پشکنینی بۆ نەکراوە.
مەحموود بابان، لەبارەی گازی سرووشتیشەوە گوتی، عێراق خاوەنی یەدەگی 131 تریلۆن پێ سێجا،یە بەوەش ریزبەندی 12مینی لەڕووی یەدەگی گازەوە لە جیهان هەیە. زۆربەی گازی عێراق لەگەڵ نەوت دایە و بە گازی هاوەڵ ناودەبرێت. سەرەڕای ئەم دەوڵەمەندییەی عێراق لە گازی سرووشتی دا هەیەتی، یەکێکە لە هاوردەکارانی گازی سرووشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا. بەپێی ئامارە فەرمییەکان عێراق ساڵانە سەرووی 300 ملیار پێ سێجا گازی هاوەڵ دەسووتێنێت، واتە بەفێڕۆی دەدات کە سەرچاوەی پێسبوونی ژینگە و نەخۆشیشە بۆ ئەو دانیشتوانەی كە نزیک لە کێڵگە نەوتییەکان دەژین.
هەروەها، لەبارەی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستانیشەوە، لە سیمینارەکەدا ئاماژەی بەوەکرد کە هەرێمی کوردستان لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە چیرۆکێکی جیاوازی هەیە و لەساڵی 2007وە دەستیکردووە بە وەبەرهێنان لەم کەرتەدا و ئێستا توانای بەرهەمهێنانی گەیشتووەتە 500 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژیكدا و، چاوەڕواندەکرێت لەنێوەڕاستی ساڵی داهاتووشدا ئەو توانایەی بە 700 ملیۆن پێ سێجا بگات.
لەکۆتایی مێزگردەکەدا وەڵامی بەشداربووانی لەبارەی پرسی وزە و داهاتووی نەوت و گاز لە عێراق و هەرێمی کوردستان دایەوە.
لە رۆژانی رابردوودا ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو یادداشتننامەیەكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ كۆمەڵەی جیهانی دۆستانی عەرەبی لە بولگاریا واژۆ كرد كە ناوەندێكی لێكۆڵینەوەی ئەو وڵاتەیە لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕسات و لەو چوارچێوەیەشدا هاوكارییەكان لە بواری لێكۆڵینەوەو بەشداربوونی چالاكیی هەردوولایەن رێككەوتنی لەسەر كراوە.