چالاکی

بریفینگی م. عەلی باپیر لەبارەی دیدی كۆمەڵی ئیسلامی بۆ رووداوەكانی كوردستان و ناوچەكە

10-12-2019


 

RRC | 

كوردستان و ناوچەكە بە گشتی، بە قۆناغێكی پڕدینامیك و ئاڵۆزدا تێپەڕدەبێت و هەندێك لەو رووداوانەش بەشێوەیەكی راستەوانە كاریگەری لەسەر پێگەی كورد دادەنێن. ئام لەم ساتەوەختانەشدا، خستنەڕووی دیدێكی ستراتیژی و قووڵ بۆ رووداوەكان بایەخێكی ئێكجار گرنگی هەیە. بۆ هەڵسەنگاندنی دیدی ستراتیژی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەبارەی رووداوەكانی ئێستای كوردستان و ناوچەكە. ناوەندی لیكۆڵینەوەی رووداو بریفینگێكی بۆ م. عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لەسەر چوار تەوەر رێكخست كە بەمجۆرە بوون:

1-دۆخی ئێستای كورد لە ناوچەكە و ئاراستەی هاوپەیمانی و ناكۆكییەكانی لەگەڵ دەورووبەر
2-هەرێمی كوردستان و ناسەقامگیرییە پایەدارەكانی عێراقی نوێ
3- ئایندەی هەریم لە دووڕێیانی گرفتە ناوخۆیی و دەرەكییەكاندا
4-رەوتە ئیسلامییەكانی كوردستان بەرەو كوێ دەچن؟ بۆ قووڵكردنەوەی ئایدۆلۆژیا یان سیاسەت؟

لە بەشی یەكەمی قسەكانیدا، چەند بنەمایەكی ئایینی، یاسایی سەبارەت بە رەوایی پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست باسكرد.
ئەوەی روونکردەوە” کە بێبەشکردنی کورد لەکیانی سەربەخۆ و دەوڵەت ستەمە” بەڵام، لە هەمانکاتیشدا هۆکاری سەرەکی بێبەشبوونی کوردی لە کیانی خۆی تەنها بۆ فاکتەری دەرەکی نەگەڕاندەوە و جەختی لە هۆكاری ناوخۆییش كردەوە: ” لەئێستادا لە هەر چوارپارچەکەی کوردستان چەندین پارتی سیاسی هەن کە ناڕێک و ناتەبان. کورد لەسەردەمی میرنشینەکانەوە دەردی خۆخۆریی هەبووەو تەنانەت دوژمنانیش لەڕێگەی درزو کەلێنەکانی خۆمان زەفەریان پێبردووین.”

دواجاریش جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە ئیسلام وەك ناسنامەی نەتەوەیی كورد و هێزی مەعنەوی بۆ چارەسەكردنی پرسی كورد پەسند بكرێت. ئەو پێیوایە کە هۆکاری ئەوەی گەلانی دیكەی ناوچەکە لە ئیسلام سوودمەندبوون و کورد نەیتوانیووە ئەوە بکات، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کورد خوێندنەوەیەکی ”شەعائیری و تاکیی بۆ ئیسلام” هەبووە، لە کاتێکدا کە ”ئیسلام چارەسەری بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی و بوارەکانیتریش هەیە.”

لەبەرامبەردا د. هەڵمەت غەریب جەختی لەوە كردەوە كە بەخشینی ئیسلام وەك ناسنامەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی بە كوردستان لەگەڵ سرووشتی كۆمەڵگاكەماندا یەكناگرێتەوە. چوونكە كۆمەڵگای كوردستان، فرە نەتەوە و فرەئایینە و پۆشینی بەرگێكی ئامادەكراوی ئیسلامی بە ناسنامەی كۆمەڵگا، دەتوانێت گرفتمان بۆ درووستبكات. لەلایەكی دیكەشەوە كاردۆ محەمەدپەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لەوە كردەوە كە ئەو سەبارەت بە ئایدۆلۆژ هاوڕای م. عەلی باپیر نییە و باسی لەوەكرد كە گرفتی زۆرێك لە وڵاتە شكستخواردووەكان ئایدۆلۆژیایە كە رێگە بۆ دابەشكردنی كۆمەڵگا دەكاتەوە. هاوكات فارس نەورۆڵی نووسەر و چالاكی سیاسی جەختی لەوەكردەوە كە گەڕانەوە بۆ ئایدۆلۆژیا هەڵەیە و وزەی كۆمەڵگای كوردی خەرج دەكات. وەكچۆن جاران هەموو وزەی كورد خرایە خزمەتی ماركسیزم یان لەوەو پێشتریش خرایە خزمەتی ئایین. نەوڕۆڵی ئەوەشی گوت كە زۆریك لە گەلانی ناوچەكە كەڵكیان لە ئایین وەرگرتووە بۆ خزمەتی نەتەوەو نیشتمانەكەیان بەڵام لە كوردستان ئەوە رووینەداوە.

سەبارەت بە دۆخی عیراق، م. عەلی باپیر پێیوابوو کە ”هەڵەی ئەمریکا لە دوای سەدام ئەوەبووە هەموو دامەزراوەکانی هەڵوەشاندۆتەوە” و کێشەی عیراقی نوێش ئەوەیە کە ”شیعە بە نەفەسی تایەفەگەری و تۆڵەکردنەوە کاردەکات. ئەوەی لە عێراق روودەدات ناڕەزایی خەڵکە، داواکاری جیلی تازەیە، ململانێێ شیعی-شیعیە، ململانێی نێوان مەرجەعەکانە، ململانێی نێوان ئەمریکا و ئیرانیشە.” ئەو وتیشی كە پێشبینیكردنی دۆخی عێراق كارێكی سەختە چوونكە ناڕوونییەكی زۆر لە ئارادایە.
هەروەها وتیشی:”سەرهەڵدانی داعش و خۆپیشاندانەکان لە عێراقدا دەرئەنجامی گەندەڵیە.”  وتیشی پێویستە لەم دۆخەدا هەرێمی كوردستان وریا بێت و بیانوو بەدەستەوە نەدات و دەبێت خۆمان بە بەرپرسیار بزانین لەبەرامبەر عێراقدا، چونکە هەرشتێک کە لەوێ دەگوزەرێت بەسەر ئێرەشدا دەشکێتەوە.

ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، زۆربەی کێشەکانی ئیستای كوردستانیشی بۆ نەبوونی حوکمی رەشید و نەبوونی دامەزراوەکان بە شێوەی حەقیقی گەڕاندەوە و جەختی كردەوە كە پێویستە چاكسازی بە كردار بكرێت.
كاردۆ محەمەد پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی  گۆڕانیش باسی لە پێویستی هەبوونی دەستوور بۆ چارەسەركردنی پرسە ناوخۆییەكانی كوردستان كردەوە و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستانیش لە وەڵامی پرسیارێكی م. ئاشنا بابان سەبارەت بەوەی كە ئەگەر زۆرینەی خەڵكی هەرێمی كوردستان دەستوورێكی لائیكی پەسند كرد هەڵوێستی ئیسلامییەكان چی دەبێت؟ وتی: “مادام خەڵكی هەرێمی كوردستان پەسندی بكات، ئێمەش دەڵێین موبارەكتان بێت.”
سەبارەت بە پارتە ئیسلامیەکانیش وتی كە ئەوان وەك ئیسلامییەكان لایەنگری لە دیموكراسی دەكەن و لەبارەی ئەگەری گۆڕینی ناوی حزبەكەیشی وتی: ”پاشگری ئیسلامی وەکو پەرچەکرداری واقعێک بووە. وەختێك ئەو پاشگرە دانراوە كە هێزەکانی دیكەش لە کوردستاندا پاشگری ئایدۆلۆژییان هەبووە، بۆیە پێشنیارم کردووە لە کۆنگرەدا ناوی کۆمەڵی ئیسلامی بگۆڕین.”

سەبارەت بەو پرسیارەی كە ئیسلامییەكان تا چەند سەركەوتوو بوون لەوەی كە رەوایی پرسی كورد بە دنیای ئیسلامی بناسێنن؟ یان كەڵك لە پەیوەندییەكانیان بۆ ئەوە وەربگرن و ئایا سیاسەتێكی تایبەتیان بۆ پرسی كورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەیە؟

ئەمیری كۆمەلی ئیسلامی كوردستان باسی لەوە كرد كە ئەوان جەخت لە رەوایی پرسی كورد دەكەن و لۆژیكی ئیسلامیش بۆ قەناعەتپێكردنی گەلانی ناوچەكە بایەخی هەیە و بۆ ئەوەش پێویستە پاڵپشتی زیاتریان بكرێت.

راستەوخۆ؛ عەلی باپیر میوانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوە

راستەوخۆ؛ عەلی باپیر میوانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوە

Publiée par Rudaw sur Dimanche 8 décembre 2019

تاگەکان

Share this Post

چالاکی