چالاکی

بریفینگی سوپاسالاری پێشمەرگە لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو

01-02-2022


رۆژی سێشەممە، 1ی شوبات 2022 ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بریفینگێکی بۆ فەریق جەمال ئیمنکی، سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی  کوردستان بە ناونیشانی تەگەرە ئەمنی و سەربازییەكانی  2022 ی هەرێمی كوردستان لەسەر سێ تەوەری سەرەکی بەڕێوەبەربرد. یەکەمیان – هەڕەشەی داعش و میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دووەمیان- هاوئاهەنگی سەربازی نێوان هەرێمی کوردستان و هێزە  چەکدارەکانی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و سێیەمیان: پرسی چەک و چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بوو.

پێدەچێ 2022 تەنیا ساڵی گۆڕانە گرنگەكان لە هاوپەیمانییە سیاسییەكان و هاوسەنگییەكانی هێزداری لە ناوخۆی عێراق، هەرێمی كوردستان و ناوچەكەش نەبێت، هاوشانی ئەوەش، نیشانەكانی شەپۆلێكی تازەی گرژی و  تەگەرە ئەمنی و سەربازییەكانیش بەدیدەكرێن. ركابەری و ململانێیەكی چەكداری لەسەر  ئاستی كڕینی چەك و چەكداركردن لە وڵاتانی رۆهەڵاتی نێوەڕاست گەشەی كردووە. لەلایەك هەوڵەكان بۆ دەستبەركردنی چەكی هێرش لەلاكەیتریش هەوڵەكانی كڕین و دەستخستنی چەكی بەرگری لە ئارادایە. بازاڕی چەك لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر لە جاران گەرمە بەڵام لە نیوانەشدا درۆنەكان خەریكە وەكوو فاكتەریكی یاریگۆڕ دەردەكەونە پێش. ئەمانەش كە بێجگە لە باڵادەستی هەواڵگری و دەستخستنی زانیاری، وەكوو چەكی هێرشكردنی كاریگەریش بەكاردێن، ئیدی تەنیا لە دەستی ئەكتەرە دەوڵەتییەكاندا نین بەڵكوو، كەوتوونەتە دەستی چەندین گرووپ و میلیشیای نادەوڵەتی و گەلێكجاریش تەگەرەی ئەمنیی جۆربەجۆر دروستدەكەن و ئەمەش لە سەرەتای 2022وە زیاتر بووە. لە لایەكی دیكەوە لە عێراق و هەرێمی كوردستان و لە سووریا و رۆژئاوای كوردستان، هەستانەوەو جموجۆڵیكی تازەی داعش بەدیدەكرێت. زیادبوون پەلامارەكانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، رووداوەكەی زیندانی گۆێڕان لە حەسەكەش لە نموونەكانی ئەوەن. زۆربوونی ژمارەی پەلاماری گرووپە چەكدارەكان لە عێراقیش كە لەدوای 2020 وە زیاتر بوون، لە سەرەتاكانی ئەمساڵەوە  گوڕوتینێكی تازەی وەرگرتووە. 

فەریق جەمال ئیمنکی، سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبارە هەڕەشەی داعش و میلیشیاکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان گوتی:” لەڕاستیدا گوشارەکان لەدوای 2017وە بەتایبەتیش لەدوای 16 ئۆکتوبەرەوە زیادیانکردووە، ئەگەر تەماشا بکەین ئەوا هێرش و کردەوەکانی داعش زیاتر بووە، تەنانەت لە هەندێک ناوچەی عێراق، بەشەو هێزە عێراقییەکان ناتوانن حکوم بکەن چونكە داعش زاڵە. هێرشی ئەم دواییەی سەر گرتوخانەی غوێران (زیندانی سناعە) لە پارێزگای حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان بووەتە پاڵنەرێکی مەعنەوی بەهێز بۆ داعش، هەرچەندە لایەنە فەرمییەکان دەڵین 200 ئەندامی داعش لە بەندیخانەکان  كە هەڵهاتوون هێشتا نەگیراونەتەوە، بەڵام بە بۆچوونی من زیاتر لە 200 ئەندامی داعش تاوەکو ئێستا دەستگیرنەکراوەتەوە، ئەمەش مەترسییەکە زیاتر دەکات.”

لەدرێژەی قسەکانیدا، فەریق جەمال ئیمینکی، ئاماژەی بەوەکرد داعش لە ناوچە و لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق هەیە، زیاتر بوونەتە هۆی هەڕەشەی ئەمنی بۆ ئەو ناوچانە و ناوچەکانی دیکەش. بۆ نموونە لە ناوچەکانی خانەقین، کفری دوزخورماتوو، لە رۆژئاوای کەرکوک و باشووری کەرکوک، لە قەرەچوخ و مەخموور، كە بۆشاییەکی ئەمنی گەورە لەنێوان هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە هەیە، رێکخستنەوەی داعش لەو ناوچانەدا زیاتر بووە. هەروەها باسی لەوەش كرد كە ژینگەی ئەم ناوچانەش یارمەتیدەری داعشن، بەتایبەت چیای قەرەچوخ، کە سەختە  و دەتوانن بمێننەوەو لە هەندێك شوێنیش تونێل  بۆ خۆحەشاردان دروستدەكەن.

سوپاسالاری پێشمەرگە گوتی:” لەڕاستیدا لەدوای 16ی ئۆکتوبەر دابڕانێکی گەورە لەنێوان  هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە روویدا، داعش ئەم دەرفەتەی قوستەوە و توانی بەکاربهینێ، بەڵام  لەماوەکانی رابردوودا هێزەکانی سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوبەشی چەند ئۆپراسیۆنێكیان بە تایبەتی لە رۆژئاوای دیجلە و رۆژهەڵاتی موسڵ و ناوچەکانی دیکە كردووە، بەڵام لە قەرەچوخ نەتوانراوە ئۆپراسیۆنی هاوبەش بکرێت بەهۆی بۆشایی ئەمنی لەنێوان هەردوو هێزەکە و سەختی ناوچەکە. لەماوەکانی رابردوودا و لەدوای 2018وە وردە وردە متمانە لەنێوان هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە گەڕایەوە و توانرا دوو ناوەندی سەرەکی لە بەغدا و هەولێر، هەروەها چوار ناوەندی لاوەکی لەناوچەکانی خانەقین، کەرکوک، مەخموور و رۆژهەڵاتی موسڵ دابنرێن، کە کاری هاوئاهەنگی و هاوبەشیی لەنێوان هێزەکاندا لەو ناوچانە ئاسانتر کرد و توانرا بەرنامەی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بەیەکەوە جێبەجێبکرێت. ساڵی رابردوو، قاسم ئەعرەجی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق وعەبدولئەمیر شەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق، لە هەولێر لەگەڵ سەرۆک بارزانی رێککەوتن بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و دامەزراندنی دوو لیوای هاوبەش بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش لەو ناوچانە. لەڕاستیدا هەموو کارەکانی ئەو دوو لیوایە تەواو بووە، بەڵام ماوەتەوە تەرخانکردنی بەشە بودجەی تایبەت بۆ دەستبەکاربوونی دوو لیواکە، کە هەردووکیان سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراقن و هەموو پێداویستییەکانیان لەلایەن سوپای عێراقەوە دابین دەكرێت.

فەریق جەمال ئیمینکی ئاماژەی بەوەکرد کە ئێستا داعش تاکتیکی خۆی گۆڕیوە و پێویستە هێزەکانی پێشمەرگە وهێزە عێراقییەکان تاکتیک و ستراتیژی خۆیان بگۆڕن، چونکە ئێستا داعش شەڕی  بەرەیی ناکات تا شوێن داگیربکات، بەڵام دەیەوێت بە کەمترین زیان، زۆرترین زیان بە بەرامبەرەکەی بگەیەنێت، ئەگەر سەیر بکەین رۆژ بە رۆژ ژمارەی قوربانییەکانی هێزە عێراقییەکان لەسەر دەستی داعش زیاد دەکات بۆیە پێویست بە گۆڕینی تاكتیك و شێوازەكانی شەڕ هەیە.ه ئامژاەی بەوەش  كرد هێشتاش هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵێك بواردا هاوكاری عێراق دەكات و  بەغداش بۆخۆی دەزانێت کە بە بێ هاوپەیمانان توانای رووبەڕووبوونەوەی داعشی نییە.

لەدرێژەی قسەکانیدا، فەریق جەمال ئاماژەی بەرووداوی بەندینخانەی سناعە لە حەسەکە کرد و گوتی “لەڕاستیدا ئەم رووداوە لەرووی مەعنەوییەوە بۆ لایەنگران و ئەندامانی داعش گرنگە، چونکە لە پارێزگایەکی گەورەدا و لەشوێنکی لەو شێوەیەدا توانیویانە ئەندامانی خۆیان لە زیندان رزگار بکەن، هەروەها دوای حەوت رۆژ و بەهاوکاری هاوپەیمانان ئەوسا توانرا بەشێوەیەک لە شێوەکان کۆنترۆڵبکرێت، کە ئەمەش پێشهاتێکی مەترسیدارە و دەبێت رووبەڕووی ببینەوە.

لەوەڵامی پرسیارێکی دیکەدا لەسەر رێڕەوەكانی داعش لەنێوان عێراق و سووریادا و بەکارهێنانی ئەو ناوچانە لەلایەن داعشەوە، فەریق جەمال ئیمینکی گوتی ” بەردەوام داعش لەو سەحرایە و لەنێوان عێراق و سووریا هاتووچۆ دەکات،  تاوەکو ئێستا نەتوانراوە ئەو ناوچانەش کۆنترۆڵ بکرێن و ئەستەمە بە تەواوی كۆنترۆڵ بكرێت.لەبارەی  رۆیشتنی مستەفا کازمی بۆ ئەو ناوچانە و ئەو شوێنانەش گوتی بۆ ئەوەیە کە وردەی هێزە عێراقییەکان لەو ناوچانە بەرزبکاتەوە و ئاسایشی ئەو دەڤەرە بپارێزێت.

لەروویەکی دیکەوە، لەڕاستیدا بەهۆی هەبوونی هێزەکانی وەک پەکەکە و یەبەشە کە لەلایەن حەشدی شەعبی مووچە بۆ دابیندەکرێت لەناوچەکانی شەنگال و دەورووبەری نەتوانراوە رووبەڕووی داعش بەشێوەیەکی تەواوەتی ئەنجامبدرێت، هەروەها هەبوونی ئەم هێزانە لەو ناوچانە بوونەتە مەترسی.

لەبارەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و مەترسی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی لە عێراق، سوپاسالاری پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد “کشانەوەی ئەمریکا لە 2011دا هەڵەبوو، دەرکەوت کە بووەهۆی ئەوەی ژینگەیەکی لەبار بۆ سەرهەڵدانی داعش لەو ناوچانە بێتە ئاراوە. ئێستاش لەڕاستیدا هێزە عێراقییەکان بە بێ هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان ناتوانن ئۆپەراسیۆن ئەنجام بدەن.

فەریق جەمال ئیمنکی لەبارەی دەستەی پیشەشازیی سەربازی عێراقیشەوە كە ساڵی 2019 یاساكەی بۆ دەرچووە، ئاماژەی بەوەکرد كە  تاوەکو ئێستا ئەو لیژنەیەی لە عێراق دیاریکراوە دەستبەکارنەبووە و هەروەها نوێنەری هەرێمی کوردستان  بۆ لیژنەکە دیاریكراوە  بەڵام بەتەواوەتی دەستبەکارنەبوون.

هەروەها، پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگە تەنیا ئەوانە بوون کە لەلایەن وڵاتانی هاوپەیمانەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش دابینکراوە و تاوەکو ئێستاش هەر بۆ ئەو مەبەستە دابیندەکرێت.هێزەکانی هاوپەیمانان چەک و کەرەستەی سەربازی بۆ چوار لیوای هاوبەش دابین دەکەن.

Share this Post

چالاکی