سەرهەنگ ئەحمەد
پانێڵی شەشەمی کۆڕبەندی ساڵانەی هەولێر2023 بە ناونیشانی "جەنگی سوریا و بەردەوامبوونی ناسەقامگیری: دەرچەی چارەسەر لە ئارادایە؟" بە میوانداری هەریەک لە نێکۆلاس کرانگەر نوێنەری ئەمەریکا بۆ کارووباری باکوری رۆژهەڵاتی سوریا لە وەزارەتی دەرەوە، ئەحمەد ئۆیساڵ، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست (ORSAM)، ئیبراهیم برۆ، نوێنەری ئەنجومەنی نیشتمانی کورد و رانیە کیسار، جێگری بەڕێوەبەری سەنتەری ئەمەریکی بۆ لێکۆڵینەوە لە شام بەڕێوەچوو.
لەسەرەتای پانێڵەکەدا نیکۆلاس کرانگەر، نوێنەری ئەمەریکا، باسی لە کاریگەری ململانێ و جەنگی روسیا و ئۆکراینا لەسەر ناوچەکە کرد و بەتایبەت لەسەر پەیوەندی نێوان تورکیا و سوریا قسەی کرد. سەرەتا گوتی لەپێشدا سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی قوربانیانی بوومەلەرزەکەی ئەم دواییەی ناوچەکە دەکەم. دواتر تیشکی خستەسەرئەوەی کە ئەمەریکا ساڵانە بەدوای چارەسەرکردنی ئەم ململانێیەوەیە و کاری لەپێشینەی ئەمەریکا لە سوریا بریتییە لە لەناوبردنی داعش و هاوکاری مرۆیی و ڕاگرتنی شەڕ. هەروەها پابەندکردنی حکومەتی بەشار ئەسەد بۆ رێزگرتن لە گەلەکەی و گرنگە هەموو لایەکیش لەوپرسەدا هاوکارمان بن. ئەمانە هەمووی پێویستی بە چارەسەرێکی سیاسییە و ئێمەش هاوکارین بۆ ئەو پرسە.
لە بەردەوامی پانێڵەکەدا، د.ئەحمەد ئۆیساڵ، لە بارەی بەرژەوەندییەکانی تورکیا و سوریا قسەی کرد و گوتی بێگومان تورکیا پاڵپشتی هەموو لایەنەکان بووە بۆ بەدیهێنانی دیموکراسی و باوەڕی وابوو کە ئەمەریکا شۆڕشی سوریای فرۆشت. گوتیشی ئەو گوشارەی ئەمەریکا لە جەنگی ئۆکراینا خستیە سەر وڵاتی روسیا، لە سوریا ئەمەی نەکرد و لە لایەکی ترەوە ئەمەریکا ٤٠ ساڵە پاڵپشتی پەکەکە دەکات. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ئەوان وەک حکومەتی تر کار دەکەن بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سوریا و لە ئێستادا لە سوریا میوانداری ٣.٥ ملیۆن ئاوارەی سوری دەکەن و لە بارەی بوومەلەرزەکانیشەوە، پێی وابوو هەرچەندە رووداوی ناخۆش بوون، بەڵام گیانی هاوکاری لەنێوان لایەنەکان و تاکەکاندا درووست کرد.ئۆیساڵ لەبارەی رژێمی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات قسەی کرد و، هەردووکیانی بە دەستکەلا و بێدەسەڵات ناوبرد بەشێوەیەک کە پێی وابوو بۆ رێکەوتن لەگەڵ سوریادا دەبێت لەگەڵ روسیا قسەبکەین و بەهەمان شێوە بۆ رێکەوتن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات لەگەڵ ئەمەریکا قسە بکەین.
لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی گوت کە وڵاتانی عەرەبی و رۆژئاوا دواکەوتن لە یارمەتیدانی خەڵکی سوریا، تەنانەت هەرێمی کوردستان هاوکاری پێشکەشی سوریا کرد.
لە درێژەی پانێڵەکەدا، ئیبراهیم برۆ، دەربارەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا وتی بایەخی نێودەوڵەتی بۆ سوریا کەمبۆتەوە. ئۆپۆزسیۆنی سوری ئاراستەی جیاوازەی تێدایە و تا ئێستا رێکەوتنێکی نێودەوڵەتی نییە لەو بارەیەوە و گوتیشی رۆژئاوا خۆی سنووردار کردووە بە گەماڕۆی ئابووری، بەڵام ئەم جۆرە حکومەتانە ناتوانرێت بە گەمارۆی ئابووری لاببرێن. لەبارەی هاوکاری تورکیا لەو بارەیەوە پێی وابوو تورکیا هەرگیز هیچ ناکات ئەگەر لەبەرامبەردا شتێکی پێنەدرێت.
لە کۆتایی پانێڵەکەدا، رانیە کیسار بەر لە قسەکردن لەسەر بارودۆخەکە، دڵخۆشیەکی زۆری دەربڕی کە لە هەمان رۆژدا توانیویەتی سەردانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بکات، ئەو دەزگایە بێبەرامبەر هاوکاری قوربانیانی بوومەلەرزەکەی سوریا و تورکیای کرد.
دواتر باسی ئەزموونی خۆی کرد لە درێژەی ئەم چەند ساڵە کە چۆن گەواهیدەری کۆمەڵکوژی خەڵکی سوریا بووە لەلایەن رژێمی بێبەزەیی سوریا و وڵاتی ئێران و روسیا. هەروەها وتی سوریا هەرگیز ناگەڕێتەوە ساڵی ٢٠١١ و ئەسەد دەبێت سزابدرێت و داوای لە خەڵکی عیراق کرد فشار بۆ سەر حکومەتەکەیان بهێنن کە دژی ئەو تاوانکاریە بوەستێت کە رژێمی سوریا بەرامبەر خەڵکی بێتاوان ئەنجامی دەدات.
رێکخەران
سەنتەری ئەمریکی بۆ لێکۆڵینەوە لە شام و ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو
نوێدەکرێتەوە