چالاکی

چوارەم چاوپێکەوتنی تایبەت: سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا و بەشداریکردنە ناوچەییەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە سەردەمی ترەمپ

24-03-2025


 رۆژ زاڵە : من رۆژ زاڵەم، رۆژنامەڤانی تۆڕی میدیایی رووداوم. خۆشحاڵم ئەمڕۆ بەرێز دەیڤد شینکەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک لەگەڵمانە. هەروەک خۆشت تێبینیت کردووە، پەرۆشییەکی زۆر هەیە بۆ تێگەیشتن لەوەی چوار ساڵی داهاتووی سەرۆک ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست چۆن دەبێت. دەمەوێت بەوە دەستپێبکەم لەسەر بنەمای ئەو راگەیێندراوانەی تاوەکو ئێستا هەبوون و لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی ئەندامانی ئیدارەکەی ترەمپ، ئایا دەزانین ئاراستەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپ چۆن دەبێت؟ ئایا ئیدارەی دووەمی ترەمپ لە ئیدارەی یەکەم جیاواز دەبێت یان دووبارەکردنەوەی هەمان سیاسەتی کاردانەوە و مامەڵەیە کە لە ئیدارەی یەکەمی بینیمان؟ 

دەیڤد شینکەر: سوپاس. خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەم و سوپاس بۆ میوانداریکردنم. دەمەوێت بە باسکردنی چەند تایبەتمەندییەکی ئیدارەی ترەمپ و سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ دەستپێبکەم. یەکێک لەو تایبەتمەندییانە، هەروەک باستکرد، مامەڵەیە لە بەرامبەر شتی دیکە. یەکێکی دیکەش لە تایبەتمەندییەکانی حەزکردنە لە ئەنجامدانی گرێبەست و رێککەوتن، لە هەمووشیان گرنگتر ئەوەیە کە زۆر لە شەڕ بێزارە و دژایەتییەکی زۆری بەکارهێنانی هێزی سەربازی ئەمریکا دەکات. پێم وایە هەندێک لایەنی ئەم سیاسەتانە لەگەڵ ئیدارەی پێشوو یەکدەگرنەوە، بەڵام زۆربەی ئەم خەسڵەتانەی ئیدارەی ترەمپ کە باسم کردن زیاتر دەردەکەون، مەبەستم ئەوەیە کە ترەمپ و ئەوانەی هەڵگری دروشمی "ماگا" [ئەمریکا مەزن بکەنەوە]ـن لەم خولەدا زیاتر دەسەڵاتدار دەبن، زۆر دژی ئەو شەڕە هەمیشەییانە دەبن و دژی مانەوەی درێژخایەنی هێزەکانی ئەمریکا [لە دەرەوە] دەبن. لە رووی مامەڵەکردنیشەوە رێبازی نەریتییانەی خۆبەخشی ئەمریکا کەمتر دەبێت و مامەڵەی ئەمریکا زیاتر بەرژەوەندیخوازانە دەبێت و بەدوای سوودی راستەوخۆی ئەمریکاوەیە. پێم وایە ئەمریکا کەمتر لە شتەکان بەشداری دەکات و تێوەدەگلێت، لەبەر ئەوەی سەرنجی زیاتر دەخاتە سەر سیاسەتی نێوخۆیی، بەتایبەت سیاسەتی دژە کۆچبەری، هەروەها کەمتر سەرنج دەخرێتە سەر رۆڵی نەریتییانەی ئەمریکا وەک هاوپەیمانێکی گرنگی جیهانی. 

 رۆژ زاڵە : سەبارەت بە سەرنجی ئەمریکا بۆ سیاسەتی دەرەوە، ئایا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، چین، رووسیا و پرسەکانی دیکە کاری لەپێشینەی ئیدارەکە دەبن؟

دەیڤد شینکەر: ئیدارەی یەکەمی ترەمپ یەکەم ئیدارە بوو کە بە راستی ئەو سیاسەتەی جێبەجێ کرد کە ئۆباما زۆر باسی دەکرد، ئەویش 'سیاسەتی دەرەوەی رۆژهەڵاتی ئاسیای ئیدارەی ئۆباما' بوو کە مەبەست لێی رووبەڕووبوونەوەی چین بوو، بەشێکی جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتەش پەیوەندی بە پەتای کۆرۆناوە بوو کە ناچار بووین سەرنج بخەینە سەر چین و رۆڵی خراپی لە جیهاندا. ئەوەی کە چین گەورەترین هەڕەشەی ستراتیژییە بۆ ئەمریکا، ئیدارەی دووەمی ترەمپیش ئەو سیاسەتە جێبەجێ دەکاتەوە. پێدەچێت ئێستا سەرنجی ئەمریکا لەسەر رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێت و لەوانەشە بۆ ماوەیەک بەو جۆرە بمێنێتەوە، بەڵام پێم وایە بەشدارییەکی لاوازتری ئەمریکا دەبینین لەو پرسانەی کە لەم کۆنفرانسەدا باسیان لێوە دەکرێت، وەک سووریا و عێراق، هەروەها خواستێکی لاوازتری ئەمریکا بۆ ناردنی سەرباز دەبینن و بەدڵنیاییشەوە خواستێکی کەمتریش لە رووی ناردنی هاوکارییە مرۆییەکانەوە دەبینن. ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرنجی لەسەر ئەنجامدانی رێککەوتن دەبێت، بەتایبەت لە رێگەی فراوانکردنی رێککەوتنی ئەبراهام، ئەویش ئەگەر رێککەوتنەکە لەگەڵ سعودیە بکرێت. ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی جۆرێک لە ناکۆکی لەنێوان ئیدارەی ترەمپ و نەتەنیاهوو. بەڵام بێگومان رێککەوتن لەگەڵ سعودیە، وەک لە پانێڵی پێشوو بیستمان، هەنگاوێکە بەرەو گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، لەبری ئەوەی لە رووی سەربازییەوە رووبەڕووی ببێتەوە.  

 رۆژ زاڵە : لە کۆڕبەندی پێشووی هەولێردا تیشکت خستە سەر لێکچوونەکانی ئیدارەی یەکەمی ترەمپ و ئیدارەی بایدن لە رووی ستراتیژییان بۆ پرسەکانی تایبەت بە سیاسەتی دەرەوە. ئێستا هەمان پرسیار دروست دەبێتەوە؛ لێکچوون لە چ بوارێکدا لە سیاسەتی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا و ئیدارەی دووەمی ترەمپ هەیە و ئەو بوارانە چین گۆڕانکاری گەورە لە سیاسەتی ئەمریکای تێیاندا روودەدات؟ 

دەیڤد شینکەر: پێم وایە ئێران یەکێک دەبێت لەوانەی هەوڵ دەدرێت بگەڕێندرێتەوە نێو رێککەوتن. جیاوازی نێوان بایدن و ترەمپ ئەوەیە کە ترەمپ هەوڵ دەدات لەگەڵ ئێران بگەڕێتەوە نێو رێککەوتن و دەست بە گفتوگۆ بکات، ئەوەش لە رێگەی جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشارەوە. هاوکات، پێم وایە پشتگیرییەکانی ترەمپ بۆ ئیسرائیل بەردەوام دەبن. بە بۆچوونی من، بایدن لە زۆر بواردا لەسەر پشتگیری کەمی بۆ ئیسرائیل رەخنەی لێگیرا، بەڵام پێم وایە بایدن یەکێک بوو لەو سەرۆکانەی زۆرترین پاڵپشتی ئیسرائیلی لە مێژوودا کرد؛ پێم وایە ئەو پاڵپشتییە بەردەوام دەبێت. جگە لەوە، پێم وایە بەراورد بە ئیدارەی بایدن، کەمتر گرنگی بە پێشهاتەکانی سووریاش دەدرێت و بەداخەوە کەمتر گرنگی بە عێراقیش دەدرێت. 

 رۆژ زاڵە : با مەودای گفتوگۆکانمان لەسەر عێراق و سووریا بچووک بکەینەوە. ئێستای ئیدارەی ترەمپ گوشاری زۆر دەخاتە سەر عێراق بۆ ئەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەستپێبکاتەوە، تەنانەت هەڕەشەی سەپاندنی سزاش دەکات. ئەمە چیمان لەبارەی سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر بە عێراق و هەرێمی کوردستان پێدەڵێت؟ 

دەیڤد شینکەر: پێموایە لە واشنتن، هەم لە کۆنگرێس و هەم لە ئیدارەی ترەمپ، پشتگیرییەکی زۆر و هاوسۆزییەکی زۆر بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە. ئەمەش لە چەندین رووەوە سوودی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت، بەتایبەت ئەگەر قەبارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کەمبکرێتەوە، پێدەچێت هێزێکی کەم لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە. هەروەها لەگەڵ کەمکردنەوەی یارمەتی دارایی سەربازیی ئەمریکا لە جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو، پێموایە لەوانەیە ئەو 20 ملیۆن دۆلارەی مانگەی پێشمەرگە بەردەوام بێت. هەرچەندە لەوانەیە هەندێک مەرجی لەسەر دابندرێت، ئێستاش مەرج لەسەر پێدانی ئەو پارەیە بە پێشمەرگە هەیە، ئەویش مەرجی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەیە، بەڵام جێبەجێ نەکراوە. سەبارەت بە عێراق، پێموایە دەگەڕێینەوە ئەو جێگەیەی کە لە ئیدارەی یەکەمی ترەمپ لێی بووین، ئەویش دەستکردنە بەوەی عێراق بچێتە ستانداردێکی بەرزتر. ئەگەر سەیری یاداشتی ئاسایشی سەرۆکایەتی بکەیت لە 4ـی شوبات، وەکو کاری لەپێشینە باس لە عێراق دەکات، وەکو کاری لەپێشینە بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار دژ ئێران باسی دەکات، کە هەموو رێگەکان بۆ بەکارهێنانی نایاسایی دۆلار دابخات، رێگە لە قاچاخی بگرێت کە سەرچاوەی پارەیە بۆ رژێمی تاران. هەروەها هەنگاو دژی قاچاخچێتی دەگیرێتەبەر و هەوڵێک بۆ ناچارکردنی حکومەتی عێراق دەبێت بۆ ئەوەی نەبێتە پەناگە بۆ بریکارەکانی ئێران، وەکو حەشد.  

 رۆژ زاڵە : ئایا ئەوە هیچ شتێکمان سەبارەت بەوە پێدەڵێت کە ئێستا سەرۆک ترەمپ چۆن سەیری عێراق دەکات؟ ئایا ئەوە هیچ شتێکمان پێدەڵێت لەسەر ئەوەی کە سەرۆک ترەمپ عێراق وەکو ئەکتەرێک دەبینێت کە پێویستە ناچار بکرێت بۆ ئەوەی هەندێک داواکاری ئەمریکا لە ناوچەکە جێبەجێ بکات؟   

دەیڤد شینکەر: پێموانییە ترەمپ زۆر بیر لە عێراق بکاتەوە، عێراق بەشێکە لە کەمپەینی ئەوپەڕی گوشار. ئەگەر توویتەکانی جۆ ویڵسن بخوێنینەوە، کە دڵنیام دەیانخوێنینەوە و زۆر کەس لێرە بە سەرنجەوە دەیخوێننەوە. عێراق وڵاتێکە بە بڕوای من دەبێت هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا و ئێران بپارێزێت. تاوەکو ئێستا حکومەتی عێراق مووچەی 338 هەزار ئەندامی حەشد دەدات، لە نێویاندا ژمارەیەک کەس هەن کە لە لیستی تیرۆری ئەمریکان، پێموایە ئەم دەبێتە کێشە بۆ ئیدارەی ترەمپ.  

 رۆژ زاڵە : لەگەڵ راگرتنی یارمەتییە دەرەکییەکانی ئیدارەی ترەمپ و فەرمانکردنی ترەمپ بە پێنتاگۆن بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ کەمکردنەوەی بودجە بکەن، ئەگەری ئەمە چەندە کە بودجەی پێشبینیکراوی بەرگری بە نەگۆڕی یاخود بەبێ بەربەست بمێنێتەوە؟ دەزانین کە لە ساڵی 2025 ئەمریکا نزیکەی 528 ملیۆن دۆلاری بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزە عێراقییەکان تەرخان کردووە... 

دەیڤد شینکەر: مەبەستت سووریایە یان عێراق... پێموایە ئەو 430 ملیۆن دۆلارەی کە دەکەوێتە نێو چوارچێوەی پارەدارکردنی سەربازی دەرەکی ئەمریکا بۆ عێڕاق دەبڕدرێت، لەوانەیە هەندێکی بمێنێتەوە، بەڵام پێموانییە کە سەرۆک ترەمپ ئەمە بخاتە پێشینەی کارەکانی و وەکو شتێک سەیری بکات کە سوودی بە ئەمریکا گەیاندبێت. کاتێک کە من باسی ئەم بابەتە دەکەم، دەمەوێت بڵێم کە من هاوڕای ئەمە نیم. پێموایە بەرژەوەندیی ئەمریکا لەوەدایە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە لە عێراق بمێنێتەوە، کە هەموویان پەیوەندییان بە ئێرانەوە نییە. پێموایە سەرۆک [ترەمپ] نەک تەنیا ئەو 2 هەزار و 500 سەربازەی عێراق، بەڵکو ئەو  850 سەربازەی کە لە سووریا بوون و ئێستا ژمارەیان بۆ دوو هەزار بەرز کراوەتەوە وەکو بەشێک لە سەربازانی جەنگە هەمیشەییەکان دەبینێت. ئەمەش شتێکە کە سەرۆک گوتوویەتی بۆ ئەم مەبەستە بە سەرۆک هەڵبژێردراوە کە کۆتایی پێبێنێت. هەربۆیە پێشبینی دەکەم کە سەرۆک [ترەمپ] پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بێ کەموکوڕی لە ئەردۆغانەوە پێدەگات. ئەردۆغان، بە بڕوای من، بە گوێی ترەمپدا دەچرپێنێت و سەرۆک رازی دەکات بەوەی کە تورکیا دەتوانێت رۆڵی ئەمریکا لە سووریا وەربگرێت، دەتوانێت ئاسایش فەراهەم بکات، دەتوانێت ئاسایشی تەواوی کەمپەکان دابین بکات و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا شەڕی داعش بکات و پێدەچێت ئەمریکا هێزەکانی بکشێنێتەوە و دواتریش هێزەکانی لە عێراق کەمبکاتەوە.

 رۆژ زاڵە : کورد زیاتر لە 15 هەزار کەسییان لە شەڕی دژ بە داعش بەخشی، کە بە سەرکردایەتی ئەمریکا بەڕێوەچوو. رۆژی سێشەممە، کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانیی سووریا بەبێ بەشداری هیچ پارتێکی کوردی کۆتایی هات. لە بەرامبەردا، 35 پارتی کوردی راگەیێندراوێکی هاوبەشییان دەرکرد و تێیدا نیگەرانی خۆیان لەو ئاراستەیە دەربڕی لە دیمەشق گرتوویەتییە بەر. چەندین راگەیێندراو دەرکران، بەڵام هیچییان باسییان لە مافی کوردەکان نەکرد یان تەنانەت دانیان بە بوونی کوردەکان لە وڵاتەکەدا نەنا. پرسیارەکە ئەوەیە: هەڵوێستی ئەمریکا لە بەرامبەر دوورخستنەوەی کورد چییە؟ پێتوایە کە واشنتن هەڵوێستی لەسەر ئەم پرسە دەبێت یان گرنگی پێنادات؟ 

دەیڤد شینکەر: دەمەوێت بەوە دەستپێبکەم کە نیگەرانییەکی زۆر سەبارەت بە ئەحمەد شەرع و داهاتووی سووریا هەبووە، کە ئاخۆ ئەو ئەندامی داعش یان قاعیدەیە. بە دڵنیاییەوە، بۆ ماوەی 8 ساڵ، ئەحمەد شەرع دژی داعش و قاعیدە جەنگاوە. ئەو شتی زۆری گوتووە کە شتەکان دروستن سەبارەت بە داهاتووی سووریا، ئەوانیش لێبووردەیی، فرەیی و جێبەجێنەکردنی شەریعەتن. لەوانەیە لە کۆتاییدا شەرع ببێتە سەرکوتکار، بەڵام هێشتا پێموایە کە لە رژێمی ئەسەد باشترە، کە نیو ملیۆن هاووڵاتی سڤیلی خۆی کوشتن و 6 بۆ 10 ملیۆن سووریایی ناچار بە کۆچکردن کرد، کە زۆربەیان سوننە بوون. پێموایە ئەوەی ئەسەد لە کوشتنی خەڵک کردی لە کۆمەڵکوژی دەچێت و ئەوەیشی لە ئاوارەکردنی خەڵک کرد لە پاکتاوی نەژادی دەچێت. هەربۆیە پێموایە شەرع باشتر دەبێت. ئەو کۆنفڕانسە [کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی سووریا] کە رێکخرابوو، بە خراپی رێکخرابوو، خەڵکێکی کەم ئامادەی بوون، ئەوەش نیشاندەری ئەوە بوو کە رێکخستنەکەی باش نەبوو، هەروەها باش بیری لێنەکرابووەوە. بەهیوام کە لە داهاتوودا بەویژدانتر بن. بە بڕوای من ئەو کۆنفرانسە کۆنفرانسێکی پێشوەختە بوو بۆ ئەوەی ئامادەکاری بۆ کۆنفرانسێکی راستەقینەی دەستووری بکرێت. پێموایە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت سەرنجی لەسەر ئەوە بێت کە هانی شەرع و ئەوانی دیکە بدات کە لە داهاتوودا باشتر هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێن. دووبارە دەیڵێمەوە کە لەوانەیە ئەمە ببێتە رژێمێکی سەرکوتکار و نالێبووردە و بکوژ. رژێمی ئەسەد رژێمێکی سەرکوتکار، نالێبوردە و بکوژ بوو. هیواخواز بووم کە پێوەرێکی بەرزتری پێشبینی هەبووایە، بەڵام پێموایە رۆژئاوا دەبێت بە وردی چاودێری ئەو ئاراستەیە بکات. دوایین خاڵ کە ئاماژەی پێدەدەم ئەوەیە کە سەرۆک ترەمپ رایگەیاند، سەرنجی لەسەر تێوەگلان لە سووریا نییە. پێم وایە کە ئەمە هەڵەیە، ئەمریکا دەبێت بەشداری لە داڕشتنی ئاراستەی داهاتووی سووریا بکات بۆ ئەوەی بەرەو ئاراستەیەکی ئەرێنی پاڵیان پێوە بنێت و بەرەو کۆمەڵگەیەکی گشتگیر هانیان بدات کە تێیدا هەموو پێکهاتەکانی سووریا رۆلیان تێدا هەبێت و مافەکانیان پارێزراو بێت، بەڵام پێموایە ئەوەی تاوەکو ئێستا دەیبینین ئەوەیە کە ترەمپ نایەوێت لەمە تێوەبگلێت و بە ئەورووپییەکانی دەسپێرێت.  

 رۆژ زاڵە : لەگەڵ هەموو گۆڕانکارییە رادیکاڵییەکانی ساڵی رابردوو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئایا تاوەکو چەند دەگونجێت سەرۆک ترەمپ هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بکشێنێتەوە؟ گوێم لە زۆر کەس دەبێت کە دەڵێن، دەبێت لەبەر چەند هۆکارێک هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بمێننەوە. ئایا ئەمە بژاردەیەکی دوولایەنەیە یاخود تەنیا بژاردەیە یان رێگەچارەیەک هەیە لەم نێوەندەدا کە دەتواندرێت جێبەجێ بکرێت؟   

دەیڤد شینکەر: سیاسەت تایبەتە بە کەسەکان و دەبێت بزانین ئەو کەسانە کێن لە واشنتن پۆستییان دەبێت. دەزانین جۆڵ رەیبێرن دەبێتە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نزیک. دەبینین کە تا چ رادەیەک، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەم بابەتەدا بەشداریی دەبێت. وەزارەتی بەرگریش هەروا، پێموانییە ئەوان بیانەوێت لە سووریا بمێننەوە. ئەردۆغان، تورکەکان دەیانەوێت ئەم رۆڵە لە سووریا بگێڕن. دەیانەوێت ئەمریکا لە سووریا بچێتە دەرەوە. ئەوان سووریا وەکو ناوچەیەکی ژێر هەژموونی خۆیان دەبینن. ئەوەش هەروەک دەزانن، بەتایبەت بۆ کوردەکان باش نابێت. هەر ئەوەش شتە دوولایەنەکەیە، چونکە واشنتن پاڵپشتی لە کوردەکان دەکات، بەڵام ترەمپ جۆرێک لە پەیوەندی لەگەڵ ئەردۆغان هەیە، کە لەوانەیە رۆلێکی گەورەتر بە تورکیا لە سووریا بدات. چەند تورکەکان رۆلی گەورە لە سووریا بگێڕن، ئیسرائیلییەکان رۆڵی گەورەتر دەبینن، لەبەر ئەوەی ئەم دوو وڵاتە کە یەکێکیان هاوپەیمانێکی گەورەی ناتۆیە و ئەوەی دیکەش هاوبەشی ناتۆیە، ئەم دوو وڵاتەش پەیوەندییەکی زۆر باشییان لەگەڵ یەکدیدا نییە. 

 رۆژ زاڵە : خۆشحاڵم کە ئاماژەت بەوە کرد، لەبەر ئەوەی هەروەک ئاماژەت پێ کرد، کشانەوەی هێزەکان لە سووریا تەنیا لە نێوان تورکیا، ئەمریکا و کارەکتەرەکانی دیکەی ناوچەیی نییە، هاتووچۆی دیپلۆماسیمان لە ئاستی بەرز لە نێوان سعودیە و بەرپرسی نوێی دیمەشق بینیوە، ئایا ئەمریکا بە دژایەتیکردنی ئێران رەوایەتی بە بوونی خۆی لە سووریا دەدات.

دەیڤد شینکەر: نەخێر... ئەمریکا هەرگیز دەسەڵاتی مانەوەی لە سووریا نەبووە.

 رۆژ زاڵە : راستە، بە فەرمی نەبووە، بەڵام ئێستا فاکتەری ئێران تاوەکو ڕادەیەک نەماوە. لەسەر پرسی شەڕی داعش، تورکیا پێشنیاز دەکات یان ئاماژە دەکات کە دەتوانێت سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەک بکات بۆ وەرگرتنی ئەم رۆڵە. بەڵام ئەکتەرەکانی دیکەی ناوچەیی، سعودیە بە نموونە، چۆن کاردانەوەیان دەبێت بۆ رۆڵێکی فراوانتری تورکیا لە سووریا؟

دەیڤد شینکەر: بەڵێ، هەر لەبەر ئەمەشە کە دەبینین ئیماراتی عەرەبی، سعودیە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە تێوەگلاون. ئەوانیش نیگەرانی مەیلی فراوانخوازییەکانی تورکیان. پێموایە خودی ئەحمەد شەرع، کە بێگومان بە جۆرێک لە جۆرەکان کەسێکی ئیسلامییە، ئینجا قاعیدە بێت یاخود ئیخوان موسلیمین، ئەمەش روونە کە لەگەڵ تورکیا هەمان ئایدۆلۆژیایان هەیە، کە لە بنەڕەتدا هاوسۆزی زۆرە بۆ رەوتی ئیخوان موسلیمین. بۆیە پێموایە پەیوەندییەکی سرووشتی لە نێوان حکومەتەکانی دیمەشق و تورکیادا هەیە، بەڵام جێی نیگەرانییە. سووریا، هەروەک دەزانن، ناوەندی ناوچەکەیە، سنووری لەگەڵ ئوردنی هاوپەیمانی ئەمریکا هەیە. سنووری لەگەڵ لوبنان، تورکیا، ئیسرائیل و عێراقیش هەیە. ئەگەر حکومەتێکی بەهێز لە سووریا نەبێت کە بەشێوەیەکی کاریگەر خاکەکەی کۆنتڕۆل بکات، ئەوا دەکرێت دەرئەنجامی ناوچەیی هەبێت و زیانی زۆر بە ناوچەکە بگەیێنێت و زیانەکەی بەجۆرێک دەبێت کە کەس نایەوێت بیبینێت… دەکرێت وەکو لیبیای لێبێت. هیچ کەس ناتوانێت بڵێت کە سووریا، ئەحمەد شەرع دەتوانێت هەموو ئەو میلیشیایانە بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی لەم هەوڵە بۆ دروستکردنی دەوڵەت سەرکەتوو دەبێت.  

 رۆژ زاڵە : تەنیا کاتم بۆ دوایین پرسیار هەیە، دەمەوێت بگەڕێمەوە سەر باسکردنی یارمەتییە دەرەکییەکانی ئەمریکا و سەرنجی سەرۆک ترەمپ لەسەر راگرتنی یارمەتییە دەرەکییەکان. کاتێک کە دێتە سەر دۆخی کەمپی هۆل، دەزانین لە رابردوودا، هاندانی وڵاتانی دیکە بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتییانیان لە کەمپی هۆل زۆر سەرکەوتوو نەبووە، کە نزیکەی 40 هەزار کەسی پەیوەندیدار بە داعش لەخۆدەگرێت. لەگەڵ ئاماژەکردنی ئیدارەی ئەمریکا کە ناتوانێت پارە بۆ کەمپی هۆل دابین بکات، واشنتن دەتوانێت چ ستراتیژییەکی دیکەی جێگرەوە پەیڕەو بکات بۆ ئەوەی رێگە بگرێت لەوەی کەمپەکە ببێتە شوێنی سەرهەڵدانەوەی داعش؟  

دەیڤد شینکەر: پێموایە ئێمە لە سەردەمێکی زۆر زووی ئیدارەی ترەمپداین. ئیدارەی ترەمپ هەموو پارەدارکردنەکانی راگرتووە. پێموایە ئەوان لە پرسی چارەسەرکردنی کێشەی خەرجییەکانی ئەمریکا لە بری چەقۆ، چەکوشیان بەکارهێناوە. ئەوان نێوەندی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستنیان لە نەخۆشییەکان بڕیوە. ئەمەش مانای وایە ئێمە لێکۆڵینەوە لە نەخۆشی ئیبۆلا لە ئەفریقا ناکەین، لێکۆڵینەوە لە سوورێژە یان ئەنفلەوەنزای باڵندە لە ئەمریکا ناکەین. دەبوو ئەو کەسانە دابمەزرێندرێنەوە، ئەو کەسانەیان دەرکرد کە بەرپرسی ئاسایشی چەکی ناوەکی بوون لە ئەمریکا، دەبوو ئەو کەسانە بگەڕێنینەوە و دایانبمەزرێنینەوە، ئەمەش یەکێکی دیکەیە لەو کەیسانەی کە پارەکانیان بڕاوە، کە یارمەتی پاراستنی ئاسایشی خەڵک دەدات و پارەکانیان لەلایەن وەزارەتی بەرگرییەوە دابین دەکرێت. هێشتا پاسەوان هەن کە پارەکانیان پێدەدرێت، بەڵام خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان و خزمەتگوزارییەکانی دیکە وەستاون. ئەمەش لە ماوەیەکی دوورمەودا کێشەیەکی گەورە دروست دەکات. هیوادارم مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەمە وەک شتێکی گرنگ ببینێت و داکۆکی لە گەڕانەوەی بکات، ئەگەر نا دەبێت وڵاتانی دیکە، لەوانە ئەورووپا هەبن، کە بەراستی هەنگاو بنێن و ئەم خەرجییە دابین بکەن. ئەمریکا کاری زۆر لە جیهاندا دەکات، لەوانەیە وەکو رێژە، بە ئەندازەی وڵاتانی دیکە نەبێت، بەڵام وەک بڕی گشتی، بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەر وڵاتێکی دیکەی جیهان لە رووی ئاسایشی مرۆیی زیاترە. ئێمە بەرپرسیارێتی زۆرمان هەیە و قەرزێکی زۆریشمان هەیە. ئەم ئیدارەیەش باش بێت یان خراپ پابەندە بە کەمکردنەوەی قەرزەکان. بنەمایەکی دیکەی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپیش دابەشکردنی ئەرکەکانە، کە هاوبەشەکانمان دەبێت کاری زیاتر بکەن. هەرچەندە من تاوەکو ئێستا لەگەڵ زۆربەی ئەو سیاسەتە ناکۆکم، بەڵام دابەشکردنی ئەرکەکان کارێکی دروستە. پێموایە ئەمریکا پابەند نەکراوە بەوەی کە بەرپرسیار بێت بۆ پارەدارکردنی هەموو ئەرکێک لە جیهاندا، بەتایبەت ئەو ئەرکانەی کە راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دەوڵەتانی دیکە دەبێت و توانایان هەیە ئەو خەرجیانە لە ئەستۆ بگرن. 

 رۆژ زاڵە : تۆ لە وەزارەتی دەرەوە کارت کردووە، سڕینەوەی ئەو ئامرازە دیپلۆماسییە گرنگە نیگەرانت دەکات بەوەی کە لایەنەکانی دیکە سوود لەو دەرفەتە وەربگرن و پێگەی خۆیانی پێ لە سووریا بەهێز بکەن؟  

دەیڤد شینکەر: بەڵێ، ئەمە پرسیارە سەرەکییەکەیە بۆ ئیدارەی ترەمپ و بۆ ئەمریکاش لە داهاتوودا. ئێمە ئامرازی زۆر کەممان لەبەر دەستە، ئامرازی زۆر بچووکمان بۆ سیاسەتی دەرەوە لەبەر دەستە. ئێمە رێگەی دیپلۆماسیمان هەیە کە دەتوانین بڕوا بە وڵاتان بهێنین کە شتەکان بکەن. ئێمە ئامرازی سەربازیمان هەیە، دەتوانین هەڕەشەتان لێبکەین. دەتوانین هێرشتان بکەینە سەر. دەتوانین بە درۆن هێرشتان بکەینەسەر. ئێمە ئامرازی زۆرەملێی ئابووریمان هەیە، ئەویش سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە، کە سزای وێرانکەرن، بارێکی زۆر قورس دەخاتە سەر ئەو کەسانەی کە دەخرێنە ژێر ئەو سزایانە. هەروەها ئێمە ئامرازی هاندەرمان هەن، کە یارمەتییە ئابووری و مرۆییەکانن، ئەوەش ئەم شتەیە کە ئەمریکای بەشێوەیەکی نەریتی لە دەوڵەتانی دیکە جیاکردووەتەوە. ئێمە بەشیوەیەکی مێژوویی بەخشندەییەکی نەبڕاوەمان هەبووە، ئەگەر ئەو ئامرازە لەنێو ئامرازەکانی دیکە دەربهێنین، پێموایە بە تێپەڕبوونی کات بەشێوەیەکی دراماتیکی توانامان زیاد دەکات بۆ ئەوەی بڕوا بە نەیارەکان و دۆستەکانمان بهێنێین بۆ ئەوەی بە ئاراستەی سیاسەتی ئێمە بجوڵێنەوە. هەروەها من نیگەرانی ئەوە نیم کە وڵاتان، لەنێویاندا چین ئەو بۆشاییە پڕبکەنەوە، لەبەر ئەوەی چین پارە نابەخشێت، چین وەکو تاڵانکارییەک پارە بە قەرز دەدات، ئەوەش دەبێتە دەبێتە تەڵەیەک. دەتوانی تەنیا پرسیار لە ئوردن و جیبۆتی بکەیت لەبارەی ئەم شتە. بە شێوەیەکی مێژوویی بەخشندەیی نەبڕاوە. ئەگەر ئەو ئامرازە لە قوتوی ئامرازەکان دەربهێنیت، پێموایە بە تێپەڕبوونی کات بە شێوەیەکی دراماتیکی توانامان زیاد دەکات بۆ قەناعەتپێکردنی نەیاران و هاوبەشەکان بۆ جووڵاندن بە ئاراستەی سیاسەتی ئێمە. من زۆر نیگەران نیم لەبارەی وڵاتانی وەک چین کە ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە. چین پارە بەخشین ناکات. چین پارە بە نرخی تاڵانکەر قەرز دەدات کە دەبێتە هۆی تەڵەی قەرز. دەتوانیت تەنیا لە ئوردون یان جیبوتی بپرسیت. من بە ڕاستی دەمەوێت ئەم گفتوگۆیە بەردەوام بکەم.

February - 2025
Thursday
27
10:10 AM
-
10:40 AM
Share this Post

چالاکی