وەرزی نوێی بەرنامەی چوارقۆڵی لە 09-01-2023 دەستیپێکردەوە و هەفتانە رۆژانی دووشەممە لەلایەن زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو مۆدیرەیت دەکرێت و تێیدا لەگەڵ کەمال رەئووف، رۆژنامەڤان و عەدنان عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی و میوانێکی دیکە کە هەفتانە دیاری دەکرێت، دوایین پێشهاتەکانی کوردستان تاوتوێ دەکرێن.
مژاری سەرەکی بەرنامەی یەکەمی چوارقۆڵی، لە چەندین رەهەندی جیاوازەوە تیشکی خستە سەر ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی و دۆخی هەرێمی کوردستان؛ ئاسۆی 2023.
باس لە دوایین نامە ئاڵوگۆڕکراوەکانی نێوان پارتی و یەکێتی کرا و ئەگەرەکانی کۆبوونەوەی ئەو دوو پارتە تاوتوێ کران. لە لایەکی دیکەشەوە، کاریگەری هەلومەرجی نێوخۆیی و دەرەکی لەسەر پەیوەندییەکانی ئەو دوو حیزبە روونکرانەوە.
لە دەستپێکدا، زریان رۆژهەڵاتی جەختی لە دەستپێکردنەوەی بەرنامەی چوارقۆڵی کرد و گوتی، "رەنگە جیاواز بیربكەینەوە، بەڵام تەقەلای هەرسێكمان ئەوەیە تا كەسانی چوارەمیش بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم مێزە كۆبكەینەوە."
کەمال رەئووف گوتی، "دەبێت دەنگی خەڵک بین لەگەڵ قۆڵی چوارەم لە بەرنامەکەدا، بۆ ئەوەی دەنگییان بە دەسەڵات بگات و لە کێشەکانی کۆمەڵگە ئاگاداربکرێنەوە." دواتریش، عەدنان عوسمان باسی لە گرنگی بەرنامەکە کرد و گوتی، "پێدەچێت بەرنامەیەکی لەم چەشنە نەتوانێت هەموو بۆشاییەکان پڕ بکاتەوە، بەڵام هەوڵێکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە گەورەیە کە لە کۆمەڵگەدا هەستی پێدەکرێت."
کەمال رەئووف باسی لەوە کرد، کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی "قووڵترن" لەوەی کە باس دەکرێت و گوتی: ململانێکان لەسەر داهاتەکانی سەر سنوور، فرۆشی نەوت، کێشەکانی دەرمان و مووچە و چەندین بابەتی دیکەی ئابوورین. یەکێتی ناڕازییە لەوەی کە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی کەمترە. گوتیشی: پارتی دەیەوێت کێشەی داهات و مووچە بە ناوەندی بکرێتەوە و ئەوەش کێشەکانی نێوان هەردوو لایەنەکەی زیاتر کردووە.
لەسەر ئەو بابەتە، عەدنان عوسمان باسی لەوە کرد، کێشەکانی ئەمجارەی یەکێتی و پارتی "رووکەش نین و بنەڕەتین." بە گوتەی عەدنان عوسمان: کێشەکان زیاتر دەگەڕێنەوە بۆ دەستوەردانی حیزبی لەسەر بابەتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان و حیزبەکانیش بوونەتە حیزبی ناوچەیەکی دیاریکراو. بۆیە ئەو رێکایانەی کە پێشتر ئەزموونکراون، چیدیکە چارەسەری کێشەکان ناکات.
عەدنان عوسمان گوتیشی، کێشەکان کێشەی کارگێڕی و ئیدارەدانن. هەم پارتی و هەمیش یەکێتی، دەیانەوێت جێگەپەنجەیان دیار بێت لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان.
زریان رۆژهەڵاتی جەختی لەوە کردەوە، لە 24-10-2022وە تائێستا تەنیا نامەیەک و بروسکەیەک لە نێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕکراوە و کۆبوونەوەی فەرمی نەکراوە، بۆیە کێشەی کەمی دیالۆگ هەیە. لەوەش زیاتر، لەم قۆناخەی ئێستا کە گەڕی چوارەمی ناکۆکییەکانی مێژووی یەکێتی و پارتییە، بێجگە لە فاکتەرە ناوخۆییەکانی وەک جێگۆڕکێی سەرکردەکان و هاتنی جیلێکی نوێی سەرکردایەتی، فاکتەری گۆڕانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکاتیش بەشێکی دیمەنەکەیە. ململانێی هێزداری لە جیهان و گۆڕانی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە، دەستی هێزە ناوچەییەکانی وەک ئێران و تورکیای بۆ پرسی کورد ئاوەڵڵاتر کردووە. ئەمەش وا دەکات لەلایەک سەرکوتکاریی کورد زیاتر بێت، هەم دەستوەردان لە پەیوەندی نێوخۆیی کورد. بۆیە لەم روانگەیەوە کێشەی یەکێتی و پارتی تەنیا پرسێکی ناوخۆیی نییە.
سەبارەت بەدەستێوەردانی دەرەکی و هەلومەرجی ناوچەکە، کەمال رەئووف باسی لەوە کرد: زانیاری هەیە ئێران دەیەوێت لە رێگەی حکومەتی ناوەندیی عێراقەوە دەست بەسەر دەروازە سنوورییەکاندا بگرێتەوە و جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیەش هێزی حکومەتی عێراق بەسەر هەرێمی کوردستاندا زیاد دەکات.
هەروەها عەدنان عوسمانیش گۆڕانکارییە جیهانی و ناوچەییەکانی بە بابەتێکی گرنگ لەسەر ئاڵوگۆڕیی دەسەڵات لە ناوچەکە ناوبرد و گوتی: "یەکێتی و پارتی دەبێت پلانیان هەبێت بۆ داهاتووی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەوەی دیارە ئەو دوو حیزبە جگە لە پلانی حیزبی هیچ پلانێکی گشتگیریان بۆ هەرێمی کوردستان نییە."
لە بەرنامەکەدا هاوڕاییەک هەبوو لەسەر ئەوەی کە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، کاریگەری لەسەر گوزەرانی خەڵک، پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، پەیوەندییەکانی کورد لەگەڵ دنیای دەرەوە و پرسی کورد لە تەواوی ناوچەکەش دادەنێت.