مژاری سەرەکی بەرنامەی دووەمی چوارقۆڵی، تیشک خستنە سەر ململانێی نێوان پارتی و یەکێتی و دۆخی هەرێمی کوردستان بوو، بەتایبەتی بەیاننامەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی یەکێتی لە حکومەت، دواتریش تیمی پارتی لە حکومەت و کاریگەریی بەسەر حکومەت، هەروەها باس لە چۆنییەتی چارەسەری کێشەکان کراو، دواتر گەنگەشەی رووداوە ئەمنییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرا کە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو رووداوانە یەکنەگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستانە کە ئەمیش خاڵێکە لە ناکۆکییەکانی نێوان هەردوو پارتی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان.
لە دەستپێکدا، زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، هەروەها مۆدیرەیتی بەرنامەکە گوتی"هاوکاری لەجیهانێکی پەرتەوازەدا! ئەمە ناونیشانی53یەمین کۆڕبەندی ئابووری داڤۆسە کە ئەمڕۆ دەستی پێکرد. بە گوێرەی راپرسییەکی داڤۆس کە رای ١٢٠٠ پسپۆڕی بۆ وەرگیراوە، لە دوو ساڵی داهاتوودا، گوزەرانی خەڵک، هەروەها لە دە ساڵی داهاتووشدا، لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لەسەرووی ریزبەندی گەورەترین کێشەکانی جیهان ئەمڕۆ ئەبن. ململانێی جیۆپۆلەتیکی، شۆکی سیاسی و ئابووری درێژەیان ئەبێ و ئاراستە بە رووداوەکانی دنیا ئەدەن. لە دوو ساڵی داهاتوودا، مەترسی شەڕ و پێکدادانی نێوخۆیی لە ٢٨ وڵاتی جیهان لە ئاستێکی بەرزدا ئەبێت کە یەکیان عێراقە!
بێشک، کوردستان شوێنێکی دابڕاو نییە لە دیمەنە گەورەکەی جیهانی ئەمڕۆ. گوزەرانی خەڵک، دۆخی ئابووری و لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە پێش چاوانن. سەرباری ئەوەش، ململانێی هێزە سیاسییەکانی کوردستان بەرەو خاڵێکی وەرچەرخان ئەڕوات!
بەیاننامەکانی دوێنیێ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی یەکێتی لە حکومەت، نزیکبوونی ئەو خاڵەی وەرچەرخان دەرئەخەن. ئەمە لە باشترین حاڵەتی خۆیدا، دابەشبوونە لە نێو پێکەوەبوونێکی رواڵەتیدا! وەک داڤۆس پێشنیاری ئەکات، یەکەم مەرجی سەرکردایەتی کردن لە جیهانە پەرتەوازەکەی ئەمڕۆدا، ئەوەیە کە ئامانجێکی روونت هەبێت، تاوەکوو بتوانی کۆمەڵگا بگەیەنیتە کەنارێکی ئارام! بینەرانی خۆشەویست ئەم کاتەتان باش! ئەمشەو لەگەڵ هەریەک لە بەڕێزان د. جەعفەر ئیمینکی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، عەدنان عوسمان شرۆڤەکاری سیاسی و کەمال رەوف رۆژنامەڤان، چوار قۆڵی بۆی دانیشتووین، تاوەکو لە ئامانجەکانی سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی بکۆڵینەوەو، بندێڕی بەیاننامەکانی دوێنێی هەردولا تاوتوێ دەکەین!هەروەها باسی هۆکارەکانیی دروستبوونی کێشەن لە نێوان پارتی و یەکێتی کە بریتین لە (دۆسیەی هاوكار جاف و پرسە ئەمنییەكان، پرسی موچە و داهاتی نێوخۆ، كۆنترۆڵكردنی دەروازە سنوورییەكان، هەڵبژاردن و چۆنییەتی بەشداری لە حكومەت و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەن).
سەبارەت بە راگەیێندراوەکانی تیمی پارتی و یەکێتی لە حکومەت و هەروەها سەرۆکی حکومەت، جەعفەر ئێمینکی رایگەیاند، لە وڵاتێکدا دەژین کە وڵاتێکی دیموکراسییە و هەرێمی کوردستانیش لەسەر بنەمای دیموکراسی دروستبووە و بەردەوامە، بوونی رای جیاواز تێیدا شتێکی دیموکراسی و ئاساییە، هەروەها شتێکی ئاساییە تەنانەت سەرۆکی حکومەت یان جێگرەشی یان هەر لایەنێکی بەشدار لە حکومەت رای جیاوازی هەبێت و راگەیێندراوی هەبێت.
سەبارەت بە راگەیێندراوەکانی تیمی پارتی و یەکێتی لە حکومەت و هەروەها سەرۆکی حکومەت، جەعفەر ئێمینکی گوتی" لەوانەیە کەسانێک وابیربکەنەوە ئەمانە بۆ وروژاندنی رای گشتین و مەبەستیش ئاڵۆزکردنی کێشەکانە، بەڵام من بەدیوێکی دیکە تەماشای دەکەم، پێموایە ئەو راگەیێندراوانە ئەو پەڕی جدییەتیانە و سەرۆکایەتی حکومەت ئەرکە و ئەگەر حکومەت جیددی نەبێت و توشی گرفت بێت رای گشتی و نوخبەی سیاسیی بەزەیی پێدانایێتەوە، بۆیە لە پەرۆشی ئەرکی خۆیەتی و بۆ چارەسەری کێشەکان بڵاویکردووەتەوە و بە ئاشکرا و بە خەمخۆری باسی هەموو گرفتەکانی کردووەو کە دەشیەوێ چارەسەربن".
سەبارەت بە وەڵامدانەوەی قوباد تاڵەبانی. جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ وەڵامدانەوەی راگەیێندراوەکەی سەرۆکی حکومەت، جەعفەر ئێمینکی گوتی" من وا تەماشای دەکەم کە دەربڕینی جیدییەتە، بۆیە من پێموایە ئەو راگەیێندراوانە و هەروەها گوشاری رای گشتی و نوخبەی سیاسی بۆ ئەوەبێت کە گرفتەکان چارەسەربکرێن".
عەدنان عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی سەبارەت بە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گوتی"کێشەکانی نێوان هەردوولا زیاتر شەفەویین و بە ئەرشیڤ ناکرێن و گرنگترین شت لە راگەیێندراوەکان ئەوەبوو خرایە چوارچێوەیەکی فەرمییەوە، تێبینی و ناڕەزایەتییەکانی هەردوولا لە راگەیێندراوەکانیان راستن و جیددین".گوتیشی" پێویستە ئەو هەنگاوانە جێبەجێبکرێن کە لە سوودی خەڵکی کوردستان بن".
کەمال رەئووف، رۆژنامەڤان کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی گەڕاندەوە بۆ بەر لە دروستبوونی کابینەی نۆیەم و گوتی"لە 4ی ئازاری 2019 رێککەوتنێکی 18 خاڵی لە نێوان پارتی و یەکێتی واژۆکرا، بەڵام تەنانەت دووخاڵیشیان لێ جێبەجێنەکران، ئەگەر هەموو خاڵەکانی رێککەوتنەکە جێبەجێکرابان ئەو کێشانەی ئەمڕۆ دروست نەدەبوون، تاوەکو ئێستا پارتی و یەکێتی پێیانوایە سەردەمی 50 بە 50 تێنەپەڕیوە و حیساب بۆ ژمارەی دەنگ و کورسییەکانیان ناکەن و دەیانەوێ هەردوولا شەریک بن، رەنگە سەرۆکی حکومەتی ئێستا بیەوێ هەندێ شتی جیاواز بکات، بەڵام یەکێتی قبوڵی ناکات".
کەمال رەئووف روونیکردەوە، راگەیێندراوەکانی پارتی و یەکێتی تۆمەتی قورس دەدەنە پاڵ یەکدی و هەریەکێک لایەنی دیکە تۆمەتبار دەکات بە بردنی سامانی گشتی و چەندین تۆمەتی قورس و نوێ، چونکە بە درێژایی کابینەکانی دیکە تۆمەتی لەو شێوەیە نەبینراون، تەنانەت لە 16ی ئۆکتۆبەر لەو پەڕی خراپی پەیوەندییەکانی هەردوولا، بەڵام حکومەت وەک ئێستا تووشی کێشە نەبوو، بەڵگەش بۆ قسەکانی خستەڕوو کە لە راگەیێندراوی تیمی یەکێتی لە حکومەت دەڵێن"ئەم کابینەیە خراپترین کابینەیە لە مێژووی هەرێمی کوردستان".
کەمال رەئووف گوتیشی" هەرچەندە کیشەکان زۆربن و ئاڵۆزبن، بەڵام لە کۆتاییدا رێگەکان تەنیا بۆ چارەسەرین و هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە سوود لە دۆخی ناوچەکە وەربگرێت و پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ دەرەوە باشتر بکات".
زریان رۆژهەڵاتی، باسی شێوازی راگەیێندراوەکانی تیمی پارتی و یەکێتی کرد لە حکومەت، گوتی" راگەیێندراوەکان لە کاتێکدان کە لە مانگی رابردوو دووجار ئەگەری کۆبوونەوە لە نێوان هەردوولادا هەبوو، بەڵام کۆنەبوونەوە، من بە وردی سەیری راگەیێندراوەکانم کرد، راگەیێندراوەکەی سەرۆکی حکومەت 927 وشەیە و راگەیێندراوەکەی تیمی یەکێتی لە حکومەتیش 765 وشەیە، لە هەردووکیان دۆخێکی عاتفی زۆر سەیر زاڵە بەسەریداندا، لە راگەیێندراوەکەی یەکێتی هەر سەرەتا بە وشەی بەداخەوە دەستپیدەکات و لە پەرەگرافەکانی سەرەوە پێنجار وشەی بەداخەوە بەکارهاتووە، هەروەها لە راگەیێندراوی سەرۆکی حکومەتیش سێجار وشەی بەداخەوە بەکارهاتووە، ئەمە گوزارشتە لە نارازییبوونی هەردوولا لەو دۆخەی ئێستایان و هەروودلا جەخت لەسەر کەیسی تیرۆری هاوکار جاف کراوەتەوە".
یەکێک لە هۆکارەکانی دروستبوونی کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی کەیسە ئەمنییەکانن، لەو بارەیەوە جەعفەر ئێمینکی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی" دوواین کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی 10 رۆژ پێش بەستنی کۆنگرەی 14ی پارتی بوو لە باڵەخانەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، کە تەواوی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی ئامادەبوون و باسی زۆر کەیس کرا، بەتایبەت هەڵبژاردن، بەڵام برادەرانی یەکێتی بە کەسیی ئەمنی دەستیان پێکرد، کە بەلامانەوە سەیر بوو، چونکە ئێمە سیاسیین نەک کەسی پسپۆر لە کەیسی ئەمنی، ئەمە کاری دادگاکانە نەک ئێمە، کەس نەیگوتووە برادەرانی یەکێتیی لە پشت تیرۆرکردنی هاوکار جاف بوون، بۆیە دەبوو یەکێتی دوو ئەوەندەی پارتی پەرۆشی کەیسی تیرۆری هاوکار جاف بووایە، ئەمە بووە هۆی ئەوە هەردوولا لێک دووربکەونەوە".
جەعفەر ئێمینکی گوتیشی" هیچ کێشەیەک نییە لە هەرێمی کوردستان چارەسەری نەبێت، هەرچەندە هەندێک لە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئاڵۆزبوونە، بەڵام هەموو کێشەکان قابیلی چارەسەربوونن، بەڵام پێموایە کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بەتەنیا لەسەر متمانە و دۆسیەی ئەمنی نییە، بەڵام دەرفەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەن".
عەدنان عوسمان جارێکی دیکە باسی راگەیێندراوەکانی پارتی و یەکێتی کردەوەو گوتی" هەردوو راگەیێندراوی پارتی و یەکێتی گرنگ بوون، بەڵام باش نەبوون و بەڵکو مەترسیداریشن و نیشانەی ئەوەیە هەردوولایەن لە دۆسییەکانی ئەمنی هاوکاری یەکدی نەبوونە و لە راگەیێندراوەکان رێگەیان نەداوە لایەنی سێیەم بێتە نێوانیان، بۆیە پێموایە زمانی راگەیێندراوەکان باش نەبوون و خەڵکی تووشی دڵەڕاوکێ کردووە".
عەدنان عوسمان پێیوایە" دابڕانێکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان هەیە کە کاریگەری نەرێنی لەسەر دۆخەکە دەبێت". دەشلێت" دابەشکردنی هەرێمی کوردستان لە نێوان دوولایەن زیانی هەبووەو هەیە".
دواتر باسی رووداوە ئەمنییەکان کرا و شرۆڤەی دۆخی ئەمنی کرا، بەتایبەت لە یەکنەگرتنەوەی هێزی پێسمەرگەی کوردستان، لەو بارەیەوە جەعفەر ئێمینکی گوتی" دەبێ مۆدێلێک بدۆزرێتەوە بۆ چۆنییەتی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و یەکگرتنی هێزی پێشمەرگە بۆ بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان گرنگە". باسی لە لیوا هاوبەشەکانی کرد و گوتی"لیوا هاوبەشەکان رۆڵی خۆیان بینی لە شەڕی دژی داعش و هیواخواست مۆدێلێکی نوێ بدۆزرێتەوە بۆئەوەی هێزێکی یەکگرتوو هەبێت، چونکە بوونی هێزێکی نیشتمانی بۆ بەردەوامبوونی کیانی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە".
عەدنان عوسمان، شرۆڤەکاری سیاسی پێیوایە، دابەشبوونی هێزی پێشمەرگە لە دوو زۆن کاریگەری نەرێنی هەیە و تەنانەت کەسێکی بێ لایەن شوێنی لەنێو هێزی پێشمەرگە نابێتەوە، بەم عەقڵیەتەشەوە مومکن نییە هێزی پێشمەرگە یەکبگرێتەوە".
زریان رۆژهەڵاتی باسی هاوکارییەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە کردو گوتی" هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2018 کاتێک بۆ یەکەمجار بڕی 289 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری بەخشییە وەزارەتی پێشمەرگە و دواتر لە 2019دا 250 ملیۆن دۆلار و لە ساڵی 2020دا 250 ملیۆن دۆلار و لە 2021 دووبارە 250 ملیۆن دۆلار و لە 2022شدا 260 ملیۆن دۆلار و بۆ 2023ش پێشنیازکراوە 270 ملیۆن دۆلار بداتە وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام ئەو هاوکارییانە بە مەرجی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەن و ئەگەر نەکرێت رەنگە ئەو هاوکارییانە بوەستن".
لەو بارەیەوە کەمال رەئووف رایگەیاند، یەکگرتنەوەی رووکەشی هێزی پێشمەرگە چارەسەر نییە، هاوپەیمانان پێیان راگەیاندوون هەرێمی کوردستان پیویستی بە 1250 هەزار پێشمەرگەیە، کەچی ئێمە بە ژمارە خاوەنی 246 هەزار پێشمەرگەین.
چوارقۆڵی بەرنامەیەکی هەفتانەی تەلەفزیۆنی تۆڕی میدیایی رووەداوە، شەوانی دووشەممە کاژێر 22:00 پەخشدەکرێت، زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری لێکۆڵینەوەی رووداو ، عەدنان عوسمان شرۆڤەکاری سیاسی و کەمال رەئووف، رۆژنامەڤان، لەگەڵ میوانێک پێشکێش دەکرێت.