دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و پرسەکانی سەقامگیری
"دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و پرسەکانی سەقامگیری" ناونیشانی گفتوگۆیەكی تایبەت بوو لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان كە لە رۆژی دووەمی كۆڕبەند هەولێر لەلایەن مەحمود بابانەوە بەڕێوەبرا.
هەر لە دەستپێکی گفتوگۆكەدا تیشک خرایە سەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان. بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد کە لەوانەیە بەشێک لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان کێشە بۆ هەڵبژاردنەکان درروستبکەن، بۆیە پێناچێت ئەمساڵ هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت. هەر لەسەرەتاشدا باسی لە ئاڵۆزی پەیوەندی نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەت پەیوەندی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی کرد. بافڵ تاڵەبانی باسی لەوەش کرد کە گرژی نێوان یەکێتی و پارتی کاریگەری لەسەر زۆر بوار هەبووە، لە دیارترینیشیان پڕۆسەی حکومڕانییە.
بافڵ تاڵبەانی لە چاوپیكەوتنەكەدا وەڵامی چەنیدن پرسیاری دایەوە لە بابەتی كێشەكانی نێوان پارتی و یەكێتی هەتا پرسی وزە و گرفتە نێوخۆییەكانی حیزكەیشی روونكردنەوەی جیاجیای دا.
دەقی پرسیار و وەڵامەکان
پرسیار: گەلی کوردستان پێیوایە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بووەتە هۆی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان، وەکو سەرۆکی یەکێتی چۆن بیردەکەیتەوە بۆ نەهێشتنی ئەم ناکۆکییانە؟
بافڵ تاڵەبانی: حەزدەکەی بە روونی یان دیپلۆماسی یان چۆن قسە بکەین؟
پرسیار: پێمخۆشە بە روونی قسە بکەین.
بافڵ تاڵەبانی: زۆرباشە، منیش ئەوەم پێخۆشە، من بە سەراحەت قسە دەکەم، نەک هەر موشکیلەی هەرێمی کوردستان حیزبەکانە، بەڵکو موشکیلەی هەموو کورد حیزبەکانە. تۆ سەیری کێشەکان بکە لە نێوان ئێمە و پارتی دیموکراتی کوردستان، شتی زۆر زۆر بچووک و سادەن، ئێمە وەکو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەرگامان هەر کراوە بووە بۆ گفتوگۆ، ئێمە دەستپێشخەری دەکەین بۆ دانیشتن، بە هەموو جۆرێک ئامادەین، پێویستبکات لەگەڵ کێ دابنیشین و بچین بۆ کوێ؛ ئێمە ئامادەین.
تێڕوانینێک هەیە کە گوایە یەکێتی ئەم دۆخەی بە دڵە، بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێچەوانەکەیەتی و ئەم دۆخەی پێناخۆشە، میللەتەکەمان زەرەر دەکات؛ حیزبەکان کێشەیان نییە. خەڵکی زۆنی ئێمەیە مووچەی پێنادرێت، نەخۆشخانەی ئێمەیە دەرمانی پێنادرێت، هێزی ئێمەیە مووچەی بڕاوە، هەموو پرۆژەیەک لە سنوورەکەی ئێمە وەستاوە.
من پرسیارێکتان لێدەکەم، کێ عەقڵی تەواوبێت ئەمەی بە دڵە؟ کەس. حەقە ئێمە بە شتی دیکە خۆمان سەرقاڵ بکەین، ئەم شتە بچووکانە کردوومانە بە کێشە بە پێنج خولەک چارەسەر دەکرێن، حەقە خۆمان بە شتی گەورەترەوە سەرقاڵ بکەین، پێم ناخۆشە ئێمە خۆمان بە شتی بچووکەوە سەرقاڵ بکەین. دەتوانم لە ئێستاوە تاوەکو ئێوارە گلەیی بکەم وا لە یەکێتی، تیمی ئێمە لە حکومەت، پێشمەرگەی ئێمە کراوە.
من لە ئێوە دەپرسم، یەکێتی چی کردووە بەرامبەر هەموو ئەمانە؟ هیچ. لای ئێمە هێز دروستدەکرێت؛ ئێمە وەڵاممان چییە؟ هیچ. هێز جووڵێندرا بەرامبەری جێگری سەرۆکی حکومەت؛ جوابی ئێمە چی بوو؟ هیچ. بابەت دەورووژێنن لە ناوچەکەی ئێمە؛ جوابی ئێمە چییە؟ هیچ. دەستدەخرێتە ناو حیزبەکەمان؛ لەناو ماڵی خۆم، ئێمە چی دەکەین؟ هیچ. ئێمە یەک شتمان گوتووە "ئەم دۆخە بەمجۆرە باش نییە." ئەم دۆخە ئاوا بەردەوام نابێت، ئێمە ئامادەنین بێین بۆ کۆبوونەوەی کابینەی حکومەت تاوەکو تێگەیشتنێکمان نەبێت.
یەک وەڵاممان نەداوەتەوە، یەک قسەمان نەکردووە بەرامبەر بەو هەموو کێشەیەی بەرامبەر ئێمە هەیە. بۆ؟ ئێمە دەمانەوێ گەورەتر لەوە بیربکەینەوە. من خەمی میللەتەکەمە، خەمی مامۆستاکانمە، مامۆستا ئاینییەکانمە، پێشمەرگەکانمە، شەهیدەکانمە، کەمئەندامەکانمە... ئێمە قەرزاری ئەم میللەتەین، نابێ بهێڵین ئەم شتە بچووکانە دۆخەکەمان لێ تێکبدات. حیزبەکان عەزێت ناخۆن، خەڵکی ئێمە عەزێت دەخوات؛ غەدر دەکەین. هەر هەنگاوێک بۆ چاککردنەوەی ئەم دۆخە پێویستبێت ئێمە ئامادەین بینێن، بەڵام بە فەرمی و جیدی وەرنە پێشەوە. تکایەکی برایانە؛ دوای هەموو کۆبوونەوەیەک کە ئەنجامەکەی باشە، بەزمێک دروست مەکەن تا بمانگەیێنێتەوە سفر. دووبارەی دەکەمەوە، ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین. "ببوورە تۆزێک زۆر قسە دەکەم، چونکە دەمێکە قسەم نەکردووە."
پرسیار: ئایا گفتوگۆکان گەیشتوونەتە بنبەست وا پارتی و یەکێتی تەنیا لەسەر پرسی هەڵبژاردن گفتوگۆ دەکەن؟
بافڵ تاڵەبانی: کۆبوونەوەی مەکتەبی هەڵبژاردنی هەردوولا (پارتی و یەکێتی) لەسەر پێشنیازی من بوو، کاک رەفعەت پەیوەندیی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد. ئێمە بۆ شتێک دەگەڕێین کە دەرگایەک بکاتەوە، پێمانوایە بابەتی هەڵبژاردن لە هەموو شتێک ئاسانترە، بۆیە ئێمە پێشنیازمانکرد "وەرن لانیکەم با لەسەر ئەمە رێکبکەوین."
گلەییەکم لە زۆربەی حیزبەکان هەیە، ئێمە کێشەیەکمان هەیە کە لە وڵاتانی ئەوروپادا نییە، ئێستا من کێشەیەکم لەگەڵ پارتی هەبێت، هەموو شتێکی دیکە دەوەستێت. ئایا ئێمە ناتوانین کێشەکان جیابکەینەوە؟ باشە! لە شوێنێک کێشەمان هەیە، با کێشەکانی دیکە چارەسەر بکەین. کە شتە گەورەکانمان بۆ چارەسەر ناکرێت، وەرن لە کێشە بچووکەکانەوە دەستپێبکەین، بۆیە ئێمە پێشنیازمان وابوو کە لە هەڵبژاردنەوە دەستپپێبکەین، بەڵکو لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەوە بتوانین کێشەی گەورەتر چارەسەر بکەین؛ تاوەکو ئەوکاتەی کە کێشەمان نامێنێت.
دوو شت هەن دەبێ لێکیان جیابکەینەوە، زۆر ئاساییە دوو حیزب ململانێیان هەبێت، زۆر ئاساییە کۆمەڵ حەزبکات لە ئێمە دەنگ زیاتر بێنێت، ئێمە حەزبکەین لە پارتی دەنگ زیاتر بێنین، ئەمە شتێکی زۆر ئاساییە، بەڵام کە دامەزراوەی وڵات بەکاردەهێنرێت بۆ لاوازکردن یان شکاندنی لایەنێک، ئەمە دەیباتە قۆناخێکی دیکە، دەیباتە قۆناخێک کە دروست نییە و رێمان لێدەگرێت کە نەتوانین کارە ستراتیژییەکانمان بەیەکەوە بکەین، من پێموانییە هەڵبژاردن کێشەکانمان چارەسەر بکات، بەتایبەت لە هەندێ لەو شتانەی کە دەیبیستمەوە کە هەندێک لە برادەران لەنێو پارتی دەیانەوێ لەم هەڵبژاردنە بیکەن، ئەگەر ئەمانە بکەن، بەخوایە کێشە بۆ هەڵبژاردن دروست دەبێت، رەنگە هەر نەکرێت.
پرسیار: ئەمساڵ نەکرێت؟
بافڵ تاڵەبانی: بەڵێ! هەر نەکرێت. بەڵام، ئەگەر بە دڵێکی فراوان و بە رووحیەتی برایەتی، رێکبکەوین لەسەر یاساکان و گەمەی بچووکی منداڵانە لەگەڵ یەکدی نەکەین، ئێمە زۆر حەزدەکەین هەڵبژاردن بکرێت، بەپێچەوانەوە زۆر گەشبینیشین بە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە، ئامادەشین و ئیسپاتمان کردووە؛ چونکە ئێمە بووین داوامانکرد لە پارتی دیموکراتی کوردستان لانیکەم ئەم کێشەیە چارەسەر بکەین.
پرسیار: بەڵام دوێنێ لەسەر هەموو شتێک رێککەوتن بەتایبەت فرەبازنەیی، بەڵام لەسەر پرسی کۆتاکان، کۆتاکان لەسەر ئاستی عێراق یەک بازنە بوون، بەپێی زانیارییەکان تەنیا 81 ماڵی کریستیان لە سلێمانی هەن، بۆچی وەکو عێراق بە یەک بازنەیی نەبێت؟
بافڵ تاڵەبانی: مەسەلەی کۆتاکان بە هەڵە وەردەگێڕدرێت، ئێمە دژی کۆتاکان نین، بەپێچەوانەوە رەنگە وا پێویست بکات کە چەند کورسییەکیان بۆ زیادبکرێت، بەڵام پارتی لە بەغدا داوای شتێک و لە هەولێر داوای شتێکی دیکە دەکات، ئێ بۆ؟ ئەگەر بۆ عێراق باشە، بۆچی بۆ کوردستان خراپە؟ ئەگەر من پیاوێکی بەگومان بوومایە "کە خۆتان دەزانن وانیم"، دەمگوت ئەم ماستە موویەکی تێدایە. پێشنیازی من ئەوەیە کە گفتوگۆ بکەین، نەک بەو جۆرەی کە یەکێتی چی بوێ ئەوە، ئەمە گفتوگۆ نییە، ئەمە زاڵکردنی رای یەکێکە بەسەر یەکێکی دیکەدا، با لەسەر پێنج شت هاوڕابین، لەسەر دوو شت رامان جیاوازبێت، زۆر ئاساییە. بەڵام نابێ پرۆسەکە لەسەر ئەم شتانە بوەستن، بەرنامەی یەکێتی ئەوەیە کە کەمینەکان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن، با کریستیانەکان؛ یەکگرتوو نەبن. با تورکمانەکان؛ یەکێتی نەبن. با هەموویان نوێنەرایەتی خۆیان بکەن. بۆ ئەمە پێشنیازێکم هەیە؛ با گوێ لە خۆیان بگرین. بە چ حەقێک من بە کریستیانێک بڵێم دەبێ تۆ وابکەیت؟ بە تورکمانەکە بڵێم دەبێ ئەمە زاڵبکەم بەسەرتدا؟ ئەگەر ئێمە بە راستی دەمانەوێ خزمەتی کەمینەکان بکەین، کە بە جیدیشمە و دڵنیام هەموومان دەمانەوێ خزمەتیان بکەین؛ با رای ئەوانیش وەربگرین "وەرە پێشەوە براکەم، چیت دەوێ؟ چی باشە بۆتۆ؟ چۆن گەرەنتی بکەین کە جەنابت بە راستی نوێنەری کەمینەکان دەبی؟" من حەزناکەم کریستیان و تورکمانەکان یەکێتی بن، حەزدەکەم کریستیانەکان؛ کریستیان بن، ئێزدییەکان؛ ئێزدی بن، تورکمانەکان؛ تورکمان بن. ئەگەر بەم پرەنسیپە کاربکەین، باوەڕناکەم هیچ کێشەیەکمان هەبێت.
پرسیار: ئەمە لە یەک بازنەیی بەدەستدێت یان فرە بازنەیی؟
بافڵ تاڵەبانی: با گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین کە هەڤاڵەکانمان لە بەغدا داوای چی دەکەین و لێرەش داوای چی دەکەن، بابزانین بۆ لە بەغدا شتێک و لێرەش شتێکی دیکەمان دەوێ.
پرسیار: لە بەغدا چیمان دەوێ و لێرە چیمان دەوێ؟
بافڵ تاڵەبانی: نازانم! خۆت دەزانی من پیاوێکی فەقیرم و ئاگام لەو شتانە نییە.
پرسیار: پرسیارێکی دیکەم لەبارەی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیرانی یەکێتی کە بەشداری کۆبوونەوەکان و شاندەکانی هەرێمی کوردستان ناکەن. ئایا ئەوە کاریگەری نەخستووەتە سەر خراپ بەڕێوەچوونی کاروباری حکومەت لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە؟
بافڵ تاڵەبانی: من جێگری سەرۆکوەزیران زۆرباش دەناسم، دەمێک ساڵە ئێمە هاتووچۆمان هەیە قسە دەکەین بەیەکەوە، من دەمەوێت بە جۆرێکی دیکە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەمەوە، لە شەڕی داعش قوباد دژی حیزبەکەی خۆی وەستایەوە، کە دەچوو بۆ کۆبوونەوەی کابینە، نەتدەزانی کێ پارتییە، کێ یەکێتییە، کێ گۆڕانە، ئامادە بوو خۆی فڕێبداتە نێو ئاگر شەڕی ئامۆزاکەی خۆی کرد، بۆ ئەم حکومەتە، باجیشی داوە، لەڕووی سیاسییەوە باجی داوە، لەنێو حیزبی خۆیدا باجی داوە، بەڵام یەک دەقە پەشیمان نەبووەوە؛ دەیزانی ئەوەی کە دەیکات راستە، دەیزانی حکومەت دەبێت لە حیزبایەتی تۆزێک جیا بێت، کاریان جیاوازە، باری ئازیزم هۆکارێک هەیە کە من لە نێو حیزبدا کار دەکەم و کاک قوباد لە حکومەتدا، چونکە ئەو لەوە دەزانێت من لە حیزبایەتی و راکەراکە و شێتخانەکە دەزانم، حەزم لەوەیە، بەڵام کاک قوباد پیاوێکی دیپلۆماتە، پیاوێکی کوردپەروەرە و دەیەوێت حکومەتەکە بۆ پێشەوە ببات.
من پرسیارێکی دیکەت لێبکەم، بۆ ئەمڕۆ کاک قوباد ئامادە نییە بڕوات بۆ کۆبوونەوەی کابینە؟ کاک مەسعود پاڵەوانی شەڕی داعش بوو؛ کاک نێچیرڤان سەرۆکەکە بوو، کە ئێمەی رزگارکرد لەوێ، قوباد بوو بە نەگبەتەکەی کە مەعاشی بڕی و غەدری کرد، بەڵام یەک رۆژ بۆڵەبۆڵی نەکرد. تکا لە هەمووتان دەکەم، هەمووتان زیرەکن، هەمووتان شارەزان، هەمووتان بە ئەزموونن، بۆ قوباد ئێستا ئامادە نییە بڕوات بۆ کۆبوونەوەی کابینە، جگە لەوەی کە کێشەمان هەیە؟
ئامادە بوو خۆی فڕیبداتە نێو ئاگر و کردی بۆ ئەم حکومەتەی هەرێم، ئێستا ناڕوات بۆ کۆبوونەوەیەکی کابینە. بۆچی یەکێک تەلەفۆنی بۆ ناکات؟ بڵێت کاک قوباد بۆچی نایەی بۆ کۆبوونەوە؟
پرسیار: واتە تەلەفۆن نەکراوە؟
بافڵ تاڵەبانی: نا؛ یەک تەلەفۆنی بۆ بکەن بڕۆن چایەک بخۆن لەلای، وەڵا دونیا کاول نابێت، یەکێک بڕوات چایک لەگەڵ کاک قوباد بخوات بڵێت کوڕم تۆ بۆچی وا دەکەی؟ چییە لە نێو دڵت؟ کێشەی یەکێتی چییە؟
با من پرسیارێکی دیکەت لێبکەم ئەگەر ئیزن بدەی.
پرسیار: ئەمڕۆ لێرەم کە پرسیار بکەم بەڵام هەر وەڵامم وەرگرت.
بافڵ تاڵەبانی: ئاخر تۆ گوتت با بە راشکاوانە قسە بکەین، بۆیە دەرگەکەم لێ دامەخە، کاژێرێکمان هەیە هەموو پرسیارەکانیت دەکەی دڵنیا بە.
خەڵک دەڵێت کێشە هەیە لە نێوان پارتی و یەکێتی، کاکە وەڵڵا وانییە، وەڵڵا ئێمە یەک کێشەمان نییە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رەنگە لەگەڵ بەشێکی حکومەت کێشەمان هەبێت.
من پرسیارێکتان لێدەکەم، ئاساییە کۆمەڵێک بێت لە پەرلەمان بێتە دەر؟ ئاساییە یەکگرتوویەک لە پەرلەمان بێتە دەر؟ ئاساییە کەسایەتییەکان کە زۆر قسە بە ئێمە دەڵێن، رەنگە ئەگەر من لەڕووی کەسییەوە سەیری بکەم، پێمخۆشە لە پەرلەمان بێنە دەر، چونکە بەشکم کەم قسەمان پێبڵێن، بەڵام ئاساییە ئەوانە هەموو دەیانەوێت لە پەرلەمان بێنە دەرەوە؟ ئەمە منم؟
خۆزگە دەمتوانی لێرە دابنیشم بڵێم وەڵڵا من ئەوەندە گەورەم، ئەوەندە دیپلۆماتکارم، من قەناعەتم بە هەموو کوردستان کردووە کە وەرە دەرێ لە پەرلەمان بەڵام کاکە من نیم. یەکێتی نییە، کێشەمان هەیە، دەبێ یەکەم جار دان بەوە دانێین کە کێشەمان هەیە و من لێرە پێتاندەڵێم کێشەکە ناتوانی بڵێیت خەتای پارتییە ناتوانی بڵێت خەتای یەکێتییە، بەڵکو خەتای هەموومانە.
جیاوازییەکە لەمەیە، ئێمە دەڵێین وەرن با بەیەکەوە چارەسەری بکەین. ئێستا لایەنێک کە دەڵێت نانا ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە و پێویست ناکات چارەسەری بکەین، دەی کێشەمان نییەی چی ئەوە پەرلەمان هەمووی چۆڵ بوو، چۆن کێشەمان نییە؟
پرسیار: واتە کێشەکان هەم سیاسین و هەم کێشەی سیاسیی نێو حکومەتیشن؟
پافڵ تاڵەبانی: خۆی ئێمە کێشەی سیاسیمان کەمە، ئێمە کێشەی خزمەتی خەڵکمان هەیە، من نامەوێت خەڵک لە کوردستان بەدوو جۆر سەیر بکرێت. هەڤاڵان من لە 2002 لەگەڵ جەنابی کاک مەسعود، کاک کۆسرەت و مام جەلال دانیشتم، مام جەلال بە کاک مەسعودی گوت، با شتێک بکەین هەولێر وەکو سلێمانی لێبێت. دەی هەولێر خەریکە خەڵک دەنێرێت بۆ فەزا و یاخوا دەینێرن و دەستخۆشیشتان لێدەکەم، بەڵام سلێمانی هەر وەک خۆی ماوە، ئەمە چی دادپەروەرییەکە؟
وەرە سەیری جادەی ئێمە بکە، سەیری مەکتەب، گەڕەکەکانی ئێمە بکە، پڕۆژەکانمان ببژێرە، سەیری سنوورەکانمان بکەن. چۆن حکومەت ئەوها دەبێت؟
من پرسیارێکت لێدەکەم، چوارساڵە حکومەت چەندجار هات بۆ سلێمانی؟ وەرن بۆ سلێمانی بڵێن ئێمە خەڵکی تۆین و کارتان بۆ دەکەین، بەڵام هیچ کات نایەتە ئەو ناوە، گلەیی لە ئێمەش دەکەن دەڵێن رای ئێمە لەولا ناخوا، وەڵڵا رای ئێوە لەوێ دەخوات، وەڵا زۆر بەڕێزن لای ئێمە، وەڵڵا یەک هەنگاو وەرنە پێشەوە ئێمە دە هەنگاو دێینە پێشەوە. بەڵام خۆت نایەی و خۆت ناتەوێت، خۆت ئازاریان دەدەی، ئەها کێ دانت پێدادەنێت؟
ئێمە هەموو کەسێک بەڕێز سەیر دەکەین، دەمانەوێت لەگەڵ هەموو هەموو کەسێک رێبکەوین ئێمە ئامادەین وەکو حیزب وەکو هەموو جارێک دەستبەرداری مافی خۆمان بین بۆ میللەتەکەمان. ئێستاش ئامادەین و لێرە بەڵینتان پێ دەدەم هەرچۆن دووساڵ لەمەوپێش لەم کورسییە داوام کرد لە هەموو کوردەکان وەرن یەکبگرن، وەرن بەیەکەوە بچین بە بەغدا، ئێستاش درنگ نەبووە و پێتان دەڵێم و دووبارەی دەکەمەوە یەکێتی هیچی نەکردووە، دەستمان نەکردووەتەوە بە هیچ جۆرێک؛ باشە وەرنە پێشەوە لەگەڵمان، چاوەڕێی چی دەکەن؟ هەر چارەسەری دەکەین، خۆت دەزانی هەمووتان دەزانن کێشەکە هەر چارەسەر دەبێت. دەی باشە با ئەمڕۆ چارەسەری بکەین بۆ چاوەڕیی سبەی و دوو سبەی بکەین بۆ چاوەڕوانی ئەوە بین کەسێکی بیانی بێت و بڵێت وەرن وەرن دانیشن من ئاشتان دەکەمەوە؟ عەیبە
پرسیار: ویستم لەسەر دوایین قسەی تۆ پرسیار بکەم، دەبیستین هەوڵی دەرەکی هەیە یانی رۆژئاواییەکان بۆ بانگێشتی یەکێتی و پارتی بۆ دانیشتن و رێکخستنیان هەوڵ دەدەن. ئایا دەکرێ ئەو هەوڵە لە رێگەی دیکە وەکو سەرۆکی هەرێم بەڕێز نێچیرڤان بارزانی یان سەرۆکی حکومەت بۆ چارەسەری کێشەکان و دانیشتن بدرێت؟
بافڵ تاڵەبانی: راشکاوانە بیڵێم؟
پرسیار: زۆر.
بافڵ تاڵەبانی: هەرشتێکی دەتەوێت ئێمە ئامادەین. دەتانەوێت لەگەڵ پارتی دانیشین، بزانین جددییە دانیشتنەکان و ئاکامی دەبێت دادەنیشین. دەتەوێت بیانی تێدا بێت دەیکەین. دەتانەوێت لە هەولێر بێت دەیکەین، دەتانەوێت لە بەڕازیل بێت، منیش دەمەوێت لە بەڕازیل بێت و دەیکەین؛ بەڵام ئێمە بە کوردییەکەی ئامادەین لە فەزا دانیشین ئێمە کێشەمان دانیشتن نییە، بەڵکو کێشەمان ئەنجامی دانیشتنەکانمانە، کێشەمان ئەوەیە کە دانیشتنێک دەکەین لایەنێکی دیکە کەتنێک دەکات دانیشتنەکەی دووەم تێکدەچێت. خۆتان رێکبخەنەوە بزانن بەرنامەکەتان چییە پارتی دیموکراتی کوردستان ئێمە بۆ هەموو شتێک ئامادەین؛ لە کوێ دەیکەن، کێ دەیکات، چۆن دەیکات، ئێمە ئامادەین.
پرسیار: بچینە سەر پرسی نێوخۆ، پرسیارەکەم لەسەر دوایین پەیامی لاهوور شێخ جەنگییە کە گوتی من بە بڕیاری دادگە کە مەبەستی بڕیاری دادگەی ئاسایشی هەولێر بوو، هاوسەرۆکی یەکێتیم. ئێوە چی دەڵێن؟
بافڵ تاڵەبانی: ئاگام لەوە نییە کە باسی دەکەی، ئاگام لە پەیامی کاک لاهوور نییە، پەیامی بۆ من ناردووە؟
پرسیار: نا، پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە لە هەرێمی کوردستان. بەڵام پرسەکە ئەوەیە ئایا ئەگەر وەکو هاوسەرۆک، سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بڕیاری دەرکردنی داوە، ئەگەر خۆی بەربژێر بکات و لیست دروست بکات بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئایا ئێوە لە رێگەی یاساییەوە چی دەکەن؟
بافڵ تاڵەبانی: جارێ من داوای لێبووردنت لێدەکەم زۆر خۆم ئامادە نەکردبوو بۆ ئەم دانیشتنە و ئاگام لە پەیامی کاک لاهوور نییە، بەڵام کاک لاهوور ئازادە چی دەکات با بیکات لە نێو یەکێتی نیییە و با بڕوات حیزبێک دابنێت، ئێمە لە زۆنەکەی خۆمان باوەڕمان بە ئازادییە، باوەڕمان بە دیموکراسی هەیە، زۆریش ئاساییە و با بڕوات حیزبێک بۆ خۆی دروستبکات و ئیشاڵڵا سەرکەوتوو دەبێت. ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە لەگەڵ ئەوە. بەداخەوەش ئەم پەیامەم نەدیوە.
پرسیار: پرسیارێکی دیکە دەکەم، کە بە دڵنیاییەوە ئاگاداری، ئەویش بەهای دینارە بەرامبەر دۆلار. ئەمریکییەکان دەڵێن پارەیەکی زۆر قورس لە عێراق بەگشتی و لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی و لە شارەکانیشدا تایبەتتر لە سلێمانی دۆلارێکی زۆر تێیدا سپی دەکرێتەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: نا، من داوای لێبووردنم هەیە، کە من ئاخرجار لەگەڵ لیژنەیەک دانیشتم کە لە بەغداوە هاتبوون و ئێمە ئێستا هاوکاری ئەو لیژنەیەین بۆ ئەوەی ئەو پارەیە رابگرین، بەپێی دوایین زانیارییەکانی ئێمە و ئەم لیژنەیە، پارەکە لە رێگەی کەرکووکەوە لە جادە خۆڵەکانەوە دێت بۆ سلێمانی و لە سلێمانییەوە بەداخەوە دێت بۆ هەولێر و لەهەولێرەوە دەچێت بۆ تورکیا و لە تورکیاشەوە دابەشدەکرێت. گوتم کە راشکاوانە وەڵام دەدەمەوە و ئەمە راستییەکەیەتی، بەڵام ئێمە و هەولێر ئەوەندەی کە من ئاگام لێبێت هەردووکمان لە هەوڵی جیددی داین و ئێستا جادەکان دەزانین، رێگەکان دەزانین ئیشاڵڵا بەیەکەوە هەولێر و سلێمانی و هەموو ناوچەکانی کوردستان بتوانین کارێک بکەین، کە ئەم شتە رابگرین. هەندێک شت هەیە کە دەتوانین بەیەکەوە بیکەین.
پرسیار: دەچمە سەر تەوەری دووەم پرسی وزە، بە تایبەت پرسی گاز کە ئێستا پرسێکە هەموو جیهان پێیەوە سەرقاڵە. بۆچی کارکردن لەسەر فراوانکردنی بەرهەمهێنانی کێڵگە گازەکانی چەمچەمال و کۆرمۆر وەستان؟ ئایا ئێوە وەستاندتان؟ و بۆچی ئێوە ناڕازین لە شێوەی بەڕێوەبردنی ئەم دۆسیەیە؟
بافڵ تاڵەبانی: من پێشنیارێکم هەیە بۆ جەنابت و حەدم نییە پێتبڵێم ئەم پانێڵە چۆن بکەی، بەڵام با سەری خۆمان بەو شتە بچووکانە نەیەشێنین کێ وایگوت لە تەلەڤزیۆن و کێ پەیامی نارد یان نەینارد، ئەو شتانە تەواو بوون لەلای ئێمە.
ئێمە دەمانەوێت ئەم شتە ستراتیژییانە باس بکەین؛ من دەمەوێت ئەمڕۆ هەموو دونیا نیازی بە گاز هەیە وەرە با لەسەر ئەمە پڕۆسەیەک دابنێین بەیەکەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان باشترین پەیوەندی هەیە لە بەغدا، ئەمڕۆش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کاتی مام جەلالەوە پەیوەندی ئەوها باش نەبووە، دەی وەرە با بەیەکەوە بچین بۆ بەغدا کێشەکانی میللەتەکەمان چارەسەر بکەین. ئەم شتە ستراتیژییانە با باس بکەین، با باسی ئەوە بکەین چۆن دەتوانین یارمەتی براکانمان بدەین لە رۆژئاوا، کە هەموو رۆژێک لەژێر گوشاردان و هەموو رۆژ بۆردوومان دەکرێن، وەرن با چارەسەرێک بۆ ئەوە بدۆزینەوە، وەرە با ئاشتییەک دروست بکەین لەگەڵ هەڤاڵەکانی پەکەکە و تورکیا؛ بۆ مام جەلال توانی بیکات ئێمە ناتوانین بیکەین؟ وەرن با ناوچەکەی خۆمان ئارام بکەینەوە. لەبری ئەوەی ئاڵای حیزبەکان هەڵگرین وەرن با ئاڵای کوردایەتی هەڵبگرین بەیەکەوە پێمان دەکرێت نامانەوێت براگەورە بین، نامانەوێت لەپێش کەسەوە بین، بەڵام وەرن با بەیەکەوە ئەم شتە ستراتیژییانە باس بکەین. باشترین خوشک و برامان هەیە لە بەغدا کە ئامادەن لەگەڵمان رێکبکەون. داواکارییەکەیان زۆر زۆر ئاسایییە. دەڵێن تۆ کوردستانت هەیە، کە ئەوەندەی نەوت تێدایە؛ هەر بەسڕە لە مەسەلەی نەوتدا یەک هەزار جار لە کوردستان دەوڵەمەندترە، دەڵێت وەرە تۆ لەوە شەریک بە ئێمە دەڵێین نا نایکەین و ئێمە پەرداخە ئاوەکەمان دەوێت و مێزەکەم ناوێت. ئەوەش گومان لای خەک دروستدەکات بۆ ئەمەت دەوێت و بۆ کوێ دەڕوات؟ دەبێ ئەم پرسیارانە بە راشکاوانە بکرێن.
بەغدا ئامادەیە لەگەڵ ئێمە رێکبکەوێت و یەک داواکاری هەیە، دەڵێت من ئەرکی خۆم جێبەجێ دەکەم و تۆش ئەرکی خۆت جێبەجێ بکە، کە وەڵڵا من نە بیزنسمانم، نە زۆر لە حیسابات دەزانم، بەڵام کە سەیری دەکەم هەر بەسرە هەزار جار لە ئێرە دەوڵەمەندترە؛ ئەو دەڵێت وەرە لە هەمووی هاوبەش بە و ئێمە دەڵێین نا، من عەقڵم نایبڕێت داوای لێبووردن دەکەم، پێویستم بە کەسێکە کە لە نەوت بزانێت و تێمبگەیێنێت بۆچی ئەمە شتێکی خراپە؟
بۆ ئەوەی کە کێشەیەک چارەسەر بکەیت دەبێ یەکەمجار بزانی کە کێشەکە هەیە، تۆ بڵێیت دادگە بڕیاری نەداوە بەغدا نییە، ئەوە نییە، هیچ کات بە چارەسەر ناگەی. با یەکەم جار ئێمە رێزی دادوەر رابگرین، هەموو ئەم کێشانەی کە جەنابت باسی دەکەی گرنگن، بەڵام ئامادەین چارەسەری بکەین و ئەوانیش ئامادەن، لەبری ئەوەی من و جەنابت لێرە دانیشین گفتوگۆ بکەین، وەرە با شاندێک دروست بکەین سبەی دەڕۆین بۆ بەغدا. لەگەڵ ئەو جەماعەتەی من نێوانم باشە کاک مەسرور با تەلەفۆنێک بکات و بڵێت بافڵ بڕۆ لەگەڵ هاوڕێکانت قسە بکە. کاک سەعدی لەگەڵ ئەو جەماعەتەی نێوانی باشە با تەلەفۆن بکات بڵێت کاک سەعدی بڕۆ تۆ ئەمە چارەسەر بکە ؛ بەیەکەوە ئەوە چارەسەر دەکرێت، بەڵام ئێمە دانیشین و چاومان داخەین و بڵێین بڕیار نییە، حکومەت نییە و دادوەر نییە، بە هیچ ئاکامێک ناگەین. من ناڵێم دۆخەکە خۆشە، بەڵام چارەسەر دەکرێت بە دانیشتن و بە گفتوگۆ چارەسەر دەکرێت. بە هاوپەیمان نەبوون و ئیئتلاف نەکردن کێشەکان چارەسەر ناکرێت و ئەوە شتی زۆر ئاسایی و لۆژیکییە، سەیرە من دەبێ ئەم قسانە بکەم.
لەنێو ماڵی خۆتدا، شەڕێکت هەبێت لەگەڵ خێزانەکەت بە قسە چارەسەر دەبێت نابێ من بڵێم وەڵڵا کێشە نییە، ئەوە ئاساییترین شتە.
پرسیار: تۆ زۆر سەردانی بەغدا دەکەی، خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی جێبەجێکردن رێککەوتنەکانی نەوت و گازن لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدسا، ئایا لە کابینەی سوودانیدا خەڵک ئەمە دەبینێت؟
بافڵ تاڵەبانی: با دووبارە بە راشکاوانە وەڵام بدەمەوە و تکاتان لێدەکەم کەس بێزار نەبێت. من هاتووچۆ زۆر دەکەم لە بەغدا کە چەند هۆکارێکی هەیە، یەکەم ئەوەی کە من پێموایە لە بەغداوە دەتوانین خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەین، دووەم ئەوەی کە بەڕاستی بەغدا دامەزراوەی هەیە بەڕاستی وەزیر لە بەغدا دەسەڵاتی وەزیری هەیە و دادگە لە بەغدا دادگەیە و هیچ حیزبێک بەسەر دادگەکاندا زاڵ نییە، بەغدا شتێکی دیکەیە.
من ئەو رۆژە پرسیارێکم لە کاک خالید و کاک نزار کرد و گوتم چەندجار جەنابی سوودانی دەستوەردانی لە کارەکانی ئێوەدا کردووە؟ دەزانی وەڵامەکەی چی بوو سفر.
ئەوە حکومەت و دامەزراوەیە، ناوێرم ئەم پرسیارە لە برادەرەکانی خۆمان بکەم هەم بۆ کاک قوباد هەم بۆ کاک مەسرور. ئێمە دەبێ یەکەم جار باوەڕمان بەخۆمان هەبێت و کێشەکانمان چارەسەر بکەین، جەنابت باسی نزیککەوتنەوە و رێککەوتن دەکەی، ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، چونکە هیچ کەس لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئاگای لەوە نییە و هەر دەتوانم دوعاتان بۆ بکەم ئیشاڵڵا سەرکەوتوو دەبن و رێککەوتنێکی باش دەبێت و لە هەر کوێ بافڵ بتوانێت هاوکارتان بێت، بێزەحمەت بمنێرن، دەچم و هاوکارتان دەبم.
پرسیار: دەچمە سەر تەوەری پرسی پێشمەرگە و دۆخی ئەمنی. بەپێی هەموو یاساکان دەبێ هێزی پێشمەرگەی کوردستان یەکگرتوو بێت و وڵاتانی هاوپەیمانیش لە هەموو رێگەیەکەوە هانی ئێوە دەدەن بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە؛ بەو ناکۆکییانەی کە یەکێتی و پارتی هەیانە دەتوانین هێزەکان یەکبخەین؟
بافڵ تاڵەبانی: ئەگەر سیاسەتەکەی من بەکاربهێنن کە دەڵێم کە کێشەیەکمان هەیە لێرە شتەکانی دیکە با بڕۆنە پێشەوە، بەڵێ دەتوانین، بەڵام با پێتبڵێم کەی ناتوانین ئەمە بکەین؛ دژەتیرۆر لە ئەمساڵ 432 چالاکیی سەربازی دژی داعش لەگەڵ برادەرەکانمان لە بەغدا کردووە، لەهەمانکاتیشدا وابزانم هێزەکانی دیکەی کوردستان 30 یان 40 چالاکیی سەربازییان کردووە، بە چی حەقێک یەکێک بەیانی مەعاشیان دەبڕێت؛ ئەوها یەکدەگرینەوە؟ بۆ ئاگاداریی جەنابت بۆ رێککەوتنەکە ئێمە لەپێشەوەین، ئێمە لە خودامانە هێزێکمان هەبێت، بەڵام یەک داواکاریمان هەیە ئەو یەکخستنە بە دادپەروەرانە بکرێت. هیچ کێشەمان نییە، ئێمەین راکەراکە دەکەین، ئەوە بەرنامەی جەنابی مام جەلال بوو و حەز ناکەم لەوێ بوەستێت.
لام سەیرە دوو حیزب هەریەکەی زانیارییەکیان هەیە یەکێک پاراستنی هەیە یەکێک زانیارییەکی هەیە، ئەوە لە کام وڵات روودەدات؟ وەرە با ئەمانەش رێکبخەینەوە، ئێمە ئامادەین؛ ئاسایشی ئەملاو ئەولا باس دەکرێت، وەڵڵا عەیبە. باسی بیانییەکانت کرد، ئەوان دەیانەوێت یارمەتیمان بدەن، بەڵام گاڵتەمان پێدەکەن (پێمان پێدەکەنن)، تۆ دەزانی ئەمریکییەکان تاقەتیان نەماوە؟ من هاوڕێم هەیە لە واشنتن، شاندی گەورە هاتووەتە ئێرە بە راشکاوانە گوتویەتی ئێمە 30 ساڵە خەریکین، بەو خودایە تاقەتمان تەواو بووە. بۆ ئاگاداریتان ئێستا عێراق لە گرنگیی وڵاتان هاتووەتەخوار، سەیری ئوکراینا بکەن، سەیری رووسیا بکەن، سەیری چین بکەن، سەیری کۆریا بکەن، ئێمە دەرفەتێکی زێڕینمان هەیە وەکو کورد، ئێستا دەبێ یەکبگرین و بە پەلە مەسەلەی گاز ببەینە پێشەوە و لەگەڵ بەغدا رێکبکەوین و بیانییەکان ئاشت بکەینەوە، بەڵام ئێمە لە هەموو شتێکدا بۆ دواوە دەڕۆین، لە مافی مرۆڤ کە قسەی یەکێکت بە دڵ نەبێت، وێنەگرتنی کەسێکت بە دڵ نەبێت، پەیامی کەسێکت بە دڵ نەبێت، دەیگریت و فڕێیدەدەیە زیندان و دەیکەی بە تیرۆریست؛ ئێمە بۆ دواوە دەڕۆین.
ئەوە قسەی من نییە، رەنگە رای من وا نەبێت، بەڵام بیانییەکان هەموو رۆژ وامان پێدەڵێن، ئەمریکییەکان، ئینگلیزەکان، فەرەنسییەکان هەموو رۆژ وامان پێدەڵێن. باشە بۆچی وادەکەین؟ ئێمە دەبێ رێزی دامەزراوەکانمان بگرین دەبێ ئەو شتانە جددی بن نابێ رۆتینی بن، ئەگەر هەر رۆتینی بن ئێمە بەرەو پێشەوە ناڕۆین. ئەوە دکتۆر رێواز لەوێ دانیشتووە، باوەڕم پێی هەیە و دەسەڵاتی هەیە و هەرچی بیەوێت دەتوانێت بیکات، شاندی ئێمە لەگەڵ شاندی دیکە دادەنیشێت، پێویست ناکات بۆ لای من بگەڕێنەوە، هەموویان دەسەڵاتیان هەیە لەوێ شت واژۆ بکەن کە دوێنێش پشتڕاستمان کردووە، لەسەر هەڵبژاردن کۆبوونەوە و یەک کەسیش تەلەفۆنی بۆ من نەکرد. قسەی خۆمان بێت ئێوارەکەی گوتیان، دەبووایە تۆزێک زووتر باسیان کردبایە، بەڵام پێویست ناکات پرسم پێبکەن، ئێمە دەمانەوێت ئەوها کار و سیاسەت بکەین.
ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ کات پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر ئەوها باش نەبووە، حەز دەکەم پێتان بڵێم لەگەڵ حیزبەکانی کوردستان هیچ کات پەیوەندی ئەوها باش نەبووە، لە بەغدا لە زەمانی مام جەلالەوە خوا لێیخۆشبێت پەیوەندیمان ئەوها باش نەبووە، دەی وەرن با ئەوانە بدەین بە ئێوەش، کێ دۆخی خراپە وەرە با یارمەتی بدەین، لەکوێ ئێمە دۆخمان خراپە وەرە یارمەتیمان بدە. ئێمە ئامادەین هەموو هەنگاوێک بۆ یەکڕیزیی حیزبەکان بنێین، نەک لەبەر حیزبەکان و ئەوەی کە یەکدیمان زۆر خۆشدەوێت، هەر چۆنێک بێت خەڵک زۆر هەیە لەنێو پارتی کە زۆرم خۆش دەوێن، بەڵام ئێستا ناوێرم تەلەفۆنیان بۆ بکەم لەبەر میللەت و وڵاتەکەمان، ئێمە لە بەغداوە دەتوانین خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین، نازانم چی رێگەی لێگرتووین کۆبینەوە.
پرسیار: راپۆرتێکی (رۆو ریستۆن) باس لەوە دەکات کە کارگەیەکی چەک لە سلێمانی هەیە، تۆمەتبارێک هەیە کە دەبرێتە بەردەم دادگە، بەڵام ئەو هەموو تۆمەتەکانی رەتکردووەتەوە و خستوویەتەسەر کەسێکی دیکە کە ئەویش بەڕێز پۆڵاد تاڵەبانیە، ئایا ئەم کارگەیە بوونی هەیە؟
بافڵ تاڵەبانی: بەداخەوە ئەم (رۆو ریستۆن)ەم نەبینیوە و پێموانییە شتێکی ئەوها روویدابێت، ئەگەر شتێکی ئەوها روویدابا، کاک پۆڵاد بە تەنیا ئەوەی کردبێت، دڵنیام ئەوە بۆ شوێنێکی دیکەش دەڕوات و پێشنیاام ئەوەیە ئەمریکا کێ داوا دەکەن بۆ دادگە با داوایان بکەن و هەرچەند کەسێک کە ناوی ئەوانی تێدایە من ئامادەم، کە ئەوان بخەمە نێو فڕۆکەکە و بیاننێرم بۆ واشنتن.
پرسیار: دۆسیەی هاوکار جاف بە کوێ گەیشتووە؟
بافڵ تاڵەبانی: من ئاگام لەم دۆسیەیە نییە، چەنکە یەک زانیاری، دانپێدانان و بەڵگەیەکیشمان نەبینیوە. من بۆ خۆم لە بەغدا بووم، خەوتبووم کە هەڵسام و تەلەڤزیۆنم کردەوە بینیم لە دادگە قارەمانەکانی کوردستان سزادران. دووبارەی دەکەمەوە زۆر رێزی دادگە دەگرم، بەڵام نەمبینیوە لە دونیا خەڵک لە تەلەڤزیۆن دادگایی بکرێت، خەڵک لە دادگە، دادگایی دەکرێت نەک لە تەلەڤیزیۆن؛ تاوەکو قەناعەتم لا دروست نەبێت، کە ئەم دادگەیە راستەقینەیە یەک کادیری خۆم رادەستی هیچ دادگەیەک ناکەم. بۆ مەسەلەی هاوکار جاف، شەهید هاوکار هی ئێمەیە، شەهیدی خۆمانە، یەکەم ئەم پرسیارەتان لێدەکەم کە تاوەکو ئەمڕۆ یەک کەسیش نەیتوانیوە وەڵامی بداتەوە، سوودی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە شەهیدکردنی هاوکار جاف چی بوو؟
خەڵک هەیە رەنگە کێشەمان لەگەڵی هەبێت بەڵام شەهید هاوکار وا نەبوو، من پێمناخۆشە و لەگەڵ خزمەکانیدا قسەم کردووە، دەزانم چی روویداوە و ئێوەش دەزانن، پێشنیازی ئێمە ئەوە نییە لە تەلەڤیزیۆن قسە بە یەکدی بڵێین و لە تەلەڤیزیۆن خەڵک دادگایی بکەین، لێرە دووبارەی دەکەمەوە ئێمە ئامادەین لێکۆڵینەوەیەک بەیەکەوە بکەین یان با ئێمەش بەیەکەوە نەیکەین سی ئای ئێی دەهێنن، ئێف بی ئای دەهێنن سەباح سەنگەر دەهێنن، کێ دەهێنن یارمەتیمان بدات ئێمە ئامادەین، لەوە باشتر دەتوانم چی بڵێم، بەڵام بە من دەگوترێت ئەمە و ئەمە بۆ هەولێر بنێرە، من هیچ کات ئەوە ناکەم. هیچ کات چاوەڕوانی ئەوە مەکەن بە خودای گەورە لەخەوتانیشدا ئەوە نابینن.
پرسیاری بەشداربووان:
پرسیار: کاک بافڵ باسی ئەوەت کرد کە پەیوەندیى ئەمڕۆ لەگەڵ بەغدا بەهێزترە تەنانەت بەراورد بە سەردەمى مام جەلال،ئایا پەیوەندى ئەمڕۆ لەگەڵ بەغدا وەک کاردانەوەیەکە بۆ ناکۆکیتان لەگەڵ پارتى، ئایا تۆ بەتەواوى بڕوات هەیە کە ئەو سیاسەتەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى گرتویەتیەبەر، بۆیە ئاوها لە بەغدا نزیک بوویتەوە؟
بافڵ تاڵەبانی: هۆکاری نزیکبوونەوەی ئێمە لەگەڵ بەغدا ئەوەیە کە دەبێ وابێت، ئەمە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، ئەمڕۆ کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتووەتە سەر رێگە راستەکەی خۆی، رێگەی تێکۆشدەرەکانمان، رێگەی شەهیدەکانمان، ئەرکی ئێمەیە سەردانی هاوڕێکانمان بکەین ئەو پەیوەندییانە زیندوو بکەینەوە.
مام جەلال هی هەموو کەسێک بوو و هیچ کات ئێمە نابین بە مام جەلال، بەڵام ئەوە حیزبی مام جەلالە، ئێمەش دەبێ وەکو مام جەلال کار بکەین؛ ئێمە لەگەڵ جیاکردنەوەی کەس نین لەگەڵ دەرکردنی کەس نین، ئەوەی کە ئێمە دەمانەوێت بە دوو هۆکار عێراقێکی یەکڕیز، یەکدەنگ و سەرکەوتووی دەوڵەمەندە. یەکەم هۆکار ئەوەیە کە عێراق دۆخی وا باش بێت و دووەم ئەگەر لەگەڵتان ئەگەر راشکاوبم، کە عێراق دۆخی باشە، ئێمەش دۆخمان باش دەبێت، بۆیە ئێمە پشتیوانی هەموو پڕۆسەیەکین کە وڵاتەکەمان بەرەو پێشەوە دەبات، من ئەو جۆرە کوردە نیم و یەکێتی ئەو حیزبە نییە، کە پێیخۆش بێت هاوڕێکانمان، خوشک و براکانمان لە بەسرە دۆخیان خراپ بێت و ئێمە لێرە دانیشین و دۆخمان باش بێت؛ نەخێر ئەوانیش کەسی ئێمەن، ئەوانیش کەسی مام جەلال بوون ئەوانیش کەسی یەکێتی بوون. ئێمە حەز دەکەین هەموومان دۆخمان باش بێت شان بە شان بوەستین.
با من شتێکی دیکەشتان لەبارەی عێراق پێبڵێم، زۆرجار بەڕاستی گریانم بۆ ئەم وڵاتە دێت. تۆ بۆ چەند هەزار ساڵ لەمەوپێش بگەڕێوە، تۆپ لێرە دروستبوو، (ماتماتیکس) لێرە دروستبوو، یاسا لێرە دروستبوو، خوێندنەوەی ئەستێرەکان لێرە دروستبوو، داوای لێبووردن دەکەم لە هاوڕێ بیانییەکانمان، بەڵام خەڵکی عێراق لە بەغدا بە حەریرەوە دەگەڕا کە هاوڕێ ئەوروپییەکانمان تازە لە ئەشکەوت هاتبوونەدەر. بۆ ئێمە وامان لێبەسەرهاتووە؟ ئێمە دەبێ چۆن لەنێو کوردەکان دەبێ یەکڕیزی دروستبکەین، دەبێ هەوڵ بدەین لە عێراق، بەغدا، بەسرە و نەجەفیش یەکڕیزی دروست بکەین. هەموومان بەیەکەوە دەرەقەتی ئەم هەموو کێشانە دێین، هەموومان بەیەکەوە دەتوانین بەرەوپێشەوە بڕۆین، بەڵام بەو جۆرە ئێمە پێمانوایە لەم قۆناخە، چۆن یەکێتی پێویستی بە بەغدایە، ئیشاڵڵا بەغداش حەز دەکات یەکێتی هاوکاری بێت و ئێمەش حەز دەکەین هاوکار بین.
پرسیار: هەموومان دەزانین دوای رووداوەکانی 16ـی ئەکتۆبەر، پارێزگاری کەرکووک کورد نەماوە، ئایا لەگەڵ پارتی هەوڵتانداوە بگەنە رێککەوتن و بتوانن ئەم پۆستە بۆ کورد بگەڕێننەو،ە کە لە عێراق بە پشکی کورد دەزانرێت؟
بافڵ تاڵەبانی: وەڵامەکەت دووسەرەیە و یەکێکیانت پێناخۆش دەبێت، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە هیچ دانیشتنێک لە بەغدا نەبووە، کە ئێمە زۆر بە جددی باسی کەرکووک نەکەین. ئامادەش نین دەستبەرداری مەسەلەی کەرکووک و هەڤاڵەکانمان لە کەرکووک بین، بەڵام ئەگەر لەبارەی ئەوەی کە لەگەڵ پارتی چەندە بەیەکەوە کارمان بۆ کەرکووک کردووە بپرسی، وەڵامەکەی سفرە.
پرسیار: لەسەر ماددەی 140ـی دەستووری عێراقی.
بافڵ تاڵەبانی: توانیومانە ئەو بابەتەی لە بەغدا باس بکەین، مەسەلەی ماددەی 140 و ئەو شتانە زیندوو بکرێنەوە، لە هەموو کۆبوونەوەکان هەوڵ دەدەین بۆ مەسەلەی کەرکووک دەسپێشخەر بین و پێشنیازی من ئەوەیە هەڤاڵانی پارتی پشتی ئێمە بگرن، بەیەکەوە کار بۆ کەرکووک بکەین، پێموایە دۆخی ئێمە لە بەغدا زۆر باشتر دەبێت و دەتوانین وەڵامێکی باشتر بۆ کەرکووک وەربگرین. چونکە کەرکووک نەک تەنیا بۆ کورد بەڵکو بۆ هەموو ئەوانەیە کە لە کەرکووک دەژین. مام جەلال دەیگوت مەسەلەی کەرکووک نەشتەرگەری مێشکە، وابزانم هەر لەبەر ئەوەش دکتۆر نەجمەدینی لەوێ دانابوو، چونکە خۆتان دەزانن دکتۆری مێشک بوو، کەوابوو ئەگەر بتوانین بەیەکەوە کار بکەین، دڵنیام ئاکامەکەی باشتر دەبێت لەوەی کە پارتی بە تەنیا کار بکات و یەکێتیش بەتەنیا. بادینییەکەشم زۆر خراپە داوای لێبووردنت لێدەکەم.
پرسیار: زۆر سوپاس کاتمان تەواو بوو ئەگەر ئێوە شتێکتان هەیە فەرموون.
بافڵ تاڵەبانی: وەڵا من شتێکم هەیە ئەگەر ئیزنم بدەی.
پرسیار: فەرموون
بافڵ تاڵەبانی: زۆر سوپاستان دەکەم بۆ ئەم بانگێشتە، ئیشاڵڵا ئەوەی ئەم بانگێشتەی رێکخست، تەندروستی باش دەبێت، داوا دەکەم لە هەموو حیزبەکانی کوردستان کە وەرن بەیەکەوە زۆر بە جددی گفتوگۆ بکەین، دووبارەی دەکەمەوە دۆخمان زۆر خراپە، میللەتەکەمان دۆخی زۆر خراپە، بەڵام لە هەمانکاتیشدا دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی بەیەکەوە کار بکەین، کێشەکانمان چارەسەر بکەین و میللەتی کورد بۆ پێشەوە ببەین.
ئێمە گازمان هەیە، خەڵکی زیرەکمان هەیە، پەیوەندی باشمان هەیە، توانای باشمان هەیە و بەیەکەوە هێزی باشیشمان هەیە هەر لێکتێگەیشتنمان نییە؛ ئێمە وەکو یەکێتی ئامادەین وەکو هەموو جارێک لە مافی خۆمان تەنازول بکەین، ئێوەش یەک هەنگاو وەرنە پێشەوە و واز لەم سیاسەتە بهێنن، ئێمە ئامادەین سێ هەنگاو بۆ پێشەوە بێین. تکایەکی برایانەیە و کێ گوێ دەگرێت لە هەر حیزبێک بێت ئەمە رای یەکێتی نیشتمانیی کوردستانە و رای بافڵ نییە، رای هەموو ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و سەرکردایەتی و پێشمەرگەی ئێمەیە. ئامادەین دۆخی کوردستان و عێراق باشتر بکەین.
نوێدەکرێتەوە...