چالاکی

دیالۆگێک لەگەڵ بێشکچی

24-05-2022


رۆژی دووشەممە، 23ی ئایاری 2022 ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دیالۆگێکی لەگەڵ بێشکچی  لەبارەی “كوردستان لە کۆمەڵەی گەلانەوە تاوەکو ئێستا” لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی رۆشنبیران، ئەدیبان و قوتابیانی زانکۆی ئەمریکی کوردستان، زانکۆی سۆران و زانکۆی کوردستان هەولێر بەڕێوەبرد.

ئیسماعیل بێشکچی لەگوتارێکدا ئاماژەی بە چەند تەوەرێکی لەسەر پرسی کورد و دابەشبوونی کورد لە مێژووە تاوەکو ئەمڕۆ خستەڕوو، گوتی هۆکارەکان و ئەو رووداوانەی کە بوونەتە هۆی دابەشبوون و پارچە پارچەبوونی کوردستان، نێوخۆیی و دەرەکی بوون و، تەنانەت پەیوەندی راستەوخۆی بە داگیرکەرانی کوردستان هەبووە.

هەروەها ئاماژەی بەگرنگی ناوەندیبوون و پرسی مەرکەزیەت کرد لە کوردستان، چونکە ئەمەی وەك بنکەی سەرەکی درووستبوونی دەوڵەت زانی و پێیوابوو كە ئەگەر وەك نەتەوەیەك دەوڵەتت نەبوو، ئەوا ناتوانێت تەنانەت گوڕستانێکی تایبەت بەخۆتیش هەبێت. بێشكچی جەختی لەسەر دژە كوردبوونی سیستەمی جیهانی كردەوەو پێشنیاری كرد كە لەگەل سەدساڵەی لۆزاندا، رێك لەو شوینەی كە نزیكەی سەت ساڵ پێش ئێستا مافی كورد زەوت كرا، كۆنفرانسێك لەبارەی پرسی كورد رێكبخرێت.

لە گوتاری بەخێرهاتندا، ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی رووداو گوتی:” خۆشحاڵین ئەمڕۆ لە پێشوازی مامۆستا بێشکچی داین. هەروەها بەخێرهاتنی یەک بەیەکی ئێوەی بەڕێز دەکەم، هیوادارم ئەمڕۆ بتوانین گفتوگۆیەکی زۆرباش و کراوە بکەین لەسەرئەوەی دۆخی کوردستان ئێستا چۆنە و لەڕوانگەی مامۆستا بێشکچی قۆناخەکە بەرەو چ ئاسۆیەک دەڕوات. هەروەها ئێمە دەبێ چ بکەین بۆ ئەوەی کە کاتێک لەیەکتری دەپرسین کە دۆخی کوردستان چۆنە، ئیدی بڵین ئاسۆیەکی باش هەیە بۆ بەرەو باشبوون. بەخێرهاتنی هەمووتان دەکەم و سوپاسی هاوکارانم لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەكەم کە ئەم دەرفەتەیان رەخساند.”

جیاوازییەكانی بێشكچی؛ ئازایەتی و باسكردنی زانستییانەی پرسی كورد

لە سەرەتای دیالۆگەکەدا، زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو سوپاسی بەشداربووان، بە تایبەت زانکۆی سۆران، زانکۆی کوردستان هەولێر و زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک كرد كە ئامادە ببون. هەروەها سوپاسی زانکۆی سۆران و وەقفی بێشکچی لە هەولێر كرد كە هاوكار بوون بۆ ئەو چالاكییەكە و گوتی:” دەمەوێت بەرلەوەی دەست بە دیالۆگەکە بکەین، قسەیەکی مارتن ڤان برانسون لەسەر مامۆستا بێشکچی بگێڕمەوە، وابزانم برانسون لەساڵی 2014دا لە گوتارێکدا بەناوی دیاردەی بێشکچی دەڵێت، ئەو شتانەی کەوا بێشکچی لەبارەی کورد باسیان دەکات، شتێک نەبوون کە پێشتر نەگوترابن، بەڵام دوو تایبەتمەندی هەیە کە بێشکچی لەوانی دیکە جیا دەکاتەوە: یەکەمیان ئەوەیە کە لەساڵانی 1960 و 1970 کاندا ئازایەتی و جەرگێکی دەوێست کە تۆ بتوانی  لەهەلومەرجی تورکیا،  باسی راستییەک بکەی بەناوی راستیی کورد. ئەمە کاری هەموو کەسێک نەبوو، بەڵکو کەسێکی ئازای دەویست ئەمە بڵێت. دووەمیش، کەم کەس هەبوو بتوانێت وەک بێشکچی بە میتودێکی زانستی باسی دۆزی کورد بکات، یاخود بەرگێکی زانستی بە دۆزی کورددا بکات و لەڕێگەی زانستەوە باسی بکات. هەروەها کاتێک چۆمسکی باسی بێشکچی دەکات دەڵێت “ئەو قارەمانی  دنیای زانستە و سیمبۆلی ئازایەتی و شەرەفە”. بێگومان بۆ کەسێکی کورد، یاخود بۆ عەرەب و تورک زۆر ئاساییە کە بەرگری لە دۆزی گەلەکەی خۆی بکات، ئەمەش شتێکی سرووشتییە، چونکەناسنامە بەشیکە لە بوونی ئێمە. هەموومان هەوڵدەدەین بەشێوەیەک لە شێوەکان بە ناسنامەیەکەوە خۆمان پێناسە بکەین، بەڵام زۆر شتێکی نائاسایی و زۆرشتێکی گەورەیە کە تۆ بێیت و بەرگری لە ناسنامەی میللەتێکی دیکە بکەیت. نوسەرێکی بەناوبانگی تورک بەناوی موراد بەلگە دەڵێت:” زۆر زۆر گرنگە کەسێکی وەک بێشکچی، وەک پیاوێکی زانستی توانیویەتی دۆزی میللەتێکی دیکە بخاتە سەرشانی خۆی.” بەڕاستی ئەمە هەم هونەرە و هەم شۆڕشێکی راستەقینەیە و کاری هەموو کەسێک نییە.  17 ساڵ تۆ لە زیندان بمێنیتەوە و زیاتر لە 100 ساڵ حوکمت هەبێت تەنیا لەبەرئەوەی کە دەنوسیت. زۆربەی ئەو بەرهەمانەی کە هەتە و زیاتر لە 37 دانەیان لە تورکیا قەدەخە بکرێن. ئەمە شتێکی شاراوە نییە كە زۆرێک لە هاوکارەکانی خۆی پشتیان تێکرد، تەنانەت یەکێک لەوانەی هەواڵی لێدا و راپۆرتی لەسەردابوو تاوەكو بگیرێت، هاوکارێکی خۆی بووە لە زانکۆ. تۆ بەرگری لە دۆزی میللەتێکی دیکە بکەێت و لەنیو میللەتەکەی خۆتدا حاشات لێبکرێت، مرۆڤ دەتوانێت  پێشبینی ئەوە بکات کە ئەمە چ بارێکی دەروونی قورسە!”

لەدرێژەی قسەکانیدا، زریان رۆژهەڵاتی گوتی “زۆر سوپاسی مامۆستا بێشکچی دەکەم کە میواندارییەکەی ئێمەی قبوڵکرد تاوەكو لێرە بتوانین دیالۆگێک بکەین و ئامانجیشمان بوو کە ئەم دیالۆگە زیاتر لەگەڵ نەوەی نوێ و نەوەی زانکۆ بێت. مامۆستا بێشکچی خۆی ئەم ناونیشانەی پێباشبوو، جا ئێستا نزیکەی نیوکاژێر گوی لە بەڕێزیان دەگرین و دوابەدوای ئەوەش درێژە بە دیالۆگەکەمان دەدەین.”

سیستەمی ئەنتی كورد؛لە كۆمەڵەی گەلانەوە تاوەکو رێكخراوی نەتەوەكگرتووەكان!

ئیسماعیل بێشکچی لە گوتارەکەیدا گوتی:” لەساڵانی 1920كانەوە کەشی جیهان گوڕانکاری زۆری بەسەردا هات. ئیمپراتۆرییەکان پارچە پارچە بوون، وەك ئیمپراتۆری رووس، ئیمپراتۆری ئەڵمانی و ئمپراتۆری دەوڵەتی عوسمانی. ئەوەی کە زۆر پەیوەندیدار بوو بە ئێمە، ئیمپراتۆری عوسمانی بوو کە ئەویش دابەشبوو. دواجار چەند دەوڵەتێکی نوێش دامەزران. دوای جەنگی جیهانی یەکەم، ئەو دەوڵەتانەی کە لە نێو سیستمی داگیرکاریدا بوون بەشێوەیەکی نوێ دیزاین کرانەوە. نەمسا، هەنگاریا، هەروەها لە ئەڵمانیا کە کاریگەرییەکانی ئەم سیستمە لەسەریان بوو، هەروەها فەڕەنسا، بەریتانیا و رووسیا، هەموو ئەمانە دووبارە گوڕانکارییان بەسەردا هات. ئەوەی کە پەیوەندی بە ئێمەوە هەبوو، ئیمپراتۆری عوسمانی بوو کە دابەشکردنی خاک بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش لە میزپۆتامیا کە پەیوەست بوو بە ئێمە. داگیرکاری بەریتانیا لە عێراق، ئوردن و فەڵەستین هەبوو، هەروەها ئەوانەی کە پەیوەندیداربوون بە فەڕەنسا، سووریا و لوبنان بوون. لەوی سیستمی ماندێت دامەزرا، ئێمەش زیاتر بە داگیرکاری ناوی دەبەین. لێرەدا پرسیارێک هەیە، بۆچی دەوڵەتی کوردستان دانەمەزرا؟ بۆ نموونە شێخ مەحموود بەرزنجی لە باشووری کوردستان و لەدژی بەریتانیەکان دەیگوت: من مەلیکی کوردستانم، من پاشای کوردستانم، بەم شێوەیە قبوڵم بکەن.

دوای جەنگی جیهانی یەکەم، دوای کۆنگرەی پاریس، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەسەر کوردستان کرا. دەوڵەتە داگیرکارەکانی وەکو بەریتانیا و فەڕەنسا، نە تەنیا کوردستانێکی سەربەخۆ بەڵکو کوردستانێکی داگیرکراویشیان قبووڵ نەبوو. بگرە کوردستانێکی ژێردەستەشیان قبووڵ نەبوو، ئەمەش قۆناخێک بوو کە لەوێوە دەستیپێکرد.

باشە کۆمەڵەی گەلان بۆچی درووستکرا؟ لەڕاستیدا بۆ ئەوەبوو کەوا بەرلەوەی شەڕ رووبدات کێشەکان چارەسەر بکرێن و پرۆسەی چارەسەری وابکات کە نەگاتە شەڕ، بەڵام ئەوەی ئێمە دەیبینین ئەوەیە کە لە سەردەمێکی وەهادا و لەسەردەمی کۆمەڵەی گەلانەو، کوردستان دابەشکرا.

ئەوەی دەبینین کە پەیوەندیدارە بەو سەردەمەوە، باسی دیاریکردنی مافی چارەنووسی گەلانە. ئەوە لەسەردەمی سۆڤیت و ستالینەوە باسدەكرا، هەروەها ئەمریکییەکان، ڤۆدرۆ ویلسن، زۆر باسیان کردووە و پەنجەی خراوەتەسەر، کە پێویستە چۆن نەتەوەكان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، ئەمە بەتایبەتی لە باکووری ئەفریقا، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە ئاسیا جۆش و خرۆشێکی زیاتری هەبوو. رووسەکان لەبابەتی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەچەندین قۆناخدا تیپەڕبوون. بەهەمان شێوە وڵاتانی ناوچەکەش وابوون، بەڵام رێك لەوکاتانەدا کوردستان دابەشکرا و پارچە پارچە کرا، بەڕاستی ئەمەش جەرگبڕە هاوڕێیان! کاتێک دەبینین کە کۆمەڵەی گەلان دادەمەزرێت و دەبینین کە باسی مافی دیاریكرنی چارەنووسی بۆ نەتەوەكان دەكریت كەچی کوردستان دابەشکدەكرێت و پارچە پارچە دەكرێت. من لەو باوەڕدام کە ئەمە قۆناخێکی زۆر هەستیار بوو، بەتایبەتیش لە ناوچەکەدا. هەروەها ئەوەی لە کۆمەڵەی گەلان چاوەڕواندەکرا نەیتوانی فەراهەمی بکات، و نەیتوانی رێگە لە جەنگ بگرێت کە بۆ ئەوە دامەزرابوو. من لێرەدا دەمەوێت بڵێم کە دابەشبوون و پارچە پارچە بوونی کوردستان لەو سیستەمەدا كە سیستەمێكی ئەنتی کورد ناوی دەبەم، لە سەردەمی کۆمەڵەی گەلانەوە کاری لەسەردەکرا. کۆمەڵەی گەلان نەیتوانی ئاشتەوایی دەستبەربکات و هەروەها نەیتوانی کە رێگا لەشەڕیش بگرێت، هەربۆیە جەنگی جیهانی دووەم زۆر خوێناویتر بوو لە جەنگی جیهانی یەکەم. دەوڵەتەکان و دەوڵەتمەداران ئیدی لەبابەتی فەراهەمکردنی ئاشتی و هێنانەکایەی ئاشتییەوە زۆر شتی دیکەیان گوت، هەروەها لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان ئەو رێگەچارانەی دەگوترا و باسدەکرا، پێش ئەوەی بگەین بە شەڕ و ئاشتەوایی، وەك خۆیان مانەوە. بینیمان کە ئەنجامەکەی چۆن بوو. هەروەها 1945 لەسەر هەمان بۆچوون و هەمان تێڕوانین کار لەسەر نەتەوەیەکگرتووەکان کرا و سیاسەتمەداران دەیانگوت کۆمەڵەی گەلان چەندین خاڵی لاوازی هەبوو، بە رەچاوکردن و بە بینینی ئەو خاڵە لاوازانە، کار دەکەین لەپێناو ئەوەی کە شەڕ روونەدەدات، بۆیە رێکخراوێکی لەوشێوە دامەزرێنرا. ئەمە شبۆ ئەوە بوو كە گوایا چیدی رێگە نەدا بەرەو شەڕ بڕۆین، بەڵام  كاتێ نەتەوەیەکگرتووەکانیش دامەزرا، سیستمی سیاسی جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هیچ گوڕانکارییەکی بەسەردا نەهات، هەروەکو چۆن 1920کان سیستمێكی دژە کورد دامەزرا، لەدوای 1945یش  لەسەردەمی نەتەوەیەکگرتووەکانیش ئەم سیستمە جیهانییە دژە کوردە بەردەوام بوو. هەرچەندە وەکو سیستمێکی نوێ ناونرا بەڵام لەسەر هەمان بیر و بۆچوون بەردەوام بوو. ئەمەش چۆنە؟ سیستمەکە بە دڵی ناوچەكەیە، کاتێک ئێمە دەڵین ناوچەییە مەبەستمان تورکیا، ئێرانە. دەبینین ئەو وڵاتانەی لە ناوچەکەدا هەن زیاتر لەسەر ئەم پرسە چڕدەبنەوە. دوای جەنگی جیهانی هەروەکو گوتمان کەشوهەوای جیهان گوڕانکاری بەسەردا هات، بەڵام ئەو سیستمە جیهانییە دژە کوردە هەتاوەكو ئێستا وەك خۆی ماوەتەوە. هاوڕێیان پێویستە پەنجە لەسەر ئەمە دابنێین.

لەدرێژەی گوتارەکەیدا بێشکچی گوتی:”هاوڕێیان! کوردان زیاتر لە 50 ملیۆن کەسن، هەروەکو ئێوەش دەزانن و دەبینین، سەرژمێری و ئاماری نوێ هەیە کە دەگوترێت ژمارەی کورد گەیشتووەتە 70 ملیۆن لە تورکیا، عێراق، سووریا و ئێران و…تاد. بەڵام ئەوان تا ئێستا نەبوونە دەوڵەت. رێگە بە سەرژمێرییەکی راستەقینە نادرێت لەم دەوڵەتانە، لەبەرئەوەش ئێمە ژمارەکان بە درووستی نازانین، بەڵام ئەوە دەڵین کە سەرباری ئەو ناسنامە زۆرە و ژمارە زۆرەی کوردان، ئەوان لەنێو سیستمی نێودەوڵەتیدا نین. بۆ نموونە لە نەتەوەیەکگرتووەکان 193 دەوڵەت هەیە، لەکاتێکدا کورد لەوێ هیچ نوێنەرێکی نییە، بەڕاستی ئەمە جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە! بەڕاستی لەروویەکی دیکەوە 212 یاخود 213 دەوڵەت لە ئۆڵمپیادەکان بەشداری دەکەن. لەنێوان ئوسترالیا و نیوزلەندا باس لە چەندین دەوڵەتی بچووك بچووك دەکرێت، هەروەها دەبینین کەوا لە یەکێتی ئەورووپا باس لە 27 دەوڵەت دەکرێت. قوبرس، ماڵتا و لۆکسمبۆرگ هەیە کە ژمارەی دانیشتوانیان ملیۆنێکیش نییە، واتە هەر سێ دەوڵەت ملیۆنێک نین. هەروەها ئیستۆنیا، لیتوانیا، سلۆڤینیا و چیک ژمارەی دانیشتوانین لە ملیۆنێک تێپەڕ دەکات یاخود نایکات. هەروەها بەحرەین، قەتەر و کوەیت ئەوانیش ژمارەیان ملیۆنێکە یاخود زیاتر، كەچی ئەوانیش دەوڵەتن. هەروەها مافی ئەوەشیان پێدەدرێت کەوا قسە لەسەر کیانی کوردی بکەن، بەڵام کورد میللەتێکی ئاوا زۆرن، کەچی هێشتا بێ دەوڵەتن. بەڕاستی دەبێت هەڵوەستە لەسەر ئەمە بکەین.

ئەگەر داگیركراوییەكەی كوردستانیش وەك ئەفریقا بوایە، ئێستا دەوڵەتی دەبوو!

هاوێیان، لە مێژوودا دەگوترێت کوردستان داگیرکراوە، هەروەها دەڵێن کوردستان داگیرکراوە، من دەڵیم کوردستان تەنانەت داگیرکراویش نییە. خۆزگە داگیرکراو بوایە. ئایا دەوڵەتە داگیرکراوەکان چۆن دامەزراون و سەربەخۆییان بەدەستهێناوە؟ بەکورتی دەبێت ئێمە سەیری ئەمە بکەین، لە سەرەتاکانی سەدەی 16وە دەبینین ئەورووپا پێی نایە قۆناخێکی نوێیەوە. سەرەتا هوڵەندییەکان، دواتر دانیمارکییەکان، ئیسپانییەکان و پۆرتوگالییەکان، لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەشەوە بەریتانییەکان و فەڕەنسییەکان خۆیان گەیاندە ئەفریقا. هەروەها لە چارەکی یەکەمی 1900کاندا ئیتالیاییەکان خۆیان گەیاندە ئەفریقا و هەر وڵاتە و شوێنێکی دیاریکراوی کۆنترۆڵکرد و بەشێوەیەکی مەیدانی بوونە دەسەڵاتدار. دەبینین کە ئەفریقا لەنێوان ئەو دەوڵەتانەدا دابەشکرا، بەڵام لە قۆناخی دواتردا هەرلایەنێک بۆ فراوانکردنی پانتایی خۆی لە هەوڵێکی چڕدا بوو، ئەمەش بووەهۆی درووستبوونی گوڕانکاری لەنیو ئەو دەوڵەتانەدا کە هەوڵی داگیرکارییان دەدا. لەساڵانی 1800کان لە بەرلین شتێك کرا. ئەو کردەیە فەرمییەتی پێدرا و ئەفریقا بەفەرمی دابەشکرا. وەک نموونەکانی تانزانیا، کینیا، زامبیا ، غانا و سەنیگال، دابەشکرا و دەبینین کە داگیرکراوەکان دامەزران و هەر داگیرکراوێک سنوورێكی بۆ دانرا. کینیا سنووری خۆی هەبوو، تانزانیا سنووری خۆی هەبوو، بەهەمان شێوە بۆ کۆنگۆ، زیمبابۆێ سنوور دیاریكرا. ئەمەش زۆرگرنگە کە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت، کە داگیرکراو بە داگیرکراو لە قەڵەمدەدرێت، واتای ئەوەیە كە پێگەیەیەكی هەیە، سنووری خۆی هەیە. ئەو وڵاتەش داگیرکراوە کولتوور و فەرهەنگی خۆی هەیە، وڵاتی داگیرکەریش ئەمە دەزانێت. بۆ نمونە لەلایەن  ئینگلیزەكانەوە کینیا کە داگیرکرابوو، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگ بوو ئەوە بوو کە هەموان دەیانزانی كە ئەو وڵاتە تاوەکو کۆتایی بە داگیرکراوی نامێنێتەوە. ئەو وڵاتانەی ئەو شوێنانەیان داگیرکردبوو وەکو بەریتانیا، فەڕينسا و ئەوانی دیکە، ئەو ناوچانەیان لەڕووی ئابوورییەوە بەهێز دەکرد، لەڕووی سیاسییەوە زەمینەسازی دەسەڵاتدارییان خۆشدەكرد. هەروەها بەشێوەیەک کاریان دەکرد کە توانای خۆ بەڕێوەبردن لە وڵاتە داگیرکراوەکاندا بڕەخسێنن بۆ ئەوەی دواتر سەربەخۆییان پێبدەن، وڵاتە داگیرکراوەکانیش بەم شێوەیە بەرەو سەربەخۆیی رۆیشتن. سنووری تایبەتی خۆیان هەبوو، میللەتەکەی خاوەن کلتوور و فەرهەنگی خۆیانن، ئەو وڵاتانەش لەڕووی ئابوورییەوە بەهێزبوو، دەگەیشتە قۆناخێک کە خەڵکەکەی بتوانێت ئەو دەوڵەتانە بەڕێوە ببەن، بەڵام ئەمە لە کوردستان بەم شێوەیە نەبوو.

لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش سیستمێکی جیهانی دژە کورد هەبوو. لەم هەرێمە و لەم ناوچەیەدا ئەوە جێبەجێدەکرا. لێکۆڵینڤانەکان ئەم راستییانە دەڵین، بەڵام دەوڵەتەکان ئەم شتانە ناڵین. کاتێک باسی کورد دەکەن بەو ئامانجە نییە کە بە تەواوەتی باسی کورد بێت و کێشەکەی دیاری بکات. دواتر بەشێوەیەکی کردەیی کوردەکان پارچە پارچە بوون، دابەشکران. تورکەکان دەڵین ئەمە خاکی تورکیایە، عەرەبەکان دەڵین ئەمە خاکی عەرەبە، فارسەکانیش دەڵین ئەمە خاکی فارسە، کەواتە لە دیدی ئەوانەوە خاکێک نییە بەناوی خاکی کوردستان! کاتێک دەڵین داگیرکراو، یەکەم شت کە بە مێشکی ئێمەدا دێت خاکی ئەفریقییەکانە. ئێمە زۆرجار بەنیگەرانییەوە باس لە ئەفریقییەکان دەکەین، لەڕاستیدا و بەپێچەوانەوە خۆزگە ئێمە بەوشێوەیەی ئەوان داگیربکرایەیەن و دەوڵەتمان بەدەستبهێنبایە! ئەگەر داگیركراوییەكی كوردستانیش وەك ئەفریقا بوایە، ئێستا دەوڵەتی دەبوو. ئێستا کوردستان سەربەخۆ دەبوو، بەڵام وانەبوو! کوردستان دابەشکرا وهەر بەشە و درا بە لایەنێک.

خاڵێکی دیکە کە زۆر گرنگە، ئەوەیە کە ئەمڕۆ لە ئەفریقا دەبینین 57 دەوڵەتی سەربەخۆ هەیە و تەنیا 4 دەوڵەتیان لەڕێگەی شەڕەوە سەربەخۆییان بەدەستهێناوە، ئەوانی دیکە لەرێگەی دیالۆگی دەستوورییەوە، لەڕێگەی دیالۆگی یاسایی و لەڕێگەی دیالۆگەوە سەربەخۆییان بەدەستهێناوە. ئەمە چۆن  بوو؟ سەرەتا من باسی ئەفریقا دەکەم و ئەو بەرەی رزگاری نیشتمانییە کە لەوێ دامەزرا. بۆ نموونە لە غانا و تانزانیا، هەروەها ئەو وڵاتانەی بەرەی نیشتمانیان لێ دامەزرا. ئەوان بە فەڕەنسا دەگوت کە داوکاریی ئێمە ئەم خاڵانەی خوارەوەیە، جا هێزی داگیرکەر فەڕەنسا بێت یاخود بەریتانیا. داواکاری خۆیان بەگشتی پێشکێشدەکرد. یەکێک لە داواکارییەکان ئەوەبوو کە ئێمە دەمانەوێت سەربەخۆ بین، بەریتانیا یاخود فەرەنسا پێیان دەگوتن بەهیچ شێوەیەک  قسەی لەسەر ناکەین، بەڵام خاڵی دیکە هەیە کە دەتوانین قسەی لەسەر بکەین. بەڵام لەماوەی دوو ساڵ بۆ سێ ساڵ، لەساڵانی 1950 و 1960کاندا، نەرمیان لەبارەوە نواند، قۆناخەکە تێپەڕی و تاوەکو گەیشتە سەربەخۆیی.

خاڵیكی دیكە ئەوەیە كە  لەڕاستیدا ئەو هۆز و خێڵانەی کە لەگەڵ بەریتانییەکان هاوئاهەنگییان دەکرد، لە ئەفریقاوە منداڵەکانیان دەناردە شارە گەورەکان لە بەریتانیا و ئەورووپا بۆ ئەوەی پەروەردە بکرێن و بخوێنن، بۆ نموونە ئەو وڵاتانەی کە فەڕەنسا داگیرکردبوون، منداڵەکانی خۆیانیان دەناردە پاریس، ئەو وڵاتانەی بەریتانیا داگیرکردبوون دەیناردە لەندن و ئەو وڵاتانەی پۆرتوگال داگیرکردبوون منداڵەکانیان دەناردە لیشبۆنە، هەروەها ئەو وڵاتانەی ئیسپانیا داگیریکردبوون، منداڵەکانیان دەناردە مەدرید. ئەوانەش بەشی پزیشکی، بەشی ئەندازیاری و بەشی یاسایان دەخوێند، بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەوەبوو کە بیر و هزری سەربەخۆیی لەناو ئەو خانەوادانەدا هەبوو، ئەوان دركیان  بە گرنگی سەربەخۆیی دەكرد، جا لە هەر شوێنێک بن و هەر شتێک بخوێنن. جگە لەوەش کاتێک کە دەگەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان ئەوان بەرەی رزگاری نیشتمانیان دادەمەزراند.

لێرەدا و لە کوردستان، ئەو خانەوادانەش کە پێیان دەگوترێت جاش، منداڵەکانیان نارد بۆ خوێندن، بەڵام دوای ئەوەی کە منداڵەکانیان گەڕانەوە کوردستان هیچ بەرەیەکی رزگاری نیشتمانی یاخود شتێکی هاوشێوە پێکنەهات و دانەمەزرا. لەڕاستیدا هەر نەبووە جێگەی باس، بەڵام لە ئەفریقا بەپێچەوانەی ئەوە روویدا کە باسمانکرد.

خاڵێکی دیکە کە گرنگە لێرەدا سەبارەت بە کوردستان و داگیرکرانی باسی لێوەبکەین، ئەوەیە کە ساڵانی 1954 تاوەکو 1961، تەنانەت تاوەکو 1975 بەرەنگاری روویدا بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بەدەستبهێنین، هەروەها تەنانەت رووبەڕووبوونەوەی چەکداری روویدا بۆئەوەی کە سەربەخۆیی بەدەستبهێنن. لێرەدا  بۆ نموونە موزەمبیق و ئەنگولیا کە داگیرکەرەکەیان پۆرتوگول بووە، نێوانیان 2 هەزار کیلۆمەترە کە دەیبین مەودایەکی زۆرە، هەروەها 16 هەزار کیلۆمەتر جیاوازی نێوان داگیرکەر و داگیرکراو بووە، ئینجا دەبینین کە ئەو توانا مرۆییە ئەو هەزاران کیلۆمەترە دەبڕێت و دەچێت لەوی دەسەڵاتی خۆی دەسەپێنێت. لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە راستە ئەو وڵاتانەی داگیرکراوبوون، بەڵام لە ئەنگولیا نەیانتوانی بەتەواوەتی حکومەکە یاخود دەسەڵاتی داگیرکەر درێژە پێبدەن. هەروەها بەڕێوەبردنی داگیرکەرەکانیش هەندێک جار ناتەواو بووە، بۆیە ئەو وڵاتانە بەرەو سەربەخۆیی دەڕۆشتن. بەڵام لێرە لە کوردستان، بۆ نموونە لە بەغدا ئەو فڕۆکە سەربازییەی کە هەڵدەستا، بە نزیکەی نیو کاژێر دەگەیشتە کوردستان و بۆردومانی دەکرد. ئەمە بە چ واتایەک دێت؟ لە وڵاتە داگیرکراوەکانی دووری و مەودای نێوان داگیراو داگیركەردا بەرچاوە، ئەمە هەندێکجار لاوازی لەبەڕێوەبردنی وڵاتە داگیرکراوەكاندا دروستكردووە، ئەمەش بەواتای ئەوەی کە وڵاتە داگیرکەرەکان هەموو هێزێکیان بەسەر ئەو وڵاتانەدا نەدەشکا. لە کوردستان ئەو فڕۆکە سەربازییە لە بەغدا بە ماوەیەکی کەم دەگەیشتە کوردستان و وەکو دەزانین و منیش گوتم، سوپای عێراق وەک دەزانین لە موسڵ بوو، واتە نزیک بوو، بگرە لەنێو کوردستان بوو. هاوڕێیان!

لەدوای جەنگی جیهانی دووەمەوە نەتەوەیەکگرتووەکان لەبابەتی وڵاتە داگیرکراوەکاندا راگەیاندراوێکیان بڵاوکردەوە و باسیان لەوەکرد کە با ئەوان خۆیان وڵاتی خۆیان بەڕێوە ببەن. بەڕێوەبردن و دەسەڵاتی سیاسی رادەستی ئەو وڵاتانە بکرێت و گوتیان پێویستە سەربەخۆییان پێبدرێت و ئەمە راگەیاندراوێکی حەوت بڕگەیی بوو کە لە 14ی کانوونی یەکەمدا بڵاوکرایەوە. دەبینین کە ئەو حەوت بڕگەیە و بەتایبەتیش لە بڕگەکانی 3و 5 دا داواکرابوو کە سەربەخۆییان پێبدرێت، هەروەها لە بڕگەکانی 4و 6و 7دا باسی وردەکارییەکانی کرابوو. لەو کاتەدا دەگوترا ئەگەر لەنێوان داگیركەر و ئەو وڵاتەی داگیری کردووە دەریا یان ئۆقیانووس هەبێت، ئەوا دەبێت راستەوخۆ و بەبێ دیالۆگ سەربەخۆیی بە داگیركراو بدرێت. هەروەها نەتەوەیەکگرتووەکان دەیگوت ئەگەر بزوتنەوەیەکی نیشتمانی و هێزێکی سیاسی بۆ سەربەخۆیی هەبێت ئەوا ئێمە هاوکارییان دەکەین، لەڕاستیدا بۆیە زۆر لەسەر ئەفریقا هەڵوەستە دەکەم چونکە زۆر گرنگە بۆ بەراوردکردن و بەتایبەتیش لەگەڵ کوردستان.

لە ئەفریقا بەهۆی دووری مەوداوە، نێوانی دایگەر و داگیركراو زۆر بووە، لەکاتێکدا ئەمە لە کوردستان زۆر نزیک بووە و وایکردووە دەسەڵاتی داگیركەر بەهێزتر بێت. لەکاتێکدا لە ئەفریقا بووە هۆی لاوازی دەسەڵاتیان. چونکە لە ئەفریقا دەوڵەتەکان دووربوون و لە کوردستانیش دەوڵەتەکان نزیک بوون. هەروەها، دەبینین کە ئەو وڵاتانەی بزوتنەوەی رزگاری و بزوتنەوە سیاسی تێدا هەبوو، جا مەبەستەکەم ئەوەیە کە نەتەوەیەکگرتووەکان بەرەنگاری ئەو بزوتنەوانە و هاوکاری ئەو دەوڵەتانەی دەکرد کە رووبەڕوویان دەبوونەوە، ئەمەش راستییە و خاڵی زۆر گرنگن.

بۆچی تاوەکو ئێستا كورد دەوڵەتی دانەمەزراندووە؟

هاوڕێیان بابەتێکی دیکە هەیە، کە دەمەوێت هەڵوەستەی لەسەر بکەم. کوردەکان سەرباری ئەو ژمارە زۆرەی دانیشتوان و سەرباری ئەو خاکە فراوانەی کەهەیانە تاوەکو ئەمڕۆ دەوڵەتێکی کوردییان دانەمەزراندووە، بۆچی؟ ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە. لەکاتێکدا تۆ ژمارەیەکی دانیشتوانی وا زۆر و خاکێکی ئەوەندە پان و فراوانت هەیە، بەڵام هێشتا لە رەهەندی نێودەوڵەتیدا ناوت نییە و پێناسەت نییە، بەڕاستی لێرەدا ناکۆکییەکی زۆر گەورە هەیە. بۆچی کوردەکان نەیانتوانیوە ببن بە دەوڵەت؟ لێرەدا دەتوانین ئاماژە بە دوو هۆکار بکەین:

کاتێک گوڕانکاری لە پاشای عوسمانی و شای ئێران دەكرا، جا هەرکامێکیان بوو بێت، چ دەبوو؟ ئەوی دیکەیان دەکوشت یان برایەکی خۆی دەکوشت، بۆئەوەی لە داهاتوودا هیچ ئۆپۆزسیۆنێک و دژبەرێکی نەبێت، ئەمەش بۆ ئەوەی دژبەری نەبێت کە ئاستەنگی بۆ درووستبکات. کەواتە حکومڕانی لە لای پاشا عوسمانییەکان و لەلای شای ئێرانییەکان تاکڕەوی بووە، بەڵام لەنیو کورد شتێکی ئەوها نەبووە. بۆ نموونە لەساڵی 1514دا لە کۆبوونەوەیەکی یاوز سوڵتان سەلیم 25 میری کورد دادەنیشن بۆ رێککەوتن. ئەو 25 میرە کوردە نەیانتوانیوە لەنیوخۆیاندا سەرکردە و سەرۆکێک هەڵبژێرن، نەیانتوانیوە بڵین ئەوە سەرکردەی ئێمەیە. چییان کردووە؟ گوتوویانە بە عوسمانییەکان ئێوە سەرکردەیەک بۆ ئێمە هەڵبژیرن و بینێرن تاوەکو حکومی ئێمە بکات. هەروەها دەبینین کاتێک کە پاشای عوسمانی کۆچی دواییکرد تاکە کەسێک کە هەبێت بڕواتە شوێنەکەی، بەڵام لەو 25 میرە کاتێک یەکێکیان کۆچی دوایی دەکات، دەبینین زۆر وردەکاری هەیە و ئەو خاکەی میر خاوەنداری دەکات دابەشدەکرێت، ئەمەش دەریدەخات کەوا حکومڕانییەکی بەشکراو دەبێتە جێگەی باس و ئەمە لەلای کورد هەیە. لەڕاستیدا لە سەردەمی سەلاحەدین ئەیووبی بەم شێوەیە بووە و هەروا هاتووە. ئەوکاتەی کە سەلاحەدینی ئەیوبی خاکێكی زۆر لەژێر دەست بووە، وەک نموونەیەک حەسەن کێف رای جیاواز و ئاراستەی جیاوازی تێدا هەبووە، بۆیە دابەشکاری هەبووە و کوردەکان نەیانتوانیوە دەسەڵاتێکی ناوەندی درووست بکەن.

لێرەشدا پێویستە باسی کولتوور بکەم. دیسانەوە دەبینین، کە هۆزێک، میرێک و خانەوادەیەک هەڵکەوتە هەبێت، دەبینین لەنیوخۆیاندا رێگەیان لێدەگیرێت لەوەی یەکێکیان بەرەوپێش بچن، گرووپێک رێگری دەکەن لە پێشکەوتنی ئەوانی دیکە و لەسەر ئەوانی دیکە کار دەکەن. هەربۆیەش لەلایەن ئەو خانەوادانە و لەلایەن میرەکانەوە ئاستەنگیان بۆ درووستدەکرێت، ئەمەش وایکردووە کە هیچ تاکێک نەتوانی دەربکەوێت، ئەمەش ئاستەنگێکی زۆر گەورەیە لەبەردەم دەوڵەت بوون. چۆن دەتوانی ببیت بە دەوڵەت، کاتێک هۆزێک دەڕواتە پێشەوە و دەیەوێ بە سەر ئەوانی دیكەدا زاڵ بێت، هەموو ئەوانی دیكە رێی لێ دەكگرن و دەست بە دەستی یەكدا دەكەن تا دژی بن. کاتێک ئەمە روونادات کێشە درووستدەبێت. هاوڕێیان با وەک نموونە ئیسرائیل بهێنمەوە، کە کولتوورێکی زۆر جیاوازی هەیە، ئەگەر خانەوادەیەک لە ئیسرائیل یاخود کەسێک لەنێو ئەو کۆمەڵگەیەدا بیەوێت بەرەوپێش بڕوات،ئەوانی دیکە دەست بە باڵییەوە دەگرن بۆ ئەوەی خێراتر بەرەو پێشەوە بڕوات، خێراتر پێشبکەوێت و سەرکەوتوو بێت، ئەمە وادەکات کە بەرەوپێشچوونەکە گشتی بێت.

ئەگەر باس لە باشووری کوردستان و هەرێمی کوردستان بکەین، لێرە ئەو سوپایانەی سەر بە پارتی سیاسی و سەر بە هێزی سیاسی و ئەو بیروکراتیانەی سەر بە پارتە سیاسییەکانن لە ئارادان، ئەمەش نابێتە هۆی درووستبوونی هێزی ناوەندی و کاتێک هێزی ناوەندیش نەبوو، ئەوا تۆ ناتوانێت ببێتە خاوەنی هیچ و ناتوانی ببێتە خاوەنی هیچ شتێک. هەروەها ئەگەر دەوڵەتان نەبێت، ناتوانن هیچ شتێکتان هەبێت، تەنانەت ناتوانن گوڕستان بۆ خۆشتان درووست بکەن. دەوڵەت گرنگە. بۆ نموونە لە باکوور لە سێرت مەزاری شەهیدان هەیە کە تەلبەند کراوە و پەرژینی بۆ درووستکراوە، بەڵام کاتێک ئۆپراسیۆن هەبوو ئەو ناوچەیە لەگەڵ زەوی دا یەکسانکرا. بەشێكی زۆری ئەو شوێنەوارەی کە هەبوو دزرا، هەرچەندە ئەوان بیانووی جۆراو و جۆریان هەیە بەڵام تەنانەت ئێسکەکانیش گواسترانەوە بۆ ئیستەنبووڵ و بە کۆنکریت داپۆشرا، واتە تۆ ناتوانێت گوڕستانەکەی خۆت دابمەزرینێت و گوڕستانی تایبەت بەخۆتیش هەبێت. هەروەها موزەخانەشت نابێت و ناتوانێت هەتبێت، بۆیە زۆر گرنگە کە ببیتە خاوەنی دەوڵەت، بەڵام چۆن دەتوانێت ببیتە خاوەنی دەوڵەت؟ هەروەکو گوتم بۆ ئەوەی ببیتە خاوەنی دەوڵەت، پێویستە بەڕێوەبردنێکی ناوەندی هەبێت، دەسەڵاتێکی ناوەندی هەبێت، کاتێک هێزەکان جیاواز بن، سوپا جیاواز بن و دارایی جیاواز بێ ئەمە ناكرێت.لێرە دەبینین کەوا تەنانەت جلوبەرگی پێشمەرگەش جیاوازە! ئالێرەدایە کەوا هیچ ئەنجامێک بەدەستەوە نادەیت. بۆیە رەخنە زۆرگرنگە. رەخنە لەو پارتە سیاسیانە بگرن. لە زانکۆکانی کوردستان پیویستە شێوازێکی وا پێڕەو بكرێت کەوا رەخنە لە پارتە سیاسییەکان بگیرێت.تۆ كە تاوەکو ئێستا ناسنامە و پیناسەت نییە، ئایا شتێکی لەوشێوەیە قبوڵدەکەیت؟ بۆیە ئیدی پێویستە رخنە لە حکومەتی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان پارتە سیاسییەکانیش بگیرێت.

هاوڕێیان شتێکی دیکە کە دەمەوێت باسی بکەم ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان كاتێ لەگەڵ ئەمریکا گفتوگۆ دەکەن و، لەسەر مێزی گفتوگۆ دادەنیشن، لە تەنیششت ئاڵای ئەمریکا ئاڵای کوردستان دادەنرێت، بۆ نموونە مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران لە لەندەن لەگەڵ بۆریس جۆنسون، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دیداری هەبوو، بینیمان لەلایەک ئاڵای کورد هەبوو و لەلایەکی دیکەش ئاڵای ئینگلیز هەبوو، هەروەها کوردەکان لەگەڵ سوید، ئەڵمانیا، فەڕەنسا و نەروێژ لە دیدارەکانیان ئاڵای خۆیان هەیە، بەڵام کاتێک لەگەڵ تورکیا دیدار دەکەن بەم شێوەیە نییە. بۆ نموونە سەرۆک نێچرڤان بارزانی لەماوەی ساڵی رابردوو دووجار سەردانی تورکیا کردووە، هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران جارێک چووەتە تورکیا، لە هەر سێ سەردانەکەشدا لەسەر مێزەکە ئاڵای کوردستان نەبوو، ئەمەش بە چ مانایەک دێت؟ بەو مانایە دێت کە تۆ بە فەرمی ناناسم. هەربۆیەش پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوەستە لەسەر ئەمە بکات، راستە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا، بەتایبەتیش لە پرسی بازرگانی و نەوت زۆر گرنگە و پێویستە ئەمە بکرێت، چونکە وەکو گوتمان دابەشکراوە و کورد دوژمنی زۆرە، بەڵام بابەتی دانپێدانانیش گرنگە. لەبەرئەوەش پەیوەندی دیپلۆماسی و بازرگانی گرنگە، بەڵام پێناسە و ناسینی ئاڵای کوردستان زۆرگرنگە و پێویستە هەموو کەسێک ئەمە بزانێت. پەرلەمان، حکومەت و پارتە سیاسییەکان پێویستە لەم بابەتەدا زۆر وریا بن.

لەکۆتایی دیالۆگەکەدا ئامادەبووان چەندین پرسیاریان ئاراستەی ئیسماعیل بێشکچی کرد و دوای گفتوگۆ، کۆتایی پێهێنرا.

تەواوی چالاکییەکە:

May - 2022
Monday
23
04:00 PM
-
06:00 PM
Share this Post

چالاکی