رۆژانی رابردوو لە پەراوێزی کۆڕبەندی فرەجەمسەری و دۆستایەتی رووسیا، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و کەسایەتییەکانی رووسیا ئەنجامدا.
لە دیدار و کۆبوونەوەکان، زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەکە لە ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ئەلیکساندەر دۆگین، فەیلەسوف و جیۆپۆڵتیکزانی رووسی، و ڤیتالی ناوکین، سەرپەرشتیاری پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی لە مۆسکۆ ئەنجامدا.
هەروەها، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو سەردانی چەند ناوەند و پەیمانگەیەکی لە مۆسکۆ کرد لەنێویاندا پەیمانگەی رۆژهەڵاتناسی و لەگەڵ بەڕێوەبەری پەیمانگەکەدا بیروڕایان لەبارەی کاری هاوبەشی درێژخایەن گۆڕییەوە. پاشان، سەردانی یانەی ڤاڵادای، ناوەندی لێکۆڵینەوەی ریاکی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا و دامەزراوەی پریماکۆڤ بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی و سەنتەری لێکۆڵینەوە ئابوورییەکان بۆ راوێژی دارایی کرد، دواتر لەگەڵ سەرۆکی سەنتەرەکە، مارسیل سالیخۆف کۆبووەوە.