رۆژی دووشەممە، 28ی ئادار 2022، شاندێکی لێکۆڵینڤانانی کارووباری سووریا و عێراق لە ناوەندی ئەلشرق فۆریوم، ناوەندی زانکۆی ئەورووپی و رامان سەنتەر لە تورکیا، لە هەولێر سەردانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداویان کرد. لە كۆبوونەوەكەدا دوایین گوڕانکارییەکانی پەیوەست بە تورکیا، عێراق و سوریا تاوتویکرا و، باس لە کار و چالاكیی هاوبەش کرا.
شاندی ناوەندی ئەلشرق فۆریوم پێکهاتبوو لە هەریەکە لە سینان هاتهات – لێکۆڵینڤانی باڵا لە کارووباری سووریا و محەممەد ئەمین جەنگیز، لێکۆڵینڤان لە کارووباری سووریا و عێراق، ئاگنیز فاڤیر، لێکۆڵینڤانی باڵا لە ناوەندی زانکۆی ئەورووپی و شارەزای کارووباری سووریا و بیدار مەلا رەشید – بەڕێوەبەری سەنتەری رامان لە ئیستانبووڵ لە كۆبوونەوەكەشدا كە لەسەر بنەمای رێساكانی چاتهام هاوس رێكخرابوو، مژارەكانی پەیوەست بە سوریا، توركیا و عێراق تاوتوێكران.
لە سەرەتادا پرسی رۆژئاوای کوردستان و گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە هەڵویستی هێزە ناوچەیی و زلهیزەکانی جیهان و نێوخۆی رۆژئاوای کوردستان و سووریا گفتوگۆی لەسەرکرا، بەتایبەتیش پرسی ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە هاوکێشە هێز لە ناوچەکەدا لەدوای جەنگی رووسیا و ئۆکراینا، هەروەها بەهێزبوونەوەی پێگەی تورکیا لەناوچەکە بەهۆی پێگەی ستراتیژی لەنیو هێزە جیاوازەکاندا. باس لە رۆڵی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و درووستبوونی جەمسەربەندی نوێ لەنێوان هێز هەرێمی و بچووک و گەورەکاندا گفتوگۆی لەسەر کرا، لێکۆڵینڤانان لەسەر ئەو بڕوایە بوون کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو داڕشتنەوەیەکی دیکەی هێز دەڕوات و لە ئێستاوە جەمسەربەندی هێزە سەرەکییەکانیش دەرکەوتووە.
لەسەر پرسی نیوخۆی تورکیا و ئەگەرەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن و دەرکەوتنی رکابەریی شەش پارتی ئۆپۆزسیۆن لە هەمبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئەوان پێیانوابوو كە یەکەم تەگەرەی بەردەم ئەردۆغان ئەوەیە كە ئەو شەش پارتەی کە بەیەکەوە دەیانەوێت بەشداریی هەڵبژاردن بکەن یەک کاندید بۆ رکابەری ئەردۆغان لە هەڵبژاردنی 2023دیاری بكەن. هاوكات جەخت لەوە كرایەوە كە چاوەڕوانناكرێت گۆڕانكارییەكی ئەوتۆ لە سیاسەتی توركیا لە سوریا بكرێت و پێدەچێت ئەنكەرە لەسەر ئەو دۆخەی ئێستا بەردەوام بێت.
لەبارەی هێرشەکەی ئەم دواییە ئێران بۆ سەر هەولێر و پەیوەست بەو گوڕانکارییانەی کە لە نەخشەی وڵاتانی دابینکەر و بەکاربەری گازی سرووشتی دێتە ئاراوە، لێکۆڵینڤانان بۆچوونیان وابوو کە توركیا بەدوای دابینکردنی ئاسایشی وزەی خۆی و پردی گواستنەوەی وزە بەتایبەتیش گازی سرووشتی بۆ ئەورووپا دەگەڕێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە تورکیا لە دەریای ناوەڕاست وەبەرهێنانێکی گەورەی لە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی دەکات، کە لەوانەیە تاوەکو 5 ساڵی دیکە بگاتە ئاستی وەبەرهێنان، لەبەرئەوە هەناردەکردنی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا و لەرێگەی تورکیاوە بۆ ئەورووپا دەرفەتێکی گەورەیە بۆ تورکیا بۆ زامنکردنی ئاسایشی وزە و دۆزینەوەی ئەڵتەرناتیڤی ئێران و وڵاتانی دیکە.