RRC |
لە چوارچێوەی چالاکییەکانیدا لەسەر بابەتە ستراتیژییەکان، بەتایبەت مەلەفی دایەلۆگی ستراتیژی چاوەڕوانکراوی نێوان عێراق و ئەمریکا، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو گفتوگۆیەکی تایبەتی لەگەڵ د.ئەیاد عەللاوی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق سازکرد.
لەسەرەتادا ئەیاد عەللاوی سوپاسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوی کرد، بۆ رێکخستنی ئەو گفتوگۆیانە و گوتی “شانازی بە سەنتەری رووداوەوە دەکەم، کە تاکە سەنتەرە هەوڵدەدات کلیلی دەرگا ستراتیژییەکان بکاتەوە، ئەوکاتەی عێراق لە قۆناخە جیاوازەکاندا رووبەڕووی تەنگژە دەبێتەوە. ”
عەڵلاوی داوادەکات لەم قۆناغەدا ئەم جۆرە هاوپەیمانێتیانە بەجددی وەربگیرێن و کاریان بۆ بکرێت، چونکە عێراق لەڕووی سەربازی وئابووریەوە پێویستی بە هاوپەیمانانە
”دەبێت رێککەوتن لەگەڵ هاوپەیماناندا بەجددی وەربگیرێت بەهۆی گەڕانەوەی داعش و نەبوونی ئارامی لە ناوچەکە و دابەشبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کەمبوونەوەی ئیمکانیەتی سەربازی و دارایی عێراق.” وتیشی:”ئێمە بەبێ فڕۆکەی هاوپەیمانان نەمانتدەتوانی بەسەرداعشدا زاڵبین، ئێستاش بەهۆی بۆشایی سیاسی وکۆمەڵایەتیەوە داعش گەڕاوەتەوە، بۆیە پێویستمان بە بوونی ئەمریکا وهاوپەیمانانە.”
بەڵام پێیوایە کە دەبوایە بەر لەدەستپێکردنی دانووستانەکە ، گفتوگۆی نێوخۆیی لەسەر ئەمە ئەنجامبدرایە بۆئەوەی عێراقیەکان بەیەک هەڵوێستیەوە بچنە گفتوگۆی راستەوخۆوە لەگەڵ ئەمریکیەکان.
”دەبوایە پێش دیاریکردنی بەرواری دایەلۆگەکە ، دایەلۆگی نیشتیمانی فراوان لەنێوخۆی عێراقدا ئەنجامبدرایە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و هەموو هێزە سیاسیەکاندا بۆ یەکخستنی هەڵوێست و ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی راشکاوانە لەگەڵ ئەمریکا. چونکە ئێمە پێویستمان بە ئەمریکا وهاوپەیمانان هەیە، نە سوپایەکی بەهێزمان هەیە نەدەسەڵاتێکی سیاسی وامان هەیە کە توانای رووبەڕووبونەوەی کێشەکانی هەبێت.”
عەللاوی داوادەکات کە ئەم دایەلۆگە تەنها لەچوارچێوەی ستراتیژی وئەمنی نەبێت و لە چەند روویەکەوە کاری لەسەر بکرێت وبکرێنە تەوەری دانووستانەکە لەگەڵ ئەمریکا.
داواش دەکات لە رووی داراییەوە ئەوە یەکلابکرێتەوە کە کێ تێچوونەکان لەئەستۆ دەگرێت.
هەروەها ئەوەش روون بێت کە ”ئایا بنکە سەربازییەکان بە خۆڕایی وەردەگرن؟ کێ تێچووی دابینکردنی ئاوی پاک، کارەبا و تۆڕەکانی پەیوەندی و خۆراک، هەروەها تێچووی راهێنانی هاوبەش و پاراستنی دەرەوەی بنکە سەربازیەکان لە ئەستۆ دەگرێت؟”
عەللاوی داوای ئەوەدەکات کە جموجوڵی هێزەکانی هاوپەیمانان بەمۆڵەتی عێراق بێت و ”رێگەیان پێنەدرێت دەست لە کاروباری ناوخۆی ووڵات وەردەن.”
بۆیە بۆئەوەی ئەمەش روونەدات پێشنیار دەکات ئەو ماددەیە رەت بکرێتەوە لە رێککەوتنی ستراتیژی کەبانگەشەی ئەوەدەکات کە ”هێزەکانی هاوپەیمانان پارێزگاری لەسیستمی دیموکراسی لە عیراق دەکەن” و دەڵێت: ” بۆ نموونە ئەگەرخۆپیشاندەران بە هەڕەشە بۆ سەر سیستەمی عێراق سەیربکرێن، ناکرێت داوا لەئەمریکا بکرێت کە بۆ پاراستنی حکومەت لە خۆپیشاندەران بدات.”هەروەها ”نابێت رێگە بدرێت بە بێ مۆڵەتی پەرلەمان و دامەزراوەی تایبەتمەندی عێراق، خاکی عیراق بۆ هێرشکردن و چاودێریکردن بەکار بێت. ”
عەللاوی دووپاتی کردەوە کە ئەو تەواو لەگەڵ دایەلۆگ و رێککەوتنی ستراتیژیە بەڵام بە مەرجێك لەبەرژەوەندی نیشتیمانی عێراق بێت و بەجۆرێک بێت کە سەروەری عێراق نەکەوێتە مەترسی. وتیشی پێویستە ” ژمارەی سەربازەکان ، جۆری چەک و موعتەداتیان و شوێنی بنکە سەربازییەکان لە رێککەوتنەکەدا دیاریبکرێن.”
عەللاوی پێیوایە ئەم حکومەتەی ئێستای عێراق کاتیە و ناتوانێت رێککەوتن قبوڵبکات یان دایەلۆگی ستراتیژی لەسەر مەسەلەکان بکات، بۆیە دەبێت ئەم مەلەفە بچێتە پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری. بەڕای ئەو، دۆستایەتی بە بێ سەروەری و سەروەری بەبێ دۆستایەتی هیچ مانای نیە.
عەللاوی داوا دەکات لە رووی داراییەوە سەروەری بۆ عێراق بگەڕێتەوە:«دەبێت مەلەفی داهاتی نەوتی عێراق موناقەشەبکرێت چونکە,، لەئێستادا هەمووی دەچێتە بانکێک لە نیویۆرک لە کاتێکدا ئەمە مافی عیراقییەکانە پارەکە لە کوێ دادەنێن. دەبێت رێککەوتن لەنێوان هەرێم وبەغدا بکرێت وخۆیان بڕیاری ئەوە بدەن لە کوێ و لە چەند بانک دایدەنێن.»
داواش دەکات بۆ ئەوەی رێککەوتنەکە شەرعیەتی نێودەوڵەتی وەربگرێت ”عێراق پشت بە بەڵگەیەک لای نەتەوەیەکگرتووەکان ببەستێت.”
عەللاوی نیگەرانی ئەوەیە لە ئێستادا شاندی ئەمریکی بۆ ئەم دانووستاندنە هەموویان کۆمارین و ئەگەر سبەی دیموکراتەکان دەربچن رەنگە پەیوەست نەبن بە رێککەوتنەکەوەو وتی: “شاندی ئەمریکی دیموکراتەکانی تێدا نییە، ئەمەش مەترسی دەخاتە سەرمان کە دواتر دیموکراتەکان بێن و بڵێن ئێمە لەو رێککەوتنەدا نەبووین و پەشیمان دەبینەوە.”