چالاکی

گۆڕانکاری لە ئاسایشی وزەی جیهانی و ململانێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

08-03-2023

گۆڕانکاری لە ئاسایشی وزەی جیهانی و ململانێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست


پەیڕەو ئەنوەر

ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە رۆژانی 1 و 2ی ئادار 2023، دووەمین کۆڕبەندی هەولێر بەناونیشانی "خاڵەکانی وەرچەرخان و داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بەهاوبەشی لەگەڵ ژمارەیەک ناوەندی لێکۆڵینەوە و بیرکردنەوە و دامەزراوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبات.

دەستپێکی رۆژی یەکەم بە ئەنجامدانی چەند پانێڵێک بە بەشداری چەند میوانێکی ناوخۆیی و بیانی و بەهاوبەشی لەگەڵ چەند ناوەند و خانەی بیرکردنەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە گفتوگۆکردن و تیشکخستنەسەر چەندین بابەت و پرسی گەرمی ئەمڕۆی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچوو.

پانێڵی یەکەم لەژێرناوی "گۆڕانکاری لە ئاسایشی وزەی جیهانی و ململانێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" بەڕێوەچوو بە بەشداری هەریەک لە ماتیو زەیس، یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمەریکا و جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN بۆ وزە، رۆبن میلس، بەڕێوەبەری دەستەی گشتی قەمەر ئینێرجی، شارەزا لە ستڕاتیژی وزەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەحمەد تەبەقچەلی، شارەزای بازار و بەڕێوەبەری زانیاری لە سندوقی ئەی ئێف سی عیراق، لێکۆڵەر لە پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندەکانی LSE و IRIS و لەلایەن عومەر موڕادی، بەڕێوەبەری بەشی ئابووری و شیکەرەوەی نەوت لە تۆڕی میدایی رووداو بەڕێوەچوو.

سەرەتای پانیڵەکە بەوە دەستیپێکرد کە وزە بۆتە ململانێی هەرێمی لەناوچەکە بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە نەوتیان هەیە، بەڵام جەنگی ئۆکراینا و درێژەکێشانی دەرفەتێکی باشە بۆ گازی هەرێمی کوردستان. ئێستا، ئەورووپا چاوی بڕیوەتە سەر ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی نیوەڕاست و دەریای قەزوین بۆئەوەی ببن بە جێگرەوە بۆ گازی سروشتی رووسیا. هەرێمی کوردستان یەکێکە لە ناوچە سەرنجڕاکێشەکانی بواری وزە و جوگرافیای وزە و دەرفەتی هەیە بۆ هەناردەکردنی ئەو گازە سروشتییەی لەرێگەی بەندەری جیهانی تورکییەوە بۆ ئەوڕوپا بەڵام دەبێت پێشوەختە ناکۆکیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەربن سەرەڕای چارەسەرکردنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی.

لەبەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا باس لەوەکرا کە هەرێمی کوردستان پێویستی بە ستڕاتیژێکی روون هەیە و سیاسی و بەرپرسەکانیشی دەبێت لەوە تێبگەن کە دەرفەتێکی باش لە ئارادایە بۆ کارکردن و دەبێت نرخی گازەکەش گونجاوبێت بۆئەوەی سەرنجی وەبەرهێنەران و کڕیاران بەلای خۆیدا رابکێشێت چونکە گازی هەرێمی کوردستان توانای پێشبڕکێی باشی هەیە لەئێستادا بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان لەئەگەری زیاتربوونی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداش دەکرێت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ببێتە نێوەندگیر و پرسەکە چارەسەربکەن.

لەلایەکی دیکەوە، تیشکخرایەسەر ئەوەی کە دۆسیەی نەوت و گاز لە عیراقدا زۆر ئاڵۆزە و حکومەتی بەغدا خوازیارە دەست بەسەر هەموو شتێکدا بگرێت و هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت خۆی سەرچاوە سروشتییەکانی خۆی بەڕێوەبەرێت بەڵام لەچوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا. گەیشتن بە رێککەوتنێکی فیدڕاڵی زۆرینەی کێشەکان چارەسەر دەکات و هەرێمی کوردستان دەتوانێت کارەبا بەرهەمبهێنێت لەڕێگەی نەوت و گازەکەیەوە و کارەبا بۆ بەغداش دابینبکات. رێککەوتن سەرکەوتنە بۆ هەمووان و دەکرێت هەماهەنگی بکرێت بۆ هەناردەی نەوت و گازی هەرێم بۆ دەرەوە و دەکرێت سەرەتا لە هەنگاوی بچووکەوە دەست پێبکرێت.

هەر لەچوارچێوەی پانێڵەکەدا ئاماژە بەوەشکرا کە بڕیاری دادگای پاریس لە بەرژەوەندی عیراق دەبێت چونکە بەگوێرەی دەستووری هەمیشەیی عیراقی ساڵی ٢٠٠٥، عیراق مافی هەناردەی سامانە سروشتییەکانی هەیە نەک هەرێم ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر پێگە و ستاتۆی هەرێمی کوردستان سەرەڕای کاریگەری بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی عیراق.

لەگۆشەیەکی دیکەی گفتوگۆکەدا ئەوە روونکرایەوە کە بڕیارەکانی دادگاکان و نەبوونی گفتوگۆ لەنێوان عیراق و تورکیا و هەرێمی کوردستان زەمینە و دەرفەت ناڕەخسێنێت بۆ وەبەرهێنان و ئەوەی لە هەرێمی کوردستان روودەدات حاڵەتێکی ناوازەیە لە سیستمی فیدڕالی و مامەڵەکردن لەگەڵ سامانی سروشتی. لەگەڵ ئەوەشدا ئایندەی نەوت و گازی سروشتی گرنگی زۆری هەیە و هەرێم بۆتە شوێنێکی سەرنجڕاکێش بەلای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە و ئەگەر کێشەکان چارەسەربن کۆمپانیا گەورەکان زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن و کێشەی بەبازاڕکردنیش چارەسەردەبێت.

لەساڵانی رابردوودا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خەیاڵی لەسەر چین و ئێران بووە بەڵام دەبێت لەمەودوا چەقی پڕۆژەکانی بێتە سەر عیراق. هەرێمی کوردستان دەستپێشەخەری لە پڕۆسەی وەبەرهێنانی گازدا کردووە و ئەمەریکاش بەدواداچوون دەکات بۆ یاسای بودجە و یاسای نەوت بەڵام هەرێمی کوردستان پێویستی بە ددانپێدان هەیە لەلایەن بەغداوە بۆ نەوت و گازەکەی.

راڤەکردنی ماددەکانی دەستوور بەشێکە لە کێشەکان هەرلایەنێک بەشێوەیەک تێی دەگات. پڕۆسەی مامەڵەکردن و تێگەیشتنەکەش براوە-براوە نییە و هەردوولا براوەنین. ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان دەبێت لە کێشەکانی عیراق تێىگەن. پرسیارەکە ئەوەیە کێ کێ بەڕێوەدەبات و ئاڕاستە دەکات؟ ئەم دوو لایەنە چۆن سەیری یەکتر دەکەن؟ بەشێوەی یەکسان یان نایەکسان مامەڵە لەگەڵ یەکتردا دەکەن. دەبێت ئەو عەقڵیەتە بگۆڕدرێت.

رێکخەران:
قەمەر ئینرجی و ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو

نوێدەکرێتەوە...

March - 2023
Wednesday
08
12:00 AM
-
12:00 AM
Share this Post

چالاکی