چالاکی

گوتاری د. عەبدولەتیف رەشید سەرۆککوماری عێراق

20-03-2025


بەناوی خوای گەورە و میهرەبان 

ئامادەبووانی بەڕێز.. 

سڵاوی خواتان لێبێت.. 

مایەی دڵخۆشییە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوەدا بم بۆ بیروڕا گۆڕینەوە سەبارەت بە پێشهاتە نوێیەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەڵوێستی عێراق لەو پێشهاتانەی کاریگەرییان لەسەر عێراق دەبێت. 

ساڵێک زیاترە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە جووڵەی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی بەردەوامە و‌، ئەم جووڵەیە کاریگەریی لەسەر نەخشەی سیاسیی هەندێک وڵاتی ناوچەکە هەیە و، هۆشداریی هەڕەشەی ئەمنی و کۆمەڵایەتی بە وڵاتانی دیکە دەدات و، عێراقیش لەمە بەدەر نابێت ئەگەر رێکاری خێرای ناوخۆیی بۆ چارەسەرکردنی یەکلاکەرەوەی هەندێک پرس نەگیرێنەبەر، شانبەشانی کۆمەڵە رێکارێک بە راوێژ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە. 

نزیکەی ساڵ و نیوێکە گەلی فەلەستین رووبەڕووی پەلامارێک بووەتەوە کە لە کەرتی غەززەوە دەستیپێکرد و ئەمڕۆ بۆ کەناری رۆژئاوا درێژ بووەتەوە و، زۆربەی وڵاتانی جیهان لێی بێدەنگن. ئەمە کارەساتێکی مرۆیی سامناکی لێکەوتەوە بە کوشتنی ژن و منداڵ و پیر و ئاوارەکردنی خەڵکی بێ چەک. لێرەدا جارێکی دیکە جەخت لە پێویستیی بەردەوامبوونی ئاگربەست و فریاکەوتنی زیانلێکەوتووان و، مافی گەلی فەلەستین لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆی و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لەسەر خاکی نیشتمانی خۆی دەکەینەوە. 

سەبارەت بەو گۆڕانکارییە سیاسییەش کە لە سووریا هاتە کایەوە، ئێمە پێشوازی لە بژاردە دیموکراسییەکانی گەلان و هەوڵدانیان بۆ گۆڕانکاری و بەرەوپێشچوون بۆ بنیادنانی حوکمڕانییەکی باش دەکەین و، هیوادارین ئەم گۆڕانکارییە خواستەکانی گەلی سووریا بە هەموو نەتەوە و پێکهاتە و مەزهەبەکانەوە دەستەبەر بکات و، لەلای خۆمانەوە کار بۆ دامەزراندنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ سیستمی حوکمڕانیی نوێ دەکەین، لەسەر بنەمای رێز و هاوکاریی دوولایەنە و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی یەکدی، عێراق ئامادەیە یارمەتیدەر بێت لە خێراکردنی سەقامگیریی ناوخۆیی سووریای دەستەخوشک و بەدیهێنانی خواستەکانی خەڵکی سووریا. 

تیرۆر هەڕەشەیەکە بۆ‌ هەموو جیهان و بەتایبەتی عێراق و گەلی ئێمە کە بووە ئامانجی تیرۆر، تەنانەت باڵەخانە و زانکۆکان و ناوچە شوێنەوارییەکانیش و زانایان و پیاوانی ئایینی و خاوەن بڕوانامە باڵاکان کرانە ئامانج، مەبەستیش چۆڵکردنی وڵات بوو لە کەسانی شارەزا و لێهاتوو. ئەگەر قوربانیدانی گەورەی دامەزراوە ئەمنییەکانی بە هەموو جۆرەکانیانەوە و یەکگرتنی هەوڵەکانی گەلەکەمان بە پێکهاتە و نەتەوە و مەزهەبەکانیەوە نەبووایە، عێراق‌ لەم داگیرکارییە رزگاری نەدەبوو.

عێراقییەکان داستانێکی عێراقیی نوێیان لە بەرگریکردن لە نیشتمان و هاووڵاتییان تۆمار کرد، دوای هەموو ئەم قوربانیدانانە، تیرۆر جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە و هەڕەشە لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ دەکات، پلانێکی نوێ هەیە بۆ بەدیهێنانی ئەوەی مەبەستیەتی و بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو شکستەی خواردی. هەر بۆیە پێمان وایە یەکخستنی دیدگەی سیاسی و یەکخستنی هەوڵەکان و بەدیهێنانی تەواوکاریی نیشتمانی پێویستە بۆ شکستهێنان بەو پلانە دووژمنکارییە نوێیانەی بە شێوەیەکی رژد هەڕەشە نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو‌ لە وڵاتانی ناوچەکەش‌ دەکەن. 

بەهۆی سیاسەتەکانی رژێمی دیکتاتۆر و فەلسەفەی حوکمە تۆتالیتارییەکەی و پاوانکردنی دەسەڵات و سەرکوتکردنی ئازادییەکان و داننەنان بە مافە نەتەوەییەکانی عێراقییەکان و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان و بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ، گەلی عێراق نەهامەتیی زۆری بەسەردا هات. ئەو فەلسەفەیە تەنیا ماڵوێرانی و ئاڵۆزکردنی پەیوەندییەکان و لەدەستدانی دۆستان و برایان و دابڕانی نێودەوڵەتیی بۆ عێراق هێنا. 

لێرەوە جەخت دەکەین کە سیاسەتی ئەمڕۆی عێراق لەسەر بنەمای هاوکاری و تەواوکاری لەگەڵ وڵاتانی دیکە و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان و رێزگرتن لە بژاردەکانی گەلان لە بنیاتنانی سیستمەکانی حوکمڕانیی خۆیان، دامەزراوە. 

عێراقییەکان دوای ساڵی 2003 سیستمێکی سیاسیی نوێیان بۆ خۆیان هەڵبژارد لەسەر بنەماکانی دیموکراسی و دادپەروەری و یەکسانیی کۆمەڵایەتی و جیاوازی نەکردن لەنێوان رۆڵەکانی گەل لەسەر بنەمای نەتەوە یان ئایین یان مەزهەب، هەروەها لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەسەڵات، بە شێوەیەک کە مافی هەمووان دەستەبەر بکات. هەربۆیە پابەندبوونی تەواو بە بنەماکانی دەستوور و، کارکردن بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی لەنێوان نەتەوە و مەزهەبەکان پێویستە بۆ پاراستنی سیستمە دیموکراسییەکەمان، بۆئەوەی گەل بە ئازادی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بگات، هیچ جێگرەوەیەک بۆ ئەمە نییە.

چڕکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکان دا لە بەرژەوەندیی هەمووانە و، عێراق بە گەلەکەی و فرەجۆریی پێکهاتە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی و ئیتنییەکانیەوە دەوڵەمەندە. هەروەها بە سامان و سەرچاوە سرووشتییەکانیشی دەوڵەمەندە، پێویستە هەموو ئەمانە بۆ باشترکردنی ئابووری، خێراکردنی گەشە، ئاراستەکردنی سامانی عێراق بەرەو بنیادنان، پەرەپێدان و خزمەتکردنی هەموو پارێزگاکان بەکاربهێندرێن.

سیاسەتی نوێی عێراق لەسەر بنەماکانی رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و بژاردەکانی گەلان و پابەندبوون بە دامەزراندنی پەیوەندیی دۆستانەی هاوسەنگ لەگەڵ هەمووان و، رەتکردنەوەی هەر دەستوەردانێک لە کاروباری ناوخۆی عێراق، دامەزراوە. عێراق توانای وەڵامدانەوەی هەموو دەستوەردان و پێشێلکردنەکانی سنوور و خاکەکەی هەیە، بەڵام ئێمە بڕوامان بە چارەسەری دیپلۆماسی و دیالۆگی دۆستانە و لێکتێگەیشتن هەیە. ئەمە خوانەخواستە بەهۆی لاوازییەوە نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی پەیوەندیی دۆستانەی هاوسەنگ و پاراستنی گەلانە لە ماڵوێرانییەکانی شەڕ.

ئەمڕۆ عێراق لە دۆخێکی ئاسایش و سەقامگیریی کۆمەڵگەییدا دەژی، کە پێشتر بەخۆیەوە نەیدیبوو، ئەگەر هەوڵەکانی دامەزراوە ئەمنییەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە نەبووایە، ئەم ئاسایشە بەدی نەدەهات. هەروەها ئەو سەقامگیرییە سیاسییەش کە رەنگدانەوەی لەسەر واقیعی ئەمنی هەبوو، ئێمە پێداگری لە بەردەوامی و بەهێزکردنی دەکەینەوە، چونکە سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی دەروازەی بەدیهێنانی گەشەی ئابووری و راکێشانی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی بەردەوامە. 

بەڵام سەرەڕای جێگیریی نرخەکانی نەوت و هاوسەنگی لەنێوان نرخی جێگیرکراوی بەرمیلی نەوت لە بودجەی گشتی و نرخە باوەکان، تەواونەکردنی پارەدارکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری و وەبەرهێنانی وەزارەتەکان و پارێزگاکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە گرفتێکە پرۆسەی گەشەی ئابووری و ئاوەدانیی عێراق دوادەخات، ئەمە تەنیا لە پارەدارنەکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێناندا نییە، بەڵکو هەموو بەشەکانی بودجەی بەگەڕخستنیشی گرتووەتەوە، جگە لە مووچە، ئەمەش داوای هەڵوێستێکی رژد و گەڕان بەدوای هۆکارەکانی دەکات، چونکە شەفافیەت و راستگۆیی لە مامەڵەکردن، بەتایبەتی مامەڵەی دارایی، بۆ دەوڵەتی دیموکراسی پێویستن.

لە کۆتاییدا.. عێراق لە سایەی ئاسایش و سەقامگیری و سامان و توانا مرۆییەکانی هەر هۆکاری سەقامگیری دەبێت لە ناوچەکە، دەبێتە هۆکاری دۆستایەتی لەنێوان گەلان و پشتگیریی بژاردەکانی ئەو گەل و وڵاتانە دەکات کە چاویان لە ژیانێکی ئازاد و شکۆمەندە.

سڵاوی خواتان لێ بێت..

January - 2025
Sunday
26
10:30 AM
-
10:40 AM
February - 2025
Wednesday
26
10:30 AM
-
10:40 AM
Share this Post

چالاکی