بەڕێزان، ئامادەبووانی خۆشەویست!
بەیانیتان باش و بەخێربێن بۆ سێیەمین کۆڕبەندی ساڵانەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو. ئەمە شانازی و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە بۆخۆم و هاوکارانم لە تۆڕی میدیایی رووداو، کە ئەمڕۆ لە ساتەوەختێکی هەستیاردا کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێیدا تێدەپەڕێت، لە هەولێر، شارە دێرینەکەی کوردستان کە شوێنی پێکەوەبوون و بە یەکگەیشتنی زۆر لە کولتوور و شارستانییەکانی ئەم ناوچەیە بووە، دەرگای گفتوگۆیەکی فرەلایەن لەبارەی پرسە جیاوازەکان دەکەینەوە.
گومانم نییە لەوەی كە باسەکانی كۆڕبەندەكەمان بە بەشداریی ئێوەی بەڕێز، هەنگاوێکی دیکەی ناوازە دەبێت لە پەرەپێدانی کولتووری دیالۆگ لە ساتی ناکۆکییەکان دا، ئەویش لە ناوچەیەک کە ساڵانێکی زۆرە بە دەست کارەسات و مەینەتییەکانی شەڕ و ململانێوە دەناڵێنێت.
کۆڕبەندی هەولێر 2025، لە کاتێکدا دەکرێت، کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە چەقی گۆڕانکارییە جیۆپۆلەتیکییەکانی دنیا، مەتەڵەکانی ئاسایش و وەرچەرخانە ئابووری و کۆمەلاتییەکاندایە. تەگەرە هەنووکەییەکانی شەڕ، گۆڕانی کەشوهەوا لەگەڵ وەرچەرخانی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی، پێکەوە چەند چینێكی نادڵنیاییان سەبارەت بە داهاتووی ئەم ناوچەیە لەسەر یەک کەڵەکە کردووە.
هاوشانی شەڕ لە ئەورووپای رۆژهەڵات و ئەگەرەکانی گرژی لە شوێنەکانی دیکەی دنیا، رووداوەکانی دوای 7ی ئۆکتۆبەری 2023، رووخانی رژێمی بەعس لە سووریا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیان هێناوەتە بەردەم زنجیرەیەک رووداوی گرنگ کە هەر لە رکابەرییەکی چەک، گۆڕانی هاوپەیمانییەکانەوە بگرە تاوەکو ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕی دیکە، گەلێک بابەتی فراوان لەخۆدەگرێت.
لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا زیاتر لە 14٪ کۆی رووداوەکانی تووندوتیژی رێکخراو لە دنیا لەم ناوچەیە روویانداوە و تەنیا لە ساڵی رابردووشدا ئەو رێژەیە 20٪ی کۆی هەموو تووندوتیژییە رێکخراوەکانی دنیا بووە. ئەمەش بۆ ناوچەیەک کە جوگرافیاکەی تەنیا 5٪-6٪ی رووبەری دنیایە گەلێک زۆرە. هاوشانی ئەوەش لەڕووی سیاسییەوە، گۆڕانی هاوپەیمانییەکان و ململانێیەکانی ناوچەکە، لەگەڵ رۆڵی هێزدارە گەورەکانی جیهان نادڵنیاییان بۆ داهاتووی ئەم ناوچەیە زیاترکردووە.
لە کاتێکدا جەمسەربەندییە هێزداری و ئایدۆلۆژییەکان لە دنیا و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیادیان کردووە، رۆڵی تاک و سەرکردە بەهێزەکان لە جیاتی دامەزراوەکان زیاتر بووە، ئەمەش زیاتر لە هەر جێگەیەکی دیکە لەم ناوچەیەدا بە دی دەکرێت. ئینجا لەبەرئەوەیە هێشتنەوەی دەرگای دیالۆگ بە کراوەیی، زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە بایەخی بۆ ئەم ناوچەیە هەیە.
لەڕووی ئابوورییەوە، رێژەی گەشەی جی دی پی لەم ناوچەیە بەهۆی بەشداریی وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە کەنداو زیادیکردووە، بەڵام لە راستی دا بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵاوسان و گرانی، قەیرانی دراوەکان، نادڵنیایی بازاڕی وزە و پرسەکانی ریفۆرمی ئابووری لەگەڵ تەگەرە ژینگەییەکانی وەک قەیرانی کەشوهەوا، چینێیکی دیکەی بۆ نادڵنیاییەکان لە داهاتووی ئەم ناوچەیەدا زیادکردووە.
هاوشانی ئەوەش، ناوچەکە لەڕووی دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتییەوە لە وەرچەرخانێکدایە و توانای دەوڵەتان بۆ دابینکردنی پیداویستییەکانی نەوەی نوێ جێگەی مشتومڕە. گەشەی خێرای دانیشتووان، پرسەکانی چەواشەکاری و زانیاری هەڵە، پرسە کۆمەڵایەتییەکانییەکانی وەک رۆڵی گەنجان و ژنان لە کۆمەڵگەکانی ئەم ناوچەیە دا، بابەتی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و تاوانی رێکخراو لێرە، ئیدی نەک تەنیا رەهەندێکی نیشتمانی بۆ وڵاتان هەیە، بەڵکو وەک پرسێکی گەورەی نێودەوڵەتیشی لێهاتووە.
کۆڕبەندی هەولێر 2025، سەرنج دەخاتە سەر ئەوانە و بە بەشداری ئێوەی بەڕێز و زیاتر لە 120 میوانی دەرەکی لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە هەوڵدەدات وێنایەکی گشتی لەبارەی دۆخی ئێستا و دەرچەکانی دەربازبوون لەو نادڵنیاییە کەڵەکەبووانە بخاتەڕوو. بێگومان ئەمەش مەیسەر نەدەبوو ئەگەر پاڵپشتیی هاوبەشەکانمان نەبووایە کە پێکەوە بیروبۆچوونەکانمان یەکخست تاوەکو کۆڕبەندی هەولێر سەربخەین.
شەرەفەمەندین بەوەی کە بەڕێز د. عەبدولەتیف رەشید، سەرۆککۆماری فیدراڵیی عێراق، بەڕێز د. مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵیی عێراق، کاک نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵای سیاسی لەگەڵ دیپلۆمات و زانستکاران و شرۆڤەکارانی ناوخۆ و دەرەوە، بە ئامادەبوون و بەشدارییان، یارمەتیدەرمان دەبن بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی ورد و گشتگیر بکەین.
لە کۆتاییدا، جێی خۆیەتی سوپاسی سپۆنسەرەكانی كۆڕبەندی هەولێر بكەم كە بەشێك لە ئەركەكانیان سووك كردین. هەروەها سوپاسی بێ کۆتاییم بۆ هەموو هاوكارانم لە تۆڕی میدیایی روداو، لەگەڵ تیمێك لە خۆبەخشان لە زانکۆی کوردستان- هەولێر، کە لە ماوەی رابردوودا بێوچان كاریان كرد تاوەکو ئەم كۆڕبەندە سەربگرێت. پاڵپشتیی زۆربەیان کە وەك سەربازی ون لە پشتەوەن، مایەی رێز و ستایشە.
دووبارە بەخێربێن. بەهیوای گفتوگۆیەکی پڕ دەستكەوت.