بەیانیتان باش! بەڕێزان، ئامادەبووانی كۆڕبەندی هەولێر بەخێربێن بۆ دووەمین کۆڕبەندی ساڵانەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو. گومانم نییە لەوەی كە بەشداری ئێوە گفتوگۆ و باسەکانی كۆڕبەندەكەمان تێر و زۆر سوودبەخش دەکات. بەڕێزان! کۆڕبەندی هەولێر لە دوێنێوە دەستیپێکردووە و لەگەڵ هاوکاران و هاوبەشەکانمان لە ناوەندە لێکۆڵینەوە ناوچەیی و جیهانییەکان و لێکۆلینڤانان، لە چوارچێوەی تێمای سەرەکیی کۆڕبەندەکەدا، 6 بابەتی جیاوازمان لەو مێزگردانەدا تاوتوێکرد کە بە رێسای چاتمهاوس پێشتر لەسەریان رێککەوتبووین و لە ماوەی دوو رۆژی داهاتووشدا بە پانێل و گفتوگۆ كراوەكانەوە درێژە بە كۆڕبەندەكەمان دەدەین.
بەرلەوەی درێژە بە باسەكەم بدەم، دەمەوێ بە رێزەوە ساڵڕۆژی كۆچی دوایی مەلا مستەفا بارزانی، سەركردەی نەتەوەیی و نیشتمانیی كورد وەبیربهێنمەوە كە هاوكاتە لەگەڵ دووەم رۆژی كۆڕبەندی هەولێر. پێموایە ئامانجە سەرەكییەكەی كۆڕبەندی هەولێر كە زیادكردنی دەرگاكانی دیالۆگ و گفتوگۆیە لەم ناوچەیەدا بە ئاراستەی ئەو رێباز و دۆزەدایە كە بارزانی نەمر كاری بۆ دەكرد.
تێمای سەرەکی دووەمین کۆڕبەندی ساڵانەی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو، خاڵەکانی وەرچەرخان و داهاتووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە. هەولێریش بەدرێژایی هەزاران ساڵی مێژووی خۆی، شایەتی چەندین گۆڕان و خاڵی وەرچەرخانی گرنگی ئەم ناوچەیە بووە. بێجگە لەوە، لەبەر فرەیی و هەبوونی پێکهاتەی جیاواز، دەتوانێت یەکێک لە گونجاوترین شوێنەکانی ئەم ناوچەیە بێت تاوەکو هەموو دەنگ و رەنگە جیاوازەکان لێی کۆببنەوە.
هەولێر وەک کۆنترین شاری کوردستان، هەر لە دێرزەمانەوە شوێنی کۆبوونەوەی نەتەوە و ئایینە جۆراوجۆرەکان بووە و، لەو روانگەیەشەوە لە رۆژهەڵاتێکی نێوەڕاست دەچێت، بەڵام بە پێکەوەژیانی ئاشتیانەوە.
کۆڕبەندی هەولێر ٢٠٢٣، هەنگاوێکی پتەوە بە ئامانجی دامەزراوەییکردنی گفتوگۆیەکی ساڵانە لەم ناوچەیە بەگشتی و بەتایبەتیش لە رۆژئاوای ئاسیا. بۆیە كردنەوەی دەرگای دیالۆگ و گفتوگۆی زیاتر لە رێی کۆڕبەندی هەولێرەوە، کوردستان وعێراقیش بەهێز دەكات.
ئێمە خەیاڵێکمان هەیە بۆ ئەوەی کۆڕبەندی هەولێر ببێتە شوێنی دەربڕینی هەموو دید و بۆچوونە جیاوازەکان. سەرئەنجام هەر دید و ئایین و نەتەوەیەکمان هەبێت، جوگرافیا ناچاری کردووین پێکەوەبین. گرنگیشە ئەو پێکەوەبوونەمان بە ئاشتیانە و هاوبەشییەوە بێت. دەمانەوێت لە کۆڕبەندی هەولێردا ئەوە پیشانبدەین کە بێجگە لەشەڕ و ئاژاوە، رێگەیەکی باشتر بۆ پێکەوەبوون هەیە و ئەوەش بە دیالۆگی بەردەوام دابین دەبێت. بۆیە کۆڕبەندی هەولێر، شوێنی هەموو ئەوانەیە کە تەنانەت پێچەوانەی ئێمە بیر دەکەنەوە. شوینی هەموو ئەوانەشە كە ئەمڕۆ لێرەنین و دەکرێ لە ساڵانی داهاتوودا لێرەبن.
ئەم کۆڕبەندە، لە كاتێكدا دەكرێت كە جیهان بەگشتی لە گۆڕانێكدایە و لەگەڵ خۆیشیدا، ئێرە، واتە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش بەرەو گۆڕان دەبات. رۆژ لەدوای رۆژ، كاریگەری ململانێ گەورەكەی جیهان لەنێوان چین و ئەمریكا، هەروەها ململانێی رووسیا و ئەورووپا لەسەر ئەم ناوچەیە زیاتر دەبێت، ئەمە وایكردووە كە سیاسەتەكانی هاوپەیمانی و ركابەری لەنێو ئەكتەرەكانی ئێرەشدا جوڵەیەكی زیاتری تێبكەوێت.
زیاتر لە ساڵێك بەسەر شەڕی ئۆكراینا تیپەڕی، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە لە مێژوودا شەڕە گرنگەكانی ئەورووپا زوو توانیویانە سرووشتیكی جیهانی وەربگرن، نیگەرانییەكان سەبارەت بە درێژەكیشانی شەڕی ئۆكراینا و كاریگەرییەكەی لەسەر جیهان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆرن.
لە ماوەی دوو سەت ساڵی رابردوودا، رۆژئاوا بەگشتی ئاراستەی بە سیستەمی جیهانی داوە و، ئێستاش ئەو پرسیارانەی كە لەسەر ئایندەی رۆژئاوا لە ركابەرییە هێزدارییەكانی جیهان دروستبوون، بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست مژارێكی پڕبایەخە. ئەمە بۆ عێراقی دوای دیكتاتۆری و بۆ هەرێمی كوردستانیش زۆر پڕ بایەخە كە بەرهەمی قۆناخی هەمژوونی رۆژئاوان. لە پانێلێكی هاوبەشی ئەتڵانتیك كاونسڵ لەگەڵ ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو، هەروەها لە پانێلێكی پەیمانگەی واشنتنیشدا پرسەكانی پەیوەست بەو بابەتە تاوتوێ دەكرێن. بێجگە لەوان، باڵیۆزی رووسیاش لە عێراق لێرە بۆچوونی وڵاتەكەی دەخاتەڕوو.
بابەتێكی دیكەی گرنگ كە لە كۆڕبەندی هەولێردا تیشكی خراوەتە سەر، ئاراستەی گۆڕانكارییە ناوخۆیی ودەرەكییەكانی وڵاتانی ناوچەكە بەتایبەتی توركیا، ئێران، عێراق و سووریایە. کۆماری توركیا لە سەت ساڵەی دامەزراندنیدا، بەرەو هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز دەڕوات كە ئەنجامەكەی نەك تەنیا كاریگەری لەسەر ناوخۆی ئەو وڵاتە، بەڵكو دەتوانێت كاریگەری لەسەر هاوسەنگییە هێزدارییەكانی ناوچەكەش دابنێت. ئەگەری مانەوەی پارتی دادوگەشە پێدان لە دەسەڵات و تێپەڕبوونی بۆ ناو دەیەی سێیەمی حوكمداریی خۆی، یان بەپێچەوانەوە ئەگەری سەركەوتنی ركابەرەكانی، خاڵێكی وەرچەرخان دەبێت. دۆخی ناوخۆیی ئێران بەتایبەتی لە دوای خۆپیشاندانەكانی ساڵی رابردوو، هەروەها رۆڵی ئەو وڵاتە لە ناوچەكە و پەیوەندییە دەرەكییەكانی تاران مژارێكە كە بەردەوام جێی سەرنجە و لە گۆڕاندایە. پێدەچێت دۆخی سووریا دوای زیاتر لە یەك دەیە ناڕەزایی، خۆپیشاندان و شەڕی نێوخۆیی كە رەهەندێكی نێودەوڵەتیشی وەرگرتووە، زیاتر لە هەموو شوێنێكی دیكە گرێدراوی ئەو هاوسەنگییە هێزدارییە جیهانی و ناوچەییانە بیت كە لە گۆڕاندایە. بایەخی عێراق وەك وڵاتێك لەنێو جەمسەرە جیاوازەكانی هێزدا وایكردووە تاوەکو رووداوەكانی ئەوێ تەنیا بە عێراقەوە سنووردار نەبێت. ئەو بابەتانەشمان لەگەڵ ناوەندەكانی وەك ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئیرام، ناوەندی ئەمریكی بۆ لێكۆڵینەوەی لیڤانت و ناوەندی فەرەنسی بۆ تویژینەوە لەبارەی عێراق بە جۆرێك گەشەپێداوە كە لێرە لە كۆڕبەندی هەولێر تاوتوێ بكرێن.
سەرەڕای راگەیاندنی سەركەوتن، تیرۆر هێشتا پرسێكی گرنگە لەم ناوچەیەدا. بۆیە پرسە ئەمنییەكان و بابەتی نەوەی دووەمی داعش مژارێكی دیكەی كۆڕبەندی هەولێرە كە لە مێزگردێكی رۆژی 28ی مانگدا كە بە رێسای چاتمهاوس بەڕێوەچوو تاوتوێكرا.
بابەتەكانی كۆڕبەندی هەولێر تەنیا سیاسی و ئەمنی نین وخاڵەكانی دیكەی وەرچەرخان لەم ناوچەیەش گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت. لە شوێنێكی وەك رۆژهەڵاتی نێوەڕاست كە تێیدا رێژەی گەشەكردنی دانیشتووان نزیكەی دوو ئەوەندەی ناوچەكانی دیكەی جیهانە، ژنان و گەنجان وەك داینامێكێكی گەورەی گۆڕانكاری سیاسی و كۆمەڵایەتی دەركەوتوون. بۆیە، كۆڕبەندی هەولێر بابەتی جیاجیای وەك رۆڵی ژنان لە گۆڕانكارییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكان، پرسەكانی گەنجان، پەروەردە، وەرچەرخانی دیجیتاڵی و ئازادی ئایینی و پرسەكانی مافی مرۆڤ و بابەتەكانی پەوەست بە وزەی، وەك تەونێك بەیەكەوە بەستووەتەوە تاوەكو دیمەنێكی گشتی سەبارەت بە خاڵەكانی وەرچەرخان لەم ناوچەیە وێنا بكریت. بێگومان لەگەڵ هاوبەشەكانی دیكەمان، وەك وێڵسن سەنتەر، ناوەندی ئیتاڵی بۆ لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی، دامەزاروەی سید، فایڤ وەن لابس و مێزگردی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی، ڤیژن ئیجوکەیشن، كۆڕبەندی (النبأ) و ناوەندی لێكۆڵینەوەی تەقەدووم و قەمەر ئینرجی كارێكی چڕمان كرد تاوەكو دەرفەتی ئەم گفتوگۆیانە بڕەخسێنین.
بە پێویستی دەزانم كە سوپاسێكی بێسنووری هەموو هاوبەشەكانی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو بۆ كۆڕبەندی هەولێر بكەم كە بە درێژایی نزیكەی شەش مانگی رابردوو لە گفتوگۆی بەردەوام بوون تاوەکو كۆڕبەندی هەولێر سەربخەین. جێی خۆیەتی سوپاسی سپۆنسەرەكانی كۆڕبەندی هەولێریش بكەم كە بەشێك لە ئەركەكانیان سووك كردین. لە كۆتاییدا، دەبێ ئەوەش بڵێم كە هاوكارانم لە ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو لەگەڵ تیمێك لە خۆبەخشانی زانكۆی كوردستان- هەولێر، لە ماوەی رابردوودا بێوچان كاریان كرد تاوەکو ئەم كۆڕبەندە سەربگرێت. بێگومان پاڵپشتی هاوكارانی دیكەمان لە تۆڕی میدیایی رووداو كە زۆربەیان وەك سەربازیكی ون لە پشتەوەن جیگەی ریز و ستایشە.
دووبارە بەخێربێن بەهیوای كاتێكی پڕ دەسكەوت بۆ هەموولایەك لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
نوێدەکرێتەوە...