چالاکی

گوتاری کۆتایی

08-04-2025


 میوانانی ئازیز، پانێلیستە بەڕێزەکان و ئامادەبووانی خۆشەویست!

 لەکاتێکدا بەرەو دواساتەکانی کۆڕبەندی ٢٠٢٥ی هەولیر دەچین، دەمەوێ بەناوی بەڕێز بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی رووداو، خۆم وگشت هاوکارانم سوپاسی بێ پایان ئاراستەی هەموو ئامادەبوانی خۆشەویست بکەم، چی ئەوانەی کە لە چەند رۆژی رابردوودا، لەڕێگەی بەشدارییەکانی خۆیانەوە، دەرگای گفتوگۆیەکی قووڵ و بڕ بایەخیان لەسەر پرسە جیاوازەکان کردەوە و، چی ئەوانەش کە بە هەر لەونێکی دیکە لە سەرخستنی ئەم کۆڕبەندەدا هاوکار و یارمەتیدەرمان بوون.

 جێگەی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە کە لێرە لەم کۆڕبەندەی ناوەندی لێکۆڵیەنەوەی رووداوەوە کە لە چەند رۆژی رابردوودا جێی سەرنجی زۆرێک لە میدیا ناوخۆیی و ناوچەییەکان بوو، گوێمان لە قسەکانی بەڕێز د.عەبدوللەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق گرت کە باسی لە پێویستی "رێکاری خێرای ناوخۆیی" کرد لە دژی گوشارە دەرەکییەکان و ئاماژەی بەوەشدا کە عێراق ماتەوزەی ئەوەی تێدایە ببێتە پردێكی بەیەک بەستنەوە بۆ سەقامگیری ناوچەیی، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش لە گوتارەکەیدا هاوکاریی ئابووریی وەک رێگایەک بۆ زاڵبوون بەسەر ناکۆکییە سیاسەییەکان نیشاندا. د.مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش گفتوگۆیەکی راشکاوانەی لەبارەی دۆخی جیۆپۆلەتیکی ئێستا کرد و سەرنجی بۆ دابەشبوونەکانی نێو دامەزراوەکانی دەوڵەت لە پاش ٢٠٠٣وە راکیشا کە بەرای ئەو پێویستە بە زووترین کات چاک بکرێنەوە. بەهەمانشێوە رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش تیشکی خستە سەر ئەوەی کە چۆنچۆنی هەولێر لە پرسەکانی کورد لە سووریا و قۆناخی نوێی دیالۆگی ئۆجالان و دەوڵەتی تورکیادا رۆڵێکی کاریگەر و ریخۆشکەرانە دەگێڕێت. وەک چۆن روانگەیەكی گشتگیریشی بۆ دیالۆگی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان و رێگاکانی سازانی سیاسی لە نێوان هەولێر و بەغداش پێشکێش کرد.

 کۆڕبەندی هەولێر هاوکات بوو لەگەڵ بانگەوازەکەی بەڕێزعەبدوڵلا ئۆجالان بۆ چەکدادانی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە شەڕێکی چل ساڵە کە زیاتر لە چل هەزار قوربانی لێکەوتۆتەوە. بەڕێز بولەنت ئارنج سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی تورکیاش هەر لێرەوە باسی لەوە کرد کە هێشتا دیار نییە کە دەوڵەت دەیەوێ چۆن پرسی کورد چارەسەربکات. هەروەها گوتی کە مەراقی زانینی بۆچوونی ئێران دەکات وەک ئاماژەیەک بۆ فرەڕهەندبوونی بابەتی چەکدادانی پەکەکە کە دەشێ بانگەوازەکە تەنیا سەرەتاێیک بێت بۆی، ئەگینا پێویستی بە دیدگایەکی ستراتیژی و ئامادەکارییەکی دوورمەودا هەیە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی فراوانتریشدا جەختی لەوە کردەوە کە چارەسەری رووداوەکانی دوای ٧ی ئۆکتوبەری ٢٠٢٣، سەرەڕای سەرکەوتنی تاکتیکیی ئیسرائیل، پێویستی بە چارەسەرێکی دوورمەودا هەیە کە ئەویش بە دەرگای دیالۆگدا تێ دەپەڕێت ئەگینا گرفتەکان دووبارە دەبنەوە چونکە گەلی فەلەستین دۆزێکی هەیە کە هاوشێوەی دۆزی کورد هەرگیز لەناوناچێت.

 گوێمان لەوە بوو کە شارەزایان جەختاین لەوە کردوە کە پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و ئاسایشی ئاو لەناوچەکە و عێراق ئیدی خاوەخاوکردن هەڵناگرێ و دەبێ جارەسەرێکی بۆ بدۆزریتەوە. ئەویش بۆ وڵاتێکی وەک عێراق کە ساڵانە پێویستی بە ٩٠ ملیار مەتری سێجا ئاو هەیە. لەو روانگەیەشەوە پێویستییەکانی هەنگاوی خێرا و هاوکارییەکی ناوچەیی لەگەڵ بەڕێوەبردنێکی دروست وەک رێگە چارە باسکران. ئەمانە و گفتوگۆکانی دیکە لەبارەی دۆخی ناوچەکە، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئەمساڵی هەولێر جارێکی دیکە ئەوەیان بۆ دەرخستین کە هەولێر کاندێدكی بەهێزە بۆ ئەوەی ببێتە سەنتەری دیالۆگیکی ستراتیژی لە رۆژئاوای ئاسیا و دواتریش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی. ئەمەش ئەوە خەونە بوو کە هەر لەسەرەتاوە بێوچان کارمان بۆ کرد. لە رۆژانی رابردوودا دەیان کەسایەتی سیاسی، دیپلۆمات و شرۆڤەکار لە رۆژئاواوە تا رۆژهەڵات، لە زۆر وڵاتی جیاوازی جیهانەوە، سەرەڕای تەبایی و ناتەباییەکانیان، پێکەوە لێرە لە هەولێر، لەم شارە یادگارەی مێژووی دێرینی مرۆڤایەتیدا گفتوگۆیان کرد.

 کۆڕبەندی ٢٠٢٥ی هەولێر راستییەکی سادە بەڵام قووڵی دیکەیشی دووپات کردەوە: ئەویش ئەوەیە کە چارەسەر بۆ ئەو تەگەرە وئٔاڵنگارییانەی لەم ناوچەیەدا هەن بە گۆشەگیری و دوورەپەرێزی نایەنە دی، بەڵکو بە دیالۆگ و هاوکارییەوە مومکین دەبن. جا لە مامەڵەکردن لەگەڵ چاکسازی ئابووری، کێشەی ئەمنی و سیاسی بێت، یان گۆڕانی کەش و هەوا و بابەتی دیکە. هەڵبەت، گفتوگۆش بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو پێویستە ئەوەەش بۆ کرداری سیاسی، دەستپێشخەری ستراتیژی، و هاوبەشی درێژخایەن بگۆڕدرێن.

لە کۆتاییدا لەگەڵ ئارەزووی گەشتێکی سەلامەت بۆ میوانانی دەرەوە، سوپاسی بەشداربوونی ئێوەی خۆشەویست دەکەم .

February - 2025
Friday
28
04:40 PM
-
04:50 PM
Share this Post

چالاکی