هەڵبژاردن و كورسیی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان
سەرەڕای بڕیارەكەی دادگەی فیدراڵی سەبارەت بە رەتكردنەوەی یاسای درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمانی كوردستان، هیشتا ناكۆكیی لایەنەكان لەسەر پرسی كۆتا و كورسیی پێكهاتەكان گرفتێکی گەورەیە لە بەردەم هەرێمی کوردستان. ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە رێکەوتی 8/6/2023دا لە مێزگردێکدا لایەنە سەرەكییەكانی پەرلەمان و نوینەرانی پێكهاتەكانی كۆكردەوە تا لەوبارەیەوە گفتوگۆ بكەن.
لە خولی یەكەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی كورستان (پەرلەمانی كوردستان) لە 19/5/1992 ئەنجومەن لە 105 كورسی پێكهاتبوو ، كە 100 كورسی گشتی و5 دانەیشی بۆ پێكهاتەی مەسیحی بوون. لە خولی دووەمی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانەوە ژمارەی كورسی پێكهاتەكان كرا بە (11) كورسی و تا ئێستاش هەر وەک خۆی ماوەتەوە. بەڵام هیچ كات ژمارەی كورسیی پێكهاتەكان ئەوەندەی ئەمجارەی ئێستا نەبووەتە مژارێكی گرنگ لە ململانێی نێوخۆیی پارتە سیاسییەكاندا. ناوبژیوانی نێودەوڵەتی و دانوستاندنی نێوخۆیی نەیتوانی چارەسەرێك بۆ ئەو پرسە بدۆزێتەوە تاوەكو دواجار دادگەی فیدراڵی یاسای درێژەكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی رەتكردەوە كە ئیدی هەڵبژاردن وەك پێویستییەك دەردەخاتە پێش، بەڵام هێشتا بە تەواوی دیار نییە كە رێكارەكانی ئەو هەڵبژاردنە چاوەڕوانكراوە چۆن دەبن؟ هێشتا بە تەواوی روون نییە كە ئایا دادگا بڕیارێكی دیكە ئەدات لەسەركورسیی پیكهاتەكان و یاسای هەڵبژاردن یان هەر بە یاساكەی پێشوو دەنگ دەدرێت؟ بۆیە پرسیی كورسیی پێكهاتەكان لە پەرلەمانی كوردستان هیشتا مژارێكی گرنگە.
لە سەرەتای گفتوگۆکەدا، ئایدن مەعروف، وەزیری کاروباری پێکهاتەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە كرد کە هەمیشە داوایان لەلایەنە سیاسییەکان کردووە پرسی کۆتا نەکرێتە بەشێک لە گرژییە سیاسییەکان و هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
لە لایەکی دیکەوە د. مونا یوحەننا، سەرۆكی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان باسی لەوە كرد كە هێشتا تێگەیشتنێکی باش لەسەر پرسی کۆتا و بەشداریکردنی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نییە. د. مونا گوتیشی وادیارە بە هەمان یاسای پێشووهەڵبژاردنی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و "چەمکی کۆتاش پێویستی بە داڕشتنەوەیە". ئەو گوتی گرفتە سەرکییەکە ئەوەیە هەندێک حیزب کێبڕکێ دەکەن بۆ بەدەستهێنانی کورسییەکانی کۆتا و ئەمەش وادەکات "نوێنەری راستەقینەی" خۆیان لە پەرلەمان نەبێت. د. مونا چارەسەری بۆ گرفتەکەش لەوەدا بینی كە هاوشێوەی هەڵبژاردنی 1992، كە سندوقی تایبەت بە کرستیانەکان هەبوو، سندوقی تایبەت دابنرێت.
ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە قسەکانی د. مونا کرد و پێیوابوو دەکرێت دەنگدانی تایبەت بۆ پێکهاتەکان چارەسەر بێت و دەکرێت ئەمە لە ئاڵۆزییە سیاسییەکان دووریان بخاتەوە. ئانۆ جەوهەر پاڵپشتی لەوە کرد کە تەنیا کریستیان بتوانێت دەنگ بە کریستیان بدات بۆ ئەوەی نوینەری راستەقینەی ئەوان دەربچن.
هاوکات شەمعون شلێمۆن جێگری پارێزگاری دهۆک داوای کرد کە کۆتا نەکرێتە بەشێک لە ململانێی لایەن سیاسییە بەهێزەکان.ئەو گوتی كە ئاساییە نوێنەری پێکهاتەکان بە دەنگی کەمەوە بگەنە پەرلەمان. هەروەها ئازاد ئەکرەم كوورەچی ئەندامی لیستی میلەت، بە گرنگی زانی پێکەوە لەگەڵ یەکێتی و پارتی دانیشتن بكەن بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەربكرێت.
هاوکات سارا دڵشاد،پەرلەمانتاری پارتی گەشەپێدانی تورکمانی باسی لەوە کرد ئەوان بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نین دەنگەکان جیابکرێنەوە. یاسای ژمارە 5ی 2015یشی بە یاساییەکی "گرنگ"ی دانا و بە پێویستی زانی زیاتر بایەخی پێبدرێت. گوتیشی "بۆچی لیستی تایبەت یان رۆژی تایبەت پێکهاتەکان دابنرێت؟ ئێمە خەڵکی رەسەنی ئەم وڵاتەین و هەموومان پێکەوە خزمەتی هەرێمی کوردستان دەکەین". هەروەها پێی وابوو تورکمان لە هەرێمی کوردستان زیاتر مافەکانی خۆیان وەرگرتووە بەراورد بە بەغدا کە هیچ کورسییەکی کۆتا بە تورکمان نادات. لە کۆتایی قسەکانیدا داوای دۆزینەوەی چارەسەڕێکی هەمیشەیشی کرد بۆ ئەوەی چی دیکە پرسی پێکهاتەکان نەبێتە بیانوی دواخستنی هەڵبژاردن.
هیمداد سەباح، پەرلەمانتاری بەرەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرای کرد كە بابەتی پێکهاتەکان کراوەتە ئامرازێکی سیاسی بۆ لایەنەکان و پێیوابوو كە ئەگەر "یاسا سەروەر" بێت زۆرێك لە کێشەکان چارەسەر دەبن. هیمداد سەباح روونیکردەوە کە کێشەی جێبەجێکردنی یاسا لە هەرێمی کوردستان هەیە. هەروەها بە زۆر پێویستی زانی سازانێک لە نێوان یەکێتی و پارتی هەبێت چونکە دوایین بڕیاری دادگەی فیدراڵی "مەترسیی لاوازکردنی" هەرێمی کوردستانی دروستكردووە.
کلدۆ رەمزی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سریانی جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت پێکهاتەکان خۆیان بڕیار بدەن کێ نوێنەرایەتییان بکات و دەبێت ئەم پرسە بە هێمنی گفتوگۆی لەسەر بکرێت نەک بە تووڕەیی. کلدۆ رەمزی لاری نەبوو كە لایەنەکانی دیکەش کاندیدی هەبێت لە پێکهاتەکان بەڵام بەمەرجێک کێبڕکێیەکی "راستەقینە" هەبێت.
د.بێستوون حەمە ساڵح لە کۆمەڵی دادگەری هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە نەبوونی پەیوەندی راستەوخۆ لە نێوان لایەن سیاسییەکان و پێکهاتەکان هۆکارەی کێشە و گرفتەکانی ئەمڕۆیە. بێستوون حەمەساڵح پاڵپشتی حیزبەکەی خۆیشی بۆ سەربەخۆیی پێکهاتەکان دووپاتکردەوە و پێویستی زانی و دانانی سندوقی تایبەت بە پێكهاتەکان بە باشترین چارەسەری گرفتەکە دانا. هۆگر چەتۆ چالاكڤان و شارەزای بواری هەلبژاردن باسی دوو کێشەی سەرەکی لە پرسی پێکهاتەکان كرد كە بەڕای ئەو بریتین لە شێواز و میکانزمی بەشداریکردنی پێكهاتەكان لە ژیانی سیاسیی و بەکارهێنانی کەمینەکان لە ئاڵۆزی سیاسی". هەروەها بە پێویستی زانی بنەما نێودەوڵەتییەکان بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە بەکاربهێنرێت. هۆگر چەتۆ جیاکردنەوەی دەنگدەرانی پێکهاتەکانی بە چارەسەرێكی ئەو پرسە دانا.
یاسین حەمەساڵح لە بزووتنەوەی گۆڕان سەرەتا سوپاسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوی کرد بۆ رێکخستنی مێزگردەکە و دواتریش باسی لە گرفتەکە کرد و گوتی، "وەك بزوتنەی گۆڕان داوامان کردووە بنکەی تایبەت و تۆماری تایبەت بە پێکهاتەکان هەبێت". هەروەها ئاشکرای کرد کۆمسیۆن توانای جێبەجكردنی ئەم بژاردەیەی هەیە. بە پێویستیشی زانی لایەنەکان هەست بە بەرپرسیاری بکەن و بە سازانەوە گرفتەکان چارسەر بکرێت و لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستی باڵا لەسەر ئەم پرسە کۆببنەوە.
هیمن ئەسکەندر، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکگرتووی ئیسلامی كوردستانیش جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت 11 کورسییەکەی کۆتا تەنیا بۆ پێکهاتەکان بێت.
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بایەخەوە لە قسەکانی نێو مێزگردەکەی روانی و بە گرنگی زانی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان بپارێزرێت. لەلایەکی دیکەوە گوتەیەكی ئازاد ئەكرەمی رەتکردەوە کە گوتبووی کولتور و زمانی تورکمانی لەژێر مەترسیدا و پێی وابوو ئەو کێشە رەنگە لە کەرکووک هەبێت، بەڵام هەرگیز لە هەرێمی کوردستان شتی وانییە. سەعدی ئەحمەد پیرە نەیشاردوە كە ناكۆكییەكانیان لەسەر 11 کورسییەکە نییە بەڵكو لەسەر شێوازی هەڵبژاردنیانە. هەروەها گوتی "ئێمە لە یەکێتی نێشتیمانی پێمان وایە لە دەرگا و پەنجەرەکانی کۆتاکانەوە فێڵمان لێ دەکرێت ". هەروەها لاری نەبوو کە پێکهاتەکان لیست، تۆمار و دەنگدانی تایبەت بە خۆیان هەبێت.
د. جەعفەر ئیمنکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە سەرەتای قسەکانیدا دەستخۆشی لە ناوندی لێکۆڵینەوەی رووداو کرد بۆ رێکخستنی مێزگردەکە. دواتریش وەڵامی سەعدی ئەحمەد پیرەی دایەوە و گوتی، "کەس ناتوانێت فێڵ لە یەکێتی بکات، ئێوە لە هەڵبژاردن و سیاسەتدا ئەزموونێکی دوور و درێژتان هەیە". هەروەها جەختی لە چارەسەری دیموکراسی بۆ پرسی پێکهاتەکان کردەوە. بە پێویستی زانی پێداچوونەوە بۆ میکانزمەکان بکرێت و گوتیشی با پێكهاتەكان خۆیان بڕیاربدەن ئێمە لاریمان لە هیچ نییە.
نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانیش كە بەشداری مێزگردەکەی کردبوو گوتی كە ئەوان تەنیا راوێژی سیاسی و تەکنیکی دەدەن و بڕیاری سیاسی لە لایەنە سیاسییەکانەوە دەدرێت نەک ئەوان. هەروەها دووپاتی کردەوە كە نەتەوەیەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پێدانی راوێژەکانی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.
لە کۆتاییدا میوانەکانی سوپاسی ناوەندی لێکۆڵینەوەیان رووداو کرد بۆ رێکخستنی ئەم مێزگردە کە بووە دەرفەتێک بۆ گفتوگۆیەکی کراوە کە تێدا کێشە و گرفتەکان بەبێ پەردە باسیان لێ كرا.