رۆژی 1ی ئایار 2023 ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بریفینگێکی بۆ دوزگوین کاپڵان – سەرۆکی گشتی هاکپار بە ناونیشانی "هەڵبژاردنی 14ی ئایار لە تورکیا" بەڕێوەبرد، مژار و تەوەرەکانی وەک كاریگەری ئەگەری سەرکەوتنی ئاکپارتی یاخود هاوپەیمانی شەش قۆڵی لەسەر تورکیا و پرسی کورد، هەروەها رەوشی تورکیا لە دوای هەڵبژاردنی 14ی ئایار و، لەسەرووی هەمووئەوانەشەوە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ جیهانی دەرەوە تاوتوێکرا.
لەسەرەتای بریفینگەکەدا، دوزگوین کاپڵان ئاماژەی بە ئەو وێنەیەی ئێستای کورد کرد و گوتی " ئێستا کورد بێ نوێنەرە، بەهەمان شێوەی سەردەمی پەیماننامەی لۆزان. ئەوکاتیش کورد بێ نوێنەر بووە. پێویستە لەم قۆناخەدا نوینەرانی راستەقینەی كورد دەربكەون تاوكو بەرگری لە مافەكانی بكەن."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەجیاوازی تورکیا كرد لەگەڵ هەریەکە لە وڵاتانی دیکە بە تایبەتی سەبارەت بە کورد. وەک عێراق، ئێران وسووریا. گوتیشی لە تورکیا "تۆ دەتوانی نوێنەرایەتی خۆت بکەیت"، هەربۆیەش سیاسەتی هاکپار ئەوەیە کە نوێنەرایەتی کورد بکات".
هاكپار لەدوای هەدەپە، ئاكپارتی و هوداپار چوارەمین دەنگی كوردانی توركیا لە ساڵی 2015 بە دەستهێنابوو كە زیاتر لە 110 هەزار دەنگ بووە و ئێستاش چاوی لە زیادكردنی دەنگەكانی خۆیەتی.
لەبارەی رەوشی هەردوو هاوپەیمانیی سەرەکی هەڵبژاردنەکانی تورکیا کە هاوپەیمانی جمهوور و هاوپەیمانی میللەتن، دوزگوین کاپڵان گوتی "با چاوەڕوان بین، رۆژی 14ی ئایار دەنگەکان دەردەکەوێت"، بەڵام فاکتەری ئابووری کاریگەری گەورەی لەسەر هەڵبژاردنەکان دەبێت. بەهای لیرە دابەزیووە، نرخی کاڵاکان بەرزە و هەڵئاوسان زۆرە. هەروەها، لەڕوویەکی دیکەشەوە ژن و دەنگی ژنان لەم هەڵبژاردنەدا کاریگەری دەبێت، چونکە لە تورکیا ژنان سەرپەرشتی خەرجییەکانی ماڵەوە دەکەن و ئەوان ئێستا لەژێر کاریگەریی ئەم رەوشە ئابوورییە سەختەدان.
لە درێژەی قسەکانیدا، دوزگوین کاپڵان ئاماژەی بەوەکرد کە ئاکپارتی ئێستا ئەو ئاکپارتییەی ساڵی 2015 نییە و، سیاسەتی خۆی تەواو جیاوازکردووە. لە بەرامبەردا سیاسەتی جەهەپەش هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و گۆڕانکاریش لەنیو خودی جەهەپەدا دروست نەبووە. ئەوان بە نیازبوون راپۆرتی كوردی ئامادە بكەن بەڵام ئیستا خۆیان لێ كەڕ كردووە لەبەر ئەوەی نایانەوێ دڵی ئیی پارتی بڕەنجێنن كە پارتێكی نەژادپەرەستە.
سەبارەت بەوەی كە لە دوای هەڵبژاردن چی روودەدات ئەو گوتی كە سیستەمەکە سەرۆکایەتییە و پەرلەمان دەسەڵاتی كەمە. هاوپەیمانی جمهوور لەسەر ئەو سیستەمە بەردەوام دەبێت ئەگەر بیباتەوە. هاوپەیمانی میللەت بانگەشەی ئەوە دەكات كە لەماوەی دوو ساڵدا سیستەمەكە دەگۆڕنەوە بۆ سستەمێكی پەرلەمانی. هەڵبەت كاپڵان گومانی هەبوو لەوەی كە ئەوە سەربگرێت.
لەبارەی کەمال کڵچدارئۆغڵو بەربژێری هاوپەیمانی میللەت کە ئێستا مشتوومڕیکی زۆر لەسەر ناسنامەکەی هەیە، دوزگوین کاپڵان گوتی "لەڕاستیدا کەمال کڵچدارئۆغڵو کوردە، بەڵام خۆی بە تورک دەزانێت، بەڵام ئەو کەمالیستێكی زۆر باشە و، بە ئەگەری زۆر، ئەگەر بیباتەوە سیاسەتی نێوخۆ و دەرەوە بە گوێرەی خواستی دەوڵەتی قووڵ رێكدەخاتەوە و بۆ خۆی توانای دەستپێشخەریێكی جیاوازی نابێت."
بە گوتەی دوزگوین کاپڵان "لەم هەڵبژاردنەدا 7 ملیۆن دەنگدەری نوێ لە نەوەی زێت بەشێوەیەک کە 3 بۆ 4 ملیۆن دەنگدەریان کوردن و لە نێو ئەوانەشدا گوتاری نەتەوەگەرایی كوردی گەشەی كردووە." ئەو گوتی كە دەنگدەری كورد لە ئاكپارتی و لە هەدەپەش نیگەرانن، دەنگدەرانی موحافزەكاری كورد كە زیاتر كوردی سوننەن، دەنگ بە كەمال كڵچدار ئوغڵو نادەن، بەڵام بە ئەگەری زۆر كوردانی عەلەوی دەنگی پێدەدەن.