چالاکی

حیزبەكانی خۆپیشاندەران و سیاسەتی عێراق لە سیمینارێکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداودا

01-04-2021


 

RRC |

بۆجاری یەكەم ژمارەیەك لە حیزبەكانی خۆپیشاندەرانی عێراق لە سیمینارێكی ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداودا لە هەولێر لە دەوری یەك كۆبوونەوە. لە سیمینارەكەدا سەركردە و نوێنەرانی چوار حیزبی خۆپیشاندەران و ژمارەیەك شرۆڤەكار و ئەكادیمی ئامادەبوون و گفتوگۆیەكی چڕ لەبارەی دۆخی گشتی سیاسی عێراق و خواست و داواكارییەكانی خۆپیشاندەران كرا.

تا ئێستا گەلێك حیزب و رێكخراوی سیاسی بەناوی خۆپیشاندەرانی ئۆكتۆبەرەوە درووستكراون و هێشتا هەڵبژاردنێكیش نەكراوە هەتا بە درووستی بزانرێت كە كامیان دەتوانن ببنە دەمڕاستی خۆپیشاندەران. لەگەڵ ئەوەشدا، خۆپیشاندەران و ئەو حیزبانەی كە بەناوی ئەوانەوە درووستكراون. لەوانەیە ئەگەر لەروانگەی سیاسەتێكی رۆژانەوە تەماشای حیزبە تازەكان بكەین، لە سەرەتادا كەم بایەخ بێنە پێشچاو، بەڵام ئەگەر لە روانگەیەكی ستراتیژی و درێژخایەنەوە تەماشایان بكەین، بۆمان دەردەكەوێت كە دەتوانن چ بایەخێكیان بۆ هەرێمی كوردستان هەبێت. سەرەڕای ئەوەی كە هێشتا قەبارە و قورسایی ئەم حیزبانە ناڕوونە و بە گشتی پەرتەوازەن، بەڵام دەتوانن ماتەوزەی گۆڕانكارییەكی ریشەیی بن لە عێراق ئەگەر بێت و سەركەون. خۆپیشاندەران لەماوەی زیاتر لە یەك ساڵی رابردوودا هۆكاربوون بۆ درووستبوونی گەلێك گۆڕانكاری گرنگ لە عێراق، لەوانەش: گؤرانكارییە ئیداری و سیاسییەكانی وەك دەستلەكاركێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی و گۆڕینی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و ناچاركردنی حكومەت و لایەنە سیاسییەكان بە گۆڕانكاریی ئیداری و پاڵپێوەنانی پەرلەمان و لایەنەكانیش بۆ دەسكاریكردنی یاسای هەڵبژاردن. ئێستا ئیدی لە تەنیشت حیزبە نەریتییەكانی شیعە، و لە پاڵ دەزگا دینییەكان كە رۆڵی بەرچاویان لە سیاسەتی عێراقدا هەیە، خۆپیشاندەرانیش خەریكە خۆیان وەك رەوتێكی سیاسی پێناسە دەكەن و دامەزراندنی حیزب و كۆمەڵەی جۆراوجۆریش لە نیشانەكانی ئەوەن.  

لە سیمینارەكەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداودا تەڵاڵ حەریری سەرۆکی بزوتنەوەی ٢٥ ئۆکتۆبەر، د.ریاز ئیسماعیلی لە پارتی بناة العراق، زولفەقار حسێن، سەرۆکی بزوتنەوەی مەد و سەڵاح سەعد مەهدیی جێگری و د. عەلی عەبادی سەرۆكی بەرەی فەجری عێراقی نوێ و چەند شرۆڤەکارێکی سیاسی و ئەکادیمی، تەوەرەكانی وەك: ئامانج و رێبازی سیاسیی حیزبەكانی خۆپیشاندەران، روانگەی حیزبەكان بۆ دۆخی عێراق و داوكارییەكانی خۆپیشاندەران، گرفت و دەرفەتەكانی بەردەم حیزبەكانی خۆپیشاندەران و داهاتووی ئەو حیزبانە تاوتوێ كران.

هەموویان لەسەر ئەوە کۆکبوون کە حیزبەكانیان لەبەر پێویستی درووستکردنی گۆڕانی ریشەیی لەسیستمی سیاسی ئێستای عێراق دامەزراون و  ئەوان دەیانەوێت شوناسێکی نوێ بە سیستمی سیاسی عێراق ببەخشن. زولفەقار حسێن سەرۆكی بزووتنەوەی مەدی عێراقی گوتی: لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا نەوەیەكی سیاسیی نوێ لە دایكبووە. ئەمە تەنها بەهۆی خۆپیشاندانەكانی تشرینەوە نەهاتوون. بەڵكوو خۆپیشاندانەكانی تشرین، ئەنجامی كەڵەكەبوونی ئەو گۆڕانكارییانەن. نەوەی نوێی سیاسیی لە عێراق پەیامی خۆی بە هێز و لایەنەكانی دیكە گەیاندووە كە پێویستە وەرچەرخانێك درووست بێت. ئێمە دەزانین كە زۆربەی بڕیارەكانی عێراق لە دەرەوەی سنوورەكان دێت بەڵام ئەمە پێویستی بە گۆڕانكاری هەیە.

ئەو باسی لەوەش كرد كە ئێستا لە نیو خۆپیشاندەراندا دوو بۆچوونی جیاواز لەبارەی هەڵبژاردن هەن. دەستەیەك پێیانباشە كە بەشداری بكرێت و بە رێگایەكی گۆڕانكاری سەیری دەكەن و دەستەیەكی دیكەش رەتیدەكەنەوە. ئەوانەش كە رەتیدەكەنەوە دەبنە دوو بەش: یەكیان ئەوانەن كە هەر سیاسەت نازانن. دووەمیشیان كەسانێكن كە راسپێردروان بۆ ئەوەی خەڵك لە گۆڕانكاری بێهیوا بكەن. ئەگینا ئامانجی خۆپیشاندان و هەڵبژاردنیش دەتوانێت هەر گۆڕانكاری بێت. زولفەقار حسێن باسی لە دوو ئاستەنگی گرنگیش كرد و گوتی: یەكەم ئەوەیە كە ئێمە رووبەڕووی هەندێك حیزب بووینەوە كە هەندێكیان زیاتر لە 90 ساڵە دامەزراون و زیاتر لە 17ساڵە عێراقیان بە دەستەوەیە. ئەمانە فرت و فێڵی سیاسی باش دەزانن. ئاستەنگی دیكەشی وەك پەرتەوازەیی و هەوڵدانی هەركەبۆخۆیی لایەنە ناڕازییەكان ناوبرد. ئەو جەختی لەوەكردەوە كە دەبێ ستراتیژێكی درێژخایەن هەبێت.بەڕای ئەو 2021-تا 2026 قۆناخێكە كە تێیدا لایەنەكانی خۆپیشاندەران دەتوانن خۆیان ئامادە بكەن و لە 2026دا قۆناخێكی دیكەی گۆڕان دەستپێبكەن.

تەڵاڵ حەریری سەرۆکی بزوتنەوەی ٢٥ ئۆکتۆبەر کە ئێستا لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە و دەڵێت كە ناتوانێ بگەڕیتەوە شوینی خۆی، باسی لەوە كرد كە نەک هەر پارتەکەی ئەو، بەڵکو هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی پێویستمان بە گۆڕانکاری ریشەییە و ئەمەش ئامانجێکی مامناوەند و درێژخایەنە. ئەو پێیوابوو کە سیستمی عێراق كە دەبوایە بە پێی دەستوور دیموكراتی، پەرلەمانی و فیدراڵی بێت، ئێستا تیۆکراتیە و ئەمەش سەرچاوەی %٩٠ی کێشەکانی ئێستای عێراقە. حەریری پێیوایە کە هۆکاری هەبوونی میحوەری مقاوەمە بۆ ”دەستوردانی پیاوانی دینی و میلیشیاکان دەگەڕێتەوە، ئەو گروپ ومیلیشیایانەی هەڵگری ئایدۆلۆژیای تووندئاژۆن، هیچ جیاواز نین لە داعش.”حەریری پێیوایە کە مۆدێلەکانی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە شکستیان هێناوە و لە تونس ومیسرەوە  هەتا جێگەکانی دیكەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەمە سەڵیمێنراوە. ئێستاش تەنیا ئێران و عێراق ماون کەئەم گۆڕانەیان تێدا دروست بێت. حەریری جەختی لەوە كردەوە كە كەلێنی گەورە لە دەوڵەت و ناسنامەی دەوڵەتدا هەیە و دەبێ ئەوەش باش بزانرێت كە نابێ دەوڵەت لە عێراق وەك جاران ناوەندی بێت.

د. عەلی عەبادی سەرۆكی بەرەی فەجری عێراقی نوێ باسی لەوە كرد ئەوان بەرەیەكیان درووستكردووە كە 18 كۆمەڵە و گرووپی جیاوازی خۆپیشاندەرانی لە خۆگرتووە. كێشەی گەورەی حیزبەكانی خۆپیشاندەرانیشی بەوە زانی كە هەر لە سەرەتاوە یەكڕیز نەبوون و تێژروانینێكی روونیان لەبارەی شۆڕش نەبووە. ئەو، دەوڵەتی ئێستای عێراقیشی بە شكستخواردوو زانی كە پێیوایە دەستوورەكەی پڕە لە مین و دەبێ گۆڕانی تێدا بكرێت. د. عەلی ئاماری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیشی لەبارەی ژمارەی كوژراو و بریندارانی خۆپیشاندەران رەتكردەوە و گوتی بە پێی ئامارەكانی ئەوان،” 1035 كەس شەهید كراون و 26هەزار كەسیش برینداربوون.” لەبارەی هۆكاری جیاوازیی ئامارەكەی ئەوان لەگەڵ ئامارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان د. عەلی گوتی كە لەبەر هۆكاری ئەمنی و بۆ پاراستنی گیانی خۆپیشاندەران، ناوی هەندێك بڵاونەكراونەتەوە و هەندێكیش، بەناوی نادرووست رەوانەی نەخۆشخانە كراون تا زانیارییەكانیان وەرنەگیرێن و هەندێكی دیكەشیان هەر تۆمار نەكراون.

د.ریاز ئیسماعیلی نوێنەری پارتی بناة العراق پێیوابوو کە چارەسەری ریشەیی بریتیە لە بونیادنانەوەی مرۆڤی تازەی عێراق و باشترین رێگەی بۆ گۆڕانكاریش ”بە گۆڕانی ناوخۆیی و جەماوەریی” دانا و  گوتی ئەگەر ئەوە سەرینەگرت، بە ناچاری، هەرچەند رێگایەكی تاڵیش بێت، دەبێ پەنابەرینە وڵاتێکی دیكە هەتا دەستوەردان بکات.

سەڵاح سەعد جێگری سەرۆکی بزوتنەوەی مەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە بزوتنەوەی تشرین بووە هۆی دەرخستنی ئەو هێزانەی کە پرۆکسی ئێرانن:”بزوتنەوەی تشرین عەلمانیەو دژی فەساد وکوشتنە، بۆ داڕشتنەوەی سیستمە بۆ سیستمێکی مەدەنی ودیموکراسی. ئەم جوڵانەوەیە ئەو هێزانەی دەرخست کە ئێرانیان دەوێت نەک هەر بۆ ئێستا، بەڵکو بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو.”

لەگەڵ ئەوەدا حزبەکانی خۆپیشاندەران ئامانجی گەورەیان هەیە و دەیانەوێت رووبەڕووی حزبە تەقلیدیە دەسەڵاتدارەکان ببنەوەو قۆناخ بە قۆناخ ببنە بەدیلی سیستمی سیاسی ئێستا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، دەرک بە ئاستەنگەکان دەکەن. ئەوان پێیانوایە كە توانایان سنووردارە و میلیشیاو و حزبە دەسەڵاتدارەکانیش تەگەرەیان بۆ درووستدەكەن.

کیتاب ئەلمیزان، شرۆڤەکاری سیاسی پرسیار دەخاتە سەر ئەم حزبە تازانەو دەڵێت ”چی وا لەم هێزە تازانە دەکات کە یەکنەگرن وبەیەک لیست دانەبەزن؟ ئەمە ئەو گومانە دروست دەکات کە رەنگە هێزی سیاسی دیكە پاڵپشتییان بکات.” هەروەها رەخنەشیان لێدەگرێت کە دیدێکی روونیان بۆ دۆخی پارێزگا سووننیەکان و بەشەكانی دیكەی عێراق نیە. هەروەها د.سەردار قادر مامۆستای زانکۆی لوبنانی-فەرەنسی رەخنە لە ئەدای بزوتنەوەی تشرین گرت و و پێیوابوو کە ”بزوتنەوەی تشرین ئەجێنداکەی تەوزیف نەکردووە و زیاتر، حکومەت لێیان سوودمەندبووە.”

د.ریاز ئیسماعیلی هۆشداری لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەپۆلێکی نوێی خۆپیشاندان دا و گوتی:”لە هەڵبژاردنی داهاتوودا زۆرترین تەزویر دەکرێت. چونکە لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی نابێت و لەژێر ترس و چەکدا دەبێت.لەبەرئەوەی قەیرانەکەش بەردەوامە شۆڕشێکی دیكەی ناڕەزایی جەماوەری لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان روودەدات. زۆربەی شۆڕشەكانی عێراقیش لە مانگەكانی نێوەڕاستی ساڵدا كراون. ”

زۆربەی بەشداربووانی سیمینارەكە كۆكبوون لەسەر ئەوەی كە بەهۆی كەمی كات و نەبوونی خواست،ئەگەری درووستكردنی هاوپەیمانییەك لەنێوان حیزبەكانی خۆپیشاندەران ئەستەم دێتە پێشچاو. بەشێكیشیان جەخیتان لەوە كردووە كە دانووستاندنیان لەگەڵ مستەفا كازمی سەرۆكوزیران هەیە بەڵام پێیانوابوو كە ئەو ئەجیندای خۆی هەیە و حزبی خۆی درووستكردووە. هەندێكی دیكەشیان سەرۆكوەزیرانیان بە درێژكراوەی چینی دەسەڵاتدار زانی و باسیان لەوەكرد كە بەرلە هەرجۆرە دانووستاندنێك، پێویستە ئامانج لە دانووستاندنە دیار و روون بێت.

 

 

 

 

 

 

 

Share this Post

چالاکی