پەیڕەو ئەنوەر
مێزگردی یەکەمی كۆڕبەندی هەولێر 2023، بەناونیشانی "کاریگەری گۆڕانکاری کەشوهەوا و کێشەی ئاو لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، عێراق و هەرێمی کوردستان" بە بەشداری چەند میوان و توێژەرێکی ناوخۆیی و بیانی گفتوگۆی لەبارەوە کرا. هەر لەچوارچێوەی مێزگردەکەدا تیشک خرایە سەر ئەوەی کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست یەکێکە لە لاوازترین ناوچەکانی جیهان لەڕووی گۆڕانی کەشوهەواوە و یەکێکە لە ناوچە بەرکەوتەکانی ئەم گۆڕانە و ئاستی ئاوی دابەزیوە بە بەراورد بە 20 ساڵی رابردوو و پلەی گەرما بەرزبۆتەوە. هاوکات تیشکخرایە سەر رۆڵی ئافرەت لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا.
بەشێک لە قسەکەران و میوانان تیشکیان خستەسەر نموونە باوەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وەك کەمبوونەوەی ئاو، دیاردەی بەبیابانبوون، گەرمبوونی گۆی زەوی، بەشێوەیەک کە لەمێژووی میزۆپۆتامیادا نموونەی نەبووە. چونکە ئێستا عێراق لەڕیزبەندی پێنجەمین وڵاتدایە لە کاریگەری گۆڕانی کەش و هەوا و، هۆکارەکانیش جۆراوجۆران بەڵام بەگشتی دوو جۆر هۆکار ئاماژەی پێکرا: هۆکارە دیارەکان وەک بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، ناتەندروستی کات و شێوە و رێژەی باران بارین، خراپ بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکان. هۆکارە نادیارەکانیش وەک زیادبوونی بەردەوامی ژمارەی ئۆتۆمبێڵ، کۆمپانیاکانی نەوت و رێژەی گازە ژەهراوییەکانیان، ژمارەی خانوو و باڵەخانە کە بەشێوازێکی نازانستی و دوور لە پێوەر و بنەماکانی زانستی تەلارسازی بنیاتدەنرێن، شێوازی بنیاتنانی شەقام و ئاوەڕۆ و ژێرخان بەشێوەیەکی گشتی و بوونی ژمارەیەکی زۆری جێنیرەیتەر بۆ دابینکردنی کارەبا و نەبوونی لێکۆڵینەوەی زانستی و ئەکادیمی بۆ تێگەیشتنی بەردەوام لە قووڵایی بابەتەکە هۆکارەکانی دیكەی گۆڕانی کەش و هەوان.
بەشێکی دیکە لە قسەکەران پێیانوابوو پرسی گۆڕانی کەشوهەوا دیاردەیەکی جیهانییە بەڵام کاریگەرییەکەی لە وڵات و شوێن و جوگرافیایەکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازە. لەهەرێمی کوردستاندا، گۆڕانەکە لەشێوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و دابارینە و سروشتی گۆڕانکارییەکەش زیاتر لە وەرزی زستانە نەک هاوین. لەوڵاتانی دیكەش کاریگەرییەکەی دەرکەوتووە بەڵام لە عێراق کاریگەرییەکەی زیاترە چونکە بەگوێرەی داتای ساڵانی چلەکانی سەدەی رابردوو تاوەکوو سەرەتای نەوەدەکان، گۆڕانکارییەکە زۆر کەمبووە و بەمشێوەیە نەبووە، بەڵام لەدوای ساڵانی نەوەدەوە و لە سی ساڵی رابردوودا گۆڕانەکە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادبووە، بەتایبەت ئەگەر رێژەی بارینی باران بەسەر ژمارەی دانیشتواندا دابەش دەکەین بەڕوونی کاریگەرییەکەمان بۆ دەردەکەوێت.
بەشێکی دیكە لە قسەکەران ئاماژەیان بە هۆکارەنی ئەم دیاردە کرد لەوانە زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان کەبۆتەهۆی زیادبەکارهێنانی سەرچاوەکانی وزە، پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاو بەهۆی کۆمەڵێک هۆکار و خراپ بەڕێوەبردنی ئاو و بەفیڕۆدانی ئاو و بەکارنەهێنانی تەکنەلۆژیا و تەکنیکی تازە لە بواری کشتوکاڵیدا، کەمی رێژەی سەوزایی هەروەها رژانی ئاوی پیس بۆ نێو رووبارەکان. هاوکات ئاماژە بە وشکەساڵی لە عێراق وەک دەرهاوێشتەیەکی گۆڕانی کەش و هەوا کرا. بەتایبەت لە وەزری هاویندا هاوڵاتیان بەشێوەیەکی گشتی بێ ئاو دەمێننەوە و ئاوی بارانیش وەک پێویست و بەشێوەی زانستی کۆگا ناکرێت. ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر وڵاتێکی وەک تورکیاش هەبووە بەڵام بەڕێژەی کەمتر.
هەر لەمیانەی مێزگردەکەدا پرسیاری ئەوە کرا كە بۆچی زۆربەی دیاردەی خۆڵبارین لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە؟ بەشێک لە قسەکەران بەمشێوەیە وەڵامیان دایەوە: لەڕووی جوگرافییەوە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کەوتۆتە ناوچەیەکی هەستیارەوە و کۆمەڵێک هۆکاری ناوخۆیی و دەرەکی هەن بۆ دیاردەی خۆڵ بارین و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هەرێمی کوردستان هۆکاری پرسەکە نین بەڵکو بەرکەوتەن. بیابانەکانی سعودیە و سوریا هۆکارێکی دیاردەی خۆڵبارینن لە عێراق. دروستکردنی بەنداوەکان بەتایبەت پڕۆژەی گاپ/پڕۆژەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەنادۆڵ لەلایەن تورکیاوە کە بۆتەهۆی کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان و ئەمەش هۆکارە بۆ دیاردەی خۆڵبارین.
لەکۆتا بەشی مێزگردەکەدا تیشک خرایەسەر راسپاردە و چارەسەرەکان. بەشێک لە قسەکەران پێیانوابوو پڕۆسەی رووبەڕووبوونەوە و چارەسەرکردنی گۆڕانی کەش و هەوا پڕۆسەیەکی بە کۆمەڵ و هەرێمییە و دەبێت لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی کاری هاوبەش و پێکەوەیی بۆ بکرێت و رێککەوتننامەی تایبەتی بۆ واژووبکرێت. سەرەڕای زیادکردنی رێژەی سەوازیی، کەمکردنەوەی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و پابەندبوون بە رێژەی کەمکردنەوەکە، بەشداری دەوڵەتی عێراق لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەم پرسە، هەماهەنگی نێوان کەرتی تایبەت و گشتی و لایەنە پەیوەنددارەکان. هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لەبواری بەکارهێنانی ئاو و بەفیڕۆنەدانی ئاو، بەکارهێنانی سەرچاوەی وزەی پاکی وەک وزەی باو و وزەی خۆر کە لەڕووی ئابووریشەوە کەم تێچووە. بوونی سیاسەت و ستڕاتیژی تایبەت لەلایەن حکومەتەوە، گۆڕینی شێوەی ژیان. بەگوێرەی رێککەوتننامەی پاریس بۆ گۆڕانی کەش و هەوا دەبوو وڵاتان، ١٥% گازی ژەهراوی Emission کەمبکەنەوە ئەگەرچی هەرێمی کوردستان زیاتر لەو رێژەی کەمکردەوە بەڵام مەرج نییە هەموو وڵاتان پابەندبن بەو رێژەیە، بەتایبەت رووسیا چونکە داهاتیان باشە و پلەی گەرمیان نزمە و کاریگەرییەکەی لەسەریان زۆر نییە.
لەبەشێکی مێزگردەکەدا، سەرنج خرایەسەر دەرەنجامەکانی ئەم دیاردەیە لەوانە دیاردەی کۆچکردن لە باشوری عێراق و ناوچە کشتوکاڵییەکان. بەسەربازکردنی گەنجانی ناوچەکان بەهۆی لەدەستدانی داهات و بەتایبەت دامەزراندنیان لە هێزەکانی حەشدی شەعبی. هاوکات باس لە رۆڵی ئافرەتان کرا لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا و بەشێکی قسەکەران پێیان وابوو ئافرەتان یەکەم کەس و توێژن کە هەست بە گۆڕانی کەش و هەوا دەکەن، چونکە گۆڕانی کەش و هەوا پەیوەندی بە کارووباری ناوماڵ و دیاردەی هەژاریەوە هەیە و ئافرەتان زیاتر دەتوانن هەست بە چارەسەر و دەرەنجامەکانیش بکەن و پێویستە لە رێککەوتنامەکانیش بەشداربن بەپێی ئەوەی لەناو ماڵ و ژیانی رۆژانەدا بەرکەوتەی راستەوخۆیان لەگەڵ پرسی ئاودا هەیە.
بەشداربووان:
-رائید عەبد زەید ئەلجەشەعمی، بریکاری وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق
-سەلاح ئەلحاج حەسەن، نوێنەری فاو لە عێراق
-د.جیهان محەممەد فەتاح، سەرۆکی بەشی سەرچاوەکانی ئاو لە کۆلێژی ئەندازیاری زانکۆی سەلاحەددین
-رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان
د.سایە سەلام، مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی
د.سۆران حەمەئەمین، مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی
-لاورا بیرکمان، لێکۆڵەری باڵا و سەرۆکی بەرنامەی کەشوهەوا و ئاسایش لە سەنتەری لاهای بۆ لێکۆڵینەوەی ستڕاتیژی
-بڵند کوردۆ، پارێزەری ئاو و ئەندازیاری سەرچاوەکانی ئاو
-شیڤان فازڵ، لێکۆڵەر لە پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باكووری ئەفریقیا لە SIPRI
-نارین بەهات حەسیب، بەرپرسی پرۆژەی مۆدیرەیتەر لەڕێگەی بەرزکردنەوەی دامەزراندن BREPلە عێراق UNDP
-مەمونوور رەشید، بەڕێوەبەری پرۆفایلی ژینگە، وزە و گۆڕانی کەشوهەوا لە یو ئێن دی پی UNDP لە عێراق
-د.توگبا ئیڤریم مادن، پەیمانگای ئاوی تورکیا SUEN
-گاریک هەیراپتیان، جێگری نوێنەریUNFPA لە عێراق
-نەسیم عیسا عەزیز، لە دامەزراوەی یونایتد پیوپڵ گلۆباڵ، مۆدیرەیتەر
ئەم مێزگردە بە هاوبەشی لەلایەن هەریەک لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی CESI و ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بەڕێوەچوو