پەیڕەو ئەنوەر
مێزگردی چوارەمی كۆڕبەندی هەولێر2023 بەناونیشانی "بەرنامەی ئەتۆمی ئێران و کاریگەرییەکەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست" بە بەشداری چەند میوان و توێژەرێکی نێوخۆیی و بیانی بەڕێوەچوو. ئەم مێزگردە كە لەلایەن ناوەندی لێكۆڵینەوەی ئیرام و ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداوەوە رێكخراوبوو، لەلایەن حەقی ئویگور سەرۆكی ئیرامەوە بەڕێوە برا. سەرەتا ئاماژە بەوەکرا كە ئێران نایەوێت بەڕاستی چەکی ئەتۆمی هەبێت و تەنیا دەیەوێت وەک کاریگەری و فشار بۆ دروستكردنی جۆرێك لە هەژموون و باڵادەستی بەکاری بهێنێت بەسەر وڵاتانی دیكە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چەکی ئەتۆمی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست زۆر مەترسیدار و ترسناکە. باسی ئەوەش كرا تەنانەت وڵاتێكی وەك کۆماری میللی چینیش نایەوێت ئێران ببێت بە خاوەن چەکی ئەتۆمی چونکە کاریگەرییەکەی لە دوورمەودادا دەبێتەهۆی زیاتربوونی رەگەزەکانی هێز بۆ ئێرانییەکان و زیاتر دەیکات بە ئەکتەرێکی هەرێمی بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، بەڵام ئێران بەجۆرێکی تر لە پرسەکە دەڕوانێت و، پێیوایە بانگەشەکردن بۆ پیتاندنی چەکی ئەتۆمی رژێمەکەی پارێزراو دەکات و لەمەترسیی کەوتن دووری دەخاتەوە و کاریگەری دەبێت بۆ گەیشتن بەجۆرێک لە ئاسایش و دڵنیایی. لەگەڵ ئەوەشدا هەر گۆڕانکارییەک لە چەکی ئەتۆمی، دەبێتەهۆی گۆڕان و مەترسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا.
بەشێک لە قسەکەران پێیانوابوو کە کۆماری ئیسلامی ئێران جگە لەدرێژەدان بە پڕۆژەی گەشەپێدانی چەکی ئەتۆمی هیچ بژاردەیەکی دیكەی نییە چونکە بنیادە ئاسایشییەکەی لاوازە و گەورەترین مەترسی بۆسەر رژێمەکەی، بەهێزبوونی نەیارەکانێتی و تەنها کاریگەری چەکە ئەتۆمییەکەی دەتوانێت ئەو بۆشاییە ئەمنی و ئاسایشییەی بۆ پڕ بکاتەوە و دەرەنجامی ئەم پڕۆژەیەش ئێران دەگەیەنێت بە کەناری ئارامی و مەترسیی و هەڕەشە ناوەخۆیی و دەرەکییەکانی لەسەر کەمدەکاتەوە.
لەلایەکی دیكەوە دید و تیڕوانینی ئەنکەرە بەمشێوەیە خرایەڕوو بۆ پرسی چەکی ئەتۆمی ئێران كە گوایە ئەنکەرە پێیوایە گەماڕۆدانی ئێران بۆ ناوچەکە و سیستمی ئاسایشی هەرێمی مەترسیدارە و کاریگەری خراپی دەبێت بۆسەر ململانێی زیاتری نێوان ئەکتەرە هەرێمییەکان و پرسی جەمسەربەندی هێزەکان قوڵتردەکاتەوە بەتایبەت لەگەڵ سعودیە و ئیسڕائیل و تورکیا و وڵاتانی کەنداو. ئەمە سەرەڕای ئەوەی پەیوەندی نێوان تورکیا و ئێران هاوسەنگی تێدایە و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و دوولایەنەیە. لەبەرئەوە تورکیا تاڕادەیەک رێگری ناکات لە پڕۆژەی چەکی ئەتۆمی ئێران. ئەگەرچی وڵاتانی وەك توركیا، میسر و ئێران بەهۆی رکابەری نێوان هێزەکانی سیستمی هەرێمی لەرۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ماندوو بوون و پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران زیاتریش ماندوویان دەکات و توانا سیاسی و ئەمنییەکانیان کەمدەکاتەوە.
هەر لەدرێژەی گفتوگۆکاندا ئەوە خرایەڕوو کە ئەمەریكا خوازیاری رێککەوتنە لەگەڵ ئێران بەڵام خودی ئێران کەمتر ئەو خواستەی هەیە ئەگەرچی دۆخە ناوخۆییەكەی ئێران زۆر لەرزۆک و ناسەقامگیرە. ئێران دەیەوێ سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر بهێنرێتە دەرەوە ئەوسا بیر لە رێککەوتن بکاتەوە بۆئەوەی لەژێرکاریگەری و گوشاردا نەچێتە دانوستان و خێرا بڕیار لەسەر ئەم دۆسیە ستڕاتیژییەی نەدات. ئیدارەی بایدنیش خواستی رێککەوتنی هەیە بەڵام پرسی سوپای پاسداران هێشتا رێگرە لەبەردەم نزیکبوونەوەکە. هەڵبەت جگە لەوە، نزیکبوونەوەی بەردەوامی ئێران لە رووسیا و هاوکاریکردنی رووسیا لە درێژەدان بە جەنگ لەبەرامبەر ئۆکرانیادا لەڕێگەی پێدانی درۆنەوە ریگرییەكی دیكەیە و کاریگەری لەسەر سروشتی دانوستاندن و ترافیکە دیپلۆماسییەکەدا دەبێت.
یەکێک لە بەشدارانی مێزگردەکە بەمشێوەیە سەرنجەکانی خۆی خستەڕوو:"ئێران حەزدەکات رێککەوتن لەگەڵ ئەمەریكادا بکات بەڵام ئەمەریكا نایەوێت و بیانوو دەبینێتەوە و، هیچ گەرەنتییەکیش نادات. ئێران بەردەوام سزادەدرێت بەڵام سزاکان دەبێتەهۆی بەهێزبوونی ئێران نەک لاوازبوونی چونکە سزاکان کاریگەرنین. داهاتی ئێران ساڵی رابردوو ٢٥ ملیۆن دۆلار و ئەمساڵیش ٤٠ ملیۆن دۆلار بووە. رووسیا و چین هاوکاری تەکنەلۆژی ئێران دەکەن و ئێران دەیەوێت هاوسەنگی هەبێت لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی و رێککەوتننامەی ئەتۆمی بەشێکە لەو هاوسەنگییە و ئێران بیر لە گۆڕینی سیاسەتی خۆی بۆ ئەتۆم ناکاتەوە کاریگەری و دەرەنجامەکەی بەهەر شێوەیەک بێت."
بەشێکی دیکە، لە بۆچوونەکان تایبەت بوون بە هەڵوێستی رووسیا لەبەرامبەر رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە و کاریگەرییەکانی و باس لەوە كرا کە رووسیا حەزناکات هیچ رێککەوتننامەیەک لەنێوان ئەمەریكا و ئێراندا هەبێت. هەرچەندە ئێران وایدادەنا کە نرخی نەوت بەرزدەبێتەوە و بەمەش دەتوانێت ببێت بە خاوەن هەژموون لەبەرامبەر نەیارەکانیدا و کاریگەری زیاتریان لەبەرامبەردا دروستبکات. لەلایەکی دیكەوە، ئێران بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە نەیدەویست بچێتە نێو رێککەوتننامەکەوە بۆئەوەی لاواز دەرنەکەوێت و لەلایەکی تریشەوە ئەمەریكا دەیویست لەکاتی خۆپیشاندانەکانەوە بێتە نێو رێککەوتننامەکەوە بۆئەوەی پێگە و هەژموونی هەبێت. بەگشتی ئێران دەخوازێت لەڕووی ستڕاتیژییەوە تەمەنی رژێم و سیستمە سیاسی و ئایدۆلۆژیاکەی لەڕێگەی پڕۆژە ئەتۆمییەکەیەوە درێژبکاتەوە و زیاتر پەل بهاوێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پڕۆژە جیۆپۆلەتیکییەکەی "هیلالی شیعی" زیاتر کاریگەر و فراوان بکات ئەگەر وڵاتانی زلهێز و یەکێتی ئەوڕووپا سزای زیاتری بەسەردا بسەپێنن.
تەوەرێکی دیكەی گفتوگۆکان بەمشێوەیەبوو کە ئێران بەدوای گەرەنتیدا دەگەڕێت بۆ رێککەوتن و ئەمەریكاش هیچ متمانەیەکی بە ئێران نەماوە چونکە لە رێککەوتننامەی ساڵی 2015 دا ئێران پابەندی بەڵێنەکانی نەبوو. چونکە 84%ی رێژەی پیتاندنی ئەتۆمەکەی لەبواری سەربازی بەکاردەهێنێت. لەڕووی هەرێمی و نێودەوڵەتییەوە کەس لەگەڵ پڕۆژەی چەکە ئەتۆمییەکەی ئێران نییە چونکە رژێمەکەی هەڵگری ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت بەخۆیەتی کە زیاتر تیۆکراتی و ئاینییە و بۆ مانەوی ئەو رژێمەش پێویستی بەو یارییەیە تەنانەت پەرەی بە پیشەسازی درۆن داوە و دەستوەردانی ناوچەییش دەکات بەتایبەت لە عیراق، لوبنان، یەمەن و سوریا و فەڵەستین. ئەمەش کاریگەری خراپی بۆ ئایندەی ململانێکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و دابەشبوونی هێزەکان و هاوپەیمانی و پەیوەندییەکان و تەنانەت نەخشەی سیاسیش دەبێت.
بەشێکی دیكە لە بۆچوونەکان پێیانوابوو کە رێککەوتنی ئەتۆمی نێوان ئێران و ئەمەریكا مردووە و بەشێکیشیان پێیوان وابوو نە مردووە و نە زیندووە. بەڵام کۆمپانیاکان ترسێکی زۆریان هەیە بۆ هاتنە ئێران و کارکردن لەو وڵاتەدا بەهۆی لەکارکەوتنی رێککەوتننامەکەوە ئەمەش یەکێکە لەو کاریگەرییانەی کە شکستی رێککەوتننامەکە دروستی کردووە و متمانەی نێوان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان وەک ئەکتەرێکی نادەوڵەتی و دەوڵەتی ئێران وەک ئەکتەرێکی دەوڵەتی کەمکردۆتەوە. ئەگەرچی تیشک خرایەسەر ئەوەش کە چەکی ئەتۆمی ئێران بۆ پاراستنی ئاسایش و مانەوەی ئێرانە و بەرگریکردنە لەبەرامبەر ئەمەریكا و ئیسرائیل و لەهەمانکاتیشدا نابێتە مەترسی بۆسەر هیچ کیان و لایەنێک و یەکەیەکی سیاسی.
دیدێكی دیكەش بۆ پرسەکە رۆشنایی خستەر سەر ئەوەی کە نە ئێران دەیەوێت بگاتە رێککەوتن و نە ئەمەریكاش، چونکە ئێران دەوڵەتێکی ئایدۆلۆژییە و پێویستی بەوجۆرە یاری و بەرنامەیە هەیە و ئەمەریكاش بۆ مەرام و مەبەستی خۆی بەکاریدەهێنێت. ئەمەش دەرەنجامێکی خراپی دەبێت بۆ ناسەقگیری سیاسی ناوچەکە چونکە تەنها مۆدێڵی بەڕێوەبردنی ململانێکان زاڵ و ئامادەدەبێت لەبری چارەسەرکردنی ململانێکان بەمەش دەکرێت هێزە بچووک و لاوازەکان بەئاسانی ببن بە قوربانی و قوتبدرێن.
هاوپەیمانییە هەرێمییەکان گۆڕاون بەڵام بۆ دەبێت هاوپەیمانێتی لەسەر بنەمای ترس بێت لە چەکی ئەتۆمی ئێران لەکاتێکدا دۆخی ناوخۆیی ئەو وڵاتە خراپ و نالەبارە، رێژەی بێکاری 48% و سەرمایەگوزاری زۆر لاوازە. چین سوود لە ئێران وەردەگرێت لەڕووی سیاسییەوە بەڵام لەڕووی ئابوورییەوە هیچ سودێک بە ئێران نابەخشێت. بۆ نموونە لە پڕۆژەی ئاوریشم (یەک پشتێنە و یەک رێگە) 57%ی ئەو پڕۆژەیە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە بەڵام هیچ رێژەیەکی بۆ ئێران نییە. ئێران رەچاوی ژینگەی سروشتی نێوخۆی خۆی ناکات و ئەو پارەیەی لە دەرەوەی خۆی خەرج دەکات بۆ ناوەوە تەرخانی بکردایە ئێستا وڵاتێكی خۆشگوزەران دەبوو. بۆیە رەنگە لەدوورمەودا، ئێران بەهۆی چەکە ئەتۆمییەکەوە رووبەڕووی ناڕەزایی و پوکانەوەی ناوخۆیی ببێتەوە و سیستمە سیاسییەکەی بکەوێتە مەترسییەوە.
بۆچوونێکی دیكە هەبوو كە پێیوابوو ئێران لەژێر گوشار و سزای ئابووریدایە و ئەمەریكاش زیاتر لەگەڵ سزای زیاترە. ستراتیژی ئێرانیش ئەوەیە کە بەرەنگاری سزاکان ببێتەوە. بەڕای ئێران رووسیاش نابێت بڕوخێت لەلایەن ناتۆوە، بۆیە ئێران پاڵپشتی لە رووسیا دەکات. رووسیا لەڕووی مێژووییەوە وەبەرهێنانی لە ئێران کردووە. پیشەسازی سەربازی بەشێکی گەورەی داهاتی ئێرانە و بەردەوام پەرەی پێدەدات.
هیچ بژاردەیەک نییە بۆ جێگرەوەی چارەسەری دیپلۆماسی و رێککەوتننامە تاکە رێگەیە. رێککەوتننامەی ئێران نە مردووە و نە زیندووە. ئێران دەیەوێت رێککەوتن بکات بەهۆی دۆخی ناوخۆییەوە. ئۆباما دەیویست ئێران و کەنداو هاوسەنگ بکات لەڕووی هێزەوە. ئێرانیش دەیەوێت جەنگی بە وەکالەت زیاتر بکات لە ناوچەکە ئەگەر رێککەوتن نەکات بۆئەوەی خێراتر و زیاتر ئامانجەکانی خۆی بپێکێت و سیاسەتی دەرەوەی بەتایبەت دۆسیەی ئەتۆمی کاریگەری هەبێت بەسەر ئەکتەر و نەیارەکانی. رووسیا هاوکاری ئێرانی نەکردووە و هیچ کاتێک هاوپەیمانی ستڕاتیژی ئێران نەبووە و بەپێچەوانەوە ئێرانی بچووککردۆتەوە لە مێژوودا و رکابەری یەکترن لە ڕووی وزەوە و هاوکاری ئێران ناکات. رووسیا و چین، ئێران بەکاردەهێنن بۆ ململانێکانیان لەگەڵ ئەمەریكا و پەیوەندییەکانیان هیچ بنەمایەکی ستراتیژی لەخۆناگرێت. چین لە پڕۆژەی ئاوریشم ئێرانی دەرکردووە چونکە لە باکووری پڕۆژەکە رووسیا باڵادەستە و لە نێوەڕاست تورکیا و لە باشووریش پاکستان و بەمەش پەیوەندی نێوانیان زیاتر لەسەر بنەمای تەکتیکییە و ناخوازن پڕۆژە ئەتۆمییەکەی ئێران زیاتر گەشەی پێبدرێت بۆئەوەی کاریگەری زیاتری نەبێت لەسەر بەها و سیستم و جیۆپۆلەتیک و هەژموونی خۆیان.
بەشداربووان:
-ئێروین ڤان ڤێن، لێکۆڵەری باڵا لە پەیمانگای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هۆڵەندا-کلینگێنداێل
-تیتی ئێراستۆ، لێکۆڵەری باڵا لە پەیمانگای SIPRI
-جۆن کریزانیاک، لێکۆڵەر لە پڕۆژەی ویسکۆنسین
-حەمیدڕەزا عەزیزی، لێکۆڵەر لە CATS پەیمانگای ئەڵمانیا بۆ کارووباری نێودەوڵەتی و ئاسایشی SWP لە بەرلین
-حەسەن ئەحمەدیان، یاریدەدەر پڕۆفیسۆر لە زانکۆی تاران
-عەلی ئەحمەدی، لێکۆڵەری باڵا لە سەنتەری ژنێف بۆ سیاسەتی ئاسایش
-د.سەردار عەزیز، لێکۆڵەر و راوێژكاری پێشووی پەرلەمانی كوردستان
د.مەحمەت کۆچ، لێکۆڵەر لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئیرام IRAM
-پەروێز رەحیم، مامۆستای زانکۆی سەلاحەددین
-د.هیوا مەجید، مامۆستای زانکۆی سەلاحەددین
-د.عەل حامید، پسپۆڕی کارووباری ئێران لە بەغدا لە سەنتەری رەواق
د.حەکی ئویگور، سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئیرام، مۆدیرەیتەر
رێکخەران:
ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئیرام و ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو