سۆما زرار
لە چوارچێوەی چالاكییەكانی دووەمین كۆڕبەندی ساڵانەی خۆیدا، رۆژی سێشەممە، 28ی شوبات 2023، ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو مێزگردێكی بە ناونیشانی ''گۆڕانکارییە ئەمنییەکان و نەوەی دووەمی داعش'' بە بەشداری کۆمەڵێك بەرپرسی سەربازی، ئەمنی، شرۆڤەکاران و بەشێك لە لێکۆڵینڤانانی ناوخۆ و بیانی رێکخست.
بەشێوەیەكی گشتی لەو مێزگردەدا گفتوگۆ لەسەر چوار تەوەری سەرەکی کرا کە ئەوانیش بریتی بوون لە جوڵە و رەوشی ئێستای داعش و مەترسییان لەسەر دەوڵەتان، چۆنیەتی مامەڵکردن لەگەڵ نەوەی دووەمی داعش، چارەنووس و گەڕانەوەی ژن و منداڵانانی داعش بۆ نیو کۆمەڵگە و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە عێراق و سووریا.
لەو مێزگردەدا کە بەناونیشانی "گۆڕانکارییە ئەمنییەکان و نەوەی دووەمی داعش" بەڕێوەچوو، باس لە هەلومەرجی ئێستا و جموجوڵەکانی داعش لە ناوچەکەدا كرا. جەخت لەوە كرایەوە كە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2017 و پێش ئەو ساڵەش، داعش دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا زۆر کەمبۆتەوە، بەتایبەت كە لەڕابردوودا لەڕووی جوگرافییەوە چواریەکی خاكی عێراقی لەبەردەستدابوو کە نزیکەی 7 ملیۆن دانیشتوی لە خۆ دەگرت.
بەپێی بەیاننامەکانی داعش، کردە تێرۆریستییەکانیان لەم ساڵانەی دوایی کەمیانکردووە و بەتایبەتیش لە 2022دا زیاتر كەمیكردووەو و داعش لەو ساڵەدا تەنیا 167 هێرشی كردووە. لەڕوویەکی دیکەشەوە لەسەر ئاستی هەموو جیهانیش، بە بەراورد بە ساڵانی پێشووتر، لەو ساڵەدا (2022) داعش کەمترین هێرشی ئەنجامداوە. هاوکات تیشک خرایە سەرئەوەی کە سەرەڕای کەمبوونەوەی دەسەڵاتیان، هێشتا دەکرێت چەكدارانی داعش هەڕەشەی زۆر گەورەبن چونكە بەردەوامن لە بڵاوکردنەوەی بیری تیرۆریستی بەتایبەتی لەڕێگەی سۆشیاڵمیدیاوە.
لە مێزگردەکەدا، چەند هۆکارێک باسکران کەوا بوونەتەهۆی مانەوەی داعش و هەڕەشەکانی لەسەر ناوچەکە، یەکەمیان پەیوەست بوو بەوەی كە هێشتا داعش بە تەواوی لەناو نەبراوە. تاوەکو ئێستا داعش هێرشی چەکداری ئەنجامدەدات و توانیویەتی خۆی لەگەڵ ئەو هەلومەرجەی لە عێراق و سووریا هەیە بگونجێنیت. دووەمیان، لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە، داعش توانای راکێشانی خەڵکی دیکەشی بۆ نیو رێکخراوەکە هەیە لەهەموو جیهان، بەتایبەتیش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. خاڵی سێیەمیش ئەوەیە كە سەرچاوە داراییەکانی داعش، سنووردار نەکراون.
یەکێکی دیكە لە نیگەرانیە زۆر گەورەکان کە ئاماژەی پێدرا، بابەتی ژن و منداڵە بەجێماوەکانی داعش بوو کە لە کامپەکاندان و بابەتی نەوەی دووەمی داعش جێی باس بوو بە تایبەتی لە کەمپی ئەلهۆل لە سووریا. ئەو کەسانە بە زۆری لە شوێن و وڵاتی جیاجیاوە هێنراون. ئێستاش هیچ وڵاتێک ئامادە نییە لەخۆیان بگرێتەوە، تەنانەت وڵاتانی ئەورووپیش ئامادەنین وەک پەنابەر وەریان بگرنەوە.
ئاماژە بەوە درا کە لە ساڵانی رابردوودا، رێکخراوەکە نەوەیەکی راهێناوە کە دەتوانن مەترسی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە درووست بکەن. داعش لە ماوەی خەلافەتی خۆیدا لە ساڵی 2014-2017، لەڕێگەی گۆڕینی سیستمی پەروەردەیی هەوڵیدا بیری تووندڕەوی لە ناو منداڵاندا بچەسپێنێت. ئەم نەوەیەش دوای رووخانی خەلافەتی داعش، لەگەڵ خزم کەس کاریان هەڵهاتن بۆ پارێزگاکانی دیکەی عێراق و سووریا و تێکەڵ بە کۆمەڵگە بوونەوە وبەشێكی دیکەش لەو منداڵانە، ئێستا لە کەمپەکانی سووریا وەکو ئەلهۆل و رۆژ، لە عێراقیش لە کەمپەکانی جەدعە و خازرن. بۆیە هەرکات هەلومەرج و ژینگەی عێراق و سووریا لەباربوو بۆ سەرهەڵدانەوەیان، ئەم نەوەیە دەتوانن مەترسییەکی جیددی بۆ سەر ئاسایشی عێراق و ناوچەکە دروست بکات.
هەروەها، مەترسیەکانی کەمپی ئەلهۆل مژارێکی دیکەی مێزگردەکە بوو. بەشداربووان ئاماژەیان بەوەدا کە بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی کەمپی ئەلهۆل، رۆژ، جەدعە و خازر، بەتایبەت ئافرەتان، هێشتا باوەڕیان بە داعش و هزری خەلافەت هەیە و دەتوانن نەوەیەک دروست بکەن لە ماوەی ساڵانی داهاتوو مەترسی گەورە دروست بکەن. هەربۆیەش مانەوەی بەشێکی زۆر لەو ئافرەت و منداڵانەی داعش لە کەمپی ئەلهۆڵ بۆ ماوەیەکی درێژ، لەوانەیە کەمپەکان بکاتە شوێنێک بۆ گەشەکردنی بیری تووندڕەوی.
باس لەوەشکرا کە لەوانەیە کەمپی ئەلهۆل وەک خانەیەکی شێرپەنچەیی بێت و لەگەڵ بەندکراوەکانی داعش لە حەسەکە وەک بۆمبێکی کاتین كە لەوانەیە هەر ئانوساتێکدا بتەقنەوە. سەرەڕای ئەوەش مانەوەیان بەیەکەوە لە شوێنێکی جوگرافی دیاریكراو، خزمەتە بە بیری داعش و بڵاوبوونەوەی بیری تیرۆریستی و ئاڵوگۆڕکردنی ئایدیۆلۆژیاکانیان. بۆیە جیاکردنەوە و گواستنەوەیان لەو شوێنانە کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی هەڕەشە و مەترسییەکان، بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە کە کاری پێویست بکرێت بۆ تێکەڵکردنەوەی ئەو بەندکراوانەی داعش بە کۆمەڵگە بەشێوەیەكی تەندروست، چونکە زۆرێک لەوانە لە بارودۆخێکی دەروونی ناجێگیردان و کۆمەڵگەکانیان راستەوخۆ لەخۆیانی ناگرنەوە. تا ئێستاش تەنانەت لەلایەن هاوپەیمانانیشەوە هیچ هەوڵێکی گەورە بۆ ئەمە نەدراوە.
هەر لە چوارچێوەی تیشک خستنەسەر هەڕەشەکانی داعش، وەک مەترسییەکی گەورە باس لە زیندانیانی داعش کرا. باس لەوەش كرا كە ئەو زیندانییانە لەناو گرتووخانەکاندا تێکەڵ بە زیندانیانی ئاسایی کراون، ئەویش لە كاتێكدا كە لەوێ سەرکردەی داعش هەن و لەناو زیندانەکاندا هەوڵی بڵاوکردنەوەی بیری تیرۆریستی و توندڕەوی دەدەن.
دیدگایەکی دیكە لەبارەی گەڕاندنەوەی ئەو منداڵ و ژنە گیراوانەی داعش، باسی لەوە کرد کە هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتانی خۆیان. ئەو هەوڵانەش لەلایەن ئەمریکا، فەرەنسا، ئوسترالیا و بەڕیتانیاوە دراون.
مژارێکی دیکەی گفتوگۆی بەرپرسان و شرۆڤەکاران لە مێزگردەکەدا هەبوونی بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزە ئەمنی و سەربازییە جیاوازەکان و نەبوونی هاوئاهەنگی تەواو لەنیوان هێزەکان لە عێراق و سووریا بوو.
هەربۆیەش، داعش بەردەوام سوود لە نەبوونی هاوئاهەنگی نێوان هێزە ئەمنی و سەربازییەکان، بەتایبەتیش نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، هێزە کوردییەکان لە رۆژئاوای کوردستان لەگەڵ هێزەکانی دیکە لە سووریا وەردەگرێت.
هەر لە درێژەی مێزگردەکەدا، باس لە گرنگی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە کرا، کە رۆڵ و فاکتەرێکی زۆر گرنگ بوون لە شەڕی دژی داعش. هەروەها هاوئاهەنگی لە نێوان هەردوو پارتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کە هۆکارن بۆ دروستبوونی سەقامگیری و هەبوونی هێزێکی تۆکمە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر ناوچەکە، وەك بابەتێك گرنگ كەوتە بەرباس.
لە کۆتایی مێزگردەکەدا، دووخاڵی زۆر گرنگ باسکرا کە هۆکاری گرنگن بۆ کەمکردنەوەی هەڕەشەکانی داعش. ئەویش هەماهەنگی حکومەتی عێراقی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە هەبوونی دەزگایەکی هەواڵگری نیشتیمانی، چونکە لەو ساڵانەی دواییدا، رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سەربازییەوە گۆڕاوە بۆ هەواڵگری و ئایدۆلۆژی. خاڵی دووەمیش مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بوو لەناوچەکەدا لە پێناوی دووبارە نەبوونەوەی هەر روداوێکی هاوشێوەی ئەوەی لە 2014 دا روویدا.
کورتەی خاڵە بنەڕەتییەکان:
-پرسی جموجۆڵ و تەکتیکی شەڕ لای داعش گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و لەبری جەنگی مەیدانی، بەشێوەی هێرشی کۆمەڵی بچووک و لەناکاو جەنگەکە خۆی بەڕێوەدەبات.
-لەدوای رووخانی خەلافەتی داعشەوە، هێرشەکانیان کەمیکردووە و بەجۆرێک لە ٢٠٢٢ دا کەمترین هێرشی کردووە و لەساڵی ٢٠٢٢ دا ١٦٧ هێرشی چەکداری ئەنجامداوە.
-داعش هێشتا یەکێکە لە مەترسیدارترین رێکخراوە تیرۆریستییەکانە و مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست.
-داعش لەڕووی جوگرافییەوە لاوازبووە بەڵام لەڕووی هزر و بیروباوەڕ و ئایدۆلۆژیاوە هێشتا لاواز نەکراوە.
-سەرچاوە داراییەکانی داعش هێشتا وشک نەکراون و ئەو رێكخراوە سوود لە سەرانەی بەزۆر و باج و زەکات وەردەگرێت. سەرەڕای کاری قاچاخچێتی بەتایبەت لەباکوور رۆژهەڵاتی سوریا لەڕێگەی بوونی هەندێک بیری نەوتەوە.
-بوونی بۆشایی ئەمنی لەنێوان عیراق و سوریا لەلایەک و سوپا و هێزە عیراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەکی دیكەوە، بوەتەهۆی خاڵی بەهێزی داعش و مانەوەی زیاتری لە عیراق و سوریا.
-مەترسی هەیە داعش لەڕێگەی پەروەردەکردنی نەوەی دووەمی خۆی و شانە و خانە نوستووەکانەوە بەشێوەی بەشەکی بگەڕێتەوە و زیندووبێتەوە. بەتایبەت نەوەی دووەمی داعش هێشتا لەژێر کاریگەری و پەروەردەی خودی داعش دان.
- بەشێکی زۆر لە دانیشتوانی کەمپی ئەلهۆل، رۆژ، جەدعە و خازر، بەتایبەت ئافرەتان، هێشتا باوەڕیان بە داعش و بیرۆکەی خەلافەت هەیە و دەتوانن نەوەیەک دروست بکەن لە ماوەی ساڵانی داهاتوو مەترسی گەورە دروست بکەن لە ناوچەکە.
- حکومەتی عێراق و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و بەشێکی کەم لە وڵاتان هەوڵی تەواو دەدەن بۆ گەڕاندنەوەی بەشێک لە ژن و منداڵەکانی نێو کامپەکان بۆ شوێنی رەسەنی خۆیان.
- گەڕانەوەی داعش بە ناو و شێوەی جیاوازەوە ئەگەرێکی کراوەیە.
-لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی دەبێت هاوکاری و هەماهەنگی تەواو هەبێت بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان و باشترکردنی حکومڕانی و بەرجەستەکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆئەوەی دەرفەت بە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش نەدرێت لەڕێگەی ئەم بۆشاییانەوە.
بەشداربووان:
-لیوا یەحیا رەسوڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق
-دەیڤد ویلیامس، بەڕێوەبەری پێشووی ناوەندی هەماهەنگی هاوبەشی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی(جەی سی سی)
-ئایدۆ لێڤی، لێکۆڵەر لە پەیمانگای واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك
-بێن کۆنیبڵ، لێکۆڵەر لە دامەزراوەی ئەنتالنتیک کاونسڵ، بەڕێوەبەری پەیمانگای دی تی
-جۆناتان ئەی هانتەر، راوێژکاری ئەمنی و پسپۆڕی بواری درۆن و فڕۆكەی بێ فڕۆکەوان
-ئاشا کاسلبێری، شارەزای ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا و راوێژکاری پێشووی نووسینگەی کارووباری رۆژهەڵاتی نزیک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا
-ئەحمەد کوردۆ، شارەزا بواری ئەمنی
-جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە
-کۆڵ مایڵز بی کاگینز، لێکۆڵەری باڵای جێگیرنەکراو لە پەیمانگای نیو لاینز؛ وتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی جیهانی بۆ شکستپێهێنانی داعش
-زێدان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی دی تی لە عێراق
-کاپتن نیومان، راوێژکاری هێزی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و عێراق
- د.سەیفەدین دەراجی، راوێژکاری کارووباری نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق
-د.ڤاندا فیلباب براون، لێکۆڵەر لە پەیمانگای برۆکینگ
-مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی هێزەکانی ٧٠ ی پێشمەرگە
-پەهار عەزیز، ڕاوێژکاری باڵای فەرماندەی OIR CJTF لە عیراق و سوریا
-د.دیڤۆرا مارگۆلین، لێکۆڵەر لە پەیمانگای واشنتۆن بۆ رۆژهەڵاتی نزیک و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی جۆرج تاون
-دینا میران، مامۆستای زانکۆی کوردستان-هەولێر مۆدیرەیتەر
رێکخەر:
ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو