چالاکی

مێزگردی پێنجەمی کۆڕبەندی هەولێر 2023؛ ئازادی ئاینی و داهاتووی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست

05-03-2023


پەیڕەو ئەنوەر

مێزگردی شەشەم بەناونیشانی "ئازادی ئاینی و داهاتووی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عیراق و هەرێمی کوردستان" بوو و لەسەرەتادا پرسی هەڵوێستی حکومەتی نوێی بەغدا و هەوڵەکانی بۆ ئازادی ئاینی و کەمینە ئاینییەکان تەوەری سەرەکی مێزگردەکە بوو. روانینی بەشێک لە قسەکەران بەمشێوەیەبوو:"لەدوای 2003وە و رووخانی رژێمی بەعسەوە، حکومەتی بەغدا گرنگییەکی ئەوتۆی بە مافی کەمینە یان پێکهاتەکان نەداوە لە کاتێکدا دەستووری عیراقی ددانی بە ناسنامە و پێگەی هەموو ئاینەکاندا ناوە و رێزی لێگرتوون ئەمەش ئەوەمان بۆ رووندەکاتەوە کە پرسی پاراستنی مافی پێکهاتە ئاینییەکان لە عیراق لەڕووی تیۆرییەوە پارێزراوە بەڵام لەڕووی کردارەکی هیچ هەنگاوێکی رژد و کاریگەر نەنراوە بۆ پاراستنی مافی کەمینە ئاینییەکان و پاراستنیان لە هەڕەشە و دەستدرێژی و هێرشەکان.

بەڵگەش بۆ ئەمە تاوانە قێزەون و دڕندەکانی داعش بوو لەبەرامبەر ئێزدییەکان لە شەنگال کە حکومەتی عیراق نەیتوانی بەهیچ شێوەیەک بیانپارێزێت و بەرگرییان لێ بکات تەنانەت لەقۆناغی دوای ململانێکانیش نەیتوانیوە وەک پێویست بیانگەڕێنێتەوە و برینەکانیان ساڕێژ بکات.

لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر لە ئێزیدییەکان لە کەمپەکاندا دەژین کە زۆرینەیان ژن و منداڵن لەلایەک حکومەتی عیراق فەرامۆشی کردوون و لەلایەکی تریشەوە پارتی کرێکارانی کوردستان لە شەنگال بە سەربازیان دەکات و دەیانکات بە چەکدار و حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستانیش هیچ هەنگاوێکیان نەگرتۆتەبەر.

بەشێکی دیکە لە قسەکەران ئەوەیان خستەڕوو کە حکومەتی بەغدا خۆی بە حکومەتێکی زۆرینە دادەنێت و پێکهاتەکانی پەراوێزخستووە و خۆی لەوە دەدزێتەوە کە حکومەتی هەموو عیراقییەکان بێت بەبێ جیاوازی رەگوریشەی ئاینی و مەزهەبی و تەنانەت ئیتنیکیش ئەمەش ئاریشە و مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر پێکهاتەکان. سەرەڕای ئەوەی یاساکان لەبواری جێبەجێکردن لاوازن و وەک خۆی جێبەجێ ناکرێن.
لەبەشێکی تر هەڵوەستە لەسەر هاوکاری و کۆمەکە مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان کرا بۆ پێکهاتەکان بەڵام ئاماژە بەوەش کرا کۆمەکەکان کاتین و بەردەوام نابن بەتایبەت لەئێستادا عیراق بەرەو قۆناغی راگوزەر دەچێت واتە لە قۆناغی مرۆییەوە بەرەو قۆناغی گەشەپێدان دەچێت لەکاتێکدا هێشتا نزیکەی ٢ ملیۆن هاوڵاتی عیراقی پێویستی بە هاوکاری مرۆیی هەیە. ئەمە جگە لەو نادادپەروەرییە جوگرافییەی کە رووبەڕووی پێکهاتەکان دەبێتەوە لە کاتی نۆژەنکردنەوە و بوژاندنەوەی ناوچەکانیان بۆ نموونە: ئەو ناوچانەی کە پێشتر داعش دەستی بەسەرداگرتوون و وێرانیکردوون و هیچ بنەمایەکی ژیانی تێدا هەست پێناکرێت کەچی کەمترین بڕی بودجە و پارەی بۆ تەرخانکراوە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بەتایبەت لەناوچەکانی دەشتی نەینەوا. ئەو بڕە بودجە و چوارچێوە یاساییە کەمەشی کە تەرخانکراوە بۆ کەمینە ئاینییەکان بە فشاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە.

بەشێکی تر لە قسەکەران دیدی خۆیان بەمشێوەیە خستەڕوو:"ئەگەرچی لە عیراق بەپێی دەستوور مافی کەمینە ئاینییەکان پارێزراوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کەمینەی ئاینی وەک بەهاییەکان ددانیان پێدانەنراوە کە لەسەردەمی بەعسەوە تاوەکوو ئێستا رووبەڕووی پەراوێزخستن و توندوتیژی بوونەتەوە. ئازادی ئاینی نییە لە عیراق تەنها ئازادی پەرستش هەیە چونکە تەنها ئیسلام رێگەپێدراوە بۆ پیادەکردنی سروتەکانیان لە عیراق ئەمەش کێشە و توندوتیژی و پیشێلکاری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت." بەشێکی تر لە بۆچوونەکان پێداگرییان لەسەرئەوە دەکرد کە کێشەی پێکهاتەکان تەنها پەیوەست نییە بە حکومەت بەڵکو پەیوەستە بە پەڕلەمانیش وەک دەسەڵاتی یاسادانان و پەیوەندی بە دەستوور و یاساکانیشەوە هەیە چونکە خودی پەڕلەمان لەلایەن کەمینەی ئاینی و مەزهەبی دەستی بەسەرداگیراوە و بڕیارەکانی قۆرخکراوە و گۆڕینی ئەم دۆخەش سەختە.


هەندێک لە بەشداربووانی تر پەیامی پێکەوەژیان و شارستانیانەی ئیسلامیان خستەڕوو بەوەی کە ئاینی پیرۆزی ئیسلام هیچ جیاوازییەک ناکات لەنێوان رەش و سپی و گەورە و بچووک و ئازای پەرستیشی بەهەموو کەسێک داوە و خوای گەورەش فەرموویەتی کە نەتەوەی جیاوازمان دروستکردووە بۆئەوەی یەکتربناسن.

دەستوور مافی کەمینەکان دەپارێزێت بەڵام کێشەی سەرەکی لە عیراق پیادەکردنی دەساتوور و یاسا و واقیعە. پێویستمان بە دیدێكی هاوبەشە بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتێک بۆ پێکەوەژیان و ئاشتی. لەڕاستیدا ماددەکانی دەستوور و یاساکان رووکەشین لەعیراق تەنها بۆ دەرخستنن و کاریان پێناکرێت چونکە هیچ لێبوردەییەک لەنێوان ئاینەکاندا نییە و دەبێت لەگەڵ دەسەڵاتدا هاوڕابیت و وەک چۆن ئێستا دەسەڵاتەکان دابەشكراوە بۆ نموونە پەرلەمان بۆ سوننە و حکومەت بۆ شعیە و سەرۆک کۆماریش بۆ کورد.

پێکهاتەکان لەبواری نوێنەرایەتی لاوازکراون. یەکێک لەو بوارانەی کە دەبوو حکومەت کاری لەسەربکات کێشە ریشەییەکانی کەمینەکان و جینۆسایدی کەمینەکان و بواری پەروەردەیە بەتایبەت خوێندن بەزمانی خۆیان. بۆچی ئێزدییەکان لەزانکۆکان گرنگییان پێنادرێت و قێز لە خواردنیان دەکرێتەوە. هیچ بودجەیەک بۆ کەمینەکان تەرخاننەکراوە و ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ شەنگال تەخرانکراوە چی بەسەرهات لەکاتێکدا شەنگال نۆژەن نەکراوەتەوە. سیستمی کۆتا بۆچی نەبێت بۆ ئێزدییەکان! دەبێت لەڕێگەی سیستمی کۆتاوە کەمینەکان کۆبکرێنەوە نەک ببن بە ئەندامی تری پارتە سیاسییەکان. هاوکات بەربەستی یاسایی هەیە بۆ کەمینەکان بەتایبەت لەبواری یاسای باری کەسی. ئێزیدییەکان رووبەڕووی بەکۆیلەکردن و کوشتن و توندوتیژی بوونەتەوە.

یەکێکی تر لە قسەکەران ئەوەی خستەڕوو کە کەمینەکان لە عیراق نەک لەدوای 2003 ەوە بەڵکو لەکاتی دامەزراندییەوە لە 1921 هەستیان بە مافەکانی خۆیان نەکردووە و کێشەیان بۆ دروستکراوە. حکومەتی عیراق دەبێت لەسەر سێ تەوەر کاربکات ئەوانیش یەکەم: هاونیشتیمانی بوون و دروستکردنی هاوڵاتی چونکە ئێستا پێکهاتەکان بەچاوی زۆرینە و کەمینە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. با کەمینەکان ببن بە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران و نابێت ئەم پرسە بە سیاسی بکرێت و دەستووری عیراق ماددەی گرنگی تێدایە و کێشە لە دەستوور نییە بەڵکو لە جێبەجێکردنی دەستوورە. هاوشێوەی پرسی کورد لە دەستووردا کە ئەمەش وادەکات هەست بە هاوڵاتیبوون نەکەین.

خاڵی دووەم: ئارامی و ئاسایش؛ دەبێت هەموو پێکهاتە و هاوڵاتیان ئاسایش و ئارامیان هەبێت ئەگەرچی پێکهاتەکان لە عیراق هەست بە ئارامی و ئاسایش ناکەن بەڵگەش بۆ ئەمە نەگەڕانەوەی ئاوارەکانی دهۆک و هەولێرن بۆ زێدی باب و باپیرییان.

خاڵی سێیەم: پرسی خزمەتگوزارییە و هاوڵاتی و پێکهاتەکان دەبێت خزمەتگوزارییان بۆ دابینبکرێت. گوندەکانی پێکهاتەکانی وەک مەسیحی و کاکەیی و ئێزدییەکان هێشتا شەقامیان بۆ دابیننەکراوە. بێگومان ئەم دۆخە هەستی نامۆبوونت بۆ دروستدەکات و هۆگریت بۆ خاک و وڵاتەکە نامێنێت.

هەرلەدرێژەی مێزگردەکەدا باس لەوە کرا کە سەروەری یاسا و دەستوور وەک ئەفسانە وایە لە عیراق چونکە هیچ بایەخێکی نییە و جێبەجێ ناکرێت، لەلایەکی ترەوە پرسی پێکهاتەکان پرسی حکومەت نییە بەڵکو پێکهاتە ئاینییەکان و خودی رێبەرە ئاینییەکانیان دەبێت لەڕێگەی گفتوگۆی نێوان ئاینیەکانەوە رۆڵ ببینن.


کێشە لەئاینی ئیسلامدا نییە بەڵکو کاتێک کێشە دروستدەبێت کە ئیسلام بە سیاسی و بە ئامرازدەکرێت و بەکاردەهێنرێت و مەترسیی ئەوەهەیە کە عیراق بەرەو یەک ئاڕاستەی ئاینی و مەزهەبی هەنگاوبنێت و ژیانی پێکهاتەکان بکەوێتە مەترسییەوە ئەگەرچی لەئێستادا پێکهاتە ئاینییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانیان.

لەکۆتاییدا چەند پێشنیار و راسپاردەیەک بۆ باشترکردنی دۆخی پێکهاتەکان خرایەڕوو لەوانە: رۆڵی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ قوڵکردنەوەی پێکەوەژیان، گفتوگۆی نێوان ئاینەکان، دانانی میتۆدی تایبەت لە سیستمی پەروەردە. رۆڵی میدیا و گوتاری پێکەوەژیان چونکە گفتوگۆی ئاینی پێویستی بە زەمینەسازی و ئاسایش و گفتوگۆی کۆمەڵایەتییەوە هەیە. بەیاساییکردنی جینۆسایدی ئێزدییەکان، رێگریکردن لە کۆچی پێکهاتەکان بۆ دەرەوەی وڵات، دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچەکانی پێکهاتەکان بەتایبەت شەنگال. گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ ناوچەکانی پێکهاتەکان و گۆڕینی عەقڵیەتی دەستەبژێری سیاسی و بەڕێوەبەرانی وڵات.

کورتەی خاڵە بنەڕەتییەکان:

-گرنگی گفتوگۆی نێوان ئاینەکان بەمەبەستی گەشەپێدانی ئازادی ئاینی زیاتر و بنیاتنانی باشتری پەیوەندی نێوان کۆمەڵگەی خۆجێی و ئاینە جیاوازەکان بەتایبەت لەڕێگەی پەروەردە و لایەن و ئەکتەرە جیاوازەکانی نێو کۆمەڵگە.

-دداننان بە ئازادی ئاینی زۆرینە لەپاڵ ئازادی ئاینی بۆ کەمینەکان.

-پێداچوونەی دەستووری عیراق بەتایبەت دداننان بە کۆمەڵکوژی، گفتوگۆی کولتوری، پەروەردە و گۆڕان و دەستکاریکردنی بەرنامەی خوێندن بۆ ئامادەکردن و پەروەردەکردنی کۆمەڵگە بۆ داهاتوو.

-گرتنەبەری رێککاری خێرا بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارە و لێقەوماوەکان بەتایبەت رێککاری وەک پاڵپشتی ئابووری، قەرەبووکردنەوە و خزمەتگوزاری وەک پەروەردە و تەندروستی.

-بەشداریپێکردن و لەخۆگرتنی ئێزیدییەکان لە کەرتی ئاسایش و پۆلیس لەناوچەکانی خۆیان بۆ خزمەتکردنی زیاتری دەڤەرەکانیان.

-پیاوانی ئاینی لە هەرێمی کوردستان دەبێت زیاتر بایەخ بە بەهای پێکەوەهەڵکردن، لێبوردەیی و رێزگرتنی نێوان ئاینەکان بدەن.

-چارەسەکردنی کێشەی ناو کەمپەکان و منداڵە بەبارمتەگیراوەکان لە هەرێمی کوردستان و عیراق.

-کارئاسانی و گەشەپێدان بە گەشتیاری ئاینی و کەلەپوری کۆمەڵایەتی و شوێنە پیرۆزەکان بۆ سەردانیکارانی ئاینەکانی تر.

-دداننان بە تاوانە دڕاندانەکانی داعش و جینۆسایدی ئێزدییەکان و سزادانی تاوانباران.
-بوونی ویستی سیاسی و هاوپەیمانێتی بۆ بەرەوپێشبردنی ئەم پرسە.

بەشداربووان:

-جێرمی بارکەر، بەڕێوەبەری تیمی کاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ پەیمانگای ئازادی ئایینی
-د.ساڵح عەلی، بەرپرسی مێزگردی IRF لە عیراق
-پەری ئیبراهیم، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەزگای ئازادی ئێزدیFYF
-یوسف یەعقوب ماتی، سەرۆکی یەکێتی بەیتی نەهرەین
-ئیمیلیانۆ ستۆرنێلی، سەرۆکی دامەزراوەی ئاڕئێس سی
-عیسام بەهنام ماتی، سەرۆکی شارەوانی حەمدانیە
-د.عەبدوڵا سەعید وەیسی، سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی کوردستان
-حامد عەبدولعەزیز ئەلشێخ حەمد، سەرۆکی کۆمەڵەی زانایانی عیراق
-مەتران بەشار وەردە، سەرۆكی ئۆسقیفەی ئیبرەشیەی كلدانی لە هەولێر
-پاتریارک مار ئاواى سێیەم، پاتریارکی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشورییەکان لە هەولێر
-حەیدەر ئەلیاس، سەرۆکی یەزدا
-ئادەم بێدار، مامۆستای زانکۆ و رۆژنامەنووس
-تانیا گلی، جێگری سەرۆکی دامەزراوەی سیید
-مارلی تینۆک، بەرپرسی بەشی پەیوەندییەکانی سیید فاوندەیشن
-خەیری بۆزانی، سەرپەرشتیاری دۆسیەی رزگارکردنی رفێندراوانی ئێزدی

-ئەمیرعوسمان، بەڕێوەبەری پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان
-ولیام وەردا، لە رێکخراوی حامورابی بۆ پاراستنی کەمینە ئاینییەکان
-یۆنان الزار مارچەیڵ، لە کۆمەڵگەی ئاشورییەکانی عیراق
-د.عەلی ساڵح، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی زاخۆ
-د.حمید موسالم ترفی، نوێنەری مەکۆی النبا بۆ دیالۆگ
 د.ریاز مسعودی، ئەندامی کۆڕبەندی النبا بۆ گفتوگۆ و پەرلەمانتاری پێشووی عیراق


-نایدن ماینزا، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی، مۆدیرەیتەر

ئەم مێزگردە بەهاوبەشی ناوەندی ئازادی ئایینی نێودەوڵەتی IRF و سیید فاوندەیشن و

ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو بەڕێوەچوو

March - 2023
Sunday
05
12:00 AM
-
12:00 AM
Share this Post

چالاکی