چالاکی

مێزگردی پرسی کۆتا و نوێنەرایەتی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان

19-04-2022


رۆژی سێشەممە، 19ی نیسان 2022  ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو، مێزگردێکی بەناونیشانی پرسی کۆتا و نوێنەرایەتی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان” بە بەشداریکردنی ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان،  ریاز ساری کەهیە سەرۆکی حزبی تورکمەنئەلی، محەمەد سەعدەددین سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی و عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی بەڕێوەچوو.

ئایدن مەعروف، كە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراقیشە، کۆتای بە خاڵێکی ئەرێنی ناوبرد و، ئاماژەیکرد لە هەرێمی کوردستان کۆتا بە یاسا رێکخراوە. گوتیشی:”بەداخەوە هەندێک لە لایەنە سیاسییەکان باسی کۆتا دەکەن و کۆتایان کردووەتە بیانووێک کە ئەمە شتێکی باش نییە. کۆتا نوێنەرایەتیی نەتەوەکانی تورکمان، ئاشوور، سریان و کلدان لە پەرلەمانی کوردستان دەکات. ئەگەر هەر گۆڕانکارییەکیش لە بابەتی کۆتا بکرێت، پێویستە ئەو لایەنانە بریار بدەن کە نوێنەرایەتیی نەتەوەکان (کۆتا) دەکەن. هەڵەیە لە دەرەوەی لایەنەکانی کۆتا بڕیار لەمبارەیەوە بدرێت.”

 لەبارەی هەڵبژاردن ئایدن مەعروف گوتی هێشتا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتووەنەتە رێککەوتن کە هەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت یان فرەبازنەیی. ئایدن مەعروف گوتی:”ئێمە پێمان باشە هەڵبژاردن بۆ كۆتا بە شێوەی یەک بازنەیی بەڕێوەبچێت. هەروەها ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی پێمان باشە لە هەڵبژاردنی تایبەتدا پێکهاتەکان بەشدار نەبن”.

ریاز ساری کەهیە، سەرۆکی حزبی تورکمەنئەلی هیوای خواست مێزگردەکانی نێوان کورد و تورکمان لەسەر هاوئاهەنگیی بەرفراوان بن نەوەک تەنیا لەسەر بابەتێک. هەروەها گوتی لە دامەزرانی دەوڵەتی عێراقەوە کورد و تورکمان رووبەڕووی هەمان کێشە و ئاریشە بوونەتەوە و زیاتر هاودەردن. ئاماژەشیکرد کە هەرچەندە هاوئاهەنگی و پێکەوەژیان تۆکمەتر بێت، ئەوەندە بۆ کوردان و تورکمانەکان خۆیان باشترە.

لەبارەی دۆخی هەڵبژاردن و هەڵوێستی تورکمانەکان ریاز ساری کەهیە گوتی:”یەکەمین هەڵبژاردن ئایاری 1992 بەڕێوەچوو. ئێمە ئەوکات پارتی میللیی تورکمانی عێراقیمان هەبوو. ئەوکاتە بەڕێز تاڵەبانی پێسنیازێکی بەرەی کوردستانیی پێگەیاندین و گوتی با 15 کورسیتان بدەینێ. ئێمە ئەوکات بەشداریی هەڵبژاردنمان نەکرد، نا لەبەر ئەوەی دەژین، ئێمە کێشەمان هەبوو چونکە ناوچە تورکمانییەکان؛ موسڵ، تەلەعفەر، کەرکووک و دوزخورماتو لە ژێر کۆنترۆڵی سەددام بوون. ئەگەری ئەوەی لەوێوە سەددام زیانمان پێبگەیەنێت، نیگەرانیی لای ئێمە دروستکردبوو. جا ئێمە هەڵەمان کرد یان راستمانکرد لەمە، ئەوە بابەتێکی دیکەیە، بەڵام ئەوکاتە پێشنیازێکی وەهامان بە باش دانەنا. دواتر حکومەت دامەزرا و سێ وەزارەتیان پێداین هەر بەشداریمان نەکرد، لە پەرلەمانیش بەشدارنەبووین. ترسی سەددام بووە ئاستەنگ.”

لەبارەی دەنگی تورکمانەکان و پرسی کۆتا لە پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی حزبی تورکمەنئەلی گوتی:

”ئەمڕۆ تەواوی تورکمانەکان لە هەولێر و بە گشتیش لە کوردستان دەنگ بە پارتە تورکمانییەکان نادەن، بەشێکیان دەنگ بە پارتە کوردستانییەکان دەدەن. بۆ نموونە دەنگ بە پارتی یان یەکێتی یان پارتە ئیسلامییەکان دەدەن. ئێمە حەزماندەکرد ئەو برا پەرلەمانتارە کوردانەمان کە پێشنیازیان لەمەڕ پرسی کۆتا هەیە، سەرەتا بابەتەکە لەگەڵ پەرلەمانتارە تورکمانەکان بخەنە بەر باس. ئەوکاتە کێشەکان دەخرانە بەر دید و رای ئێمەش وەردەگیرا. ئێمە لەو باوەڕەداین ئەم بابەتە پێویستی بە قسەکردن و راگۆڕینەوەیە. ئەو بابەتە هەستیاریش دروستدەکات. ئێستا ئەگەر دوو حزبی کوردستانی یان دوو حزبی تورکمانی بکەونە ململانێی بابەتێک، هەستیاری دروست نابێت بەڵام، ئەگەر ئەمە لە نێوان حزبێکی کوردستانی و حزبێکی تورکمانی بێت بۆی هەیە کێشەی نەتەوەیی بەدوای خۆیدا بهێنێت.”

ریاز ساری کەهیە، سەرۆکی حزبی تورکمەنئەلی رایگەیاند کە ئەوان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رازین كە، بەتایبەتی لەم ساڵانەی دواییدا بە چاوێکی ئەرێنییەوە لە تورکمانەکان دەڕوانێت.

محەمەد سەعدەددین، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمانی رایگەیاند سیستمی کۆتا بۆ ئەوە دانرا تاوەکو لە نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستاندا هیچ کەماسییەک دروستنەبێت و هەمووان نوێنەری خۆیانیان لە پەرلەمان هەبێت. گوتیشی:”ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا تەکتیکێک هەیە بۆ ئەوەی لایەنەکان دەنگی خۆیان زیادبکەن و دەیانەوێ ئەوەش، لەسەر تورکمانەکان جێبەجێیبکەن”.

محەمەد سەعدەددین لەبارەی پێشنیازەکان بۆ گۆڕانکاری لە سیستمی کۆتا گوتی:”دەبینین لایەنەکانی دەرەوەی تورکمان بڕیار لەسەر شێوازی سیستمی کۆتای تورکمان دەدەن. بۆیە بە باشی دەزانین گۆڕانکارییەکان بە پرس و را لەگەڵ تورکمانەکان بێت، هەروەها هەڵبژاردنیش یەک بازنەیی بێت.”

عیرفان کەرکووکی، سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانیش باسی لە مێژووی پێکەوەژیانی کورد و تورکمان کرد و بەشدارینەکردنی تورکمانەکانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 1992 بە هەڵە ناوبرد و گوتی:

”دامەزراوەی یاسادانان و جێبەجێکردن لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا نموونەیەکی زیندووە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ پێکەوەژیانی نەتەوەکان و ئایین و ئایینزاکان. ئەمەش رەنگدانەوە و دەنگدانەوەی باشی هەبووە.” عیرفان کەرکووکی راشیگەیاند ئەوان پێیان باشە کورسیی کۆتای تورکمان لە پێنجەوە بۆ حەوت یان هەشت زیاد بکرێت.

بۆ تەماشاكردنی تەواوی مێزگردەكە دەتوانی ئەم لینكە كلیك بكەی..

April - 2022
Tuesday
19
12:00 AM
-
12:00 AM
Share this Post

چالاکی