سەرهەنگ ئەحمەد
لە سەرەتای مێزگردی سێیەمدا كە بەناونیشانی"گۆڕانکارییەکانی وزە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و رۆڵی دەرکەوتنی دابینکەری نوێی وزە لە ناوچەکە" بە چەند پرسیارێک دەستپێکرا، یەکێک لەوانە کاریگەری جەنگی ئۆکراینا و سزای ئەمەریکا بوو لەسەر کۆمپانیا رووسیەکانی بەرهەمهێنەری نەوت لە عێراق. ئاماژە بەوەکرا کە لە دوای جەنگی ئۆکراینا، ئەمەریکا سزای ئابووری خستۆتەسەر رووسیا، بەڵام هێشتا رووسیا دەتوانێت بەرمیلێک نەوتی خاو بە 70 دۆلار بفرۆشێت.
وەبەرهێنانی رووسی لە عێراقدا بە نزیکەی 10 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت کە زۆرترینی کەرتی پیشەسازی نەوت دەگرێتەوە. هاوکات باس لەوەش کرا کە ئەمەریکا بەرپرسیارە لە جێگیرکردنی نرخی نەوت لە ناوچەکەدا.
لە درێژەی گفتوگۆکان، باس لە پەیوەندییەکانی عێراق و چین کرا لە بارەی وزەوە. ئاماژە بەوە کرا کە چینییەکان زۆر سەرکەوتوو بوون لە وەبەرهێنان لە بواری وزە لە عێراقدا. ئەوان تیمی راوێژکاری پێشکێش بە کۆمپانیا هاوبەشەکانی چین و عێراق دەکەن. دەستپێشخەرییەکانی چین لە عێراقدا زۆرن، ئەوان جگە لە وەبەرهێنان لە عێراق، خوازیارن دەستیان بە یەدەگی سامانی سروشتی هەرێمی کوردستانیش بگات.
هەروەها، باس لەوەکرا کە چین دەیەوێت یەدەگی پارەی عێراقی هەبێت و بەهەمان شێوەش یەدەگی پارەی چینیش لە عێراقدا هەبێت تاوەکوو ناچار نەبن کەناڵی تر یاخود وڵاتی تر و دراوی دیكە بەکاربهێنن بۆ هەناردەکردنی پارە، چونکە ئەمە دەبێتە هۆی زیانێکی زۆر لەکاتی ئاڵوگۆڕکردنی دراوەکان.
جگەلەوەی ئاماژە بەوەشکرا کە کوردستان خوازیاری وەبەرهێنانی گازە، بەڵام بۆ ئەمە پێویستی بە وڵاتانی تورکیا وئێران دەبێت و تورکیا دەتوانێت هاوکارێکی باش دەبێت بۆ ئەم پڕۆسەیە.
یەکێکی دیکە لەو خاڵانەی كە باسکرا بریتی بوو لەوەی کە 16 ساڵ زیاترە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی گاز لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بەڵام ئەو گازەی بەرهەمی دەهێنن بەشێکی زۆری لە دابینکردنی کارەبادا بەکاردەهێندرێت، سەرەڕای ئەوەی بەهۆی وەبەرهێنان لە هەولێر و سلێمانی لە کارگەکانی وەک ئاسن، چیمەنتۆ و خشتی بچووک داواکارییەکی زۆر بۆ گاز هەیە. بۆ نموونە تەنیا پێداویستی کارگەکانی ناوچەی بازیان دەگاتە 180 ملیۆن مەتر سێجا گاز. کۆمپانیاکان باس لەوەش دەکەن کە پێویستیان بە چەند ساڵێکی دیكە هەیە تاوەکو بتوانن پێداویستی نێوخۆی هەرێمی کوردستان پڕبکەنەوە و دواتر بیر لە هەناردەکردنی بۆ دەرەوە بکرێتەوە.
لە درێژەی گفتوگۆکاندا، باس لەوە کرا کە دۆخی وزە گەشبینی پێوە نابینرێت بەهۆی ئەو گرژیانەی لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە. ئەمە چەندین کێشەی جیاجیا دەگرێتەوە وەک بابەتی بودجە، دادگای فیدراڵی، هێرشەكانی تورکیا لەسەر سنوورەکان و پرسی رادەستکردنی داهاتەکانی هەرێمی کوردستان.
هەروەها تیشکخرایەسەر ئەوەش کە ئاڵۆزییەکانی نیوان یەکێتی و پارتی و کێبڕکێی ئەوان، زیانی زۆری بە کەرتی وزە گەیاندووە. ئەمە وایکردووە کە زۆربەی کۆمپانیاکان لە بەرهەمهێنان بکشێنەوە.
پێشنیاری ئەوەکرا کە ئەمەریکا هاوکاربێت لەم دۆخە و هەوڵبدات هەردوولا لەسەر مێزی گفتوگۆ کۆبکاتەوە و سزا لەسەر هەردوولا دابنێت وەک رێگەیەکی گوشار بۆ رێککەوتن. باس لەوەش کرا کە جیاوازی هەیە لەنێوان داهات و تێچووەکان کە دەبێت ئەوەش چارەسەر بکرێن.
لەکۆتایی مێزگردەکەدا ئاماژە بەوەش درا كە ناسەقامگیری سیاسی و بابەتی تیرۆر و داعش، خواستی بەشێک لە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی کەمکردۆتەوە. حکومەتی هەرێمی كوردستانیش دەتوانێت لەڕێی فرۆشتنی نەوت بە هەرزانتر لەنرخی بازاڕ، سەرنجی کۆمپانیاکان بۆلای خۆی ڕابکێشێت سەرەڕای هەموو ئەو بەهەڵستیانەی کە حکومەتی عێراق دروستی دەکات بۆ کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی وزە لە هەرێمی کوردستاندا.
بەشداربووان:
-سەمیح حەنا، بەڕێوەبەری گشتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کۆمپانیای دی ئێن ئۆ
-نۆرمان ریکلێفس، بەڕێوەبەری گشتی كۆمپانیای راوێژكاریی NAMEA
-رۆبن میلس، بەڕێوەبەری گشتی جێبەجێکاری قەمەر ئینرجی
-تۆماس کالڤێرت، سەرۆکی کۆمپانیای بازرگانی
-شوان زوڵاڵ، شارەزای بواری وزە
- د.قەیوان سیوەیلی، راوێژکاری بواری نەوت و گاز
-شاکر شاکر، بەڕێوەبەری گشتی دانە گاز لە عێراق
-ئەحمەد تەبەقچەلی، شارەزای بواری وزە و ئابووری
-عەبدولعەزیز میرخان، جێگری بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس لە عێراق
-د.بێوار خانسی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کارووباری وزە
-مەریەم سەلمان، راوێژکاری باڵای وزە لە قەمەر ئینرجی
-د.یەریڤان سەعید، مامۆستا لە زانکۆی کوردستان-هەولێر
-عەبدوڵڵا کران، پڕۆفیسۆر و شارەزای بواری وزە
-ماتیو زەیس، یاریدەدەری پێشووی وەزیری وزەی ئەمەریکا و جێگری سەرۆکی کۆمپانیای HKN بۆ وزە
-عومەر مورادی، مۆدیڕەیتەر و بەڕێوەبەری بەشی ئابووری و شیکەرەوەی نەوت لەتۆڕی میدیایی رووداو
رێکخەران:
قەمەر ئینێرجی و ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو