پەیڕەو ئەنوەر
دوایین پانێڵی یەکەم رۆژی کۆڕبەندی سالانەی هەولێر بەبەشداری جێنیفەر گاڤیتۆ، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کارووباری عیراق و ئێران، د.شاوجین چای، پڕۆفیسۆری یاردەدەر، زانکۆی شاریقە، ئاندریو ئێڵ پیک، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و لێکۆڵەری باڵا لە بەرنامەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەتلانتیک کاونسڵ. مۆدیرەیتەر: د.بێن کۆنیبێڵ، لێکۆڵەر لە پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئەتلانتیک کاونسڵ، بەڕێوەبەری توێژینەوە لە پەیمانگای دی تی.
سەرەتای پانێڵەکە بەوەدەستی پێکرد کە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا عیراق بە هاوبەشی خۆی دادەنێت و پەیوەندی نێوان عیراق و ئەمەریکا لە رابروودا باش بووە و ئێستا عیراق دەرفەتی ئەوەی هەیە هاوبەشی زیاتر لەگەڵ ئەمەریکادا دروست بکات. ئەمەریکا پابەندە بە ئاسایشی هەرێمی ناوچەکە چونکە عیراق بۆ ئەمەریکییەکان گرنگی و بایەخی خۆی هەیە ئەگەرچی عیراق رووبەڕووی کێشەی وەک کەمی خزمەتگوزاری و گۆڕانی کەش و هەوا و بێکاری و لاوازی کەرتی تایبەت بۆتەوە.
دواتر ئاڕاستەی بەشێک لە گفتوگۆکان لەلایەن قسەکەرانەوە بەمشێوەیە بوو:"ئەمەریکا کەسانی شارەزا و پسپۆڕیان هێناوە بۆ پاڵپشتیکردن لە کەرتی ئاوی عیراق و ئەمەریکا لەبواری وزە هاوکاری عیراقی کردووە. پێویستە هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا لەچوارچێوەی دەستوور کێشەکانیان چارەسەر بکەن و دەبێت ئەم حکومەتە تازەیەی عیراق بە سەرۆکایەتی سودانی پابەند بێت بە بەرنامە چاکسازییەکانی و ئێمەش پاڵپشتی عیراق دەکەین لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی دۆخی هاوڵاتیانی عیراق و دابینکردنی سەقامگیری بۆ ناوچەکە."
لەبەشێکی دیکەی پانێڵەکەدا ئاماژەبەوەکرا کە ئێران کاریگەری زۆری هەیە بەسەر سیاسەت و دینامیکیەتی رووداوەکان لە عیراقدا بەڵام ئەمەریکا نایەوێت راستەوخۆ رووبەڕووی ئێران ببێتەوە چونکە ئەمەریکا دەیەوێت رۆڵی هەبێت لە هاوکاری و پاڵپشتی عیراقییەکان و دروستکردنی سەقامگیری لە عیراق ئەگەرچی ئێستا زیاتر چاوی ئەمەریکا لەسەر جەنگی ئۆکڕاینا و رووسیایە لەگەڵ ئەوەشدا ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی و هاوکاری سوپای عیراق و پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبونەوەی داعش و گەندەڵی و پاڵپشتی لە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان. ئەگەرچی ئەمەریکا نیگەرانە لە رەوانەکردنی چەک بۆ رووسیا لەلایەن ئێرانەوە. هەوڵەکانی ئێران بۆ سوودوەرگرتن لە بەقاچاغبردنی دۆلار کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر عیراق. ئەمەریکا کاردەکات بۆئەوەی لەگەڵ عیراق بۆ ماوەیەکی درێژ وەک هاوبەشێکی سەرەکی بمێنێتەوە.
یەکێکی دیکە لە پانێلیستەکان رووناکی خستەسەر پەیوەندی ئابووری چین و عیراق و ئاماژەی بەوەکرد کە پەیوەندی نێوان چین و عیراق پەیوەندییەکی نوێیە بە بەراورد بە پەیوەندی نێوان عیراق و ئەوڕوپا. چین ناخوازێت شوێنی هیچ ئەکتەر و لایەنێک ببێتەوە بەڵکو هەوڵی دروستکردنی پەیوەندی کەلتوری و ئابووری هاوسەنگ دەدات لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا و چین بەهیچ شێوەیەک دەستوەرناداتە کارووباری ناوخۆی وڵاتان و رێز لە سەروەری هەموو وڵاتان دەگرێت لە ناوچەکەدا. وەک کۆماری میللی چین خوازیارین سیستمێکی سیاسی نێودەوڵەتی فرە جەمسەری هەبێت و ئەزموونمان لەبواری پیشەسازی و گەشەپێدان بگوازینەوە بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چونکە چین پەیوەندی پتەو و باشی هەیە لەگەڵ هەریەک لە سعودیە و میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب و تەنانەت لەگەڵ ئێرانیشدا. سروشتی پەیوەندییەکانیش درێژخایەنە و کاتی نییە.
رێکخەران:
ئەتلانتیک کاونسڵ و ناوەندی لێکۆلێنەوەی رووداو
نوێدەکرێتەوە...