چالاکی

ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو سمینارێکی لەبارەی کورد لە ئەڵمانیا سازکرد

21-05-2018


 

RRC |
ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو رۆژی دووشەممە لە هەولێر سمینارێکی تایبەت بە دۆزی کورد لە میدیاکانی ئەڵمانیا و هەروەها پێگەی کورد لە سیاسەتی ئەڵمانیا ئەنجامدا.

لە سمینارەکەدا بەدەر لە خەڵکی هەرێمی کوردستان، هاوکات ژمارەیەک لە کەسانی بیانی لە نێویاندا، یان سەن، بەڕێوەبەری بەشی سیاسی ناوەندی میدیایی فۆنکی ئەڵمانی و هەروەها سەردار یوکسەل، نوێنەری پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا بەشداربوون.

نوێنەرەکەی پارتی سۆسیال دیموکراتیکی ئەڵمانیا لە سمینارەکەدا ئاماژەی بەوەدا، کورد و پێشمەرگە بەنوێنەرایەتی جیهان شەڕی دژ بە داعش و گرووپە تووندڕەوەکانیان کردووە، بۆیە پشتیووانی رۆژئاوا بۆ پێشمەگە گرنگبووە و پێویستە ئەم پشتیوانییە بەردەوامبێت.
سەردار یوکسەل، نوێنەری پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا گوتی “پێشمەرگە و کورد لە راستیدا بۆ رۆژئاوا شەڕیان کردووە، لە شەڕی کەسانی تووندڕەودا نوێنەرایەتی تەواوی رۆژئاوایان کردووە، بۆیەش پشتیووانی سەربازی هەنگاوێک بوو لە جێی خۆی بوو، پێویستە مەشق و راهێنانی پێشمەرگەش بەردەوامبێت، هاوکات پێویستە هاوکارییە مرۆییەکانیش لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوامبن”.
بەدەر لە شەڕی داعش، چەندین پرسی دیکە لە نێویاندا، پرسی گشتپرسی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و رۆژئاوا و هەروەها رەوشی مرۆیی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە خرانە بەرباس و گفتوگۆ.
یان سەن، لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی ئاماژەی بەوەدا، ئەڵمانیا لەبارەی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بۆچوونی وابووە ئەمە پرسێکی نێوخۆییە و پێویستە لەنێو عێراق دانوستاندنی لەسەر بکرێت و چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، بۆیەش بەهەستیارییەوە مامەڵەی لەگەڵ ئەم پرسەدا کردووە.
یان سەن، بەڕێوەبەری بەشی سیاسی ناوەندی میدیایی فۆنک دەڵێت “بەبۆچوونی من سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی سەربەخۆبوونی کوردستان شتێکی تێدا هێشتەوە، کە بتوانێت دواتر هەنگاوێک لەبارەوە بنێت، ئەڵمانیا لەگەڵ ئەوەدابوو پرسەکانی عێراق لە عێراقەوە چارەسەربکرێن و دانوستاندنی لەسەر بکرێت”.
بەگشتی لە سمینارەکەدا بەشداربووان رووی دەمی پرسیارەکانیان لەبارەی سیاسەتی ئەڵمانیا و هەروەها روانینی میدیایی ئەڵمانی بۆ پرسی کورد لە هەردوو میوانی سیمینارەکە سەردار یوکسەل و یان سەن بوو.
بەشێک لە بەشداربووان رەخنەی ئەوەیان لە میدیای ئەڵمان و حکومەتی ئەڵمانیا گرت، کە وەک پێویست بایەخیان بە پرسی کورد و کێشەکانی کورد لە ناوچەکە نەداوە، ئەمەش لە کاتێکدا کورد بۆ ئاشتی و سەقامگیری جیهان، بەتایبەتیش رۆژئاوا شەڕی داعش و گرووپە تووندڕەوەکانی کردووە.
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن
Share this Post

چالاکی