چالاکی

ئۆجەلان بە پایەمێک بەشداری لە چالاکییەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو کرد

04-09-2025


رۆژی دووشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2025، ناوەندی لێکۆلینەوەی رووداو، چالالکییەکی بە ناونیشانی ئاشتییە سەختەکەی تورکیا؛ چەکدانانی پەکەکە و خاڵەکانی وەچەرخانی سیاسەت لە دۆخێکی جیۆپۆلەتیکی ناسەقامگیردا بەڕێوەبرد کە تێیدا گفتوگۆ لەبارەی داینامیکەکانی چەکدانانی پەکەکە و خۆهەڵوەشاندنەوەی و گۆڕانکارییەکانی سیاسەتی نێوخۆیی تورکیا کرا.

 ئەو چالاکییەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەشێوەی سەرەکی لە گوتارەکانی دەستپێکردن و بەخێرهاتن، پانێلێکی کراوە و مێزگردێکی داخراو کە بە رێسای چاتمهاوس بەڕێوەبرا پێکهاتبوو.

 لە سەرەتادا ئاکۆ محەمەد بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی رووداو گوتاری دەستپێک و بەخێترهاتنی پێشکێش کردو دواتریش مەهدی ئەکەر وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا گوتارێکی  لەبارەی گفتوگکانی چەکبەردانی پەکەکە پێشکێش کرد وەک چۆن دوای ئەویش میتحەت سانجار ئەندامی پەلامەنی تورکیا لەسەر لیستی دەم پارتی و ئەندامی وەفدی ئیمرالیش روانگەی خۆی باسکرد. و لە کۆتایشدا پەیامێکی تایبەتی عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری بەندکراوی پەکەکەی خوێندەوە کە تایبەت بۆ ئەو چالاکییەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو ناردوبووی.  لە دانیشتنی تایبەت بە پانێلە کراوەکەدا کە هێڤیدار زانا پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێوەی برد  هەریەکە لە بولەنت کایا، پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت و ئەندامی "لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانیی، برایەتی و دیموکراسی، ئۆگوز کان سالیجی، پەرلەمانتارى حزبى گهلى کۆماری (CHP) ى ئیستانبوڵ، جهنگیز چاندار، پەرلەمانتارى حزبى دیموکراتى خهڵک (DEM) ى ئامهد، مەلا بەختیار، سیاسەتڤان؛ رۆژ گیراسۆن، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست)ی تورکیا و بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) کۆمەڵێک مژاریان سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری و چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) خستەڕوو.

لە مێزگردەکەی ئەم چالاکییەدا کە بە رێسای چاتمهاوس لەلایەن زریان رۆژهەڵاتی بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداوەوە بەڕێوە برا لە رەهەندی ناوچەیی گفتوگۆکانی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکەوە، وڵاتانی ناوچەکە و هێزە کاریگەرەکانی ناوچەکە چۆن تەماشای پرۆسە چەکبەردانی پەکەکە دەکەن؟ رۆڵ و کاریگەری هەرێمی کوردستان و عێراق لەم پرۆسەیەدا، کاریگەری دۆخی رۆژئاوا و سووریا هەروەها پرسی شەنگال لەسەر ئەم بابەتە؛ ئایا دەبنە هۆی ئاسانکاری یان دروستکردنی بەربەست؟ خرانە بەرباس و لە رەهەندی ناوخۆیی و رێگاکانی دڵنیابوونەوە لە سەقامگیری و بنیاتنانی متمانە لە تورکیای داهاتووشدا، لەسەر باسەکانی وەک دیبەیتە نێوخۆییەکان لەبارەی درێژەپێدان یان راگرتنی شەڕی چەکداری لە نێوان دەوڵەت و پەکەکە، ریفۆرم و گۆڕانکاریی پێویست بۆ سەرگرتنی پرۆسەی چەکدادانان، توانستی سیستەمی سیاسی تورکیا بۆلە خۆ گرتنی داواکارییەکانی کورد، وانە و ئەزموونەکانی هەوڵەکانی پێشووی چارەسەری  لە نێوان پەکەکە و دەوڵەت خرانە بەرباس.

گوتاری دەستپێک و بەخێرهاتن، ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو:

ئامادەبووانی بەڕێز 

سڵاوی ئاشتیتان لێ بێت. لە زۆر ناوەندی تورکیادا ئەمڕۆ بە رۆژی ئاشتی دادەنرێت و هەروەها 21ی ئەم مانگە رۆژی جهیانیی ئاشتییە و ئەمڕۆ ئەم کۆنفرانسەمان لەسەر ئاشتییە  و لەژێر ناونیشانی (ئاشتییە سەختەکەی تورکیا؛ چەکدانانی پەکەکە و خاڵەکانی وەچەرخانی سیاسەت لە دۆخێکی جیۆپۆلەتیکی ناسەقامگیردا) بەڕێوەدەچێت. بەخێرهاتنی هەمووتان دەکەم، ئەوانەی لە تورکیاوە هاتوون و ئەوانەی لە هەرێمی کوردستانەوە بەشدارن لەم کۆنفرانسەدا. سوپاس بۆ ناوەندی لێکۆلینەوەی رووداو کە ئێمەی لەسەر ئەو پرسە گرنگە لێرە کۆکردووەتەوە.

ئەوانەی باسی ئاشتی دەکەن و هەوڵ بۆ ئاشتی دەدەن خوای گەورە خۆشیدەوێن و خەڵک پشتیوانیان دەکات. ئەو رێژە گەورەیەی پشتیوانی ئێستا لە تورکیادا بۆ ئاشتی هەیە، رێژەیەکی زۆر بەرزە و دڵنیام ئێستا بەرزتریش بووەتەوە، چونکە دوایین راپرسی بەر لە دوو مانگ کراوە و رێژەکە 68٪ بوو. کەواتە ئاشتی گەورەترین پشتیوانی جەماوەریی هەیە لە تورکیادا، ئەوانەی ئەم رێژەیان دروستکردووە یەک بە یەکیان ئەندامی بزووتنەوەیەکن کە زۆر بە بوێرییەوە لە تورکیا دەستی پێکراوە. هەروەها پشتیوانیکردن لە ئاشتی لە کوردستانیش دا زۆر فراوانە، بۆ نموونە لە هەندێک گوندی ناوچەی سنووریی لە هەرێمی کوردستان دا ئاهەنگی نەمانی شەڕ لەلایەن خەڵکی گوندەکانەوە گێڕدراوە، زۆر لە خەڵکی ئەو گوندانە دەستیانکردووە بە ئاواکردنەوەی خانووەکانیان، خەڵکی ئەم گوندانە و هەموو چین و توێژەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانییەکی لە رادەبەدەر بۆ ئاشتی دەردەبڕن. بێگومان پشتیوانی خەڵک هێزێکی زۆر گەورەیە بۆ سەرکەوتن و سەقامگیربوونی ئاشتی. 

ئەو پرۆسەیەی دەستپێکراوە لەلایەن بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و دەوڵەتی تورکیا و، بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ نەهێشتنی شەڕ و دروستکردنی ئاشتی و سەقامگیرییەکی بەردەوام، هەست و هەناسەیەکی جیاواز و پڕ لە هیوای لە هەموو ناوچەکەدا دروستکردووە، رێگەی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی فراوان کردووە. ئەو پرۆسەیە دەتوانێت زەوینەی گەشەکردنی رەگەزپەرستی لەنێوببات و زەوینەی هاوبەشی و هاوکاری زیاد بکات. ئەم پرۆسەیە مژدەیەکی گەورەی بڵاوبوونەوەی خۆشەویستی لەنێو گەلانی ناوچەکەدا لەگەڵ خۆی هێناوە و، زۆر گەورەترە لە پرۆسەیەکی تەنیا سیاسی. 

دروستکردنی ئاشتی پێویستی بە ئازایەتییە، ئەوانەی ئاشتی دروست دەکەن مرۆڤی ئازان. سەرکەوتنەکانی شەڕ سەرکەوتنی کاتین، بەڵام ئاشتی سەرکەوتنێکی بەردەوامە. ئەوانەی ئێستا لە تورکیا ئەو پرۆسەیە بەڕێوەدەبەن لەپێناو ئاشتییەکی دامەزراو لەسەر دادپەروەری شانازییەکی مێژوویی گەورە تۆمار دەکەن بۆ خۆیان و گەلەکەیان و ناوچەکە و، بناخەی پێشکەوتنێکی گەورە بۆ گەلانی ناوچەکە دروست دەکەن. هەروەها ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان دا بەشدارن لە سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دا، شانازییەکی گەورە دروستدەکەن و دەرگای پێشکەوتنی ناوچەکە فراوان دەکەن . 

ئەمڕۆ ژمارەیەک ئەندامی پەرلەمانی تورکیا لەم کۆنفرانسەدا لەگەڵ ئێمەدا بەشدارن، دەمەوێت لێرەدا ئەوە بڵێم کە ئەندامانی پەرلەمان لەم خولەی پەرلەمانی تورکیادا بەشدارن لە دروستکردنی قۆناخێکی زۆر مێژووییدا، ئەوە شانس و دەرفەتێکی مێژووییە بۆ ئەوان هەڵکەوتووە کە بەشداری لە دروستکردنی ئەم قۆناخە مێژووییەدا بکەن لە تورکیا. سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە، دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ئەوان و گەلانی ناوچەکە. 

هیچ کەس و گەلێکی خاوەن دۆز و ئامانج لە ئاشتی ناترسێت، چونکە ئاشتی هێزی پێشکەوتنە بۆ ژیانی هەموو تاک و کۆمەڵگەکان، ئاشتی زەوینەی پێشکەوتنە بۆ هەموو تاک و کۆمەڵگەیەک. ئاشتی نیشانەی لاوازی نییە، چونکە ئاشتی خۆی هێزە. ئاشتییەکی پایەدار بە ماف و دادپەروەری و یەکسانی دەتوانێت گرەنتی سەقامگیری و پێشکەوتنێکی بەردەوام بێت بۆ هەموو ناوچەکە. 

هیوادارین ساڵی داهاتوو لە رۆژی جیهانیی ئاشتی دا هەموومان پێکەوە ناوچەیەکی ئارام و بەبێ شەڕ ببینین و، سەرکەوتنی تەواوی پرۆسەی ئاشتی ببینین.

دووبارە دڵخۆشین کە ئێوە لێرە لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دەبینین لەو کۆنفرانسەدا بۆ ئەوەی پێکەوە تەنیا باسی ئاشتی و ئاسۆکانی ئەو پێشکەوتنە بکەین کە ئینشاڵڵا ئاشتی دەبێتە هۆی بەدیهاتنی بۆ هەموو ناوچەکە . تۆڕی میدیایی رووداو وەک هەمیشە، رووماڵێکی پیشەییانە دەکات بۆ ئەو پرۆسەیە و، بێگومان ئاشتی بۆ پێشکەوتنی کاری میدیاییش زۆر بەسوودە . 

دووبارە بەخێربێن و زۆر سوپاس. 

...

گوتاری مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا

گوتاری دووەمی کۆنفرانسەکە لەلایەن، مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیاوە بوو کە یەکێک لەو کەسانە بوو کە لە کۆنفرانسەکەدا گوتارێکی پێشکێش کرد و لەبارەی پڕۆسەی چارەسەرییەوە رایگەیاند، ''بە پڕۆسەیەکی گەلێک گرنگدا تێدەپەڕین، نەوەک تەنیا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکو لە ناوچەکانی دەریای رەش و دەریای سپیش شەڕ و ئاڵۆزیی بەردەوام هەن کە پارچەیەکن لە جوگرافیای ئێمە.''

مەهدی ئەکەر ئاماژەی بەوە کرد، ''لەنێو ئەو ئێش و ئازارەی ناوچەکەدا گەشەپێدانێکی ئەرێنی لە تورکیا هەیە کە دڵی ئێمە خۆش دەکات و هیوامان زیاتر دەکات، ئینجا [جیاوازی نییە] با ناوی بنێن تورکیای بێ تیرۆر یان پڕۆسەی ئاشتی.''

وەزیرە پێشووەکەی تورکیا باسی لە پێشینەی دروستبوونی گرژییەکانی رابردوو لەنێوان کورد و دەوڵەتی تورکیا کرد و گوتی، ''ئەوەی لە ناوچەکەدا روودەدات لەناکاو دەرنەکەوتووە، بۆیە پێویستە لەسەر مێژووی رووداوەکانیش گفتوگۆ بکەین.''

بە گوتەی مەهدی ئەکەر، هێشتا کاریگەرییەکانی شەڕی جیهانیی یەکەم بەردەوامە کە ئامانجەکەی ''رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و مێزۆپۆتامیا'' بوو، ''پلانی ئەورووپییەکان ئەوە بوو داهات و نەوتی ئێمە ببەن و لە ئەورووپا پیشەسازیی خۆیان بونیات بنێن.''

وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا جەختی لەوە کردەوە، یەکێتیی ئەورووپا بەردەوامە لە دابەشکردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ''نابێت ئەم راستییە لەبیر بکەین حکومەتی ئیسرائیل هۆکاری سەرەکییە.''

پرۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت. 

وەزیری پێشووتری کشتوکاڵی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک پەکەکە دروستبوو، لایەنێکی ئەوتۆی دیکە نەبوو کە خەڵک بە دڵ و گیان پاڵپشتی بکەن؛ هەروەها گەلێک هەڵەی دەوڵەت هۆکار بوون بۆ ئەوەی پەکەکە گەورە ببێت.

مەهدی ئەکەر گوتی، ''لەبری ئەوەی دەوڵەت گوێ بداتە ئازار و داخوازییەکانی خەڵک، ستەمی لێکردن، بە جۆرێک ناچار بە چۆڵکردنی گوندەکانیان و کۆچکردن بوون و لە شارە گەورەکان کەوتنە بەر شەپۆلی رەگەزپەرستی.''

لە ئایاری ئەم ساڵدا پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بە شێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.

ئەو وەزیرە پێشووەی تورکیا گوتی، ''پڕۆسەی چارەسەری دەتوانێ هەمووان پێکەوە بکاتە گەلێکی گەورە. ئەگەر بیر لە نرخی هاوبەشی خۆمان، کولتووری هاوبەشمان و نرخی ئایینی خۆمان بکەینەوە و سنووری دەستکرد لەبەرچاو نەگرین، دەتوانین جارێکی دیکە بەهێز بین و پڕۆسەکەی دەتوانێ ببێتە پڕۆسەی سەرلەنوێ بونیاتنانەوە.''

بەگوتەی مەهدی ئەکەر، لە رۆژانی شەڕدا کاتێک گوندەکان چۆڵکران و خەڵک ستەمیان دەبینی، ''نەچوونە دهۆک و مهاباد، بەڵکو چوونە شارەکانی دیکەی وڵاتی خۆیان وەک مێردین، ئەنتاڵیا و  ئیستەنبووڵ، چونکە دەیانزانی رۆژێکی وەک ئەمڕۆ [بۆ پڕۆسەی چاەرسەری] دێ. کەرکووک چەندە تورک بێت، ئیستەنبووڵیش ئەوەندە کوردە.''

مەهدی ئەکەر ئاماژەی بە پرسی چەکدانانی پەکەکە کرد و گوتی، ''پێویستە سەرەتا چەکەکان بێدەنگ بکرێن. چەکدانانی پەکەکە تورکیا بەهێزتر دەکات، دواتر پێویستە بە برایەتی و بە شێوەی دۆستانە گفتوگۆ بکرێت.''

وەک وەزیرەکەی پێشووی کشتوکاڵی تورکیا دەڵێت، هەندێک لایەن لەنێو تورکیا و دەرەوەی وڵاتەکە پڕۆسەی ئاشتی بە لەنێوچوونی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەزانن و ''چی لە توانایاندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی بەربەست بۆ ئاشتی دروست بکرێ. تەنانەت هەندێکیان بەڵێنی بە کورد دەدەن، بەڵام کورد لە بەڵێنەکان تێر بوون.''

مەهدی ئەکەر لەبارەی پڕۆسەی چارەسەرییەوە دەڵێت، ''تەنیا یەک رێگە لە بەردەم ئێمەدا هەیە، ئەویش ئاشتی و برایەتییە.''

پەیامی عەبدوڵا  ئۆجەلان و گوتاری  میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی و هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە

عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەیامێکدا بۆ کۆنفرانسی "ئاشتییە سەختەکەی تورکیا" رایدەگەیێنێت: "پێشنیازی من ئەوەیە، کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە خۆیان بگونجێنن کە دەرفەتی پەیوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراسییان پێدەدەن." 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە: "پیرۆزبایی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە و بەتایبەتیش کە (ئاشتییە سەختەکەی تورکیا) ناونیشانەکەیەتی. ئەم ناونیشانە رەنگدانەوەی راستییەکانە. لە ئەزموونی 40 ساڵەی رابردووماندا چەندین جار لەڕێی ئەزموونی تاڵەوە، سەختیی ئەگەر و دۆخی بەدیهاتنی ئاشتیمان بینی."  

رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە کۆتاییەکانی مانگی شوباتی ئەم ساڵ بانگەوازی چەکدانانی بۆ گەریلاکانی پەکەکە کرد وەکو هەوڵێک بۆ گەیشتن بە پرۆسەی چارەسەری. لە پەیامەکەیدا هاتووە، "پێشنیازی من ئەوەیە، کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە خۆیان بگونجێنن کە دەرفەتی پەیوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراسییان پێدەدەن. من ئەمە بە 'یەکخستن لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراسی' پێناسە دەکەم." 

پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە رێگەی میتحەت سانجار، ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لە کۆنفرانسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو خوێندرایەوە. 

دەقی پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان

بەشداربووانی هێژا،

سڵاو و رێزتان ئاراستە دەکەم.

پیرۆزبایی لە ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەکەم بۆ رێکخستنی ئەم کۆنفرانسە و بەتایبەتیش کە (ئاشتییە سەختەکەی تورکیا) ناونیشانەکەیەتی. 

ئەم ناونیشانە رەنگدانەوەی راستییەکانە. لە ئەزموونی 40 ساڵەی رابردووماندا چەندین جار لەڕێی ئەزموونی تاڵەوە بینیمان کە دەستەبەرکردنی ئاشتی لە تورکیا ئەگەرێکی سەختە.

ئەم جارەش دەرفەتی ئاشتیمان 'بە سەختی بەدەستخست'، بەڵام بە تەواوی هەستیاری و توانامانەوە هەوڵدەدەین ئەو دەرفەتە بگەیێنینە ئەنجام.

ئەگەر ئەم پرۆسەیە لە تورکیا سەرکەوێت، چارەنووسی تەواوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەگۆڕێت؛ سەردەمێکی نوێی وەها دەستپێدەکات کە ژیانێکی دیموکراسیی پشتئەستوور بە ئاشتی، جێگەی جەنگ و کاولکارییەکان دەگرێتەوە. 

پێشنیازی من ئەوەیە، کورد لەگەڵ ئەو دەوڵەتانە خۆیان بگونجێنێت کە دەرفەتی پەیوەندیی کۆمەڵگەی دیموکراسییان پێدەدەن. من ئەمە بە "یەکخستن لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراسی" پێناسە دەکەم. 

ئەم پرۆسەیەی بەڕێوەی دەبەین، بەم بنەمایە دەبەستمەوە و پێموایە سەرکەوتووش دەبێت.

بەڕای من پەیوەندیی نێوان کوردانیش پێویستە هەر لەسەر بنەمای یەکێتیی دیموکراسیانە بێت. بانگەواز لە تەواوی کوردان دەکەم بۆ ئەوەی لە زەوینەیەکی دیموکراسیدا کۆببنەوە و یەکبگرن.

بەو هیوایەم کۆنفرانسەکەتان بە سەرکەوتوویی بەرێوەبچێت و لە ناخی دڵمەوە سڵاو و رێزتان پێشکێش دەکەم.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان

دوورگەی ئیمراڵی

میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی و هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە

میتحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی و هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە لە گوتارێکیدا وەک ئەندامی شاندی دەم پارتی بۆ دیدارەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سێیەمین گوتاری لە کۆنفرانسەکەدا و پێشکیشکرد و گوتی " پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی سەختە نەک لە تورکیا بەڵکوو لەهەموو جیهان.  

میتحەت سانجار لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، ئاشتیی پرۆسەیەکی سەختە نەوەک تەنیا لە تورکیا بەڵکو لە هەموو جیهاندا، بەڵام "ئەزموونە تاڵەکان پێمان دەڵێن ئاشتی چەندە گرنگە. نەگەیشتنمان بە ئاشتیی دوای چەندین ساڵ، زۆر بە قووڵی و لە ناخەوە ئازاری داوین. بۆیە کاتێک باس لە ئاشتی دەکەین، دەزانین شەونخوونی و ماندووبوونی زۆری دەوێ".

میتحەت سانجار باسی لە پرۆسەی چارەسەری ئەم جارە کرد و گوتی: "10 مانگ بەسەر تەمەنی دەستپێکردنی پرۆسەکە تێپەریووە. لە 1ـی تشرینی یەکەمی پاردا بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، هاتە لامان. تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکان و پەرلەمانتارانمان کرد. ئەوە یەکەم ئاماژەی دەستپێکردن و خوێندنەوە بوو بۆ پرۆسەکە. دواتر باخچەلی لە 22ـی تشرینی یەکەم گوتارە بەناوبانگەکەی پێشکێش کرد و دەستپێکی هەڵمەتەکە راگەیێندرا". 

ئەندامەکەی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لەبارەی قۆناخەکانی دیکەی پرۆسەکە دەستی پێکرد و رایگەیاند: "دواتر، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئیمرالی کرد. رۆژی 27ـی شوباتی 2025 پەیامی (ئاشتیی و کۆمەڵگەی دیموکراسی) ئۆجەلان بڵاوکرایەوە کە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو و ئاماژەی دەستپێکێکی نوێ کرد کە تێیدا داوای خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانانی کرد. پەکەکە بانگەوازی ئۆجەلانی جێبەجێکرد و لە رۆژانی 5-7ـی ئایار 12مین کۆنگرەی خۆی رێکخست، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی راگەیاند". 

میتحەت سانجار باسی لە سووتاندنی چەک لە لایەن ژمارەیەک گەریلای پەکەکە لە 11ی تەمموز کرد و گوتی: "پێمان وایە ئەوە دەرخستنی ویستێكی بەهێز بوو بە پابەندبوون بە پەیامی ئۆجەلان کە دامەزرێنەری پەکەکەیە؛ هەروەها پەیامێکی گرنگی پەکەکە بوو و تێیدا ئامادەیی خۆی بۆ چەکدانان دەربڕی. دوای ئەو قۆناخە ئیدی چاوەکان لەسەر پەرلەمان بوو، لیژنەیەک دامەزرا و یەکەم کۆبوونەوەیان رۆژی 5ـی ئابی 2025 ئەنجامدا. ئێستاش چالاکییەکانیان بەردەوامن. دووپاتی دەکەمەوە، ئاشتیی رێگەیەکی سەختە بەڵام ئامانجێکی زۆر گرنگە". 

ئەندامەکەی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "بۆ ئەوەی باشتر لە پرۆسەی ئاشتیی تورکیا تێبگەین، تیشک دەخەمەسەر چەند خاڵێک. ئەو پرۆسەیەی ئاشتییە کە ئێستا بەردەوامە پێچەوانەی تایبەتمەندییەکانی هاوکێشەکانی ئاشتییە. لە بەدیهاتنی ئاشتییدا لە زۆربەی وڵاتاندا لە دوایین خاڵدا باس لە چەکدانان دەکرێت یان جێبەجێ دەکرێت، واتە پێشتر دیالۆگ و دانوستاندن، رێککەوتن و لێکتێگەیشتن و سازان هەیە. لە کۆتاییدا بڕیار لەسەر چەکدانان دەدرێ".

میتحەت سانجار گوتی:  "لەم پرۆسەیەدا بابەتی چەکدانان خرایە ریزبەندی یەکەمی هەموو کارەکان و قۆناخە جیاوازەکانی. خستنەپێشەوەی قۆناخی چەکدانان پێش هەموو قۆناخ و هەنگاوەکانی دیکە تەواو پێچەوانەی هەموو پرۆسەکانی دیکەی ئاشتییە لە هەموو جیهان". 

میتحەت سانجار باسی لە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چەند ناوچەیەکی دیکەی جیهان کرد و گوتی: "زۆر لە مێژە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێو گێژاوی گیروگرفت و قەیرانی جیاوازدایە. دوو ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جەنگ، خوێن، کوشتن بەدی دەکرێ. لەنێوان بەرداشی ژیانێکی زۆر سەخت و مردندا دەژین، هەموو شتێک سەراوژێر بووە. هەمووان خەریکی خۆ پڕچەککردنن، هەموویان ئامادەیی دەکەن بۆ جەنگێکی چاوەڕوانکراو، هەمووان بە عەقڵییەتێکی تووندوتیژی هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکان دەدەن".

میتحەت سانجار باسی لە پرۆسەی چارەسەری ئەم جارە لەم دۆخە ئاڵۆزەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد و گوتی: "لەنێو ئەم کەینوبەینەدا بەڕێز ئۆجەلان هەڵمەتێکی پێچەوانەی راگەیاند، دەستپێشخەر بوو بۆ چەکدانان و کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی لەپێناو چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد. بەڕێزیان داوای چەکدانانی لە رێکخراوێک کرد (پەکەکە) کە 41 ساڵە بەشێوەیەکی زۆر رێکخراو کردەی چەکداری جۆراوجۆری کردووە؛ رێکخراوێک پێگە و هێزی تەنیا لە تورکیا نەبووە، بەڵکو لە ناوچەکە و زۆربەی وڵاتانی جیهاندا رێکخستنی تۆکمەی هەیە. لە کاتێکدا وەک گوتم هەموو وڵاتانی ناوچەکە هەموو شتێک دەکەن بۆ پڕچەککردنی خۆیان، کەچی بەڕێز ئۆجەلان پێچەوانەکەی داوا دەکات؛ داوایان لێدەکات چەک دابنێن، ئەوانیش پابەند دەبن. بۆیە پەیامێکی مێژوویی و زۆر گرنگە". 

ئەندامەکەی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی گوتی: "باهۆزی خۆسەپاندن و ناوەندییەتی و جڵەوی دەسەڵات لە هەموو جیهان سەرهەڵدەدات، بەڵام ئۆجەلان داوای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسییەت دەکات. هەڵمەتەکەی تەنیا بۆ ئاشتی نەبووە، بگرە بۆ دیموکراسیش بووە. ئەمەش خاڵێک و هەنگاوێکی دیکەیە پێچەوانەی هەموو دونیا. بۆیە پێمان وایە پرۆسەیەکی زۆر سەختە". 

میتحەت سانجار گوتی: "لە کاتێكدا هەموو جیهان رووی لە تووندوتیژی کردووە، دەستبردن بۆ ئاشتی و دیموکراسی دەبێتە هۆکاری رەخنە، نیگەرانی، ترس و دڵەڕاوکێش. نابێ چاوەڕێ بکرێ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە راستەوخۆ پشتیوانی لە پرۆسەکە بکەن. بەشێکیان نیگەرانن، بەشێکیان رەخنە دەگرن رەنگە ئەمەش لە نیازپاکییان بێت. بەشێکی دیکەشیان بەدڵنیاییەوە مەبەستی دیکەیان هەیە". 

ئەندامەکەی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی رایگەیاند: "کەسانێک و گرووپانێک هەن بەرژەوەندیی سیاسی و گرووپی و تاکەکەسیان هەیە و بە هاتنی ئاشتی و دیموکراسی، بەرژەوەندییەکانیان لەنێودەچن. هەندێک لەو گرووپ و کەسانە خەویان دەزڕێ و دڵەڕاوکێ دەیانگرێ، کاتێک گوێیان لە وشەی ئاشتی و پرۆسە دەبێت. ئەم گرووپانە هەموو شتێک دەکەن بۆ بەلاڕێدابردنی پرۆسەکە و شکست پێهێنانی. بۆ ئەوەی سەربکەوین بەسەر هەموو ئەم بەربەستانەدا پێویستە نائومێد نەبین، تەنانەت دەبێ بە دان بەخۆداگرتنەوە کاری جیدی بۆ بکەین و هەڵوێست بنوێنین". 

میتحەت سانجار گوتی: "ناچارین درێژە بە هەنگاوەکانمان بدەین. ئێستا لە قۆناخێکی گرنگداین؛ سەرخستنی پرۆسەکە دەرگایەکی زۆر گەورە بۆ گۆڕانکاری دروست دەکات لە تورکیا و وەرچەرخانێکی بێ وێنە دەبێت. ئەوە تەنیا بۆ تورکیا نابێت، بەڵکو وەرچەرخانە بۆ تەواوی ناوچەکە. سەرخستنی پرۆسەکە کاریگەری راستەوخۆی زۆر گرنگی بۆ چارەنووسی کورد، تورک و هەموو پێکهاتەکانی دیکەی تورکیا و ناوچەکەش دەبێ. سەرخستنی پرۆسەکە، واتە کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادان و بەدیهاتنی ئاشتی و گەڕانەوەی دیموکراسی. ئەم گۆڕانکارییە مەزنە هەمووان دەزانن ئاسان نییە، بەڵام هەمووشمان دەزانین ئەستەم نییە و بە کارکردنی بەردەوام و هەوڵی چڕ، ئەم ئامانجە بەدی دێت". 

میتحەت سانجار رایگەیاند: "بۆ سەرخستنی پرۆسەکە پێویستمان بە هەندێک فاکتەرە. پرسیارەکە ئەوەیە، چی وایکرد ئەم پرۆسەیە دەست پێبکاتەوە؟ 41 ساڵە پێکدادانی زۆر سەخت هەیە کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زۆر و برینی زۆر قووڵی لەناخی کۆمەڵگەدا دروستکردووە. ئەم کارە بە واتای کۆتاییهێنان بە پێکدادان و بەدیهێنانی ئاشتی دێت. سەیر لەوەدایە کەسانێک هەن تاوەکو ئێستا نکۆڵی لەوە دەکەن شەڕ و پێکدادان هەیە و بۆیە هیچ ناوێکی لێنانێن".

ئەندامەکەی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی باسی لە هۆکاری دیکە کرد و گوتی: "شەڕ و پێکدادان لەخۆیەوە سەرهەڵنادات، هۆکارێک و سەرچاوەیەک هەیە وایکردووە ئەم پێکدادانە رووبدات. هۆکار و سەرچاوەی تایبەتی خۆی هەیە، ئەویش کێشەی کوردە. دەبێ بەم شێوەیە ناوی بنێین، کاتێک لەسەر ناونانی رێکدەکەوین، ئاسانتر دەگەینەسەرچاوەی چارەسەرکردنی". 

میتحەت سانجار هەروەها گوتی، ئەو پرۆسەیەی هەیە ئامانج لێی بریتییە لە کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەکتەرەکان بە گشتیی تەواوی کۆمەڵگەن بەڵام بە دیاریکراوی و لە قۆناخی ئێستا دەوڵەت، سیاسەت و رێکخراوەکەیە (پەکەکە). لەنێو دەوڵەتدا دەسەڵاتداران، هاوبەشەکانی دەسەڵات واتە ئەردۆغان و باخچەلی هەن. لە سیاسەتیش سەرجەم لایەنە سیاسییەکان هەن لەسەرووی هەموویانەوە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی سەرەکی کە جەهەپە و ئۆزگور ئۆزەلە. لایەنی سێیەمیش پەکەکە و بەڕێز ئۆجەلانە. ئەگەر ناوی ئەکتەرەکان نەهێندرێ و یەک بە یەک دەستنیشان نەکرێن، رۆڵەکانیشیان دیاری ناکرێ. کاتێک رۆڵەکانیان دیاری نەکرێ بەدڵنیاییەوە مەرج و دەسەڵات و شێوازی کارکردن و هەنگاوە پێویستەکانیش نانرێن. لەپاڵ ئەمەشدا چەند ئەکتەرێک هەن رۆڵی سەرەکییان هەیە. یەکێک لەوانە بەرێز ئۆجەلانە". 

میتحەت سانجار رایگەیاند: "لایەنی دەرەکیش کاریگەری لەسەر پرۆسەکە و ئاراستەی دەبێت بەتایبەتی لە سەرخستنی. زۆر لایەن رۆڵی ئەرێنی و کاریگەر و هەوڵی چڕوپڕ و زۆر باشیان هەبووە، بەتایبەتی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە هەولێر و سلێمانی؛ سیاسەتڤانەکانیشیان رۆڵی کاریگەرییان هەبووە و لەو باوەڕەداین لە داهاتووشدا بەهەمان شێوە رۆڵی بەرچاو و گرنگیان دەبێ. پێویستە چاو لە ئەزموونی وڵاتانی ئەورووپا بکەین دوای زیاتر لە 30 ساڵ خوێنڕشتن و کوشتاری و ماڵوێرانی، سەرجەم گەلان بڕیاریاندا ئاشتییەکی هەمیشەیی بۆ هەتاهاتەیە بێتە ئاراوە. پێویستە هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بڕیاری خۆیان بدەن؛ جەنگ و ماڵوێرانی یان ئاشتی و خۆشگوزەرانی. ئێمەش دژی مردن داوای ژیان، ئازادی لە بری کارەسات و بەهار دژی ماڵوێرانی هەڵدەبژێرین".

پانیڵی ئاشتییە سەختەکەی تورکیا

لە پانێلێکدا هەریەکە لە بولەنت کایا، پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت و ئەندامی "لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانیی، برایەتی و دیموکراسی، ئۆگوز کان سالیجی، پەرلەمانتارى حزبى گهلى کۆماری (CHP) ى ئیستانبوڵ، جهنگیز چاندار، پەرلەمانتارى حزبى دیموکراتى خهڵک (DEM) ى ئامهد، مەلا بەختیار، سیاسەتڤان؛ رۆژ گیراسۆن، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست)ی تورکیا و بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) کۆمەڵێک مژاریان سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری و چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) خستەڕوو.

بولەنت کایا - پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت

بولەنت کایا، پەرلەمانتاری پارتی سەعادەت و ئەندامی "لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانیی، برایەتی و دیموکراسی"، کە یەکێک بوو لە بەشداربووانی کۆنفرانسەکەی رووداو، بۆچوونی پارتەکەی لە بارەی پرۆسەکە خستەڕوو.

بولەنت کایا دەڵێت، لە پرۆسەی یەکەمی چارەسەریدا (نێوان 2009-2012)، بابەتی ئازادی و دیموکراسی و کرانەوە بەڕووی کورد دا، مانشێتی سەرەکی بوو، بەڵام لە پرۆسە نوێیەکەدا کە لە 1ـی تشرینی یەکەمی 2024 دەستیپێکرد، دۆخی ئەمنی و سەربازی پێش هەموو شتێک کەوتووە. 

ئەو گوتی: "پێداویستییەکی ئەمنی و سەربازی سەریهەڵدا بۆ دەستپێکردنی پرۆسەکە. بە واتایەکی دیکە پرسە ئەمنی و سەربازییەکان ریزبەندی یەکەمی پێداویستییەکانی دەستپێکردنی پرۆسەکە بوو."

کایا روونیکردەوە کە پرۆسەی ئێستا پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە دۆخی ئەمنی و گۆڕانکارییەکانی سووریاوە هەیە، بەتایبەتی لە باکووری ئەو وڵاتە. مەرجی سەرەکی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە بووە. 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ، لە ئەنجامی دانوستاندنەکانی شاندی دەم پارتی (پارتی دیموکراسیی گەلان)، بانگەوازێکی بۆ پەکەکە کرد بۆ ئەوەی خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت. پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا و رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.

پەرلەمانتارەکەی پارتی سەعادەت دەڵێت، ئێستا چاوەڕوانییەکان بریتین لە خێراکردنی پرۆسەی چەکدانانی راستەقینە و تەواو. هەروەها چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکاری بەرچاو لە باکووری سووریا رووبدات بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی تورکیا.

بولەنت کایا باس لە جیاوازییەکی دیکەی پرۆسەی ئەمجارە و پرۆسەکانی رابردوو دەکات، کە ئەویش پێکهێنانی "لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانیی، برایەتی و دیموکراسی"یە لە پەرلەمان، کە تاوەکو ئێستا کارەکانی بە سازان و رێککەوتنی هەموو لایەنەکان بەڕێوەچووە. 

ئەم لیژنەیە تاوەکو ئێستا 7 جار لەگەڵ چین و توێژەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبووەتەوە، لە دوایین کۆبوونەوەیدا لە 28ی ئەم مانگە میوانداری سەرۆکەکانی پێشووی پەرلەمانی تورکیای کرد.

کایا گوتی: "حکومەتی تورکیا تەنیا لە چوارچێوەیەکی تەسکی ئەمنی و سەربازیدا مامەڵە لەگەڵ پرۆسەکەدا دەکات و سنوورداری دەکات بە چەکدانانی گەریلاکان، بەڵام لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆن کە ئەندامی لیژنەکەن، جگە لە بایەخدان بە چەکدانان،  لەو باوەڕەدان کە دەبێ ئازادییەکان و یاسا و ماف و یەکسانی هێندەی بابەتی ئەمنی و سەربازیی بایەخیان پێ بدرێت."

بولەنت کایا باسی لەوەش کرد کە یەکێک لە مژارە هەستیار و گرنگەکانی کاری لیژنەکە، هەموارە یاساییە پێویستەکان و هەندێک گۆڕانکاری کارگێڕی و بابەتە جیاوازەکانی دیکەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ هۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی کێشە و تووندوتیژییەکان.

بە گوتەی کایا، دەسەڵات لە پەرلەماندا ناچار بووە بەبێ ئەوەی پەنا بۆ زۆرینە و کەمینە ببات، هەوڵ بدات کێشەکان بە دانوستاندن و گفتوگۆ چارەسەر بکات، کە ئەمەش دەرفەتێکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی داهاتوو بە شێوەیەکی فرەڕەهەند.

کایا ئاشکرای کرد کە تاوەکو ئێستا دەوڵەت و ئیمراڵی (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) لە دانوستاندن و گفتوگۆی راستەوخۆدان بۆ ئەوەی پرۆسەی چەکدانان بە شێوەیەکی رێکوپێک بەڕێوەبچێت و ئەو پلانەی داڕێژراوە بە قۆناخبەندی لەلایەن پەکەکەوە جێبەجێ بکرێت.

بە گوتەی پەرلەمانتارەکەی سەعادەت لە دیوی سووریاش کاری جدی دەکرێت تاوەکو هێڵە سوورەکانی دەوڵەتی تورکیا لەبەرچاو بگیرێت و نیگەرانییەکانی ئەوێ بڕەوێندرێتەوە. ئەم بابەتانە دواتر بە ئامادەکراوی دەگاتە دەستی لیژنەکە و لەوێ کاری یاسایی، سیاسی، کارگێڕی و دەروونی بۆ دەکرێت.

بولەنت کایا پێشنیاری کرد دەسەڵات هەندێک هەنگاوی کردەیی دیکە بنێت، وەک کۆتاییهێنان بە بابەتی قەیوومەکان و گەڕاندنەوەی شارەوانییەکان، بۆ ئەوەی "نیازپاکی و زەوینەیەکی بەرچاو دابڕێژرێت بۆ هەنگاوی زۆر گەورەتر."

......

ئۆگوز کان سالیجی - پەرلەمانتاری حزبی گەلی کۆماری (CHP)

ئۆگوز کان سالیجی، پەرلەمانتارى حزبى گه‌لى کۆماری (CHP) ى ئیستانبوڵ گوتى که‌ مه‌سه‌له‌ى کورد ئێستا دەبێته‌ سیاسه‌تى دەوڵه‌ت.

سالیجیی CHPیی که‌ وه‌ک میوان به‌شدارى پانێڵه‌که‌ بوو، له‌ سه‌رهتای قسه‌کانیدا رایگه‌یاند که‌ ئێمه‌ سێیه‌م جارە دێته‌ هه‌وڵێر و هه‌مووجارێک شایه‌دى پێشکه‌وتنى شار  ده‌بێت و گوتی: "رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاستیش ده‌گۆڕێت. وه‌کوو هه‌وڵێر ده‌گۆڕێت، رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاستیش ده‌گۆڕێت. بەهۆی ئەوەی  جیهان ده‌گۆڕێت. له ‌بۆ ئەو هۆیه‌، ده‌بێت تورکیا بتوانێت خۆی لەگه‌ڵ گۆڕانکاریه‌کانى رۆژهه‌ڵاتى نیوه‌ڕاست و جیهان دا هه‌ماهه‌نگ بکات."

سالیجی پڕۆسه‌ى چاره‌سه‌رى ساڵانى ٢٠١٣-٢٠١٥ى بیر خسته‌وه‌ و جه‌ختى کردووه‌ که‌ سه‌رژمێریانه‌ی ده‌ڵێن حزبى گه‌لى کۆماری دژ بەم پڕۆسه‌یه ‌ده‌رکه‌وتووه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و بەم شێوه‌یه‌ درێژه‌ى پێدا: "حزبى گه‌لى کۆماری دژ به‌ پڕۆسه‌که‌ ده‌رنه‌که‌وت. حزبى گه‌لى کۆماری باوه‌ڕى به‌ پڕۆسه‌که‌دا. سه‌رۆکى گشتیمان لەو کاته‌دا بەڕێز کلیچدارۆغلو گوتبووی: ' ئه‌گه‌ر بزانم که‌ ده‌بێته‌ هۆى کۆتایهاتنى کارى سیاسیشم، باوه‌ڕمان به‌ ئەم پڕۆسه‌یه‌ دایه‌. ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئەم پڕۆسه‌یه‌ بڕواته‌ پێش.'"

سالیجی سه‌رنجى ڕاکێشا سەر ئەوه‌ی که‌ پڕۆسه‌ى چاره‌سه‌رى ئێستا جیاواز و گوتی: "دڵنیاکه‌رى رۆژی حزبى داد و گه‌شه‌پێدان بوو. گرفتێکى وه‌ک دووپاتکردنه‌وه‌ى هه‌موو که‌سێک نه‌بوو." به‌ڵام بەڕێز سالجی سه‌رنجى راکێشا سەر بوونى کۆمیسیۆنێکى فراوانتر که‌ له‌ جگه‌ له‌ حزبى باشووری کوردستان هه‌مووی حزبه‌ سیاسییه‌کان تێیدا شوێن ده‌گرن. سالیجی باسى کرد که‌ ئەم جاره‌ نه‌ك هه‌ر حزبى دهسه‌ڵاتدار پڕۆسه‌که‌ ده‌بات، حزبى جووڵه‌ى نیشتمانیش (MHP) پاڵپشتى ده‌دات و ئەوانیان له‌ ده‌مى بریاردەرانى دهسه‌ڵاتدارییه‌وه‌ بیستووه‌ که‌ پڕۆسه‌که‌ "سیاسه‌تى دەوڵه‌ته‌".

ئۆگوز سالیجی سیاسه‌تى دەوڵه‌تى بەم گوتانه‌ باس کرد: "سیاسه‌تى دەوڵه‌ت بیر ده‌کاته‌وه‌ که‌ ده‌بێت مه‌سه‌له‌که‌ چاره‌سه‌ر بکرێت، تا ئه‌گه‌ر مه‌وداى دهسه‌ڵاتدارییه‌ک بگوزه‌رێتیش." سالیجی گرفتى قوبرس و پڕۆسه‌ى ئه‌ندامێتى یه‌کێتى ئەوروپایى وه‌ک نموونه‌ى سیاسه‌تى دەوڵه‌ت نیشان دا و کۆبوونه‌وه‌کانى IRA یان که‌ له‌ ماوه‌ى جۆن مه‌یجۆر له‌ ئینگلیزدا دهستپێکرابوون و له‌ ماوه‌ى تۆنی بلێر له‌ دهسه‌ڵاتدارى حزبى کرێکاراندا کۆتایان پێهاتبوو، وه‌ک به‌ڵگه‌ نیشان دا. سالیجی رایگه‌یاند که‌ وه‌ک CHP ئەوان پاڵپشتى ده‌دەن که‌ پڕۆسه‌که‌ به‌ شێوه‌یه‌کى ئاشتیانه‌ ئه‌نجام بێت.

ئۆگوز سالیجی باسى مه‌سه‌له‌ى دهستووریش کرد و باسى کرد که‌ یه‌کێک له‌ بابه‌ته‌کانى کۆمیسیۆن هێشتا دهستوور نییه‌ به‌ڵام ئەو ده‌ نه‌خشه‌ بکێشێت و چوارچێوه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌رى مه‌سه‌له‌که‌ دروست بکات. هەروەها، جه‌ختى کردووه‌ که‌ گفتوگۆکانى یاسا و دهستوور دواتر له‌ په‌رله‌مانى تورکیا ئه‌نجام ده‌درێن.

سالیجی له‌ قسه‌کانیدا باسى بارودۆخى ئاسایشى هه‌رێمه‌که‌شى کرد و سه‌رنجى ڕاکێشا سەر رووداو گرنگه‌کان وه‌ک شه‌ڕى ئیسرائیل-غه‌زه‌، گه‌شه‌سه‌ندنه‌کانى لوبنان، گۆڕانى رژێم له‌ سوریا و شه‌ڕى ئیران-ئیسرائیل له‌ ساڵ، ساڵ و نیوی رابردوودا.

سالیجی گوتی: "ئاراسته‌ى گۆڕانى سنوور ده‌ڕوات" و رایگه‌یاند که‌ له‌ ژینگه‌یه‌کى وادا هه‌وڵی تورکیا بۆ تیادانپێکى ئاسایشى خۆی و چاره‌سه‌رکردنى گرفته‌که‌ له‌ رێگه‌ى تێوه‌گلانى دانیشتوانى کورد له‌ ده‌ره‌وه‌ى تورکیاوه‌ "واتادار و راسته‌". هەروەها، له‌ کاتێکدا دان به‌وه‌دا ده‌نێت که‌ مه‌سه‌له‌که‌ نه‌ هه‌ر ئاسایش و له‌ بنه‌ڕه‌تدا مه‌سه‌له‌یه‌کى ئاشتى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌، باسى کرد که‌ له‌ ساڵانى دواییدا بینراوه‌ که‌ ئاسایش چه‌نده‌ گرنگه‌. ئۆگوز کان سالیجی گوتی" که‌ باشبوونى پڕۆسه‌که‌ى سووریا (کۆبوونه‌وه‌کانى نێوان HSD و شام) ئه‌گه‌رى ئەوه‌ی هه‌یه‌ که‌ به‌ شێوه‌یه‌کى ئه‌رێنى کاریگه‌رى لەسەر پڕۆسه‌که‌ى تورکیا بکات.

.....

جەنگیز چاندار - پەرلەمانتاری حزبی دیموکراتی خەڵک (DEM)

یه‌کێک له‌ بِه‌شدارانى کۆنفرانسه‌که و پانێڵەکە‌ رۆژنامه‌نووس و نووسه‌ر و پەرلەمانتارى حزبى دیموکراتى خه‌ڵک (DEM) ى ئامه‌د جه‌نگیز چاندار بوو، رایگه‌یاند که ده‌رفه‌ته‌کانى ئاشتى له‌ مێژوودا چه‌ندین جار له‌ ده‌ست چووه‌ و جه‌خت کردەوە که تا دیموکراسى بڕێک نه‌خرێته‌ پێش، گرفتى کورد چاره‌سه‌ر نابێت.

جه‌نگیز چاندار له‌ پانێڵێکدا ئاماژەی بەوەکرد  گێڕانه‌وه‌ى کۆنی گرفتى کورد یاده‌وه‌رییه‌کى له‌گه‌ڵ سه‌رۆک کۆمارى پێشووى تورکیا تورگوت ئۆزاڵ باسکرد و گوتی " که ئۆزاڵ دوای شه‌ڕى که‌نداو ى ١٩٩١، ئه‌و بۆ راسته‌کردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌کان له‌گه‌ڵ رابه‌رانى کورد به‌رپرسیار کردووه‌.

جه‌نگیز چاندار رایگه‌یاند که ئه‌و کۆبوونه‌وانه‌ى له‌ ڵه‌ندهن له‌گه‌ڵ جه‌لاڵ تاڵه‌بانى، موحسین دزه‌یى و له‌تیف ره‌شید، بۆ شکاندنى تابووێکى مێژووى هه‌نگاوێکى گرنگ بوو و  زانیاریدا که به‌ جه‌لاڵ تاڵه‌بانى، له‌ ١٦ى ئازارى ١٩٩٣دا له‌گه‌ڵ عه‌بدولڵا ئۆجەلان کۆبووه‌وه‌ و شایه‌دى یه‌که‌م ئاگربه‌سته‌ بووه‌.

چاندار گوتى: "کاتێک ته‌ماشای په‌یامه‌کانى عه‌بدولڵا ئۆجاڵانى ساڵى ١٩٩٣ ده‌که‌ین، ده‌بینین که‌ چه‌ندین ده‌رفه‌تى ئاشتى له‌ ده‌ست چووه‌." به‌ پێى چاندار، له‌ ماوه‌ى ٣٢ ساڵى رابردوودا هۆکارى سه‌رەکى شکستى هه‌وڵه‌کانى ئاشتى "نه‌بوونى ئیراده‌" بووه‌ و ئیراده‌ى چاره‌سه‌ری له‌ لای تورکیادا نه‌بووه‌.

پەرلەمانتاری حزبى دیموکراتى خه‌ڵک "دەم" باسى کۆبوونه‌وه‌کانى ئۆسلۆ و پڕۆسه‌ى چاره‌سه‌رى ٢٠١٣-٢٠١٥ى کرد و گوتى که ئه‌وانیش به‌ هه‌مان هۆکار سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون. جه‌نگیز چاندار ئاماژه‌ى به‌ وه‌ کرد که‌ له‌ بارودۆخى ئێستادا بۆ چاره‌سه‌ری "ئیراده‌یه‌کى ناجێگر هەیه‌." هەروەها، بانگهێشتى عه‌بدولڵا ئۆجەلان بۆ دانانى چه‌که‌کان وه‌ک "راگه‌یاندنى ئیراده‌یه‌کى زۆر به‌هێز" هه‌ڵسه‌نگاند و گوتى: "عه‌بدولڵا ئۆجاڵان کردى که‌ چه‌ک دابنرێن." چاندار هەروه‌ها رابه‌رایه‌تى ده‌وڵه‌ت باخچه‌لى بۆ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌شى وه‌ک شتێکى زۆر بە نرخ ناو برد. سیاسه‌تمه‌دارى چاندار سه‌رنج راکێشا سەر خاڵێکى گرنگ و زانیاریدا که‌ ئه‌م پڕۆسه‌یه‌ چاره‌سه‌رى گرفتى کورد نییه‌ بەڵکوو کردنه‌وه‌ى ەگاکانى چاره‌سه‌ریه‌. چاندار له‌ بەردەوامی قسەکانیدا گوتى: "ئیمه‌ کۆتایهاتنى گەوره‌ترین راپه‌ڕینى مێژووى کوردانى تورکیایه‌، نه‌ك چاره‌سه‌رى گرفتى کوردانه‌." 

.......

مەلا بەختیار – سیاسەتڤان و ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان

مەلا بەختیار بەدیهاتنی ئاشتی لە تورکیا بە پڕۆسەیەکی ''سەخت'' دەزانێ و هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە ''بە درێژایی مێژوو تورکیا تێگەیشتنێکی هەڵەی بەرامبەر پرسی کورد و دیموکراسی هەبووە."

بەگوتەی ئەو سیاسەتڤانە کوردە، ''کاتێک عەقڵییەتێکی نادیموکراسی لە دەساڵاتداریدا زاڵ دەبێ، بەدوای خۆیدا رای گشتیی نادیموکراسیش دروست دەکات. دروستکردنی جێگرەوەیەکی دیموکراسیانە بۆ ئەو رای گشتییە سەختە.''

مەلا بەختیار ئاماژەی بە چەکدانانی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵی 30 گەریلاکەی پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنەی سلێمانی کرد و گوتی، ''بۆچی پرسیار ناکەن بۆچی چەک هەڵگیرا؟ پێم وانییە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هیچ نەتەوەیەک ئەندازەی کورد ئامانجی ئاشتی و ئازادی بێت.''

ئەو سیاسەتڤانە کوردە گوتی، ''ئەگەر تورکیا و هەموو دەوڵەتەکانی ناوچەکە لە هۆکارەکانی چەکهەڵگرتنی کورد بکۆڵنەوە، دەزانن کە ئەگەر ئازادی و مافی چارەی خۆنووسین بە هەر نەتەوەیەک بدرێ، ئەوە پەنا بۆ چەک نابات.''

مەلا بەختیار دەڵێت، لە سەردەمی جەنگی سارددا کە لەنێوان زلهێزانی رۆژئاوا و رۆژهەڵات لەئارادا بوو، ''کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان زۆرترین کارەساتی بەسەردا هات. لە جەنگی سارددا دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەورەترین زیانی بەرکەوت.''

ئەو سیاسەتڤانە کوردە ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی ئێستای کورد و گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕانکارییان بەسەردا دێ، ''چونکە ستراتیژیی رۆژئاوا و ئەمریکا لە سەردەمی بەجیهانیبووندا پێویستیی بە گۆڕانی دیزاینی ئێستای ناوچەکەیە. تاوەکو ئەو نائارامییە هەبێ، ناوچەکە سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ و ئابووریی جیهان کەوتووەتە مەترسییەوە.''

پرۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت.

مەلا بەختیار باسی لە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی چارەسەری کرد و گوتی، ''بەرژەوەندیی ئێمە لە ئاشتەوایی دەوروبەرماندایە، چونکە ئێمە بەهۆی ئەو خەباتە رزگاریخوازییانەی لە باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان هەبوون، هەمووکات لەژێر گوشاری ئێران، تورکیا و سووریادا بووین.''

ئەو سیاسەتڤانە کوردە لەبارەی ستراتیژیی هەرێمی کوردستان لە هەمبەر پەیوەندییە هەرێمییەکان گوتی، ''پێچەوانەی ئەوەی گوشاریان بۆ ئێمە هێنا، زۆر سیاسەتێکی لۆژیکیمان بەرامبەر هەموو دەوڵەتەکانی هەرێمی گرتەبەر. باشترین پەیوەندیی بازرگانیمان لەگەڵ تورکیا و ئێران هەیە و لەگەڵ سووریاش لەوبارەوە خۆمان قەرزدار نەکردووە.''

مەلا بەختیار ئاماژەی بە دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە ساڵی 1923کرد و  گوتی، ''خۆزگە لە کاتی دامەزراندنیدا 25٪ـی ئامانجە دیموکراسییەکانی جێبەجێ دەکرد، بەڵام بە پێچەوانەوە بووە بەشێک لە پیلانی لەنێوبردنی رێککەوتننامەی سیڤەر و سەپاندنی رێککەوتننامەی لۆزان. 100 ساڵی تەواوە تورکیا بەهۆی شەڕی کوردستانەوە قوربانی دەدات و زیانی زۆری بەرکەوتووە.''

بەگوتەی ئەو سیاسەتڤانە کوردە، ویستێک بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا هەیە، ''بەڵام هێشتا ئیرادەی دیموکراسی نییە. دیموکراسی پڕۆسەیەکی مێژوویی، ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئایدیۆلوژییە. ئەگەر دیموکراسی سیستماتیک نەبێ و لە دەستووردا جێی نەکرێتەوە، تەنیا بە دانوستاندن و چەکدانان، بەدی نایات.''

مەلا بەختیار گوتی، لە بەرژەوەندیی تورکیایە کە هەرچی زووتر کێشەی کورد چارەسەر بکات و گوتیشی: "ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان و هەموو حیزبە کوردستانییەکان سەرەڕای هەموو جیاوازییەک، لە بەرژەوەندیماندایە کە ئەگەر بە [چەند] قۆناخیش بێ، پرسەکە بە دیموکراسییەکی راستەقینە کۆتایی پێبهێندرێت.''

ئەو سیاسەتڤانە کوردە دەڵێت، سەردەمی خەباتی چەکداری لەدوای کۆتاییهاتنی جەنگی سارد بەسەرچووە و ''لە دوای جەنگەکەوە هیچ کامە لە خەباتە چەکدارییەکانی پارچەکانی کوردستان ئامانجی ستراتیژیی خۆیان نەپێکاوە.''

..........

رۆژ گیراسۆن - بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست)ی تورکیا

هەر لە پانێلەکەدا رۆژ گیراسۆن، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست)ی تورکیا هەندێک ئاماری تایبەت بە پاڵپشتیی رای گشتیی تورکیا و باکووری کوردستانی بۆ پڕۆسەی چارەسەری خستەڕوو.

بەگوتەی رۆژ گیراسۆن، پڕۆسەی نوێی چارەسەری جیاوازی لەگەڵ پرۆسەکانی پێشوو هەیە و گوتی، ''ئەو جیاوازییەش تاوەکو رادەیەک لەنێو رای گشتی و کۆمەڵگەدا دەردەکەوێت.''

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست) گوتی، کاتێک پرۆسەکە لە 1ـی تشرینی یەکەم دەستیپێکرد، ''رای گشتیی کوردیش وەک رای گشتیی تورکیا سەرسام بوو، چونکە لە 10 ساڵی رابردوودا سیاسەتی ئەمنی بووەتە سیاسەتی سەرەکیی دەوڵەت لە پرسی کورددا.''

رۆژ گیراسۆن دەڵێت، "سەرەتا نزیکەی 50% بۆ 60%ـی رای گشتیی کورد پاڵپشتی لە پرۆسەکە دەکرد و هیوایان پێبوو. دەتوانین بڵێین لەو رۆژەوە، لایەنە کوردییەکان و زۆرینەی رەهای کورد، پاڵپشتییان زۆر بووە، بەڵام بەهۆی ناڕوونی پڕۆسەکەوە هیوایان بە سەرخستنی پڕۆسەکە زیادی نەکردووە.''

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست) گوتی، ''کورد لە شارە کوردییەکان ماندوو بووە و دەیەوێ پرۆسەی چارەسەری بگاتە ئەنجام. واتە زیاتر لە هیوا، ماندووبوونی پێوە دیارە.''

رۆژ گیراسۆن رایگەیاند، بەگوێرەی داتا و لێکۆڵینەوەکانیان، هەرچی رای گشتیی تورکیایە سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەری ''سەرەتا پاڵپشتی کەم بوو، بەڵام (لەدوای چەکدانانی یەکەم گرووپی گەریلا)، رۆژ بە رۆژ پاڵپشتییەکە زیاتر دەبێت.''

بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (راوەست) باس لەوە دەکات، پێچەوانەی پاڵپشتیی زۆری رای گشتیی تورکیا بۆ پڕۆسەکە، متمانە بە سەرخستنی کەمە.

رۆژ گیراسۆن رایگەیاند، ''لایەنگرانی حکومەت، ئاکپارتی و مەهەپە، باوەڕیان بەوە نییە پەکەکە چەک دابنێ. هەروەها لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆن پڕۆسەی چارەسەری بە [بانگەشەی] هەڵبژاردن دەبینن.''

وەک ئەو هاونیشتمانییە دەڵێ، ''کوردیش لە دۆخی ئێستای تورکیادا متمانەیەکی کەمی بەوە هەیە کە مافە دیموکراسی و رەواکانی پێبدرێ.''

بەگوتەی رۆژ گیراسۆن، بەراورد بە رابردوو، رای گشتیی کورد و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ پڕۆسەی چارەسەری ئامادەترە و ''جگە لە پارتە پەراوێزخراوە رەگەزپەرستەکانیش، هیچ کەسێک لە تورکیا دژی پرۆسەکە ناوەستێتەوە.''

 ........

بایرام بۆزیەل - سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە )

یەکێک لە بەشداربووانی پانێڵەکە بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) بوو و گۆڕانکارییەکانی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە هۆکاری هێنانە کایەی پڕۆسەی چارەسەری ناوبرد.

بایرام بۆزیەل ئاماژەی بە چەکدانانی پەکەکە کرد و گوتی، ''ئێمە بە هەنگاوێکی باشی دەبینین، سەرجەم کورد پێی دڵخۆشە، بەتایبەتی لە باشووری کوردستان، چونکە قورسایی زیاتری شەڕەکە لەسەر ئەم ناوچەیە بوو.''

سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) دەڵێت، چەکدانانی پەکەکە جگە لە پرسێکی نێوخۆیی تورکیا، فاکتەرێکی هەرێمی هەیە و ''کاتێک پەکەکە شەڕی دەکرد، کاریگەری لەسەر هەر چوار پارچەی کوردستان هەبوو. ئێستاش چەک دابنێت، کاریگەریی ئەرێنی دەبێ.''

بایرام بۆزیەل دوای بیرهێنانەوەی چەکدانانی 30 گەریلاکەی پەکەکە گوتی، ''پێویستە تورکیا هەنگاوی داهاتوو بنێت و زەوینە بۆ بەرەوپێشچوونی پڕۆسەکە ساز بکات.''

لیژنەیەک بە ناوی (پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا بۆ راپەڕاندنی کاروباری تایبەت بە پرۆسەی چارەسەری و پێشکێشکردنی پێشنیازە یاسا کارا کراوە. سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) پێکهێنانی لیژنەکە بە هەنگاوێکی باش دەزانێت.

هاوکات تێبینییەک لەسەر شێوەی کارکردنی لیژنەکە دەخاتەڕوو و دەڵێت، ''ناڕوونی لە بەڕێوەربردنی پڕۆسەکەدا هەیە و خەڵک تووشی سەرلێشێواوی بووە، دەبێت پڕۆسەکە لە چوارچێوەی ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ بەڕێوەبچێ و جیاوازی لەنێوان پرسی کورد و پرسی پەکەکە بکرێ، چونکە پرسەکە تەنیا پەکەکە نییە.''

بایرام بۆزیەل گوتی، پێویستە لیژنەکەی پەرلەمان بۆ پڕۆسەی چارەسەری بۆچوونی پارتە کوردییەکانی دەرەوەی پەرلەمان، رۆشنبیران و کەسایەتییە سیاسییەکان لەسەر پڕۆسەی چارەسەری وەربگرێت.

September - 2025
Monday
01
10:00 AM
-
05:00 PM
Share this Post

چالاکی